کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی بەرزی خەڵک بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی

05:53 - 3 پووشپەڕ 2721

سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران لە ٢٨ی جۆزەرداندا بەڕێوە چوو. هەڵبژاردنێک کە لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە ئاکامەکەی چاوەڕوانکراو بوو. لەوەی بەربژێرێکی سەرەکیی کۆنەپارێزەکان وەک ابراهیم رەئیسی لە مەیداندا دەمێنێتەوە و ئەوانی دیکە دەبنە پشتیوانی بۆ ئەوەی وەک خامنەیی دەخوازێ، "سەرۆک‌کۆمارێکی بەهێز و بە دەنگێکی زۆرەوە هەڵبژێردرێ"! و تەنانەت ئەوەش کە ڕێژەی بەشداربووان زۆر لە خوارێ دەبێ و جارێکیتر دەردەکەوێ کە خەڵک وڵامی چاوەڕوانییەکانی ڕێبەری خۆسەپێنی ڕێژیم نادەنەوە. لەم دەورە لە هەڵبژاردنەکاندا نەتەنیا بێ‌باوەڕیی خەڵک بە نیزام و بەڵێنە درۆیینەکانی کاندیدا دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیم زۆر بەرچاو بوو، تەنانەت بە ڕوونی دەرکەوت ترس و دڵەخورپەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش لەجێی خۆیدا بوو کاتێک بە نیگەرانییەوە ڕوو لە خەڵک دەکا و بە پاڕانەوەوە دەڵێ" ئەگەر کەمبوونی بەشداریی خەڵکمان هەبێ، لەولاوە زۆربوونی فشاری دوژمنمان دەبێ" یا " ئەگەر دەنگی سپی هۆکارێک بێ بۆ لاوازیی نیزام، حەرامە". خامنەیی هەروەها باس لەوە دەکا کە "ئیستا قسە لەسەر سەلیقەی سیاسی نییە و هەموو دەبێ بەشداری بکەن". بەمجۆرە ڕوو لەوانەی کە بە بیانووی نەبوونی بەربژێری خۆیان قسە لە بەشداری نەکردن دەکەن، بە ئاشکرا دەڵێ کە بەشداریی خەڵک بۆ دەرخستنی ئاکامەکەی نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەوەیە کە بە دوژمنەکانی نیشان بدا کە خەڵکی ئێران پشتیوانی نیزام و دەسەڵاتەکەیەتی. خافڵ لەوەی کە خەڵکی ئێران لەمێژە ڕیزی خۆیان لە ڕیزی ئەو و نیزامەکەی جیا کردووەتەوە و نایانەوێ جارێکیتر ببنە هۆکاری دەرخستنی خۆبەزلزانینەکانی بەرامبەر بە خەڵک و دنیای دەرەوە. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر بە زۆری هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە دەرەوە هەڵبژاردنەکانیان تەحریم دەکرد، ئەمجارە لە نێوخۆی وڵاتیش زۆر لایەن و کەسایەتی وەفادار بە نیزامیش بە بیانووی نەبوونی کاندیداتۆرێکی جێگەی باوەڕیان ڕایانگەیاند کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن و لە تەبلیغات بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن خۆیان پاراست. لەو نێوەشدا کەم نەبوون ئەوانەی کە بە ئاشکرا کەوتنە ڕیزی تەحریمی هەڵبژاردنەکان و ئەم هەڵبژاردنەیان بە فەرمایشی لە قەڵەم دا. جگە لەوانەش یەکەم جار بوو کە خەڵکی ناڕازی لە ڕێژیم لە نیوخۆی وڵات بە بەربڵاوی و بەبێ ترس و دوودڵی دەنگی خۆیان بەرز کردەوە و لە کاناڵە ڕەسمییەکانی ڕاگەیاندن و پەیجە کۆمەڵایەتییەکاندا بە بەربڵاوی بۆ ڕیسواکردنی ڕێژیم و هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕییەکەی کەوتنەخۆ و بە هاواری نا بۆ کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی خۆیان دەربڕی. هەر ئەم یەکدەنگییەش لە نێو خەڵکی ئێران و کەسایەتیی و لایەنە سیاسییەکاندا بوو کە ئەم ئاکامە جوانەی لێ کەوتەوە و بە پێچەوانەی ئیدێعای ڕێژیم و هەروەها دەستێوەردان لە ئامارەکاندا، بە کەمترین ڕێژەی بەشداری کردن لە چاو هەموو دەورەکانی پێشووتر کۆتاییان بەم نمایشە هێنا. بە چۆڵبوونی شوێنەکانی دەنگدان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ڕێژیم کە پەتەی کەوتبووە سەر ئاو، زۆر هەوڵی دا کە بە بڵاوکردنەوەی فیلمی ساختە و ڕێپۆرتاژی بەدرۆ لە دەزگا تەبلیغاتییەکانیەوە وا نیشان بدا کە خەڵک بە بەشدارییان لە هەڵبژاردن, بە دەم داواکاریی ڕێبەرەکەیانەوە چوون. بەڵام ئاشکرابوونی فیلمە ساختەکانیان و وێنەی چۆل‌بوونی زۆربەی شوێنەکانی دەنگدان ئەوانی زیاتر ڕیسوا کرد. بەم شێوە هەڵوێستی لێبڕاوانەی خەڵک هەم ڕێگەی لە هەوڵی دەربڕینی مەشرووعییەتخوازی ڕێژیم گرت و لەو لاشەوە بە دنیایان ڕاگەیاند کە " نا بە کۆماری ئیسلامی" تەنیا دروشمێک نییە و بڕیاری کۆتایی ئەوانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و نەمانی ڕێژیمێک کە جگە لە ماڵوێرانی و برسی کردن و کوشتن و زیندان، شتێکی دیکەی بۆ ئەوان پێ نەبووە. لەم نێوەدا خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری کوردستان کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا زۆرترین جینایەتیان بەرامبەر کراوە، لە وڵامدانەوە بە داخوازیی حیزب و لایەنە سیاسی و کەسایەتییە  فەرهەنگی، ڕۆشنبیریی و ئایینییە نیشتمانپەروەرەکان، بە تەحریمی هەڵبژاردن و نەچوونیان بۆ شوێنەکانی دەنگدان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە هەڵوێستی لێبڕاوانەی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیمێک کە تەنیا بە زمانی هەڕەشە و گرتن و کوشتن لەگەڵیان دەدوێ، دەربڕی. خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە نیشانیان دا کە تەسلیمی ئیرادەی تۆقاندن و زوڵم و زۆر نابن و هەر فورسەتێک دەقۆزنەوە بۆ دەربڕینی ڕای سەربەستیی خۆیان بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەگەر بە گشتی ئاوڕێک لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران بدەینەوە دەردەکەوێ کە پڕۆژەی چەند ساڵەی خامنەیی بۆ یەکدەست‌کردنی دەسەڵات گەیوەتە ئەنجام. ئیستا ئیتر جگە لە دەزگا قانوونی و ناقانوونیەکانی دیکە هەر سێ دامەزراوە ڕەسمییەکانی دادوەری، مەجلیس و دەوڵەت کەوتووەتە دەستی ئوسوولگەراکان و دەسەڵاتی تەواوەتیی خۆیەوە. بێگومان لەمەودوا ئوسوولگەراکان بەبێ نیگەرانی لەوەی موخالیفەکانیان لەنێو نیزامدا چ دەڵێن بەرنامەکانی خۆیان بۆ بە ئیسلامیترکردنی حکوومەت لە نەوعی خۆیان دەبەنە پێش و، ئاکامی سەرەتایی ئەم کارەش بەرتەسک‌کردنەوەی چالاکیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەرچەشنە تێکۆشانێکی ناڕەزایەتی و مافخوازانە دەبێ. بە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەلایەن کەسێکی وەک ئێبراهیم ڕەئیسی کە کارنامەی چل ساڵەی لە ڕیژیمدا جگە لە ئێعدام و کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی هیچ شتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێ، نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە خەڵکی ئێران ڕۆژێکی خۆش لە ژیانیاندا لەژێر سێبەری ئەم نیزامە و ڕێبەریی خامنەییدا بە خۆیانەوە ببینن. بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێکی مەسەلەکەیە و تەنیا حەز و خولیای دەسەڵاتداریی خامنەیی بەرەو ئەو ئاقارەی بردووە. خەڵکی ئێران ئەگەر لە ساڵانی سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ئایینی و بوونی باوەڕیان بە خۆمەینی و دواتر بە بەشدارییان لە شەڕدا بە ناوی پاراستنی وڵات، سەر لەڕێ بوون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام، لە مێژ ساڵە لەوە گەیشتوون کە ئەم نیزامە ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی ئەوان بکا و جگە لە قەیران خوڵقێنی و ماڵوێرانی کارێک بۆ ئەوان ناکا. ئەگەر پشتیوانی لە خاتەمی لە دەنگدانی ١٣٧٦ بە هومێدی چاکسازی و، ڕێپێوانی میلیۆنی "دەنگی من کوا؟" لە ساڵی ١٣٨٨ وەک چاوەڕوانییک بۆ باشتربوونی شێوازی دەسەڵات دابنێین، خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ١٣٩٦ و ٩٨ دەریانخست کە خەڵک هومێدێکیان بە ڕێژیم نەماوە و ڕێگەیەک جگە لە بەربەرەکانێ و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمە لەبەردەم خۆیاندا نابینن.