کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارە ٨٠٠ی "کوردستان"

17:23 - 1 پووشپەڕ 2721

خوێنەرە بەڕیزەکان! ئەوە ژمارە (٨٠٠) ی «کوردستان»تان لەبەر‌دەست‌دایە. ژمارەی (٨٠٠) یەکێک لەو ژمارانەیە کە لە سوننەتی ڕۆژنامەنووسی‌دا بە سەرفەسڵی ژیان و تەمەنی هەر بڵاوکراوەیەک دەژمێردرێن. بۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە کەمتر لە سێ ساڵ وەخت پێویستە بۆ ئەوەی جێژنی دەرچوونی ژمارە (٨٠٠)ی خۆی بگرێ. بۆ بڵاوکراوەیەکی حەوتوویی دەوری ١٦ ساڵ و بۆ بڵاوکراوەیەکی نیومانگی کەمێک زیاتر لە ٣٣ ساڵ پێویستە تا ژمارە (٨٠٠)ی دەرچێ و بگاتە دەستی خوێنەرانی. کەچی کوردستانی ئێمە زۆر لە هەمووی ئەوانە زیاتری پێ چووە بۆ ئەوەی ژمارە (٨٠٠)ی دەربچێ. یەکەم ژمارەی ئەم دەورەیەی "کوردستان" لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤٩دا بڵاو کراوەتەوە. بەو پێیە پتر لە ٥٠ ساڵی ویستووە هەتا "کوردستان"ی ژمارە (٨٠٠) دەربچێ و بێتە بەردەستی ئێوەی خۆشەویست. ئەوە نیشان دەدا کە "کوردستان" لەگەڵ زۆر کەندوکۆسپی چاپ و بڵاوکردنەوە ڕووبەڕوو بووە و تەنانەت ئەو گومانەش پێک دێنێ کە "کوردستان" جارێک یان چەند جار بۆ ماوەیەک "داخرابێ" و بڵاوبوونەوەی "قەدەغە" کرابێ. «کوردستان»ی ئەم دەورەیە لە جێدا بڵاوکراوەیەکی مانگانە بووە و لە ژمارە ٢٨٩ (ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی)یشەوە بۆتە نیومانگی. با ئەوەش بڵێین کە بۆ "کوردستان"ە خۆشەویستەکەی ئێمە هیچ کات مەسەلەی ئازادبوون و داخران لە گۆڕێ‌دا نەبووە و جگە لە چەند مانگی پاش ڕووخانی ڕێژیمی شا کە وەک زۆر بڵاوکراوەی دیکە بە زۆر ئازادیی خۆی وەرگرتبوو، هەموو کاتێک قەدەغە بووە و بە نهێنی دەرچووە. بەڵام بزانین بۆچی دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" وا بە ئەسپایی و لەسەرەخۆ چووەتە پێش،لە حاڵێکدا وەک دەزانین لە ماوەی ئەو ٥٠ ساڵەدا هیچ وەخت کوردستان لە بڵاوبوونەوە نەوێستاوە. چارەنووسی "کوردستان" وەک ئۆرگان لە سەرەتای دەرچوونیەوە (١٣٢٤ی هەتاوی) بە چارەنووسی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەستراوە. ئەگەر ئاوڕێک وەسەر هەموو مێژووی "کوردستان" بدەینەوە دەبینین ئەو کاتە کە خەباتی حیزبەکەمان لە گەشەکردن و بەرەوپێش‌چوون‌دایە، "کوردستان"یش لە ماوەی چەند مانگ تەمەنی "کۆماری کوردستان‌"دا ١١٣ ژمارەی لێ دەردەچێ. پاشان کە کۆماری کوردستان بە پیلانی هاوبەشی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی تێک دەڕووخێ و حیزبەکەمان بۆ ماوەیەک تێکۆشانی سیاسیی نامێنێ، "کوردستان"یش بە ناچار لە بڵاوبوونەوە دەوێستێ. کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبووژێتەوە و کادرەکانی حیزب لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا کاری سیاسیی خۆیان دەست پێ­دەکەنەوە، "کوردستان" وەک ڕۆژنامەی حیزب لە غەریبایەتیدا بڵاو دەکرێتەوە و لە ماوەی نیزیک بە ١٤ ساڵدا سەدان ژمارەی لێ بڵاو دەبێتەوە. بە کورتی چارەنووسی "کوردستان" لەگەڵ چارەنووسی حیزبی دێموکڕات لێک گرێ دراوە و "کوردستان" هەمیشە ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی سیاسیی حیزبەکەمان بووە. هەر تەماشایەکی ئەم دەورەیەی "کوردستان" بکەین کە ئێستا ژمارە (٨٠٠)ی بڵاو دەبێتەوە، شکڵ و فۆڕمەکەی پێمان دەڵێ بە چەند قۆناخدا تێپەڕیوە و چەندی کەندوکۆسپ و کەندولەند و هەورازونشێو دیوە. هەرچەند ژمارە و قەوارەیەک، قەوارەی گەورەی چاپی، قەوارەی چووکی چاپی بە ئۆفسێت، قەوارەی گەورە بە پۆڵی‌کوپی؛ جارێک چوار لاپەڕە، جارێک شەش، جارێک بیست و جارێک...هەتا شەست لاپەرە، هێندێک بە کوردی و هێندێک بە کوردی و فارسی و زۆر جیاوازیی دیکەش. ئەمانە هەموویان مێژووی خەباتی حیزبەکەمان و "کوردستان"ەکەمان و بەڵگەی زیندووی کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێگای ئۆرگانەکەمانن. بەڵام با ئێمەش وەک هاودەم و هاوڕازی "کوردستان" بەڕە لەسەر هەتیوان هەڵدەینەوە و هێندێک لایەنی ژیانی ئۆرگانی حیزبەکەمان بۆ خۆێنەرانی ڕوون بکەینەوە: یەکەم ژمارەکانی لە غەریبایەتی دەرچوون. لەگەڵ ئەوەی لە دوورە وڵات دەژیا، بەڵام بەحەق ئاوێنەی باڵانوێنی ویست و داخوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. دەتوانین بڵێین تا ماوەیەکی زۆر بە ڕێکوپێکی دەرچوو. بەڵام لە بەختی کورد هێلانەی لێ شێوا و لە دەربەدەرییشدا تووشی دەربەدەری بوو. ڕەنگە زۆر سەیر بێتە بەرچاو، بەڵام ژمارەی ئەوتۆی "کوردستان"مان پێ شک دێ کە سێ چوار پایتەختی بێگانەی پشکنیون هەتا جێگایەکی دەست کەوتووە لێی چاپ بکرێ. پاش ڕووخانی ڕێژیمی شا حیزبەکەمان بۆ چەند مانگ لەو ئازادییە کە بە قیمەتی خوێن و فرمێسک وەدەست هاتبوو کەلکی وەرگرت و بە ئاشکرا دەستی بە خەباتی سیاسیی خۆی کرد. "کوردستان"یش هەر لەو دەرفەتە کەلکی وەرگرت و چەند ژمارەیەکی بە چاپی ئۆفسێت و بە ئاشکرا لە دەیان هەزار نوسخەدا بڵاو کردەوە. بەڵام کە هێرشی بێ پەردەی ڕێژیمی خومەینی بۆ سەر هەموو ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان دەستی پێ­کرا، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناچار دەستی دایە چەک و «لەو چیا و بەندەنانە سەنگەری گرت» و "کوردستان"یش وەک یارێکی بەوەفای حیزب کەوتە شاخ و لە خانووی قوڕماوی و ئەشکەوتی برشاویدا دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد. لەوساوەش تا ئێستا ژیانی لەگەڵ ژیانی حیزبەکەمان تێکەڵە و لە تاڵی و شیرینی و سەرکەوتن و تێشکانیدا شەریکە. ئەوەی گرینگە " کوردستان" ڕۆژنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاستیدا زمانحاڵی خەڵکی کوردستانی ئێرانە. "کوردستان" ئەو (٨٠٠) ژمارەیەی بە چەندین ساڵ و لە چەند شکڵی جۆراوجۆردا لێ­دەرچووە. بەڵام بە شاهیدی دۆست و دوژمن و بەتایبەتی خوێنەرە بەڕێزەکانی هەموو کاتێک مینبەری ئازادی خەڵکی کوردستانی ئێران بووە و ویستەکانی ئەوانی بە ڕوونی هێناوەتە گۆڕێ. "کوردستان" هەموو شتێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان دەچێ و شتێکی زۆریش سروشتییە. ئەو ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبە و ئەرک و سەڵاحییەتی خۆیەتی کە ئاوێنەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانیدا بێ. "کوردستان"یش هەروەک حیزبەکەمان: - سەربەخۆیە. لە سیاسەت و ڕێباز و بۆچوون و لێکدانەوەدا، تەنیا شتێک کە دارولەلە بۆ "کوردستان" دادەنێ قازانج و ئامانجی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. هیچ هێزێک شتی پێ دیکتە ناکا و خەت و ڕێبازی نیشان نادا. لاپەرەکانی (٨٠٠)ی ژمارەی "کوردستان" شاهیدێکی زیندووی ئەو ڕاستییەن کە ئۆرگانی حیزبەکەمان هەرگیز لە کێشە و ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و قودرەتە جیهانییەکاندا دەرگیر نەبووە و بە هیچ نرخێک سەربەخۆیی ڕێبازی خۆی لە دەست نەداوە. - ڕاستگویە. ڕەنگە زۆر جار "کوردستان" بە سەڵاحی نەزانیبێ هەموو حەقیقەتێک بخاتە پێش چاوی کۆمەڵانی خەڵک و بۆ ماوەیەک هێندێ شتی لە دڵی خۆیدا ڕاگرتبێ، بەڵام هیچ کاتێک درۆی لەگەڵ خەڵک نەکردووە و شتی پێچەوانەی حەقیقەتی پێ نەگوتوون. هەربۆیەش "کوردستان" جێگای متمانەی خەڵکی کوردستانە و ئەوان نووسراوەکانی لەبارەی هەر مەسەلەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و...وە بە سەنەد و بەڵگە دادەنێن. - پێشکەوتوویە. دژی هەموو بیروباوەڕێکی دواکەوتووانەی سیاسی خەبات دەکا. بۆ بەرپابوونی ئاڵوگۆڕێکی قووڵی کۆمەڵایەتی تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدا دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی کۆنەپەرست‌ترین توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێتە دەرێ و بدرێتە دەستی ئەو چین و توێژانە کە لایەنگری ئازادی و بەرامبەری و دادەپەروەریی کۆمەڵایەتین. - هەر لە بەر ئەوانەی سەرەوەش خۆشەویستە. "کوردستان" جێگای خۆی لە دڵی خوێنەرانی کوردا کردووەتەوە. وەک بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆ، ڕاستگۆ و پێشکەوتنخواز ناسراوە و خوێنەرانی هەموو کاتێک چاوەڕوانی ژمارە تازەکانی دەکەن. -خۆش ئەوەیە جگە لە هەمووی ئەمانە لە شتێکی دیکەش‌دا چارەنووسی "کوردستان" وەک چارەنووسی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. هەر وەک دەزانین حیزبەکەمان لە مێژووی خەبات و تێکۆشانیدا چەند جار تووشی لەتبوون و دوودەستەیی هاتوە و قوتابیانی یەک مەدرەسە و ڕێبوارانی یەک ڕێباز لە دووسەنگەردا و تەنانەت (بەداخەوە) لە سەنگەری دژ بەیەکیشدا تێکۆشاون. بۆ "کوردستان"یش ڕێ کەوتوە کە بۆ ماوەی چەند ساڵ بە دوو جێگا و کەم­وزۆر بە دوو زمانی سیاسی (و دیسان بەداخەوە) تەنانەت دژ بەیەک بڵاو بۆتەوە و زۆرجار داخ­وکەسەر و تەنانەت تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە. لەوەش گەڕێ کە بڕێک­جار لە خۆشەویستیی ئەم ناوە بۆ شیرین­کردنی بڵاوکراوەی ناحیزبی کەلک وەرگیراوە. هەر ئێستا کە ژمارە (٨٠٠)ی «کوردستان» بڵاو دەبێتەوە بۆ ١٥ ساڵ دەچێ کە هەم حیزبی دێموکڕات دوو حیزبە و هەم ئۆرگانە ناسراوەکەی بە دوو جێگا دەردەچێ، شتێک کە هیچ­کات بە دڵی خەڵکی دێموکڕاتپەروەری کوردستان نەبووە و نییە و نابێ. زۆر خۆشە کە ئەم بەینانە هەوڵێکی بەردەوام بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکڕات لەئارادایە و هەموو دڵسۆزان ئارەزووی سەرکەوتنی بۆ دەکەن. سروشتییە کە بە «وەسەریەک­کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکڕات»، «کوردستان»یش دەبێتەوە یەک و هەردووک لا دەبنەوە خۆشەویستە تاقانەکەی ساڵی ساڵان. ئێستا گەلەکەمان و حیزبەکەمان یەکێک لە ناسکترین قۆناخەکانی خەبات و تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی خۆیان بەڕێ دەکەن و "کوردستان"یش وەک زمانی حاڵی حیزبی دێموکرات و ئاوێنەی ویست و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان لە سەنگەری دیفاع لە ئازادیدا دەردەچێ، هەروا خۆشەویستە، هەروا سەربەخۆیە، هەروا ڕاستگۆیە و هەروا جێگای بڕوای خەڵکی حەقخوازی کوردستانە. هیوادارین "کوردستان لە داهاتووشدا هەروا و باشتر لە جارانیش درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدا و هەروەک هەمیشە چرای ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران بێ. ئارەزوومان ئەوەیە لە دواڕۆژێکی نیزیک‌دا کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگای خۆی بدا بە ڕێژیمێکی دێموکراتی و گەلی، حیزبی دێموکرات بە یەکڕیزی تێکۆشانی ئاشکرای خۆی لە ئێرانێکی فیدڕاڵ و کوردستانێکی خودموختاردا دەست پێ بکاتەوە و "کوردستان"یش لە فەزایەکی ئازاددا وەک بڵاوکراوەیەکی ڕۆژانە لە دەیان هەزار نوسخەدا بڵاو بێتەوە. *** تێبینی: ئەم وتارە کاتی خۆی بۆ ژمارە (١٠٠)ی «کوردستان» نووسراوە و بە هێندێک دەسکارییەوە فارسی گوتەنی: «بروز» کرا.