کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان" ئەستووندەکێکی قایمی ژێر ڕەشماڵی زمانی کوردی

17:25 - 1 پووشپەڕ 2721

* ئەم سەردێرە بە گۆڕدراوی لە پارچە شیعرێکی ماموستا هێمنەوە خواستراوەتەوە   بۆ ڕۆچوون بە نێو ئەم چەند دێڕەی خوارەوەدا و زیاتر وردبوونەوە لە سەردێڕ، پێویستە سەرەتا بە کورتی باسێک لەسەر ڕەشماڵ یان تاوڵ بکەین و باشتر بتوانین بەکورتی بچینە نێو بنج و بناوانی کاریگەریی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە سەر زمانی کوردی.   تاوڵ یان ڕەشماڵ تاوڵ لە چەند ڕووبەری چنراوی وەک بەڕە یان جاجم دروست کراوە. ئەم ڕوبەرە چنراوانە کە کوێنیان پێ دەگوترێ، تان‌وپۆیان لە مووی بزن ڕێسراوە. چەند تەختە کوێن لەبەریناییەوە لە یەکتر دەدروێن و ڕووبەری گەورەی ڕەشماڵ یان تاوڵ پێک‌دەهێنن. کۆچەران لە سەردەمی کوچەری و گەرمێن و کوێستان‌کردندا تاوڵیان هەڵ‌دەدا و وەک ماڵ کەڵکیان لێ‌ی وەردەگرت. تاوڵ و بەپێوە وەستانی، بە گوێرەی گەورەیی و بچووکیی چەند ئەستوندکی وەبەر دەدرێ. ئەستوندەک وەک ستوون و کۆڵەکە لە نێوەندەوە شان دەدەنە بەر تاوڵ وەک سێبەر و ئەنوا بەسەر زەویەوە ڕایدەگرن. چوار دەوری تاوڵ بە گوریس و بە پێی پیویست لەو سینگانە قایم دەکرێت کە بە مەودای دیاریکراو لە زەوی کوتراون. جەمسەری نێوان ڕستە و دامێنی تاوڵیش داری لە ئەستوندەک کورتتر و لە سینگ درێژتریان دەدرێتە بەر و ئەوانیش "چەڵە" یان چەڵەکەیان پێ دەگوترێ. ئەو شوێنانەی تاوڵ کە دەکەونە نێوان چەڵە و ئەستووندەک و کەمێک پان و کۆم دەبنەوە، لاپانکیان پێ‌دەڵێن. ئەم شی‌کردنەوەیەی تاوڵ بۆ ئەوە بوو زمانی کوردی و ئەو ئەستوندەک و کۆڵەکانەی پێ بشوبهێنم کە شانیان وەبەر قورسایی بەپێوەوەستانی داوە. دیارە ڕاڤە و شی‌کردنەوەی تاوڵ بۆ ئەو کەسانەی خاوەن تەمەنن و شارەزاییان لە کۆچ کۆچبەریی هەوارچیان‌دا هەیە، شتێکی زیادیە، بەڵام بۆ لاوان و کچانی ئەم سەردەمە پێویست بوو. ئەم تاوڵە گەورەیەی زمانی کوردی نەک هه‌ر ماڵبات و خێزانێک، بەڵکوو نەتەوەیەکی گەورەی خستووەتە ژێر سێبەری خۆیەوە. بێگومان ڕەشماڵێکی ئەوا گەورە و پان و بەرین بە کۆمەڵێکی بێ‌ئەژمار سینگ و ڕستەی قایم شاقەلی لە زەوی گیر کردووە و ئەستووندەک و چەڵەی زۆری وەبەر دراون و بە گوریس و سینگی ڕۆچوو بەناخی زەویدا چەنگی بەشێکی ئەم گۆ خۆڵ و ئاو و بەردینە قایم کردووە. ڕۆژنامەی کوردستان هەرچەندە تاکە ئەستووندەکی ژێر ئەم تاوڵی زمانە نییە، بەڵام  لە بڕگەیەکی بەرچاوی مێژوودا یەکێک لە ئەستووندەکە قایم و سەرەکییەکانی ئەم ڕەشماڵە گەورەیە. لێرەدا چونکە زیاتر ئەرکی زمان لە ڕۆژنامەی "کوردستان" بەرچاو دەخرێ، چاو لە نێوەرۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئامادەکردنی ژمارەی جیاوازی کوردستان لە لایەن بیروباوەڕی جیاواز و تەنانەت هەندێک‌جار دژ بەیەکیش دەنووقینم. لە کاتێکدا ئاگەدارین ڕۆژنامەی "کوردستان" هەندێک‌جار هاوکات لەلایەن دوولایەنی جوداش دەرکراوە، بەڵام هەردوو لایەنەکە لە بواری زمان و ڕێنووسەوە لەم مەبەستەی ئێمە لایان نەداوە. لەم بوارەوە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بە دەرچوونی چەند ژمارەیەکی "کوردستان" لەلایەن پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار و چەند ژمارەیەکی زیاتر لە لایەن "حێزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر" بکەین و ئێستاش دەبینین ئەم ڕۆژنامەیە بە ڕێکوپێکی و هاوکات دوولایەنی "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و "حیزبی دیموکراتی کوردستان" دەری دەکەن.   رۆژنامەی کوردستان چۆن بۆ تاوڵی زمانی کوردی دەبێ بە ئەستووندەک؟ بۆ زیاتر شرۆڤەی مەبەست، کاتی دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" بەسەر سێ قۆناخی جودادا دابەش دەکەم. لێرەدا ئەم دابەش‌کردنە دیسانیش بە مەبەستی دابەش‌کردنی قۆناخی سیاسیی ژیانی حیزبی دیموکرات و بەردەوام‌بوونی ڕۆژنامە نییە و تەنیا بە مەبەستی دەستنیشان‌کردنی کاریگەریی ڕۆژنامەی "کوردستان" لەسەر گەشەکردنی زمانی کوردییە. بۆ ئەم مەبەستە قۆناخی جودای دەرچوونی ڕۆژنامە بەسەر سێ  سەردەمی "کۆماری دیموکراتی کوردستان" و "ڕووخانی کۆمار هەتا ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی" و قۆناخی سێهەمیش د"وای ڕووخانی دەستەڵاتی پاشایەتی" دەگرێتەوە.   کوردستان لە سەردەمی کۆمار: هاوکاتی دامەزرانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نێوەندییەتیی مەهاباد، ڕۆژنامەی "کوردستان" وەک ڕۆژنامەی کۆمار و ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەردەچێ. ئەم ڕۆژنامەیە لەماوەی دەستەڵاتدارێتیی کۆماری کوردستان تەنیا ١١٣ ژمارەی لێ بڵاو دەکرێتەوە. حاشای لێ ناکرێ ئەو کوردیزانانەی ئەوکات لە پارچەی دیکەی کوردستان بە تایبەت لە باشووی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی کۆمار لە مەهابادن، لەکاتی دارەدارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" دەستی دەگرن و یارمەتیی دەدەن. ئەگەر بێ ‌قووڵ‌بوونەوە لە نێوەرۆکی سیاسی وکۆمەڵایەتی، سووکە ئاوڕێک لە ئەو ژمارانەی کوردستان بدەینەوە، پێیانەوە دیارە بە ڕێنووس و زمانێکی ئاوێتەی ڕێنووس و زمانی فارسی نووسراون. ئەم سەردەمە لەگەڵ سەرهەڵدانی نووسەرانی دواتر دیار و بەرچاوی وەک ماموستایان عەبدوڕەحمان زەبیحی، هێمن و هەژار، حەسەن قزڵجی و ئاوات و قانع و چەند شاعیر و نووسەری دیکە هاوکاتە. لەگەڵ جوانەمەرگ‌بوونی کۆماری دیموکراتی کوردستان و کپ‌بوونی کوردستان لە ١١٤هەمین ژمارەیدا، ئەم کۆمەڵە نووسەر و شاعیرەش بەشێکیان هەڵوەدا دەبن و بەشێکشیان لە زێدی خۆیان لە بۆسەی دەرفەتی گونجاودا دەمێننەوە. لە ژمارەی دیکەی "کوردستان"ی دوای کۆماردا لە قۆناخی دوای کۆمار و پیش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی کوردستان بەم کۆمەڵە نووسەرە و بە نووسەرانی نوێترەوە پێ‌دەنێتە قۆناخێکی دیکە.   ئەستوندەکی پاراوی باخچەی بن زاراوەی دەوڵەمەندی موکریانی ئەو "کوردستان"ەی لە دوای کۆمار سەرهەڵدەاتەوە، وەک دارچنارێکی قایمە لە بێشەڵانی بن‌زاراوەی پاراوی شیوەزارێکی دەوڵەمەندی کرمانجیی نێوەڕاست واتە شێوەزاری موکریانەوە پاراو بووە. بەشێکی بەرچاوی ئەو نووسەرانەی لە سەردەمی کۆمار بە ئەزموونێکی کەمترەوە بە دەوری کوردستانەوە بوون، ئێستا زۆر پێگەیشتووترن. لەمەودوا "کوردستان"، "کوردستان"ی سەردەمی کۆمار نییە، هەرچەندە بە ڕێکوپێکی دەرناچێ و ژمارەکانی هەندێک جار مانگ و ساڵیان دەکەوێتە نێوانەوە، بەڵام ڕێنووس و زمان بەرەو سەربەخۆیی زیاتر دەچن. لەو سەردمەدا پەیڤ و ڕستەی "کوردستان" دەگەڵ نووسەران و ڕۆژنامە و گۆڤاری باشووری کوردستان دەکەونە دانوستان. نووسەرانی بە گەنجینەی شێوە زاراوەی موکریانیەوە لەبەرانبەر ڕەشەبادا بەکۆمەڵ باوەشیان بەم ئەستووندەکەی زمانی کوردی داگرتووە. لە باشوور لە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد و یەکیەتیی نووسەرانی باشور و ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەوێ وەردەگرن لەوانیش زیاتر پێیان دەدەنەوە. ژمارەی تاک و تەرای بە ناڕێکی دەرچووی "کوردستان" دەکەونە ماڵان و لەنێو خوێنەرانی دەستەبژێری زمانزانی کوردی خۆرهەڵات دەستاودەست دەکەن. کەسانی وەک عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، کەریم حیسامی و دکتور قاسملوو و کوردی‌زانانی دیکە دێنە پاڵ ئەو نووسەرانەی ئێستا خاوەن ئەزموون و پێگەیشتووترن. نووسەرانی ئەوکاتەی کوردستان کەسانی وەک عەبدوڕەحمان زەبیحی، کەریم حیسامی و عەبدوڵڵا حەسەن زادن و لەم قۆناخەدا بە نووسین وەرگێرانی کتێب و فەرهەنگی زمان و چاپ‌کردنیان لە کوردستانی عێراقی ئەوکات، ڕستەی دەوری تاوڵی زمان زیاتر ڕادەکێشن. چەڵەکان بۆ دوورتر دەگوازنەوە و سێبەری لاپانکی بەسەر کورداندا فراوانتر دەکەن.   قۆناخی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی: ئەم قۆناخە ئامادەبوونی زیاتری "کوردستان" لە نێو خەڵکە. لەم سەردەمەدا، دوای کۆماری کوردستان یەکەم جارە زمانی کوردی لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ئازادییەکی تەواودا پڕ بە سییەکانی پشوو هەڵدەکێشێ و دەیداتەوە. ئەم هەناسەکێشانە‌ ئەگەرچی بۆ ڕۆژنامەی "کودستان" زۆر سنووردار بوو و تەنیا چەند ژمارەیەکی بە قەبارەی ڕۆژنامەی ڕۆژانەی لەشاردا لێ دەرچوو، بەڵام بۆ زمانی کوردی هەتا ئێستاش لەم پارچەیەی کوردستان بەردەوامە. هەر لەو کاتەدا "کوردستان" لە لاپەڕەی بچووک بچووکەوە، چەند ژمارەیەکی وەک ڕۆژنامەی نەتەوەی ئازاد و ڕزگاربوو دەرچوون. ئامو‌شووی کوردستان بۆ پارچەکانی دیکەی نیشتمان و گەڕانەوەی زیاتری نووسەرانی بۆسەر بنچینەی زمانی دەوڵەمەندی لادێکانی دەوروبەری ئاخێزگە و زێدی سەرەکیی ڕۆژنامەکە و وەرگرتنی یارمەتیی زیاتر لە بن‌زاراوەی دیکەی کوردی یان لەنگەر وەرگرتن لە ئەستوندەکی دیکەی ژێر تاوڵی زمانی کوردی کارێکی وای کرد کوردستان زۆر لەجاران دەوڵەمەندتر بێت.   کوردستان و ڕادیۆ دەنگی کوردستان: دوای ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و گۆڕانی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە، حیزبی دێموکرات کە خاوەنی سەرەکیی ڕۆژنامەی کوردستانە، بۆ پەرەپێدان بە کاری ڕاگەیاندن ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران دەکاتەوە. ڕادیۆی دەنگی کوردستان خۆی بە هەموو ماڵانی کوردستاندا دەکات. هەموو چین و تۆێژی خەڵک بە هۆکاری جۆرارجۆرەوە گوێ دەدەنە ڕادیۆ دەنگی کوردستان. ناوی ڕادیۆکە لەلایەن خەڵکەوە بۆ "دەنگی کوردستان" کورت دەکرێتەوە. ئەو کات کە ئینترنێت و ماهوارە نین و تەنیا ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران سەرچاوەی هەواڵن، "دەنگی کوردستان" هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆر لە خەڵکی باشوور دەکاتە بەردەنگ. خەڵکی سەر بە دەستەڵاتی ئێرانیش بۆ ئەوەی ئاگەداری بارودۆخی شەڕ و سەلامەتیی خزم و کەسیان لە نێو دوولایەنی شەڕی کوردان و دەوڵەت دابن، هەموو ڕۆژان بیسەری دەنگی کوردستانن. بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ بۆ زۆربەی وتار و بابەتی ڕادیۆ پشت بە ڕۆژنامەی "کوردستان" دەبەستن. ئەمجارە کوردستان تەنیا ئەو کاغەزە نییە کە بە نهێنی ئەم دەست و ئەودەستی پێ ‌بکرێ. بابەتەکانی لەڕێی دەنگی کوردستانەوە بە دەنگ دەچنە بەر گوێی بیسەرانی تەنانەت نەخوێندەواریش. لاوانی خوێندەوار کە دەمێک نییە لە دەست دەستەڵاتی پاشایەتی ڕزگاریان بووە، لەگەڵ پرۆڤەی خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایکیان یان ڕۆژنامەی کوردستانی ڕاستەوخۆ و یان بابەتی ڕۆژنامەیان بەهۆی ڕادیووە پێدەگات.   "کوردستان" و "سروە": دوای چەند مانگێک نێوەندی ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەیووبی لە ورمێ دادەمەزرێ و گۆڤاری "سروە" دەردەچێ. ماموستا هێمن، ئەحمەدی قازی و کۆمەڵیك لەو نووسەرانەی ماوەیەک بە دەوری ڕۆژنامەی "کوردستان"ەوە بوون، دەبنە دەمڕاست و نووسەری سەرەکیی "سروە" و جارێکی دیکە پشووی ڕۆژنامەی "کوردستان" هاوکات لەگەڵ ڕادیۆ دەنگی کوردستان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگەڵ هەناسەی "سروە"دا تێکەڵ دەبێت. ئەوەندە نابات گۆڤاری مانگانەی مەهابادیش دەردەچێ و ئەویش هەر دەبێتە درێژەدەری ئەم ڕێبازە لە زمان و نووسین. کۆمەڵێکی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی خوێندکارانیش دەست بە وەشان دەکەن کە دەکرێ بڵێین شێوازی زمان و ڕێنووسیان هەمان شێوازی ڕۆژنامەی "کوردستان"ە. لەمەو دوا هەرچەندە خوێندن بە شێوەی ڕەسمی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە ئێزنی پێنەدراوە بەڵام لاوانی کوردستان لە دەستیان بە دامەزارندنی ئەنجومەنی ئەدەبی و فێرگەی خۆبەخشانەی زمانی کوردی کوردی کردووە. ئیدی لەمەو دوا زمانی کوردی لەم پارچەیەی کوردستان لە تەنانەت لە باشووری ئازادایشی بردووەتەوە و سەدان شاعیر و نووسەر ڕەخنەگر و سیاسەتوان و لێکۆڵەری باش هاوکات لەگەڵ فێربوونی زانستی جۆراو جۆر، ئێستا خۆیان هەر یەکە و ماموستایەکی زمانی کوردین و بەردەوام خەریکی نوێ‌کردنەوەی کوێن و ئەستوندەک و ڕستە و چەڵە و لاپانکیی  ڕەشماڵی زمانێکن کە ڕەنگە ڕەشەبا و ڕووداوی نەخوازاروی دیکە بە هیچ شێوەیەک دەرەقەتی هەڵوەشانەوەی نەیەن.   بەردوامیی "کوردستان": ئێستا کە لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ٨٠٠مین ژمارەی کوردستان داین. لە کاتیکدا بیر لەمە دەکەیەنەوە ئەگەر نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت باین ئازادیی دەرکردنی ڕۆژنامەمان هەبوایە و حیزبی دێموکراتیش وەک هەر حیزبێکی نەتەوە خۆشبەختەکان بە ئازادی لە وڵاتی دیموکراتدا ژیابا، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆژانی پشوودان و جەژنەکانیش کە لەوان ڕۆژاندا ڕۆژنامە دەرناچن، ئێستا ڕۆژنامەی کوردستان زیاتر لە ٢٢ هەزار ژمارەی لێ دەرچووبوو. بەڵم ڕاستییەکە ئەوەیە ڕۆژنامەی "کوردستان" ئێستا پاش ئەم هەموو خزمەتەی کردوویەتی، لەلایەن دوو بەشی حزبی دێموکرات لەسەر هەمان ڕێبازی زمان و ڕێنووس دەردەچێت. ئێستاش پێگە ئەلیکترۆنیەکان و بەشی دیکەی ڕاگەیاندنی ئەم حیزبە ڕۆژنامەی "کوردستان"یان نەبێت بۆ بابەت و نووسراوی بەپێز لە کەمی دەدەن. بەم هیوایە ڕۆژنامەی کوردستان جارێکی دیکە ببێتەوە یەک ڕۆژنامە. قەڵەمەکانی بکەونەوە سەریەک و بە یارمەتیی نووسەرانی خاوەن ئەزموون و بەتوانای خۆرهەڵاتی کوردستان  لەمەودوا وێڕای دەرچوون لەسەر کاغەز ببێتە خاوەنی پێگەیەکی تایبەتیی ئینترنێتی پتەوتر لە جاران شان بداتە بەر ڕەشماڵی بەرینتر لە جارانی زمانی کوردی.