کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەیەکی پێویست بۆ ژمارە ٨٠٠ی ئەم دەورەیەی "کوردستان"

17:40 - 1 پووشپەڕ 2721

ژمارە ٨٠٠ی ڕۆژنامەی "کوردستان"  لە کاتێکدا دەردەچێ، کە ٥٠ ساڵ بەسەر ئەم دەورەیەی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا تێپەڕیوە، تازە ٥٠ ساڵ بڕێکیش زیاتر. چونکە یەکەم ژمارەی ئەم دەورەیە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی‌دا (ژانویەی ١٩٧٠ی زایینی) درچووە و، ئێستا ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ( ٢٠٢١ی زایینی)یە. بۆ ئەوەی بزانین چ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لەو ناوچەیەی کە ڕۆژنامەی "کوردستان"  تێدا دەرچووە، پێکهاتووە، (دەبێ لە بیرمان بێ) چوار جۆر سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی لەو ناوچەیەدا گۆڕاون کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر ڕۆژنامەی "کوردستان". لە ئێران ڕێژیمی شایەتی هەبوو، ئەو لاچووە، پاشان ڕێژیمێکی دیکە هاتووەتە سەر کار. لە کوردستان و لە عێراق ڕێژیمی بەعس هەبووە، ئەو ڕووخاوە، یەکی دیکە هاتووەتە جێگەی و، پاشان لە باشووری کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک‌هاتووە. "گۆڕانە سیاسییەکانی" ئەو سەردەمە دوور و درێژە کاریگەرییان لەسەر ژیان و تێکۆشانی ڕۆژنامەی "کوردستان" هەبووە. ٥٠ ساڵ یانی هاتن و چوونی چەند نەسل، چەند نەسل هاتووەتە نێو ڕۆژنامەی "کوردستان". نەسلی یەکەم هی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بووە، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش، نەسلێکی دیکە لە کارگێران و نووسەران هاتووە، لەو کاتەوە ئەگەر نەڵێم سێ نەسل، لانیکەم دوو نەسل هاتوون و ڕۆیشتوون. هەر نەسلێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، زەوق و سەلیقەی خۆی هەیە، بیروبۆچوونی خۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی بیری هەموومان حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، بەڵام بەهەرحاڵ هەر نەسڵەش ئیبتیکاری خۆی، داهێنانی خۆی، زەوق و سەلیقەی خۆی، کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر ڕۆژنامەی "کوردستان". وەک سەعدی دەڵێ: "هر کە آمد عمارتی نو ساخت رفت و منزل بە دیگری پرداخت."   هەر نەسلێک کە هاتووە- بەو هەموو جیاوازیانەشەوە، ڕەنگە لە سەلیقەمان، لە جیهان‌بینیمان‌دا جیاوازی هەبووبێ- بەڵام یەک ڕەساڵەتمان لەسەر شان بووە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکرات، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکرات درێژە پێ بدەین. ئەسڵ بەردەوامییەکەیە و، ئەو ڕەساڵەتەیە کە لەسەر ڕۆژنامەی "کوردستان" بووە. زۆرجار هەوڵمان داوە لەم جۆرە دەرفەتانەدا ئەوانە کە لە ڕۆژنامە "کوردستان"‌دا زەحمەتیان کێشاوە و تێکۆشانیان هەبووە، واتە جێ پەنجەیان بە تێکۆشانی ڕۆژنامەی "کوردستان"ەوە دیارە، بەسەریان کەینەوە و، وا بکەین لە ڕۆژنامەی "کوردستان"‌دا یادیان بکرێتەوە. لەم دەرفەتەدا ناکرێ ناوی هەموویان بێنین، بەڵام لەم بۆنەیەدا من پێم خۆشە ژمارەیەک لەوانەی لە ژیاندا نەماون و لەو دەورەیەی ڕۆژنامەی "کوردستان"‌دا ڕۆڵیان هەبووە - لە جارەکانی پێشووشدا ناومان هێناون- ناویان بێنین.  بە تەرتیبی شەهید بوون و مردنیان، لە پێش هەمووان‌دا، شەهید عوسمان یەزدان‌پەنا (جەلال میراوەیی)، مامۆستا هێمن، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەڕەفکەندی، کاک کەریم حیسامی، کاک عەبدوڵڵا شەریفی، کاک سەلام عەزیزی، کاک تاهیر ڕەسووڵ‌نژاد، کاک عوسمان ڕەحیمی و کاک ئەحمەد قازی، ئەو کۆمەڵە مرۆڤە لە ڕۆژنامەی "کوردستان" لە بەشی جۆراوجۆردا کاریان کردوە. لەم ساڵانەی دواییش‌دا، بەتایبەت لەو یەک دوو ساڵەی دواییدا، لەوانە کە ساڵانێکی دوورودرێژ لە ڕۆژنامەی "کوردستان" دا کاریان کردووە، یان لە بڕگەیەک‌دا کاریان کردووە و، لە نێوماندا نەماون. کاک فەتاح کاویان، کاک ئەنوەر سوڵتان‌پەنا، کاک ڕەحمان پیرۆتی، کاک تەیفوور بەتحایی، کاک جەلیل گادانی و کاک سەلاح مێهرپەروەر لەو کەسانەن. ئەو کۆمەڵەش لەو ساڵانەی دواییدا بەجێیان هێشتین، یادی هەموویان بەڕێز بێ. من بۆ خۆم لە ژمارە ١٣٥ی "کوردستان" یانی لە ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٦ ەوە کە دەکاتە ماڕسی ١٩٨٨ هاتوومەتە نێو بنەماڵەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، هەتا ساڵی ٢٠١٨ بە بەردەوامی لەگەڵ ڕۆژنامە کارم کردووە، لە پلەی جۆراوجۆردا وەکوو ئەندامی دەستەی نووسەران، وەک بەرپرسی چاپەمەنی، وەک جێگری بەرپرس، وەک سەرنووسەر و ئەوانە. یانی ٣٠ ساڵێک بە بەردەوامی لە ڕۆژنامەدا کارم کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨ ەشەوە هەتا ئێستا، ناو بە ناو هاوکاریی "کوردستان" م کردووە. پێم خۆشە سوپاس و قەدرزانی بکەم لە هەموو ئەو کەسانەی کە هاوکارم بوون، هاوکاریان بووم، لێیان فێر بووم و، بە هاوکاریی ئەوان توانیومانە بەردوام بین. بەتایبەتی پێم‌خۆشە ناوی ئەو کەسانە بێنم کە بەرپرسایەتیی ڕۆژنامەیان لە دوای خۆم لە ئەستۆ بووە، بە تەرتیب ئەگەر بڵێم، کاک عەبدوڵڵا بەهرامی (ئالان)، خاتوو کوێستان فتووحی، کاک سیامەک قەوی پەنجە، کاک حەسەن شێخانی و کاک عەلی بداغی، لەو کەسانەن کە بەرپرسایەتیی ڕۆژنامەی "کوردستان" یان لەسەر بووە. ئەو قەدرزانییە بە تایبەتی لەو بارەوەیە کە خۆشحاڵم لە دوای خۆشم، "کوردستان"  هەر بەردەوامە. هیوادارم هەر بەردەوام بێ و، بەرەو پێش بچێ. ***