کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان" وەک ئاوێنەی مێژوویەک

17:35 - 1 پووشپەڕ 2721

(وتەکانی قادر وریا لە سمیناری گەیشتنی ڕۆژنامەی "کوردستان" بە ژمارە ٨٠٠)     بەخێربێن هاوڕێیان! پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی حیزبیم بە گشتی و، بەتایبەتی چاپەمەنیی حیزب، دەستەی نووسەران و کارگێرانی "کوردستان" دەکەم بە بۆنەی گەیشتنی کاروانی ڕۆژنامەی "کوردستان" بە ژمارە ٨٠٠ . هیوادارم فریا بکەوم گرنگترینی ئەو شتانەی مەبەستمن، پێشکەشیان بکەم.    ڕۆژنامەی "کوردستان"و گرنگیدان بە مێژوو: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان"، ئەوەیە هەمیشە گرینگیی داوە بە مێژوو، بەتایبەتی لەو دەورەیەی ئێستادا. دیارە هەر ڕۆژنامەیەک بەتایبەتی ڕۆژنامەی حیزبێکی سیاسیی خەباتکار، کە پێشەنگی بزووتنەوەیەکە، دەتوانێ بایەخی دێکیۆمێنتی، بایەخی مێژوویی هەبێ بۆ کەسانیک کە دەیانەوێ لەبارەی خەباتی ئەو حیزبە و، بزووتنەوەیەک کە ئەو حیزبە ڕێبەڕایەتیی دەکا، توێژینەوە بکەن. بۆ ئەوەی بزانین بایەخی دێکیۆمێنتیی ڕۆژنامە، وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی چەندە گرینگە، کەم بابەت و کەم توێژینەوە هەیە، لەسەر کۆماری کوردستان نووسرابێ و، پشتی بە ڕۆژنامەی "کوردستان"ی سەردەمی کۆماری کوردستان نەبەستبێ. واتە لە هەموو بابەتێکی دیکە و لە هەموو سەرچاوەیەکی دیکە زیاتر، ئەوە ڕۆژنامەی "کوردستان"ە کە فریای مێژوونووسان و توێژەران کەوتووە، بۆ باس لەبارەی کۆماری کوردستان. بە بڕوای من بۆ باس لەو دەورەیە لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژنامەی “کوردستان” یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانە. ئەو ڕۆژنامەیە وەک کوتم لە سەرەتاوە بۆ خۆی گرینگی داوە بە مێژوو. ئێوە چاو لێ کەن لە ژمارە ٧١ تا ژمارە ٩١ یانی لە ساڵی ١٣٥٩ەوە تا دەگەینە ساڵی ١٣٦١، زنجیرە باسێکی هەیە، بە ناوی "کورتە مێژوویەک لە جووڵانەوەکانی گەلی کورد" کە ئامادەکار و نووسەرەکەی دوکتور سەعید (د.سادق شەڕەفکەندی) بووە. ئەو بە تێگەیشتنەوە ئەوەی کردوە. پێم خۆشە ئاماژە بە پێشەکییەک بکەم کە د. سەعید بۆ ئەو باسەی نووسیویەتی: "یەکێک لە هۆنراوەکانی سروودی  ئەی رەقیب دەڵێ: "ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین- سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان". ئەو بەڵگانە نیشان دەدەن کە گەلی کورد تا چ ڕادەیەک بە ڕابردووی خۆیەوە شانازی دەکا و بۆ هەوڵ و کۆششی شۆڕشگێڕانەی نەسلەکانی قارەمانی ڕابردووی خۆی، نرخ دادەنێ. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئاگادارییەکی ورد و قووڵی لە سەر ئەو ڕابردووە پڕ ڕووداوە نییە. هەرچەند ئەو کەسانەی کە ناوی زۆربەی قارەمانانی نەتەوایەتی و ڕێبەرانی ڕاپەڕینە جۆربەجۆرەکانی خەڵکی کورد دەزانن، زۆرن، بەڵام بە داخەوە بێجگە لە ژمارەیەکی کەم لەوان، زانیارییان لەو ڕادەیە تێپەڕ ناکا و لە تایبەتمەندییەکانی ڕاپەڕینەکان و هەلومەرجی ئەو کاتەی ڕاپەڕینەکە تێیدا ڕووی داوە، هێندە ئاگادار نین. جا لە بەر ئەوە، ڕۆژنامەی "کوردستان" لەم ژمارەیە بە دواوە، تێ دەکۆشێ کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بەپێی توانا، بە تەرتیبی مێژوویی، کورتەیەک لە گرنگترین ڕاپەڕینەکانی خەڵکی کورد بخاتە بەر چاوی خوێنەرانی خۆشەویست. بە هیوای ئەوە کە ئەو زنجیرە وتارانە هەر ئەو بەرهەمە بدەن کە لە یەک مێژووی ڕاستەقینە چاوەڕوان دەکرێ. واتا ئاگاداری بە سەر ڕووداوەکانی ڕابردوودا و بە مەبەستی لێکدانەوە و ئەزموون بە دەست‌هێنان." دیارە ئەو زنجیرە باسە دوایە وەکو کتێب بە ناوی کورتە مێژووی جووڵانەوەکانی کورد" چاپ بووە، بەڵام بۆ ئاشنا کردنی خوێنەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان"، لەگەڵ مێژووی بزووتنەوەکان، بایەخی خۆی هەبووە.   تۆمارکردن وبە دۆکیۆمێنت کردنی ڕووداوەکانی شەڕی کوردستان: هەر ئەو وەختی لە ساڵی ١٣٥٩ و هەر لە ژمارە ٧١ەوە، ئیبتکارێکی دیکەی ڕۆژنامەی "کوردستان" دەست پێ دەکا و یەکەم ئەڵقەی بڵاو دەبێتەوە کە من بۆ خۆم بەپێی شناختێک کە لە دوکتور سادق شەڕەفکەندیم هەیە، هەر بە ئیبتیکاری ئەوی دەزانم. ئەوەیش کردنەوەی زنجیرە باسێکە بە ناوی "شەڕی کوردستان". بۆیە دەڵێم  ئیبتیکاری ئەوە، دوکتور سەعید ساڵێک دوو ساڵ پێش شەهیدبوونی جارێک وتارێکی نووسی، باسی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ دەکا. لەو وتارەیدا دەڵێ: "ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەی "کوردستان" کە بە دوای دووی ڕێبەندان‌دا دەرچووە باسی ڕاگەیاندنی کۆمار ناکا! یانی کۆمار ڕاگەیاندراوە، ئەو ڕووداوە گەورەیە ڕووی داوە، کەچی لە ژمارەی دوای ئەودا، باسی ڕاگەیاندنی کۆمار ناکرێ! یانی مەبەستی ئەوەیە بڵێ ڕۆژنامە دەبێ ئاوێنەی ڕووداوە گرینگەکانی سەردەمی خۆی بێ بۆ نەسڵەکانی داهاتوو. جا بەو تێگەیشتنەوەیە -وەکوو لە پێشەکیی ئەو زنجیرە بابەتەشەوە دەردەکەوێ- زنجیرە باسی "شەڕ لە کوردستان"، لە هەموو ژمارەیەکی "کوردستان"دا بڵاو دەکاتەوە. دەکرێ بڵێم ئەو زنجیرەیە، هەتا ئەو کاتەی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە لە مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم درێژەی هەبوو، لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا بەردەوام بوو. لەو ڕۆژنامەیەدا، هەموو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، ئێعدامەکانی، ئەشکەنجەکانی، لەشکرکێشیەکانی و، هەروەها قارەمانەتییەکانی پێشمەرگەو زۆر شتی دیکەی پێوەندیدار بەو شەڕە، ڕۆژانە تۆمار دەکرا. یانی لە هەموو ژمارەیەکدا ڕووداوەکانی مانگێک تۆمار دەکرا. (د.سەعید) لە پێشەکییەکەیدا دەڵێ: "کوردستان" تێ دەکۆشێ لەمە بە دواوە، گرنگترین کارەکانی نیزامی و تێکهەڵچوونەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە گەڵ هێزەکانی هێرشکەری دەوڵەتیدا، کە لە ماوەی بەینی بڵاوبوونەوەی دوو ژمارەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی زۆر کورت ئیشارە پێ بکا: "لە بەر ئەوەی ئەو کارە بۆ هەوەڵین جار خەریکە دەست پێ بکرێ، بێگومان هێندێک کەموکوڕیشی دەبێ و بێ‌شک زۆر لە کارە ڕەنگینەکانی هێزە قارەمان و لەشکان‌نەهاتووەکانی ئێمە لە بیر دەچن. هیوادارین کە هاوڕێیانی قارەمانی ئێمە ئەو ژمارەیە قەبوڵ بکەن و بە هاوکاریی برایانەی خۆیان تێ بکۆشن کە لە داهاتوودا، ئەو بەشە لە ڕۆژنامەی "کوردستان"، تا ئەو جێگایەی کە لە توانادایە، تەواو و بێ کەموکووڕی بێ. چونکە شک نییە کە ئەو کارە سەرەڕای ئەوەی کە تا ڕادەیەک تێنویەتیی توندی خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری ئێران بۆ ئاگاداری لە سەر بەرەکانی شەڕی حەماسەیی پێشمەرگەکان لە نێو دەبا، لە دواڕۆژیشدا لە لایەنی مێژوویەوە گرنگیەکی بێ وێنە پەیدا دەکا." دواتر خودی کۆمیسیۆنی چاپەمەنی ئەم زنجیرە بابەتانەی کرد بە نامیلکە، چەندین نامیلکەی لێ ساز کردن. ئێستا دەتوانم بڵێم ئەو نامیلکانە بوون بە یەکێک لە بەڵگە باشەکان بۆ ئەوانەی لەسەر ڕهەندی جۆراوجۆری شەڕی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان، دەکۆڵنەوە.   مێژوویەک لە ئاوێنەی "کوردستان"دا: ئەگەر بمانەوێ وەکوو ئاوێنەی مێژوویەک لە "کوردستان" بڕوانین، دەکڕێ بڵێم بە سەدان ڕووداوی میژوویی گرینگ هەن کە لە ماوەی ساڵانی دەرچوونی ئەو دەورەیەی ڕۆژنامەی “کوردستان”دا ڕوویان داوە و "کوردستان" بەرخوردی لەگەڵ کردوون. بەڵام من لێرەدا هەوڵ دەدم تەنیا ئاماژە بە هێندێکیان بکەم. یانی ئەگەر کەسێک بیهەوێ لە دەلاقەی "کوردستان"ەوە لە مێژووی نیو سەدی ڕابردوو بکۆڵێتەوە، بۆ وێنە بیهەوێ حیزبی دێموکرات و هەڵوێستەکانی و، جیهان‌بینییەکەی لە سەردەمی پێش شۆڕشی ئێراندا بناسێ، ڕۆژنامەی "کوردستان" سەرچاوەیە. چونکە بۆ وێنە باسی پرسی کورد لە عێراق، باسی شەڕ لەنێوان دەوڵەتی مەرکەزی و کورد دەکا، باسی هێزە دژی ئیمپریالیستییەکان و بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان دەکا، باسی  بووژانەوە و پەرەگرتنی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان دەکا. بۆ توێژینەوە لە بارەی ئەو شتانە لەو دەورەیەدا، یا ئەگەر بمانەوێ بزانین ئەو حیزبە چۆن ڕوانیویەتە ئەو ڕاپەڕین و خۆپیشاندانانە کە ئەوکات لە ئێران دروست بوون و، هەڵوێستی لە بەرامبەریان چۆن بووە، "کوردستان" دەتوانێ سەرەچاوەیەکی گرینگ بێ. دوایە ئەگەر بێینە  قۆناغی دوای سەرکەوتنی شۆڕش، لە یەک دوو ساڵی یەکەم‌دا، تێبینییەکی کە دەبێ بیڵێم ئەوەیە بەداخەوە لەو دەورەیەدا ڕۆژنامەی "کوردستان" بە ڕێکوپێکی دەرنەچووە، هێندێک جار بە چەند مانگ دەرنەچووە، جاری وا هەبووە بۆ وێنە لە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ کە شارەکان بە دەستی خۆمان بوون، بە لاپەڕەی گەورە و بە ڕێکوپێکی و بە ماوەی زوو زوو دەرچووە. بۆ چی وا بووە؟ هۆیەکەی ئەوە بووە کە کادری ڕێبەریی حیزب، تووشی کار و تێکۆشانێکی یەکجار زۆر بووە، پێویستی بە سازمان‌دانی خەڵک هەبووە، یانی کەمتر پڕژاونەتە سەر ڕۆژنامە. ئەوە یەکێک لە کەموکۆڕییەکانە. لەوانەیە زۆر هەڵوێست و بەیاننامەی گرینگی حیزبی هەبن  کە ئەوکات چونکە "کوردستان" بە ڕێکوپێکی دەرنەچووە، لەوێدا نەهاتبێ. بەو حاڵەش دیسان ڕۆژنامەی "کوردستان"ی ئەو وەختە دەتوانێ بەڵگەنامەیەکی زۆر ورد و بە سوود بێ بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لەو بڕگەیە لە مێژووی حیزبی دێموکرات بکۆڵنەوە. ڕەنگدانەوەی جۆری سیاسەت‌کردنی حیزبی دیموکرات لە"کوردستان"دا: (لەو قۆناغەدا) حیزبی دێموکرات لەنێوان دوو بەرداشدا بووە، بەرداشی شەڕی ئێران و عێراق و، بەرداشی شەڕی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەو حیزبە و خەڵکی کوردستان. ئێمە تەنانەت ئێستاش زۆر جار دەبینین نەیارانی حیزبی دێموکرات -لە پێوەندی لە گەڵ ئەو شەڕە داسەپاوەدا- ئەو حیزبە بە شتی جۆراوجۆر تاوانبار دەکەن. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ژمارەکانی ئەو سەردەمەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، دەبینین ئەو حیزبە ئەو کات چەندە بوێر بووە، چەندە ڕاشکاو بووە. لە لایەک لە بەرامبەر ڕێژیمێکدا کە ئامادە نەبووە دان بە مافەکانی کورد دابنێ و هەر داوای تەسلیم‌بوونی لە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کردوە، ڕاوستاوە، لە لایەکی دیکە، نەیویستوە تووشی نیشتمانپەروەریی بەدرۆ بێ. زۆر حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێران ئەو وەختی بۆ ئەوەی سبەینێ، بەوە تاوانبار نەکرێن کە دیفاعیان لە خاکی نیشتمان نەکردوە، لەژێر ئاڵای کۆماری ئیسلامی و لەژێر سازماندەهیی ئەو ڕێژیمەدا دەچن بۆ دیفاع لە سنوورەکان. بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک ئەوەی لە چاودا نەبوو بەڵکوو دەیگرتن و لێی ئێعدام دەکردن. بە پێچەوانەی ئەوان، حیزبی دێموکرات بە کۆماری ئیسلامی دەڵێ: "تا دان بە مافەکانماندا نەنێی، ئامادەی شتی وا نیم، بەڵام ئەگەر مافەکانی گەلی کورد بەڕەسمی بناسی، ئامادەم شانبەشانی هیزە چەکدارەکانی ئێران بەرامبەر هێرشی دەرەکی ڕاوەستم." هەرئەو وەختی، حیزبی دیموکرات لە کاتێکدا پێویستیی بە دۆست هەیە، پێویستیی بە پشتی جەبهە هەیە، بەڵام بچن بەیاننامەی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتوو، -فڕۆکەکانی عێراق زیندانی دۆڵەتوویان بۆمباران کرد- بخوێننەوە. چاو لە لەحنی بیاننامەی حیزبی دێموکرات کەن. یا کاتێک کە خەڵکی شاری بانە لە لایەن ڕێژیمی عێراقەوە بۆمباران دەکرێن، چاو لە بیاننامەی حیزبی دێموکرات کەن و ببینن بە چ بوێرییەک، بە چ ڕاشکاوییەک، ئەو تاوانانە مەحکووم دەکا، ڕەخنەیان لێ دەگرێ و، ئەوەی پێویستە ئازایانە بە ڕێژیمی عێراقی ڕادەگەیەنێ. مەبەستم لەو نموونانە ئەوەیە کە خوێنەر لە ڕێگای لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان"ەوە دەتوانێ لە گەورەیی سیاسەتکردنی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا تێ بگا.   "کوردستان" هەگبەیەکی پڕ لە بەڵگە و زانیاریی پێوەندیدار بە شەڕی کوردستان: بتهەوێ ڕەهەندەکانی ئەو شەڕە نابەرامبەری کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستانیدا سەپاندووە، دەرک بکەی، ڕۆژنامەی “کوردستان” سەرچاوەی چاکە. دانیشتووانی بە دەیان دێ لە کوردستان قەڵاچۆ کراون. بەکرێگیراوانی سەر بە کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئەو گوندانەیان پەنجا، پەنجا و، چل، چل کوشتوون. لە ڕۆژنامەی “کوردستان” دایە کە تاریخی ڕووداوەکان، ناوی قوربانییەکانی ئەو تاوانانە دەبینییەوە. بۆمباران و تۆپبارانێک کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کردوویەتی، ڕێژیمە داگیرکەرەکان بەرامبەر بە خەڵکی بێگانەش هەر ئەوەی دەکەن. چۆن دەتوانی زانیاری لە بارەی ڕەهەندەکانی ئەو تاوانانە بدۆزێەوە، بە هۆی ڕۆژنامەی"کوردستان"ەوە. چونکە "کوردستان" ڕێکەوتی ڕووداوەکان، شوێنی ڕووداوەکان، ژمارە و ناوی قوربانییەکانی تێدایە. پێم حەیفە ئاماژە بە شتێک نەکەم ئەویش حیزبی دێموکرات و تەعامول لەگەڵ دیلەکانی شەڕە. هەر لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا چەند جار ڕاگەیاندراو هەیە کە دەفتەری سیاسی بە بۆنەی جۆراوجۆر ئەو ئەرتەشیانەی بە دیلی گرتوون و زیندانیی کردوون ئازاد دەکا. لەو ڕاگەیەندراوانەدا شتی زۆر جوان هەیە، بۆ وێنە لە یەکێکیاندا کە لە ژمارە ٧٣ی "کوردستان" (ڕێبەندانی ١٣٥٩)دا هاتووە: ئەرتەش کاری ئەوەیە بەرگریی لە سنوورەکان بکا. ئێمە بۆیە ئەو ئەرتەشیانە ئازاد دەکەین پێیان بڵێن کاری ئێوە شەڕ لەگەڵ کوردستان نییە، ئێستا کە هێزێکی بێگانە هێرشی هێناوەتە سەر خاکی وڵات، فەرموون بچن شەڕی لەگەڵ بکەن. لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەی دەفتەری سیاسی‌دا کە تایبەتە بە ئازادکردنی ٤٩ دیل و زیندانی بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزانی ساڵی ٦٠، هاتووە: "ئێمە پێمان خۆش بوو لە کوردستانی خۆشەویستمان لە جیاتی دروست‌کردنی زیندان و ڕاگرتنی ئەسیرانی شەڕ، مەدرەسەمان ساز کردبا و کلاسەکانی دەرسمان لە منداڵان و لاوان پڕ کردبا. ئاواتمان ئەوە بوو لەباتی ئەوەی کە لەگەڵ هاونیشمانەکان، لە زیندان‌دا ئاشنا باین لە زانستگە لەگەڵیان دانیشتباین و گەڵاڵەی ئاوەدان کردنەوەی ئەو وڵاتەمان داڕشتبا. بەڵام بەداخەوە کۆنەپەرستی ئەو ئیمکانەی لە هەمووان ستاندوە و ئەوەی بۆ ئێمەی بە دیاری هێناوە، کوشتار، وێرانی، دەربەدەری، هەژاری، زیندان و ئێعدامە".  (ژمارە ٧٨ی "کوردستان، ئووتی ١٩٨١، گەلاوێژی ١٣٦٠)   ئەزموونی بەڕێوەبردنی کوردستان سەرەڕای شەڕی نیزامی و گەمارۆی ئابووری: خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕە نابەرامبەرەی ڕێژیمی تازە بە سەریدا دەسەپێنێ، بەرەوڕووی گەمارۆی ئابوورییش دەبێتەوە. حیزبی دێموکرات بەرپرسایەتیی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆیە کە بە دەست ئەو حیزبە و هێزەکانی پێشمەرگەوەن. ئەرکی دروست‌کردن و نوێکردنەوەی ڕێگاوبان و پردی دەکەوێتە سەرشان. بەرپرسایەتیی پاراستنی ژینگەی کوردستانی دەکەوێتە مل. دەبێ نەخۆشخانە و بنکە دەرمانی و دوکتور و دەرمان بۆ ئەو ناوچانە دابین بکا. ئەو مامۆستا و قوتابی و قوتابخانانەی ڕێژیم خۆی لێ بێ‌خاوەن کردوون، پێویستە بگرێتە ژێر باڵی خۆی. خوێندن بە زمانی کوردی وەڕێ بخا، کتێبی دەرسی بە زمانی کوردی چاپ بکا، مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنی خوێندن بە زمانی کوردی پەروەردە بکا. هاوکات لە گەڵ دابینکردنی ئەمنییەت بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە و بەرگری لەوان لە بەرامبەر هێرشی ڕێژیمدا، دەبێ واش بکا کە خەڵک هەست بە ئازادی و دیموکراسی بکەن. لە سەرخۆی دەکا بە ئەرک هاوکار و ڕێنوێنی خەڵک بێ کە کاروباری خۆیان بە هۆی شوڕای هەڵبژێردراوی خۆیان بەڕێوە بەرن. چاو بە خاوەنەتیی زەوی و زارلە کوردستان‌دا دەخشێنێتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە دێنشینەکان دەکرێن بە خاوەن زەوی، تا کار لە سەر زەویی خۆیان بکەن و خۆیانی پێ بژیەنن. بۆ هەمووی ئەو بوار و ئەرکانە کۆمیسیۆن و ناوەند و دامەزراوەی تایبەت پێک دێنێ و بە هاوبەشیی خەڵکی شارەزا و بە ئەزموون، قانوون و ڕێوشوێنیان بۆ دیاری دەکا. قانوونی سزادانی گەشتی ئامادە و پەسند دەکا بۆ ئەوەی بێ قانوونی و هەر کەس هەر کەسی لە کوردستان ڕوو نەدا و ژیان و پێوەندی و کێشەکانی خەڵک بە هۆی قانوونەوە بەڕێوە بچێ. بۆیە ئاماژەم بەو ڕووداوانە کرد تا وەبیر بێنمەوە لەڕۆژنامەی "کوردستان‌"دا دەتوانین دەیان زانیاریی بەنرخ لە باری ئەو کارانەی لەو بوارانەدا لە کوردستان کراون، بە دەست بێنین. کەسێک لەو ڕۆژگارەدا نەژیابێ ڕەنگە باوەڕ نەکا کە ئێمە وەک حیزبی دیموکرات جاری وا هەبووە لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ‌دا ٢٥٠٠ ئەسیرمان ئازاد کردوون. یا لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ‌دا دووسەد، سێ سەد پێشمەرگەمان لێ شەهید بووە، لەبەرامبەریش‌دا چەند هەزار کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون. بتەوێ لەوبڕگەیە لە مێژووی حیزبی دیموکرات و خەڵکی کوردستان تێ بگەی، ڕۆژنامەی “کوردستان” پڕە لە زانیاری و بەڵگەی بەنرخ. لە خۆڕا نییە من وەکوو ئاوێنەی مێژوویەک ناوی دەبەم. هەر وا کە بۆ شتە چاکەکانی مێژووی حیزبمان و جووڵانەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان، ڕۆژنامەی "کوردستان"، سەرچاوە و ئاوێنەیە، بۆ شتە ناخۆش و نەخوازراوەکانی مێژووی ئەو حیزبەش دەتوانێ بەڵگە و سەرچاوە بێ. ئێمە بە داخەوە شتی ناخۆشیشمان لە مێژووی خۆمان‌دا هەیە، بۆ وێنە ئەو دابەشبوون و لەتبوونانەی لە مێژووی حیزب‌دا ڕوویان داوە، ئەو شەڕانەی کە بەسەر حیزبی دێموکرات‌دا سەپاون و نەخوازراو بوون، یا ئەو تێکهەڵچوون و شەڕە نێوخۆییانەی  ئەو حیزبە تووشیان بووە، و هتد.   "کوردستان"یش ناچار بووە بۆ گۆڕان مل بدا: وەک دوا خاڵ دەمەوێ بڵێم ڕۆژنامەی "کوردستان"یش لە تەمەنی خۆی‌دا و، بە گوێرەی سەردەمەکان -بەڕێوەبەرییەکەی، دەستەی نووسەرانی و ڕێوشوێنەکانی- گۆڕانی بەسەردا هاتوە، یانی وەک چۆن هێندێک خشۆک هەن جاروبار کاژ دەهاوێن واتە توێژی کۆن فڕێ دەدەن و هی نوێ دەردەکەن و بەرگێکی نوێ دەپۆشن، ئێمەش وابووین. بۆ وێنە خراپ نییە بزانن ڕۆژنامەی "کوردستان" تا ساڵی ١٣٧٥، هیچ نووسینێکی بە ناوی نووسەرەکەیەوە بڵاو نەدەکردوە. ئەوە کولتوورێک بوو کە لە حیزبە مارکسیست و لێنینیستەکانەوە داکەوتبوو کە دەبێ کۆمەڵگە، لە پاوانی حیزبدا بێ و قوربانیی حیزب بێ؛ حیزب لە پاوانی ڕێبەریدا بێ، ڕێبەری دەبێ قوربانیی نەفەری یەکەم بێ؛ یانی لە حیزب‌دا هەر یەک کەس بەرجەستە دەبێتەوە ئەوی دیکە هەموو ونن! تەنانەت لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا ڕاپۆرتمان هەیە، دەڵێ: "بە بۆنەی دووی ڕێبەندان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چووە، ئەندامی دەفتەری سیاسی لەو مەراسمەدا قسەی کردوە، قسەکانی هەیە کەچی ناوی نییە! بەڵام ئەو کولتوورەشمان لە دەورانێکدا گۆڕی. یانی سەردەمەکە وای دەخواست. گوتمان ڕاستە سیاسەتەکە سیاستی حیزبە، ڕۆژنامەکە ڕۆژنامەی حیزبە، بەڵام بۆچی دەبێ نووسەر نەتوانێ ناوی خۆی لەگەڵ نووسینەکەی بڵاو بکاتەوە!؟ یەکێکی دیکە لەو گۆڕانانەی بە سەر "کوردستان" هاتوون، مەجال‌دان بە بیروڕای ئازاد لە ڕۆژنامەدا بووە. ڕاستە ڕۆژنامەکە ڕۆژنامەی حیزبە و دەبێ بڵاوکراوەی حیزب بێ، بەڵام خوێنەر دەیەوێ لەگەڵ بیروڕای جیاواز ئاشنا بێ. پێشتر لە ڕۆژنامەی "کوردستان" بە دەگمەن مەجال بە بڵاوبوونەوەی بیروڕای جیاواز لە بیروڕای حیزب دەدرا. لە دوای لەتبوونی حیزب، مەجالێک لە ڕۆژنامەی “کوردستان”دا پێک هات، لاپەڕی تایبەتی تەرخان کرا بۆ بیروڕای ئازاد، بۆ ئەوەی کەسێک کە لەنێوخۆی حیزب، یا لە دەروی حیزب‌دا بیروڕای جیاوازی هەیە، مەجالی پێ بدەین بیروڕای خۆی لە "کوردستان"دا بڵاو کاتەوە.   بۆ ئەوەی حیزبەکەی خۆتان و مێژووەکەی باش بناسن: من دیسان تەئکید دەکەمەوە، پێشمەرگەکان، کادرەکانی حیزب، ئەندامانی ڕێبەری و  ئەندامانی حیزب بە گشتی، ئەگەر بیانەوێ حیزبەکەی خۆیان باش بناسن، دەبێ بگەڕێنەوە سەر چاپەمەنیی حیزب لە قۆناغی جۆراوجۆردا، بەتایبەتی بگەڕێنەوە سەر ڕۆژنامەی "کوردستان". سروشتیە ئەوانەی لە قۆناغەکانی ڕابردوودا نەژیاون، زۆر شت هەیە کە لێی ئاگادار نەبن. بەڵام ئەگەر بیانەوێ ئەو حیزبەی بە شانازییەکانیەوە، بە کەموکووڕییەکانییەوە، بە دەیان تایبەتمەندی و خاڵی بەرجەستەیەوە باش بناسن، دەبێ بگەڕێنەوە سەر ئارشیڤی چاپەمەنیمان بە تایبەتی ئەرشیڤی ڕۆژنامەی "کوردستان".  دیارە دەبێ وا بکەین کە ئەو ئەرشیڤە، دەستی خەڵکی پێ رابگا. ئەگەر  ئەرشیڤەکەمان سکان بکرێ و بکرێتە فایلی پی دی ئێف، ئەو کات دەتوانین لە ماڵپەڕەکانی حیزب‌دا دایان بنێین بۆ ئەوەی خەڵک بە تایبەتی هۆگرانی توێژینەوە کەلکیان لێ وەربگرن. خۆشحاڵم کە هاوڕێیانی چاپەمەنی نیازێکی وایان هەیە. هیوادارم هاوڕێیانێک کە توانای موستەنەد سازکردنیان هەیە، توانای ڕۆمان نووسینیان هەیە، توانای ئەنجامدانی توێژینەوە و نووسینی تایبەتیان هەیە، کەلک  لەو گەنجینەیە وەربگرن. ئەو گەنجینەیە ئەگەر کەلکی لێ وەرنەگرین، تۆزی لەسەر دەنیشێ و لە کەلک دەبێ، ئەمەش زوڵمێکی گەورە دەبێ کە لە ڕابردووی خۆمانی دەکەین. بەڵام ئەگەر گەڕاینەوە سەری، دەتوانین زۆر لایەنی پڕشەنگدار لە ڕابردووی حیزبەکەمان و میللەتەکەمان لەوێ دا بدۆزینەوە و وەبیر نەوەکانی ئێستای بێنینەوە، بۆ لێ فیربوون و ئەزموون لیوەرگرتن. جارێکی دیکە پیرۆزبایی لەو هاوڕێیانە دەکەم کە بە ڕۆژنامەی "کوردستان"ەوە ماندوو بوون و ماندوو دەبن. هەر وەها پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی بەشی ڕاگەیاندنی حیزب دەکەم. بەو هۆیەوە کە ئێمە لە بەرەبەری ٢٧ی جۆزەردان، ٤١ ساڵەی دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستان داین، پێم خۆشە هەر لە ئێستاوە پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەش و ئەم بۆنەیەش لە هاوڕێیانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان بکەم. بەردەوامیی ڕادیۆ دەنگی کوردستانیش وەک ڕۆژنامەی "کوردستان" بە ئاوات دەخوازم. بەو هیوایەی ڕۆژێک دابێ لە کوردستانی ئازاد ئەم بۆنانە یاد بکەینەوە.