کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی کوردستان، تایبەتمەندی و ئاستەنگەکانی بەردەمی

17:20 - 1 پووشپەڕ 2721

لە سەروبەندی دەرچوونی ژمارە ٨٠٠ی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا  پیرۆزبایی و داوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانە ئەکەم کە درێژەپێدەری ڕێگای پڕ کەندولەندی ڕۆژنامەی کوردستان بوون و هەن. ڕۆژنامەی "کوردستان" ئۆرگانی فەرمیی حیزبی دێموکرات درێژەدەری ڕێچکەی ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆماری کوردستانە. ئایا ناوی ڕۆژنامە بۆ ئەو بڵاوکراوە  پڕ بەپێستیەتی یان نا؟ هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەیی تێدایە  وەک هەواڵ (هەرچەند کەم وایە بتوانێ هەواڵی ڕۆژ بێ)، بابەتی تەحلیلی و لێکدانەوەی سیاسی و ئەدەبی و.... بەڵام پێچەوانەی ڕۆژنامەکانی ئازاد(ڕێگە پێدراو) ڕۆژانە بڵاو ناکرێتەوە و پێشتریش بڵاو نەدەبۆوە. پێشتر مانگانە یەک ژمارە و لەم ساڵانەی دواییدا تا ئەو جێگەیەی من ئاگادار بم مانگانە دوو ژمارەی لێ بڵاو دەکرێتەوە. ئەگەر دایبنێن ڕۆژنامە لەبەرانبەر شەونامە نە بە مانای کاتی بڵاوکرانەوەکەی بەڵکوو بە مانای ڕۆژنامە واتا ئاشکرا و ئازاد و ڕێگەپێدراو و شەونامە بەمانای نایاسایی و قەدەغە (لەلایەن ڕیژیمەکانی حاکم بە سەر ئێراندا) ئەگەر بەو مانایە بیگرین ڕەنگبێ بچێتە خانەی شەونامە؛ چونکە لە نێوخۆی وڵاتدا جگە لە چەند ماوەیەکی کورت لە مێژووی خۆیدا قەدەغە و لەلای هەر کەس ببینرایە کەسەکەی تووشی سزای قورس دەکرد. (ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێک کە ئینتیرنێت و سایتی ئینتیرنێتی بوونی نەبوو). مێژووی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ مێژووی حیزبی دێموکرات گرێدراوی یەکترن. زۆرکەم وابووە کە هەم حیزبەکە بە ئاشکرا و ئازاد لە نێوخۆی وڵات  چالاکی هەبووبێ و ڕۆژنامەکەش بە ڕێکوپێکی بڵاو بووبێتەوە. بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە بەسەر حیزبی دێموکراتدا هاتووە ڕێبەریی حیزب لە کوێ گیرسابێتەوە ڕۆژنامەکەش لەوێ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. پاش ڕووخانی ڕێژیمی  پاشایەتی بۆ چەند ساڵێک کە حیزب لە نێوخۆی وڵات دەرەتان و ئیمکانی تێکۆشانی هەبوو(نیوە ئاشکرا و نیوە نهێنی) ڕۆژنامەکەش دەرەتان ومەجالی  چاپ و بڵاوکردنەوەی تا ڕادەیەک هەبوو. بەرە بەرە کە مەیدانی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب بەرتەسک  بوویەوە ڕۆژنامەکەش بارگە و بنەی پێچایەوە و ڕووی لەشاخ کرد و تاماوەیەکی زۆری چەند ساڵی لە شاخ و بە ئامراز و کەرەسەی سەرەتایی  بڵاو دەکرایەوە و درێژەی بە چالاکیی خۆی دەدا. تاکوو سەرئەنجام ترنجایە شاری کۆیە و لەو کاتەوە تائیستا مانگانە ٢ ژمارەی لێ دەردەچێ. هەر چەند لە کۆیە دەرەتانی چاپ و ئامادەکردنی چ لە ڕووی کادیری نووسین و چ لە ڕووی ئامراز و کەرەسە بۆ چاپی تا ڕادەیەکیش مودیرن ئامادە بوو، بەڵام کێشەی سەرەکی گەیاندنی بە دەست خوێنەری خۆی بوو. لە ئاستی باشووری کوردستان، کۆسپ و تەگەرەیەکی ئەوتۆ لەئارادا نەبوو. بۆ دەرەوەی وڵات و ئورووپا  دەبوایە یەک دوو ژمارە جا بەهەر وەسیلەیەک بوایە  بنێردرایەتە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس. لەوێش بە هەزاران نوسخەی بە تێچوویەکی زۆر کوپی دەکرا و بە پۆستی ئاسایی دەنێردرا بۆ ئەو وڵاتانە کە کۆمیتەی حیزبی لێ بوایە. زۆرکەم وا ڕێدەکەوت کە ڕۆژنامە دوای مانگێک بگەیشتایەتە دەست کۆمیتەکان، لەویش تا دەگەیەندرایە شارەکان و بڵاو دەکرایەوە ماوەیەکی دیکەی دەخایاند بەکورتی کاتێ ڕۆژنامەکە دەگەیشتە دەست خوێنەر پترلە چەندمانگی دەخایاند. لەساڵی ١٩٩٩ (١٣٧٨) دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس بڕیاری دا لە جیاتی ئەوەی کە ڕۆژنامەکە لە پاریس کوپی بکرێ و لە ڕێگەی پۆستی ئاساییەوە بەڕێ بکرێ بۆ وڵاتەکان، بە هۆی فاکس بەڕێ دەکرا بۆ کۆمیتەکانی حیزب لە وڵاتەکانی ئورووپا و ئامریکا و ئوسترالیا. لەهەر وڵاتێکیش بەگوێرەی پێویستیی خۆی کۆپی دەکرا و لەبەرانبەر بەهایەکی نە زۆردا دەفرۆشرایە ئەو کەسانەی کە ڕۆژنامەکەیان ئابوونە کردبوو کە هەم زووتر دەگەیشتە دەست خوێنەر و هەم  لانیکەم تێچووی خۆی دەر دەهێنا و لە هەندێک کۆمیتەشدا داهاتێک بە نسیبی کۆمیتەکە دەبوو. کێشەی سەرەکی دیسانەکەش دەگەڕایەوە بۆ نێوخۆی وڵات، ئەو مەیدانەی کە پتر لە هەر شوێنیکی دیکە پێویستی دەکرد چالاکی و هەڵوێست و بۆچوونەکانی حیزب لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان بە ئاگاداریی خەڵکی وڵات بگەیەنێت. تا ئەوکاتەی کە هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەی بەرچاو لە ناوچەکاندا بوونیان هەبوو، ڕۆژنامەی "کوردستان"یش لەگەل پێشمەرگەکان سەری بەماڵاندا (بەزۆری لە گوندەکاندا) دەکرد و بەشێکیشی ڕەوانەی نیوشارەکان دەکرا. ئەو کاتانەش کە مەیدانی تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە بە هۆکاری جۆراوجۆر بەرتەسک بوویەوە کاریگەری لەسەر چارەنووسی ڕۆژنامەی "کوردستان"یش دانا . دواتر لە ڕێگای تیمە تەشکیلاتییەکان و ڕێگای جۆراوجۆرەوە ژمارەیەکی سنووردار ڕەوانەی نێوخۆی وڵات دەکرا. بە هاتنە مەیدانی ئینتیرنێت و دامەزراندنی سایەتەکانی سەر بەحیزب، ڕۆژنامەی کوردستانیش بە شێوەی مەجازی و بە pdf لەسەر سایتەکان دادەنرا و هەموو ئەو کەسانە کە خوازیاری خوێندنەوەی ڕۆژنامەکە بوون دەستیان پێ ‌ڕادەگەیشت. کێشەیەکی دیکە کە لەبەردەم دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا هەبوو ئەوە بوو کە ڕۆژنامەکە ئۆرگانی فەرمی حیزبی دێموکرات بوو. بۆیە بەناچاری دەبوایە بابەتەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبدا بوایە یان لانیکەم دژی نەبوایە. بۆیە دەستی نووسەران ئاوەڵا نەبوو و بابەتەکانیان لەگەڵ سیاسەتی حیزب ڕێک‌دەخرا. بەکورتی لەو کاتەوە دەست بە نووسینی بابەتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان دەکرا تا دەگەیشتە دەستی خوێنەران ڕێگەیەکی پڕ پێچ‌ولۆچی  دەبڕی تەنانەت زۆر جاریش ئەوانەی ڕۆژنامەیان بۆ نێوخۆی وڵات دەبردەوە، لەنێو بەرداندا دەیانشاردەوە! ڕۆژنامەی "کوردستان" بۆخۆی مەکتەبێک بوو بۆ ئەدەبیاتیکی بەپڕەنسیپ، ڕاستگۆ و ڕاستبێژ، دوور لە جنێوفرۆشی و بوختان هەڵبەستن، قسەی سووک و نەشیاو. تەنانەت زمانی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە ئاست دوژمنانیش نەزاکەتی تێدا بەدی دەکرا. ڕۆژنامەی "کوردستان" لە ڕووی نووسین و ڕێنووس و پاراویی وشەکانی بۆ خۆی نموونەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی دەیانەویست سەرمەشقێکیان بۆ فیربوونی زمانی کوردی لەبەردەستدا بێ. هەرچەند هەواڵ و باسی ڕووداوەکان لەوانەبوو کاتێک ڕۆژنامەکە دەگەیشتە دەستی خوێنەر بەو هۆیانە کە باسمان کرد، بابەتی ڕۆژ نەبوایەتن، بەڵام لێکدانەوە و شرۆڤەی بابەتەکان کە پتر سیاسی بوون تازەیی و واقێعبینی خۆیان پاراستبوو. زیادکردنی لاپەڕەی تایبەت بە ئەدەب و شێعر و هونەر و.... هەمووکات بۆ چێژ لێ وەرگرتن دەبوون. ڕۆژنامەی "کوردستان" بایەخێکی  تایبەتی بە ئەدەبیاتی منداڵان دەدا. زیادکردنی پاشکۆیەک بە ناوی "دنیای منداڵان" بە ڕۆژنامەکە کە لەلایەن منداڵانی کەمپەکانی حیزبەوە لەژێر چاودێری کادرێکی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان هاوکات لەگەل ڕۆژنامەکە دەردەچوو سەرەڕای ئەوەی منداڵانی بۆ لای خوێندنەوە ڕادەکێشا، هانیشی ئەدان بە شێوەیەک خۆیان لە ڕۆژنامەکەدا ببیننەوە. جا بە ناردنی بابەت یان وێنەکێشان یان هەر داهێنانێک بوایە بەشدار دەبوون. هەرلەو بەشدارییەدا لێهاتوویی و ئیستیعدادی منداڵەکان لە ڕووی نووسین یان وێنەکێشان تەنانەت شێعر و... دەردەکەوت. ڕۆژنامەی "کوردستان" لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا کۆمەڵێک کادری لێوەشاوەی لە بواری نووسین یان کاری فەننی و هونەری ڕۆژنامەگەری پەروەردە دەکرد کە بۆ خۆی سەرمایەیەکی گەورە و بەنرخ بوو بۆ حیزبەکە. بە جۆرێک کە هەموو کات کادرەکانی بەشی ئینتیشاراتی حیزب بەشێک بوون لە کادرە نوخبەکانی حیزب. لە کۆتاییدا جارێکی دیکە وێڕای دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو ڕۆژنامەدا ئەرکیان لە ئەستۆ بوە، داوای سەرکەوتن و سەربەرزیش بۆ کارگێڕان و هەڵسووڕاوانی ئێستای ڕۆژنامەی "کوردستان" دەکەم. بەو هیوایەی لە داهاتوویەکی زۆر نیزیکدا "کوردستان" لە زێدی خۆی دەربچێ و ڕۆژانە بگاتە دەستی خەڵکەکەی.