کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کوردستان" و پرسی ژن

06:28 - 3 پووشپەڕ 2721

کۆمیسیونی چاپەمەنی حیزب بەبۆنەی دەرچوونی ژمارە ٨٠٠ی ڕۆژنامەی "کوردستان سیمینارێکی پێک‌هێنا. لەو سیمینارەدا لەسەر زۆر بابەت قسە کرا و لایەنی جۆراوجۆری ڕۆژنامە هەڵسەنگێندرا. ئەمن بە پێویستم زانی کورتەنووسینێکم لەسەر "ڕۆژنامەی کوردستان و پرسی ژن" هەبێ کە لە قسە و بابەتی پانیڵگێرەکاندا نەهاتنە بەرباس. ناکرێ باسی پرسی ژن لە حیزبی دێموکرات و مێدیاکەیدا بکەین و بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان نەگەڕێینەوە. لەوکاتدا سەتا ٩٠ی خەڵکی کوردستان نەخوێنداوار بوون و نەخوێندەواری لەنێو ژناندا زۆر پتر لەپیاوان بووە. کۆمەڵی کوردستان فیئوداڵی و سەردەمی سەرۆک عەشیرەت و ئاغا و شێخ و دەرەبەگ بووە. لەو هەلومەرجەدا کە کۆمەڵ لە دواکەوتووییدا بوو و چارەسەری پرسی ژن لە ئارەزوویەک پتر نەبوو، قسەکردن و ئاوردانەوە لە ژن و پەروەردەی ژن، بۆ ژن دەسکەوتێکی بەنرخ بوو. پێشەوا قازی محەممەد لەو کاتە ناسک و ئەستەمەدا زۆر بوێرانە پرسی ژن و ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاوی هێنایە گۆرێ. بۆ نموونە لە مەرامنامەی حیزب لە سەردەمی کۆمار (١٣٢٤ی هەتاوی)دا بکەین کە لە فەسڵی چوارەم و خاڵی ٢١ی‌دا هاتووە: "پێویستە ئافرەتان وەکو پیاوان مافی خۆیان بەکار بهێنن، لە هەموو ڕوویەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی". یا لەو سەردەمدا گرینگییەکی زۆر بە خوێندن و پەروەردەی منداڵان لە کوردستان _تەنانەت بە زۆرەملێش_ بە کچ و کوڕەوە دراوە. یەکێک لە داواکارییەکانی کۆماری کوردستان هەر لە سەرەتاوە خوێندن بوو بە زمانی زگماکی کوردی. لە خاڵی سێزدەی فەسلی سێهەم لە مەرامنامەی حیزبدا هاتووە: "لەنێو دانیشتووانی کوردستاندا بۆ بڵاوکردنەوەی عیلم و مەعریفەت خوێندنی ئیبتدایی و نێونجی ئیجبارییە. لە مەدرەسەکاندا خویندن بە زمانی کوردی دەبێ". بێجگە لەوە لە ژمارە ٢ی "کوردستان"ی زمانحاڵی حیزبدا ئاماژە بەوە کراوە کە خوێندن بۆ کچان ئیجبارییە. هەروەها لە ژمارەکانی دیکەی "کوردستان"دا دەبینین ئیزن بە ژنان دراوە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا کە پیاوان بەشدارن، گوێ لە خیتابە بگرن یا خیتابە بدەن. هەروەک دەبینین حیزبی دێمۆکرات لە سەردەمی کۆمارەوە تا ئێستا بە سەخاوەتەوە فەزای ڕێگەدان بۆ خۆپێگەیاندن و چالاکیی هەمە لایەنەی بۆ ژنان واڵا کردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ژنانی لەو بایەخ و ئەرزش‌دانان و هەوڵ و ئاوردانەوەیە چەندە کەڵکمان وەرگرتووە؟ ژنان چەندە لە بواری گەشەکردن و دەرخستنی لێوەشاوەیی و تواناکانیان لە بواری نووسین و بوارەکانی دیکەدا خۆیان ماندوو کردووە و چەندە ئاستی بەهرە و زانیاری و وشیاریی فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بردووەتە سەر؟ حاشای لێ ناکرێ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان باوەڕی بە دەرفەتی بەرامبەر هەیە و مەیدانی نووسینی لە ڕۆژنامەی "کوردستان"یشدا بۆ هەمووان کراوەیە، بەڵام بە هەموویەوە لە دوو دەیە لەوە پێشەوە قەڵەمی ژنان لە "کوردستان"دا دەبیندرێ و لەوکاتدا خاتوونێک لە ڕیزی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەدا جێ دەگرێ. بە دوای ئەوەدا ژمارەیەک ژن هاتنە مەیدانی نووسین و تەنانەت تا وەرگرتنی بەرپرسایەتیی ڕۆژنامەی "کوردستان"یش چوونە پێش و پێشانیان دا کە دەکرێ پشت بە تواناکانیان ببەسترێ. ئەو خۆدیتنەوە و مەیداندارییەی ژنان لە "کوردستان" لە بواری نووسین و کاری فەننیی ڕۆژنامەدا پشتی بە هیممەت و خۆماندووکردنی ئەو دەستەیە لە ژنانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بەستبوو کە دیارە دواتر بەهۆی کۆمەڵێک بارودۆخ لەباری چەندایەتییەوە لە کەمیی دا. "کوردستان" وەک ئاوێنەی هزر و تێڕوانین و هەروەها ڕوخساری مێدیایی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو ڕەخنەیەشی لێ دەگیرێ کە نەیتوانیوە لە قەدەر چاوەڕوانییەکان، قەڵەمی زیاتر و کادری شارەزای پتر لە ژنان لە ستاڤی خۆیدا جێ بکاتەوە، یان باریان بێنێ. ڕەخنەیەکی دیکەش لە "کوردستان" کە دیارە ئەمەیان پتر بۆ ڕابردو دەگەڕێتەوە، جۆرێک پەراوێزخستنی پرسەکانی ژن لە کۆمەڵگەدا بووە. ئەمەش دەکرێ دوو هۆکاری لە پشت بووبێ، یەکەمیان ڕوانگەی پیاوسالاری تەنانەت لە تێفکرینی بەڕێوەبەرانی "کوردستان"یشدا، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی نەریتیی کوردستان بە تایبەت لە چەند دەیەی ڕابردوودا. دووهەم ئەوەی پرسەکانی ژنان لە پاش پرسە سیاسییەکانی کۆمەڵگە پێناسە کرابن و ئەوە پاساوێک بووبێ بۆ پەراوێزخران و لانەکردنەوە لەو کێشە و بابەتانە کە ژنانی کۆمەڵی کوردەواری لەگەڵی بەرەوڕوو بوون. ڕاستە پرسی نەتەوەیی و سیاسی و هەروەها پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگە بەشێکی بنەڕەتی لەو بابەتانەن کە هەر حیزبێکی سیاسی کە بۆ ئامانجی نیشتمانی تێدەکۆشێ دەبێ کاریان لەسەر بکا. بەڵام هەر ئەو حیزبە شۆڕشگێڕە سیاسییە کە لە مەرامنامەی خۆیدا باس لە یەکسانیی مافەکانی ژن لەگەڵ پیاوان و نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەکا، دەبێ پرس و کێشە تایبەتییەکانی ژنانی کۆمەڵگەش بە خەمی سەرەکیی خۆی بزانێ. بەو پێیە کەمتر ئاوردانەوە لەو بابەتانە لە "کوردستان" بە کەمتەرخەمییەکی گەورەی "کوردستان" دادەنرێ و لەوەدا ڕەخنەی جیددیی دێتەوە سەر. ئەم ڕەخنەیە لەوکاتەدا پتر بەرجەستە دەبێ کە ڕەنگدانەوەی پرسی ژنان و مەیدانداریی قەڵەمی ژنان لە "کوردستان"ی زمانحاڵی حیزبی دێموکراتدا نە بارتەقای ئەو بەشداری و ڕۆڵە گرینگ و کارایەی ژنانە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا، نە ئەو بایەخ‌پێدانەی حیزبی دێموکرات کە لە مەرامنامە و بەرنامەکانی خۆیدا لەبابەت پرسی مافەکانی ژنان ڕەنگی داوەتەوە. بەهیوای بەردەوامیی "کوردستان" و پتر لا کردنەوەی لە ژنان و پرسەکانیان لە کۆمەڵدا.