کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کوردستان"، ڕۆژنامەیەک بۆ هەموو وەرزەکان

17:27 - 1 پووشپەڕ 2721

    ئه‌م كاته‌تان باش! بەخێرهاتنی سەرجەم ئامادەبووانی بەڕێز دەکەم بۆ سمیناری یادی دەرچوونی ٨٠٠ەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان. بە پێویستی دەزانم هەر لێرەوە سەری ڕێز و نەوازشی خۆم دانوێنم بۆ سەرجەم ئەو قه‌ڵه‌مانه‌ی له‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا بابه‌تیان نووسیوه‌، هه‌روه‌ها بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و پێشمەرگانه‌ی کە دەکرێ وەک پێشمەرگەی قەڵەم نێودێریان بکەین هه‌ر لە سەرەتای دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستانه‌وه‌ هەتا ئێستا. چون ئەوانەی ئەرکی ڕاپەڕاندنی ڕۆژنامە و گۆڤاریان لەئەستۆ بووە، دەزانن ئه‌مه‌ چەندە کارێکی تاقەت‌پرووکێن و چەندە ئیشێكی دژوارە. هەروەها پیرۆزبایی دەکەم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی له‌ بەشی ڕاگەیاندن بە بۆنەی دەرچوونی ٨٠٠ەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان. بەر لەوەی کە بپه‌ڕژێمە سەر ده‌قی قسەکانم، دوو خاڵە وەک پێشەکی پێم خۆشە ئاماژەیان پێ بکەم. یەکەمیان وەک ئاگادار کرام بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە تەشریفیان هەیە لەم سمینارەدا و له‌به‌ر ئەوەی کە پێم‌وایە مامۆستا، یەکێک لەو کەسانەیە کە زیاترین بابەت و وتاری لە ڕۆژنامەی کوردستان‌دا نووسیوه‌، جا چ بە وتار بووبێ چ بە دیمانە بووبێ، بە حوکمی ئەوەی کە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی خولی سێهەمی ڕۆژنامەی "کوردستان"، لە پاش شەهید دوکتور قاسملوو بەرپرسی ڕۆژنامە و سەرنووسەر بووە و پاشان لە پەروه‌ردە کردن و ڕاهێنانی سەرنووسەرەکانی دیکە ڕێنوێن و یارمەتیدەریان بووە، سپاسی هەموو زەحمەتەکانیان بکەم و بە شانازییەوە ئەو ڕێچکەیەی کە جەنابی مامۆستا و هاوڕێیانی، نیزیک بە ٥٠ ساڵ لەوە پێش لە ڕۆژنامەدا گرتوویانە بەر، تەنانەت بەر لەوكات و له‌ سەردەمی کۆماری کوردستان، ئێستاش بە خۆشییەوە قوتابییەکانیان لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە بەردەوامن. خاڵی دووهەم په‌یوەندی بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە، کە ئەویش سپاسێکە کە دەبێ لەوانیش بکرێ، بە حوکمی ئەوەی کە لە مێدیای حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، لە ڕۆژنامەی ئەم حیزبەدا چەشنێک Flexibility (انعطاف پذیری) یان نەوی کێشان، وەک هەڵکردن لەگەڵ بیری جیاواز، تابشت‌هێنانی بیری جیاواز بوونی هه‌یه‌، هەروەها پلۆرالیزم یان هەمەجۆری و فرەچەشنی لەم ڕۆژنامەیه‌دا ڕەچاو کراوە. تۆ ئەگەر سەیر کەی تۆ حیزبێکی سیاسی بی، تۆ حیزبێک بی لە دۆخێکی نائاساییدا بی، پەرتەوازەی وڵات بی، تەنانەت لە سەردەمێکدا لە لووتکەی شۆڕشدا بووبی، بەڵام بە جۆرێک بەم شێوەیە هەم ئێنعێتاف‌پەزیریت هەبێ و هەم پلۆرالیزم بێنی لە ڕۆژنامەکەتدا ڕەچاو بکەی، بە باوەڕی من ئەمە دەکرێ وەک دەرس، دەرسی لێ وەرگیرێ و جێگای شانازییە و بۆیە بە پێویستی دەزانم، سپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەم سینگ‌فراوانییەی ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبە، هەروەها بەشی ڕاگەیاندن دەرببڕم. ئەو بابەته‌ی کە دەمەوێ پێشکەشتان بکەم، ناوی: "کوردستان ڕۆژنامەیەک بۆ هەموو وەرزەکان"ه‌. ***   پێم‌وایە له‌ ڕۆژنامەی "کوردستان"دا، دەکرێ دوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی ڕەچاو کەین، دیارە ده‌توانین باس لە زۆر ئەرک بکه‌ین، بەڵام ئەوەی وەک دوو ئەرکی سەرەکی دەتوانم ئاماژەی پێ بکەم، یەکێکیان بریتییە لە خزمەت و پاراستنی زمانی کوردی. ئێمە دەزانین کە زمان وەک سیاسیترین توخمی نەتەوایەتی دایمە لەنێو کورددا یەکێک لەو ئێلێمێنتانە بووە کە دەوری زۆر زۆر کاریگەری هەبووە لە گەشە و نەشەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازیدا، بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان" پاراستنی زمان بووە به‌ هەموو شێوازێک. بەخۆشییەوە من پێم‌وایە یەکێک لە هەرە خزمەتە گەورەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە چاو ڕۆژنامە کوردییەکانی پارچەکانی دیکە بۆ وێنە با بڵێین باشوور، پاقژی و خاوێنی زمان بووه‌ چ لە بواری ڕێنووس و چ لە بواری ڕێزمانەوە. خاڵی دووهەم کە دەتوانم ئاماژەی پێ بکەم بریتییە لە، خاوەندارێتی لەسەرجەم پرسە سیاسییەکان و پرسە نەتەوایەتییەکان کە بەردەوام ڕۆژنامەی کوردستان بە نیسبەت ئەو ڕووداوانه‌ی کە لەنێوخۆی وڵات لە ئێراندا ڕووی داوە، دژکردەوه‌ی هەبووە و لەنێوخۆی وڵاتیشدا خاوەندارێتی کردووە لە پرسە جۆربەجۆرە سیاسییەکان کە لەنێو کۆمەڵگەدا ڕوویان داوە. ئەوەی ڕاستی بێ لە دنیای ئەمڕۆدا چەمکێک هەیە كه‌ هەرچەند لە بواری ماناوە چەمكێکی نێونەتەوەییە، بەڵام ڕەنگدانەوەیەکی زۆر تۆخی لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا هه‌بووه‌ و هەیە، کە دەمەوێ پێکی بگرم لەگەڵ مێدیای ئەم وڵاتانەی کە کوردستان تێیاندا بەش کراوە. ئەو چەمکەش بریتییە لە "بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی". بێگومان به‌رپرس بوون لەهەمبەر هەر کارێکدا، وەک خاڵێکی پۆزێتیڤ سەیر دەکرێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌م به‌رپرس بوونه‌ی ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"یش قه‌ره‌بووی كه‌مایه‌سی و كه‌موكووڕییه‌كانی كردبێ. ئەو ڕەخنانەی کە لە ڕۆژنامه‌ی "کوردستان" هەیە وه‌ك: نەبوونی بەردەوامی، نەبوونی کادری پڕۆفیشناڵ و خوێندەوار لەو بوارەدا، نەبوونی ئیمکاناتی سەخت‌ئامێری و نه‌رم ئامێری وه‌ك کادری نووسەران، وەک ئیمکاناتی ماڵی، تێکنیکی و فەننی و... دەکرێ چاوپۆشییان لێ بكه‌ین چون زیاتر ئەو ڕەخنانە بەرهەمی جەبرێکن كه‌ بەسەر ئەم حیزبەدا داسەپاون و وه‌ك باسم كرد بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی حیزبی دێموكراتی كوردستان قه‌ره‌بووی ئه‌م ڕه‌خنانه‌ی كردۆته‌وه‌. چەمکی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی بریتییە لەوەی کە ڕۆژنامە دەبێ وەک ویژدانی کۆمەڵگە، وەک ویژدانی نەتەوەکه‌ی خۆی بتوانێ ئاوێنەیەکی باڵانوێن بێ بۆ سەرجەم پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و فەرهەنگییه‌كان. من لێکۆڵینەوەیەکم کردبوو بۆ ئەم سمینارە له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌كانی جیهان، سه‌رتیتر و لۆگۆی ١٥٠ ڕۆژنامەی وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی دواکه‌وتووم شه‌ن‌وکەو کرد، یەک دەستەواژە هەیە پێ دەڵێن Slogan واته‌ "دروشم" كه‌ هەر ڕۆژنامە دروشمی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ وێنە ڕۆژنامەیەکی وەک واشینگتۆن پۆست دەڵێ: "دێموکراسی لە تاریکیدا دەمرێ". یان نیۆیۆرک تایمز باس لەوە دەکا هەموو هەواڵێک شیاوی بڵاوبوونەوەیە، هەرچەند ئەو باس لەوە دەکا بۆ چاپ بوون ده‌بێ، یانی هەموو هەواڵێک بایەخی بڵاوبوونەوەی هەیە. یان لە وڵاتێک له‌ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وه‌ك پاکستان، كه‌ تێیدا دەمارگرژیی ئایینی هه‌یه‌، کێشە و گرفتی مەزهەبی زۆر بە زەقی دیاره‌، مافی ژن و مناڵ پێشێل ده‌كرێ، لە ڕۆژنامه‌یه‌كدا دەڵێ: " ئەوە مافی هەموو مرۆڤێکە کە بزانێ". پاشانیش دەڵێ: "ئەوە دەنگێکی نوێیە بۆ پاکستانێکی نوێ". دیارە لیستی ئەو ڕۆژنامانە یەکجار زۆرن و من هەر ئاماژەم بەو چەند دانەیە کرد. مەبەستم ئەوەیە لە هەموو ڕۆژنامەیەکی دنیادا، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی بوونی هه‌یه‌، ئه‌و ڕۆژنامانه‌ ده‌ڵێن: "مرۆڤەکان مافی خۆیانە کە وەک شارۆمەند سەیر بکرێن، مافە ئینسانییەکانیان ڕەچاو بکرێ، زانیاری حه‌قی خۆیانه‌ و..." بەڵام کە دێیە سەر ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان تێدا دابەش کراوە، بۆ وێنە کاتێک کە تۆ دێنی لە ڕۆژنامەیەک بە ناوی حۆڕییەت، ورد دەبییەوە لە گۆشەی لای چەپی ئەم ڕۆژنامەیە وێنەیەکی ئاتاتورک داندراوە بە ئاڵای تورکیەوە کە ڕستەیەکی لەو دەگێڕێتەوە کە دەڵێ: "توركیە، تورکله‌ریندر" واتە تورکیە هی تورکەکانە. باوەڕ نەبوون بە پلۆرالیزم، باوەڕ نەبوون بە فرەچەشنی، باوەڕ نەبوون بە فرەنەتەوەیی لە ڕۆژنامەیەکدا کە قەرارە بێتە پێگەیەک و یەکێک لە کۆڵەکەکانی دێموکراسی، کەچی لەودا حاشا لە بوونی میللەتێک دەکرێ. یان کە سەیری ڕۆژنامەکانی ئێران دەکەی باڵێکی توندئاژۆ کە کەیهانی هەیە و سەرنووسەرەکه‌ی کابرایەکی ئەشکەنجەگەر و بازجوویە، باس لە مەرگ دەکا و تۆی مەرگ دەپژێنێ، چ به‌رامبه‌ر به‌وانەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە باری بیروباوەڕەوە جیاوازییان هەیە و چ وڵاتانی دیکە و بەردەوام تەپڵی شەڕ دەکوتێ. بەڵام ڕێك به‌پێچه‌وانه‌ی مێدیای وڵاتانی داگیركه‌ر، ڕۆژنامەی "کوردستان" له‌سه‌ر بنه‌مای دێموكراسی، پلۆرالیزم و نه‌وی كێشان دامه‌زراوه‌. پێم خۆشە بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه‌م بابه‌ته‌كه‌م لەگەڵ بیرەوەرییه‌ک گرێ بده‌مه‌وه‌ کە پێموایە ڕەنگە چه‌مكی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی بتوانێ زیاتر شی كاته‌وه‌، ئەویش بیره‌وه‌رییه‌كه‌ لە خودی جەنابی مامۆستا حەسەن‌زادە كه‌ فەرمووی: "بابەتێکم لە ڕادیۆدا بڵاو ببۆوە لەسەر مامۆستا هێمنی نەمر كه‌ بەپێچەوانەی بڕیاری فەرمیی حیزب بوو یان لای كه‌م هه‌ندێ زاویه‌ی هه‌بوو، کە دواجار قسەی لەسەر دەکرێ خودی شەهید دوکتور قاسملوو داوا دەکا، لە ڕۆژنامەشدا چاپ بکرێ!" ئه‌مه‌ ڕێك واته‌ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی. سەبارەت بە ڕۆژنامەی "کوردستان" پێم خۆشە ئەوە بڵێم، کە ناوه‌كه‌ی یەکجار زۆر جێگای سەرنجە! بەهەرحاڵ بە حوکمی ئەوەی کە کۆماری کوردستان لە جوغرافیایەکی سنوورداردا دادەمەزرێ، لە ناوچە موکریان دادەمەزرێ، دەکرا ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ کە بڵێین، بۆچی ناوەکه‌ی نەبۆتە موکریان؟ بۆچی ناوەکه‌ی نەبۆتە مەهاباد؟ بە باوەڕی من ناوی ڕۆژنامەکە ئەوەندە گرینگە كه‌ ئاماژە بە جوغرافیایەکی سیاسیی تایبه‌ته‌. له‌ جوغرافیایەکی سنوورداردا خۆی نابه‌ستێتەوە و، ئەوە دەبێتە به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئەو کەسانە بۆ ئەو بیانییانەی کە بە عومدە فارسن و دەیانەوێ بزووتنەوەی کوردی پێ بکوتن و له‌بری كۆماری كوردستان باس لە کۆماری مەهاباد دەکەن، بۆ ئەوەی کە ئه‌م كۆماره‌ داشكێنن کەچی ئەوان ئەو سەردەمی هاتوون ناوی "کوردستان"یان بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ دیاری كردووه‌. من بابەتێکم لەسەر کۆماری کوردستان -دیارە لەسەر كۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و بەتایبەتی لەسەر نەمر زەبیحی- ئامادە کردبوو، لەسەر بنەمای مێژووی زارەکی، سەعیدخانی هومایوون خودای لێخۆش بێ ئاجودانی پێشەوا بوو، خوشکەزای پێشەوا بوو، باوەڕی وابوو یەکەم جار ئەو ناوە، لە لایەن سەید محەممەد حەمیدی، یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی "کوردستان"ی سەردەمی کۆمارەوە، پێشنیار کراوە و دواجار په‌سند كراوه‌. پاشان بە باوەڕی من به‌ڕێوبه‌رانی "كوردستان"، سیلەچاوێکیان لە "کوردستان"ی بەدرخانییەکانیش بووە. چونکە ئەگەر سەیری فۆڕمەت و لۆگۆكه‌یان بكه‌ی زۆر وەک یەک دەچن. بۆیە ئەوان ڕەنگە ئەو بیرۆکەیە لە زه‌ینیاندا هەبووبێ كه‌ کورد نەتەوەیەکە دابەش کراوە و بە هەر شێوەیەک بێ، درێژەدانی هەمان "کوردستان"یان مه‌به‌ست بووبێ، یانی ئەو جۆرە خوێندنەوەی بۆ بکرێ. واتە مەبەستم ئەوەیە کە ئەوان لە سەردەمی کۆماردا ئاگایان لە ڕابردوو بووە، چاویان بڕیووەتە داهاتوو و تێگەیشتنێکی دروستی دۆخێکی هەنووکەیشیان هەبووە. کەوابوو "کوردستان" ڕۆژنامەیەک بوو بۆ وڵاتێک، نەك بۆ شارێک، نەك بۆ ناوچەیەک. ئەوە زۆر گرینگە کە ئەوە بزانین کە ئەو "کوردستان"ە کە ئەو ناوی لێنراوە بە جۆرێک لە جۆرەکان، پێدانی پێناسەیەکی نەتەوایەتییە. ئەوەی ڕاستی بێ به‌شی هەرە زۆری ژیانی ڕۆژنامەی "کوردستان" جگە لەو ماوەیەی کە لە مەهاباد دەرچووە، 113 بە تەعبیرێک 114 یان بە تەعبیری پڕۆفسۆر مارف خەزنەدار 116 ژمارە، لە تاراوگە بووە و ئەو ڕاستییە دەبێ بسەلمێنین کە ژینگەی سیاسی نووسەران و ئەو کەسانه‌ی کە لەنێو ئەو ڕۆژنامەیەدا قەڵەم لێ دەدەن، بە حوکمی ئەوەی کە لە دەرەوه‌ی چوارچێوه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەژین جیاوازە. جیاوازی بەو مانایە کە ژینگە سیاسییەکانیان جیاواز بووە. بەتایبەتی لەو سەردەمی سۆشیال مێدیایەدا، بە حوکمی ئەو ژینگە سیاسییە دەبینی ئەوانەی کە لە دەرەوه‌ی ئەو چوارچێوەیەدا دەژین، جۆرێک لە ڕادیکالیزم بەسەر بیروباوەڕیاندا، بەسەر نووسراوەکانیاندا دیارە. كه‌ هه‌ندێ جار دەبێتە هۆکاری سازبوونی کەلێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەوە خەسارێکی جیددییه‌، یانی دابەش‌کردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو ڕادیکالیزمە، دواجار خەساری لێ دەکەوێتەوە به‌ڵام بە باوەڕی من ڕۆژنامەی "کوردستان"ی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر بەر بەم شتە بگرێ و نەهێڵێ ئەم کەڵێنە زۆر بەرز بێتەوە. وەک باسم کرد 113 یان 114 یان 116 ژمارەی هی دەوری یەکەمه‌، بەو ژمارەی کە ئەمڕۆ ئێمە بۆی دانیشتووین و سمینارمان بۆ گرتووە 800 ژمارەی ئەم خولە کە بە خولی سێهەم ناودێر کراوە و دەرچووە سه‌رجه‌م ده‌بێته‌ 914. یانی ئەگەر بێنی ماوەی 76 ساڵ حیساب کەی تەقریبەن دەکاتە 912 مانگ و 914 ژمارە. واتە دەکرێ بڵێین هەر مانگەو یەک ژمارە لە ڕۆژنامەی کوردستان دەرچووە. ڕەنگە ئەوە بۆ حیزبێکی سیاسی ئەگەر لە دۆخێکی ئاساییدا بێ، ئەگەر لەنێوخۆی وڵاتدا بێ، ئەگەر چاپخانە و ئیمکانات و شوڕای نووسەران و پووڵ و پارەی هه‌بێ و بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ کار بکا، شتێکی زۆر نەبێ، بەڵام تۆ کە سه‌یری ژینی نائاسایی ئەم حیزبە ده‌كه‌ی، ده‌بینی لە دۆخێکی زۆر دژوار و ئەسته‌مدا ژیاوە و لە شاخدا توانیوێتی ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێ، بە باوەڕی من ئەمە یه‌كجار گرینگە. تەنانەت لە بیرمان نەچێ لە سەردەمێکدا بژارده‌كان و نوخبەکان بوون كه‌ "کوردستان"یان دەنووسی. دواتر ئاماژە بەوە دەکەم بۆ ئاستی هەر ڕۆژنامەیەک گرێدراوی ئەو کەسانەیە کە قەڵەمی تێدا لێ دەدەن. بەهەرحاڵ لەو سەردەمیدا کەللاکانی ئەدەب و سیاسەتی کوردین لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بابەتیان نووسیوە و ڕاده‌یان له‌چاو ئێستا زۆریش سنووردار بووه‌ و ئه‌مه‌ جیاوازییەکی گرینگه‌. لە سەردەمی كۆمه‌ڵه‌ی ژێکافدا کاتێ زه‌بیحی نیشتمانی چاپ دەکرد و بە دزی و بە شاراوەیی دەچوو لە تەورێز دیهێناوە، بە قەولی دۆستیک دەیگوت بە کۆڵێ دیهێناوە، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ بۆچی بڵاوکردنەوەی 914 ژمارە زۆر گرینگە! یانی کە تۆ سەیری دۆخی ئه‌و كات بكه‌ی بەم هەموو زەحمەت و کوێره‌وەرییەوە و لەگەڵ ئێستا پێکی بگری، بە باوەڕی من غەدرە بڵێی ڕۆژنامەی "کوردستان"، دەبا زیاتر چاپ بوایە، بەڵام هەر ئەوەندی کە چاپ بووە، من پێم وایە جێگای دەسخۆشییە. خاڵێکی دیکە کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئاستی هەر ڕۆژنامەیەک گرێدراوە بە توانایی و لێوەشاوەیی ئەو کەسانە کە قەڵەمی تێدا لێ دەدەن. بۆ وێنە ئەگەر بمەوێ باس لە وەچه‌ی یەکەم بکەم، نەمران سەید محەممەد حەمیدی وەک سەرنووسەری "کوردستان"، هەژار، هێمن، زەبیحی، قزڵجی، عەتری گڵۆڵانی، دڵشاد ڕەسووڵی و... ئەم وەچەیە دەکرێ بڵێین زیاتر بەكگڕاوندێکی ئەدەبیان هەبوو، لایەنە ئەدەبییەکەیان بەسەر لایەنە سیاسییەکەیاندا زیاتر زاڵ بوو. لە ڕاستیدا ئەوان ئەو کاتی بە حەقیقەت دەیانویست، وردەوردە دارەداری ئەم ڕۆژنامەیە، دەست پێ بکەن و ڕۆژنامە بێتە نێو کۆمەڵگە. وەک حاجی قادر کۆیی دەڵێ: "سەد قایمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پووڵێ ڕۆژنامە و جەریدە که‌وتوونە قیمەت و شان"   مەبەست ئەوە بوو ڕۆژنامە وە قیمەت و شان کەوێ. بۆ وێنە نوتقی جەنابی پێشەوا بڵاو دەبۆوە، هەواڵ بڵاو دەبۆوە. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم لەو سەردەمدا زیاتر ڕاگەیاندن به‌شی سه‌ره‌كی بوو، بڵاو كردنه‌وه‌ی هەواڵ مه‌به‌ست بوو تا شرۆڤه‌ و ئانالیز. به‌ڵام لە وەچه‌ی دووهەم و وەچەی سێهەمدا کە سەردەمی ئێستایە سیاسه‌ت توخمی زاڵه‌. لە وەچه‌ی دووهەمدا شەهید دوکتور قاسملوو، شەهید دوکتور شەڕەفکەندی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، نەمر مامۆستا کەریم حیسامی، کاک فەتاحی کاویان و زۆر نێوی دیكه‌ كه‌ ڕەنگە مەجاڵ نەبێ لێرە باسیان بکەم ئەم وەچەیە بە نیسبەت وەچه‌ی یەکەم سیاسیترن، ئەساسەن سیاسەتمەدارن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بناغەیەی کە داڕێژراوە بۆ ئەو ڕۆژنامەیە، دیسانه‌کە تۆ دەبینی ئەو بەكگڕاوندە ئەدەبییە بەسەر ئەو بەشەشدا دیارە. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کەسایەتێکی ئەدیبە، دوکتور قاسملوو لە ئەدەبدا دەستی هەیە، کاک فەتاحی کاویان یان كاك کەریم حیسامی لە ئەدەبدا دەستی هەیە، بۆیە وەک پێشتر عەرزم کردن نوخبەکانن كه‌ لە "کوردستان"دا دەنووسن. یانی چ لە وەچه‌ی یەکەمدا، چ لە وەچه‌ی دووهەمدا، ئەوە نوخبەکانی سیاسی - ئەدەبی کوردن کە دەرەتانی ئەوەیان هەیە لەو ڕۆژنامەیەدا بابەت بڵاوکەنەوە و دواجار دێینە سەر ئەو قۆناغەی ئێستا، کە به‌ وەچه‌ی سێهەم دیاری کراوە. کەوابوو وەک باسم کرد وەچه‌ی سێهەم وەچەیەکە کە لە باری تەمەن لەچاو وەچه‌ی دووهەم گەنجترن، ئه‌زموونی سیاسی و خه‌باتیان كه‌متره‌، پاشخانی فكرییان زیاتر له‌ شاره‌، به‌ڵام ئەو جیلە لە باری په‌یوەندییان لەگەڵ دنیای سۆشیال مێدیا و لەگەڵ مێدیای بیانیدا بە حوکمی ئەوەی کە بەشێکیان لە دەرەوه‌ی وڵات دەژین په‌یوەندییەکی چڕوپڕتر و تۆکمەتریان هەیە، بۆیە ئەگەر لە سەردەمێکدا نوخبه‌كانی وەچه‌ی یەکەم و دووهەم شوێندانەریان لەسەر کوردستان هه‌یه‌ و کوردستان بەهۆی قەڵەمی ئەوانەوە بەو شێوەیە دێتە دەرێ، بەڵام له‌ وەچه‌ی سێهەمدا بە حوکمی ئەوەی کە سۆشیال مێدیا لە گۆڕێدا هەیە، بە حوکمی ئەوەی کە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان زیاترە، ئەوانیش دەکەونە ژێر تەئسیری ئەم لێشاوی زانیارییانه‌، ئەم لێشاوی هەواڵ و لێکدانەوانە و دواجار ئەم کاریگەرییانە لە ڕۆژنامەی "کوردستان"یشدا ڕەنگ دەداتەوە. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم له‌ وەچه‌ی سێهەمدا په‌یوەندییەکی دوولایانە، لە نێوان نووسەران و ڕۆژنامەی کوردستاندا هەیە. له‌ كۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی دووباره‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و سه‌رجه‌م هاوڕێیانی حیزبی دێموكراتی كوردستان، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ نازانم له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ژماره‌ی 1000ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان ئێمه‌ له‌ كوێین و شێوازی ده‌رچوونی كوردستان چۆن ده‌بێ، ڕۆژانه‌ ده‌بێ، هه‌فتانه‌ ده‌بێ، دووحه‌وته‌نامه‌ ده‌بێ، به‌ڵام هیوادارم ئه‌گه‌ر جه‌ژنێكی تر بۆ كوردستان بگیرێ له‌ شوێنی له‌دایكبوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستان بێ!