کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاو لە سەرچاوەڕا قوڕاوە

05:49 - 3 پووشپەڕ 2721

لە سەردەمی ئیستادا هەر وڵاتێک کە لەسەر ڕووبەری نەخشەی سیاسیی جیهان قەراری گرتووە، دێموکرات بن یا غەیرە دێموکرات خاوەنی قانوونی نوسراون و سەرچاوەی هەموو قانوونەکان لە هەرکام لەو وڵاتانە، قانوونێکە بە ناوی قانوونی بنەڕەتی. بە واتایەکی دی قانوونی بنەڕەتیی هەر وڵاتێک بەرزترین بەڵگەی قانوونییە کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ داڕشتنی قانوونەکانی دیکە و پێناسەیە بۆ پێکهاتەی سیاسیی ئەو وڵاتە و شێوازی دابەش کردنی دەسەڵات و جێگەوپێگەی خەڵک لەو پێکهاتە سیاسییەدا پێشان دەدا. لەو کۆمەڵگەیانەی کە بە شێوازی دێموکراتێک بەڕێوە دەچن خەڵک و دەسەڵات جێگە و پێگەی خۆیان لە حاکمییەتی وڵاتدا بە باشی دەزانن، بەڵام لەو وڵاتانەی کە بە شێوازی غەیرە دێموکراتێک بەڕێوە دەچن یان پێکهاتەی سیاسییان سەرچاوگرتووە لە ئیدئۆلۆژییەکی تایبەتە، ئەسڵ و بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتی وا دادەڕێژن کە خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتدا تەنیا ئەرکیان بۆ دەستنیشان کراوە و مافیان لەنێو بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتیدا ون کراوە. قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو قانوونە بنەڕەتییانەیە کە لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ‌‌ باوەڕدار بە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی داڕێژراوە و ئەگەر لە ئەسڵێکدا باسی مافی خەڵکی ئێرانی کردبێ، بێ‌ونەبێ لە ئەسڵی دواییدا بەربەستی بۆ داناوە. بە واتایەکی دیکە کاتێک چاو بە نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا دەخشێنین، هیچ ئەسڵ و بڕگەیەکی ڕوونی  تیدا نییە کە باس لە حاکمییەتی خەڵک بکا و ڕۆڵ و نەخشی خەڵک لە ئیدارەدانی وڵاتی تێدا بەرجەستە و دیاربێ، خۆ ئەگەر لە جێیەک ئاماژەیەکیش بووبێ، حەتمەن قانووندانەر بەربەستی بۆ داناوە و ئەوە بە پێچەوانەی نیزامی دێموکراتیکە کە تێیدا ڕۆڵی بەردەوامی خەڵک لە ئیدارەدانی وڵات و دیاری‌کردنی چارەنووسی کەسی وکۆمەڵگە بە گشتی لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازادوە، وەک بەرزترین ئامانج بۆ نیزامی سیاسی دێتە ئەژمار. لەم ڕووەوە دەگوترێ کە مافی ئازادیی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دێموکراسییە و لەو ڕێگایەوە خەڵک هەست بە بەردەوامیی حاکمییەتی خۆی لە سیستمی سیاسی و ئیدارەدانی وڵات‌دا دەکا و لەو حاڵەتەدا خەڵک خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە دەزانێ و لە بەرانبەر چارەنووسی وڵات‌دا بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکا. قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتاڵە لە بەها و بایەخەکانی دێموکراسی و لە هەمان کاتدا لە نێوەرۆکیشدا ئەسڵەکانی لە زۆر جێگادا پێکەوە ناتەبان، هەر ئەوش وای‌کردووە کە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا گەلانی ئێران هەست بە بوون و ڕۆڵی خۆیان لە دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەکەن. لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا و لە پەراوێزی باسە تا ڕادەیەک ئازاد و کراوەکانی پێوەندیدار بە بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و لە هەمان‌کات هەڵبژاردنەکانی شوڕای شار وگوندەکان‌دا، دەزگای پروپاگەندەی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی مونازیرە و لێدوانی بەرەوڕووی بەربژێرەکانی پۆستی سەرکۆماری کە پەسندکراوی شوڕای نیگەهبانن ئەو دەرفەتەیان پێدرا کە هەر کام لەوان باس لە بەرنامەکانی خۆیان لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بکەن. ئەوەش وایکردبوو کە هەر کام لەوان کۆمەڵێک باس و بابەت بەرووژێنن و وادە و بەڵێنی کۆن  و نوێ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک ڕیز بکەن. پرسی ئابووری، ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها مافە نەتەوەیی و ئاینییەکانیش بەشێک لەو باسانە بوون کە بەربژێرەکان بە دوورودرێژی لەسەریان دووان و خەرمانێک وادە و بەڵێنیان لەسەر هەڵدانەوە. کە دیارە لە بنەڕەت‌ڕا هیچ کام لەو بەربژێرانە ناتوانن بەشێکی زۆر کەم لەو قەول و بەڵێنانەش جێبەجێ بکەن، وەک پێشتریش زۆر لەوە خەست‌و‌خۆڵتر بەڵێن ڕیز کراون و دواتر پشتگوێ خراون. چونکە لە ئەساسدا باش‌کردنی وەزعییەتی ژیانی سیاسی و ئابووریی خەڵک بە گشتی پێوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە کە بەپێی قانوونەکانی ئێران، بە تایبەتی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتی ئەو کەسانە بەدەرە هەتا ئەگەر بەرپرسایەتیی پۆستی سەرکۆماری یا هەر کام لە پۆستەکانی وەک پارلەمان یان دەزگای دادوەرییان هەبێ، بتوانن چارەسەریان بکەن و ئاوڕیان لێ بدەنەوە. هۆکاری ئەمەش ڕوونە: چونکە لە لایەک لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵات بەپێی ئەسڵەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئەو نیزامە وا داڕێژراوە کە هەموو دەسەڵاتەکان لە پاوانی یەک کەسدا بە ناوی ڕێبەر (وەلی فەقیهـ) کۆ بۆتەوە کە لە ئەسڵی ١١٠ی قانوونی بنەڕەتیدا بە ڕوونی لە ١١بڕگەدا دەست‌نیشان کراون؛ لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی هیندێک لە ئەسڵەکانی ئەو قانوونە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران لە مافی خۆبەربژێر کردن بۆ بە دەستەوەگرتنی یەکێک لە پۆستەکانی بەڕێوەبەریی وڵات بێبەش کراون. بۆ نموونە: لە ئەسڵی ٥ دا ڕێبەری و سەرۆکایەتیی وڵات هەتا سەرهەڵدانی ئیمامی زەمان دەسپێردرێ بە کەسێک کە پێگەی ئایینی و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامیی هەبێ و لە ئەسڵی ١٢دا بە ڕوونی دەڵێ: دینی ڕەسمیی وڵات ئیسلام ومەزهەبی ڕەسمی شیعەی دوازدە ئیمامییە و پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئەو ئەسڵە هەتاهەتایە نەگۆڕە.  یان لە ئەسڵی  ١٧٧دا کە باس لە پێداهاتنەوە بە نیوەرۆکی قانوونی بنەڕەتی دەکا، سەرلەنوێ وەبیرمان دێنێتەوە کە ئەو ئەسڵانەی پێوەندییان هەیە بە دین و مەزهەبی ڕەسمی و بوونی ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ قابیلی گۆڕان نیین و تاهەتایە هیچ ئاڵوگۆڕێکیان بەسەردا نایە. ئەو لە حاڵێک‌دایە بوونی دینی ڕەسمی لە لایەک و مەزهەبی ڕەسمی لە لایەکی دیکەوە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران لە مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەر پۆستێک کە بەشێوەی هەڵبژاردن کەسێکی بۆ دەست نیشان بکرێ، بێبەش کردووە. لە ئەسڵی ٦٢ و١١٤ی قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا کە باس لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و سەرکۆماری دەکا دەڵێ: هەڵبژاردن بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک بەڕێوە دەچێ. هەرچەند لە خوێندنەوەی سەرەتاییدا نێوەرۆکی ئەو دوو ئەسڵە بەڕواڵەت زۆر دێموکراتیک و خەڵکین، واتە ئەوە خەڵکە لە ڕێگای هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداری دەکا، بەڵام لە ڕاستیدا نێوەرۆکی ئەو دوو ئەسڵە بەپێی ئەو سێ ئەسڵە (٥-١٢-١٧٧) بەتاڵ دەبێتەوە؛ چونکە خەڵکی ئێران ئازاد نین لە هەڵبژاردن و بە تایبەتی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەکانی لوتکەی دەسەڵاتداری ئەگەر باوەڕیان بە مەزهەبی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری ویلایەتی ڕهای فەقیهـ نەبێ. ئەوەتا نێوەرۆکی ئەسڵەکانی ٦٧ و١٢١ کە سوێندی نوێنەرانی مەجلیس و سەرکۆماری تێدا باس کراوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. بەپێی نێوەرۆکی ئەو دوو ئەسڵە چ نوێنەرانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و چ سەرکۆمار دەبێ پێبەند و باوەڕدار بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی ڕەسمیی وڵات و نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتی بن. لە هەمان کاتدا بەپێی ئەسڵی ٩٣ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، مەجلیس شوڕای ئیسلامی بەبێ بوونی مەجلیسی شوڕای نیگەهبان ئێعتباری قانوونیی نییە، لە حاڵێکدا نوێنەرانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی هەروەک باس کرا بە پێی ئەسڵی ٦٢ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. واتە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئێران دەکەن بەڵام ئەندامانی شوڕای نیگەهبان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەست‌نیشان کراوی ڕێبەرن و هیچ پێوەندییەکیان بە دەنگی خەڵکەوە نییە. سەبارەت بە پۆستی سەرکۆمارییش دەتوانین بڵێین ئێعتباری دەنگی خەڵک هەر بەو ڕادەیەیە کە بۆ نوێنەرانی مەجلیس ڕەچاو دەکرێ چونکە بەپێی بڕگەی ٩ و١٠ لە ئەسڵی ١١٠ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، حوکمی دەست‌بەکاربوونی سەرکۆماری دوای هەڵبژاردن یان لابردنی سەرکۆمار لە سەڵاحییەتی ڕێبەر دایە، واتا دەنگی خەڵک هیچ کاریگەرییەکی نییە و ئیعتبار نادا بە سەرکۆماری، بەڵکوو ئەوەی ئیعتباری پێ دەدا ئیمزا و پشتگیری ڕێبەری نیزامە. ئەو نموونانەی لە سەرەوە باس کران ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن کە لەگەڵ ئەوەی قانووندانەری نیزامی کۆماری ئیسلامی لە هێندێک جێگای قانوونی بنەڕەتیدا هەوڵی داوە ئەسڵی نوێنەرایەتیی خەڵک بەرجەستە بکاتەوە بۆ ئەوە لە گەڵ مانای کۆماری یەک بکرێتەوە، بەڵام بڕگە و ئەسڵەکانی دیکەی قانوونی بنەڕەتی ئەسڵی نوینەرایەتیی خەڵکیان بە تەواوی بەتاڵ کردۆتەوە و لایەنی فکری و ئیدۆلۆژیی نیزام بە سەر نێوەرۆکی ئەو قانوونەدا زاڵ بووە و بووەتە هۆکاری سەرەکی کە هەموو دەسەڵاتەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتی یەک کەسدا کۆ بکرێنەوە. ئەو کەسەش بەپێی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی و تێگەیشتنی لە دەسەڵاتداری و حوکمڕانی لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا ئەسپی خۆی لە مەیدانی دەسەڵاتداریی ئێراندا تاو داوە و بەبێ حوکم و بڕیاری ئەو کەسە واتە ڕێبەر هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێ و ئەوەی لە پڕوپاگەندەی بەربژێرەکانی شوڕای نیگەهبان بۆ پۆستی سەرکۆماری گوتران، هەمووی بەتاڵن لە ڕاستی.