کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی گرینگترین دەنگدەری ئێرانە و توندڕەویی زۆرتر دەخوازێ نە کەمتر

00:38 - 4 پووشپەڕ 2721

هەڵبژاردنان دەرئەنجامیان هەن، تەنانەت لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش. هیچ کەس ئەوە لە ڕێبەری گەورە، عەلی خامنەیی، خاوەن دەسەڵاتترین کەسی وڵات و گرینگترین "دەنگدەر"، باشتر نازانێ. بە هۆی نوێنەرانی لە بیرۆکراتی بیزانتییەکەی ئێراندا، خامنەیی بەتەمایە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدا تا کەڵک لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی بۆ پتەوکردنی میراتە کۆنەپارێزەکەی و برەودان بە سیاسەتی توندڕەوانە، تەنانەت دوای مردنی خۆیشی، وەرگرێ. خامنەیی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ی ئێرانی لە مانگی مارس بەو کەسانەی گوت کە دەیانهەوێ خۆیان بەربژێر بکەن، "ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان لە ئێوە هەیە کە هەست بە قورسایی ئەو کارە بکەن و بزانن دەتانەوێ چ بەرپرسیارییەکی قورس بگرنە ئەستۆی خۆتان." لەو کاتەوە، شوڕای نیگابان، یەکەیەکی ١٢ کەسی کە لە بەربژێران دەکۆڵێتەوە و گوێڕایەڵی خامنەییە، شیاویی تەنیا حەوت بەربژێری لە نێو ٥٩٢ کەس پەسەند کردووە. سەرەڕای پەسەندکردنی کەسێکی بەناو تەکنۆکڕات و ڕێفۆرمخوازێکی لاواز، ئەنجومەنەکە چەند توندڕەویشی، لەو بەپرسیارییە کە لەسەر کاغەز دووهەمین پلەی خاوەن دەسەڵاتی وڵاتە، نزیک کردۆتەوە. ئەگەرچی ڕیزکردنی بەربژێران و وەلانانی لایەنگرانی ڕێژیم لە پرۆسەی بە توندی کۆنتڕۆڵ‌کراوی هەڵبژاردن لە ئێران، شتێکی نوێ نییە، بڕیاری پێشگرتن بە پڕاگماتیستان و ئەندامی لەمێژینەی لایەنی  لیستی کۆنەپارێزان، لە سێ دەرفەتانەوە سەرچاوە دەگرێ، یان بە واتایەکی دیکە، ئەرکی قورس، لەو هەڵبژاردنەدا دەکەوێتە سەر شانی خامنەیی. یەکەمیان دەرفەتی سوود بینین لە حەزی واشینگتۆن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥ کە بە "بەرجام" ناسراوە، بۆ وەلانانی چڵە زەیتوونەکەی میانەڕەوییە کە سەرۆک‌کۆمارە پراگماتیستەکانی پێشوو ڕایان داشتبوو. ئەگەر سووک‌کردنی ئابلۆقەکان بەبێ لەبەر چاو گرتنی ئەوە کە کێ جڵەوی بەدەستەوەیە لە سەر مێز بێ، ئەوسا خامنەیی لەوانەیە هەست پێ بکا کە بووکەڵەی ڕازاوە وەلانێ. دووهەمیان درێژەدان بە لاوازیی فرە چەشنیی سیاسییە، لە کاتێکدا کە ڕێژەیەکی زۆرتر تاکی بنئاژۆخواز بێنێتە نێو ڕەوتی ئاسایی. بە لەکۆڵ‌خۆ‌کردنەوە و وەلانانی ڕێفۆرمخوازەکان، پراگماتیستەکان و تەنانەت بەشێک لە کۆنەپارێزان، خامنەیی دەتوانێ لە لایەنی توندڕەوتری "فازی دووهەمی" شۆڕشێ ئیسلامی دڵنیا بێ. سێهەمیان پرسی جێگرەوە و تایبەتمەندیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی دوای خامنەییە. نوخبەیەکی یەک‌دەستتر و توندڕەوتر کە جڵەوی دیاریکردنی پلەکانی بەدەستەوە بێ، بە تایبەتی سەرۆک‌کۆمار، زەمانەتی هێشتنەوەی ئێران لەسەر ڕێبازی شۆڕشگێڕیی تەنانەت دوای مردنی ڕێبەری گەورە مسۆگەر دەکا. بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو کارە، خامنەیی پێویستیی بە کەسێکی شیاوە. لەنێو بەربژێرەکانی پەسەندکراودا، سێ دانەیەن پێشووتر بەشداری هەڵبژاردن بوون و دۆڕاندوویانە. دوو کەس لەوانە، سەعید جەلیلی و موحسین ڕەزایی، پێوەندییان بە سوپای بەدناوی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە هەیە، و ئەوی دیکە ئیبراهیم ڕەئیسی، پێوەندیی بە چینی مەلایانەوە هەیە. ئەوانە دەگەڵ عەلیڕەزا زاکانی و ئەمیر حوسێن قازی‌زادە هاشمی، نوێنەرایەتیی زۆرینەیەکی ئەوپەڕی بنئاژۆخوازیی لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن. لە نێو ئەو پێنجانە، گریمانە دەکرێ ڕەئیسی، بەرپرسی بەشی دادوەریی ئێران کە پێشدا بەڕێوەبەری دامەزراوەی چەند میلیارد دۆڵاریی پێوەندیدار بە خامنەییەوە بووە، لە پێش ئەوانی دیکەوە بێ. ڕەئیسی لە لایەن چەند سەرداری پێشووی سوپای پاسدارانەوە پشتگیری کرا کە هەوڵەکانیان بۆ خۆ بەربژێر کردن وەستاند، یان سنوورداریان کرد تا بەرەی توندڕەو بەهێزتر بکەن؛ یان چونکە دەیانزانی ئاماژەکان بەرەو کام ئاقاردا دەڕۆن. هەرچۆنێک بێ، پشتیوانیی کەسایەتییەکانی سوپای پاسداران لە ڕەئیسی دەرخەری دوو دیاردەیە: سوپای پاسدارن لە بەڕێوەبەریی وڵات بێ وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاری ڕازییە (نزیکەی سەرجەم سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو مەلا بوون، نەوەک کەسێکی سەربازی)، و خاوەن ئەزموونەکانی سوپا و مەلای توندڕەو وەک چۆن دەتوانن لەگەڵ یەکتر کێبڕکێ بکەن، ئەوەندەش دەتوانن هاوکاریی بکەن. جگە لە کەوتنە بەر ئابلۆقەی واشینگتۆن لە ١٣٩٨، بە هۆی دەستنیشان کران لە لایەن خامنەییەوە وەک بەڕێوەبەری بەشی دادوەری کە مناڵان ئیعدام دەکا، ڕەئیسی زۆرتر بەوە ناسراوە کە یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیتە چوار کەسییە بووە کە لە ١٣٦٧ چاودێریی ئیعدام‌کرانی لانیکەم ٥٠٠٠ زیندانیی سیاسی کردووە. لێکۆڵەرەوان پێشتر ڕایان وا بووە کە ڕەئیسی لەوانەیە ڕێبەری گەورەی داهاتوو بێ، بەڵام کاتێک لە ١٣٩٦ بۆ یەکەم جار پێی نایە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە تا ببێتە سەرۆک‌کۆمار بە حەسەن ڕوحانیی دۆڕاند کە دەورەی پێشووتریش سەرۆک‌کۆمار بوو. هێشتا سەرەڕای نەبوونی کاریزما و پێگەی سیاسی پتەو لەنێو دەنگدەراندا، ڕەئیسی هەمدیسان کەوتۆتە نێو جەرگەی سەرنج لە لایەن مێدیای ئێرانی و نێونەتەوەیی، کە بە شێوەی پەرەئەستێن ئەو وەک براوەی کێبڕکێیەکە دەستنیشان دەکەن. بۆ زانیاریی زیاتر، سێ بەربژێر بەشدارن کە لە ڕەئیسی توندڕەوترن، قازی‌زادە، زاکانی و جەلیلی. بۆ وێنە جەلیلی، پێشووتر لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی مەحموود ئەحمەدینژاد دانوستانکاری وتوێژی ناوکی بووە. بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان، سەرۆک کۆماریی ئێران بە ڕێبەریی هەرکام لەو پیاوانە بە مانای ئەوەیە کە دیپلۆماسیی ناوکی دژوارتر دەبێ، بەڵام هێشتا نامومکین نییە چونکە ئەوە خامنەییە کە بڕیاردەری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە. پەسەندکردنی سەرۆک‌کۆمارێکی لەڕادەبەدەر کۆنەپارێز لە لایەن خامنەییەوە ئەو پەیامە دەگەیەنێ کە سەڕەڕای ئابلۆقەکان، ئەو هەست پێ ناکا، یان لانیکەم نایهەوێ وا بنوێنێ، کە پێویستیی بە سووک‌کردنی زەختی ئابووری بە هۆی ئاڵوگۆڕی سیاسییەوە هەیە، تەنانەت بە شێوەی ڕواڵەتیی و لە لایەن سەرۆک‌کۆمارێک کە نەرمکێشتر بێ. لەبەر ئەو هۆیە، شێلگیریی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەدوای بەرجامدا و ویستی سووک‌کردنی تەنانەت ئابلۆقەکانی ناپێوەندیدار بە پرسی ناوکییەوە، لەوانەیە بێ ئانقەست بە دەستەبەرکردنی ئەگەرێکی ئەوتۆ بەبێ تێچوو، ببێتە هۆی بەرتەسک بوونەوەی سیاسەتی ئێران. لە کاتێکدا هێشتا ڕوون نییە ئاخۆ خامنەیی دوای هەڵبژاردن، گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ نێو بەرجام بخوازێ یان بە چڕ کردنەوەی هەوڵە ناوکییەکانی لایەنی بەرانبەر ناچار بکا زۆرتر پاشەکشە بکا، ئەوە شتێکە کە بە خێرایی خەریکە ئاشکرا دەبێ. خامنەیی بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکا کە وێدەچێ چیدیکە پێویستی بە تواناییەکانی دەسەڵاتی نەرم، پێوەندی یان فرتوفێڵەکانی وەزیری کاروباری دەرەوە موحەممەد جەواد زەریف نییە تا ناکۆکییەکانی دەگەڵ ڕۆژئاوا چارەسەر بکا. وەک چۆن شرۆڤەکارێکی سیاسیی نێوخۆ ئاشکرای کردووە، توندڕەوکان تەنانەت دەتوانن لەگەڵ ئەمریکا ئاڵووێری سیاسی بکەن بەو مەرجە ئەوان شانازیی لابردنی ئابلۆقەکانیان بەنسیب بێ.   خامنەیی گۆڕەپانەکە پاک دەکاتەوە  کاردانەوەیەکی دیکەی بەرتەسک‌کردنەوەی پانتایی سیاسی لە لایەن خامنەییەوە ئەوەیە کە کێبڕکێی نێو ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، لایەنێکی هەستیار لە "دیکتاتۆرییەتی خاوەن کێبڕکێ" کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئێران لە ڕابردوودا دیتراوە. سەرەڕای ئەو هەموو لایەنانەی کە خوازیاری بەردەوامیی کۆماری ئیسلامیین و گوێڕایەڵی ئایدیۆلۆژی شۆڕشگێڕانەی "ویلایەتی فەقێ" -ی ڕێژیمن، خامنەیی داوای زۆرتری کردووە. بە تایبەتی، خامنەیی وردە وردە جووڵانەوەی ڕێفۆرمی پەراوێز خستووە، لە کاتێکدا کە تاکی فرە توندڕەوی هێناونەتە نێو گۆڕەپانی سیاسی. بۆ وێنە، لە ١٣٨٨، خامنەیی لقی ڕێفۆرمخوازی هەرە نزیک لە سەرۆک‌کۆماری پێشووتر موحەممەد خاتەمیی لەنێو برد، کە بە نۆرەی خۆی ڕێفۆرمخوازان، و هەروەها ئەو لایەنانەی دەیانەویست دەنگی ناڕەزایەتی بدەن بە "کەم خراپترین بژاردە" ناچار بوون پشتیوانی لە سەرۆک وەزیرانی پێشووتر میرحوسێن موسەوی و سەرۆکی پێشووتری پارلمان، مێهدی کەڕڕوبی بکەن. هەڵبژاردنەکە لە کۆتاییدا بە قازانجی دەوری دووهەم بۆ کەسی فرە توندڕەو، مەحموود ئەحمەدینژاد، کۆتایی پێ هێنرا. لە هەڵبژاردنەکانی ١٣٩٢، خامنەیی سەرجەم بەرەی ڕێفۆرمخوازی لەنێو برد و تەنانەت سەرۆک‌کۆماری پێشوو، عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، کە نوێنەرایەتیی پراگماتیستەکانی دەکرد، پەسەند نەکرا تا ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری. لە ئاکامدا، ڕێفۆرمخواز و پراگماتیستەکان ناچار کران هاوپەیمانییەک دروست بکەن و پشتیوانی لە حەسەن ڕوحانی، بیرۆکرات و دانوستانکاری ناوکیی خاوەن پێوەندی قووڵ دەگەڵ بەشی ئەمنیەتی ئێران، بکەن. لە ساڵی ١٤٠٠، خامنەیی نە تەنیا جێگری یەکەمی سەرۆک‌کۆماری هەنووکەیی، ئیسحاق جەهانگیری، وەلا نا بەڵکوو هەنگاوێکیش بەولاوە چوو و ئەندامی پێشووی پارلمان سەر بە لیستی کۆنەپارێز، عەلی موتەههەری و سەرۆکی کۆنەپارێزی پێشووی پارلمان عەلی لاریجانی، کە پێوەندی بە هەردوو سوپای پاسداران و تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ئێرانەوە هەبووە، لە بەربژێربوون بێبەش کرد. لە وێژمانی جەماوەریی فارسیدا فرە چەشنیی سیاسیی ئێرانی شۆڕشگێڕ وەک شەمەندەفەرێکی لە حاڵی ڕۆیشتندا باس کراوە کە بە گوێرەی کات مسافیرەکانی لەکیس دەدا. بەڵام ئەوەی سێ دەیە ڕێبەرایەتیی خامنەیی سەلماندوویەتی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی شەمەندەفەرێکە کە لە چەند ئوتومبێلان پێک‌هاتووە کە هەر کامیان نوێنەرایەتیی بەشێکی جیاواز دەکا. لە کاتێکدا کە ئەو لایەنانە بە شۆڕش و ڕێبەری گەورە وەفادارن، لەگەڵ ئەوەشدا خامنەیی لە درێژایی سەفەر ئوتومبێلان هەڵدەبژێرێ و لە شەمەندەفەرەکەیان جیا دەکاتەوە. لەگەڵ جیاکردنەوەی ئوتومبێلان، شەمەندەفەرەکە خێراتر بەرەو ئامانج دەڕوا، بەڵام ئامانجێک کە کۆماری ئیسلامی ناکاتە دلۆڤانتر و نەرم و نیانتر، تەنانەت دوای مردنی خامنەییش. لە دەیەی هەشتەمی ژیانیدا، خامنەیی بێگومان ناتوانێ ئەوە لەبەر چاو نەگرێ، بە تایبەتی ئەگەر نیگەرانی پاراستنی میراتەکەی بێ. بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە زۆربەی سەرۆک‌کۆمارانی ئێران دوو دەورە خزمەت دەکەن، کاتێک سەرۆک‌کۆماری ئەمجارە ماوەکەی کۆتایی دێ، خامنەیی تەمەنی ٩٠ ساڵە. لە کاتێکدا کە ڕوون نییە ئاخۆ تا ئەوکات زیندوو بێ تا ئەو ڕۆژە جەژن بگرێ، ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە پرسی جێنشین هەر لەئێستاوە لە ئارادایە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە ئاخۆ ڕەئیسی جێنشینی خامنەییە یان نا، سەرۆک‌کۆماری داهاتوو لەوانەیە دەرفەتی کاریگەری‌دانان لەسەر ڕووداوەکانی دوای مردنی خامنەیی لە کورسیی دەسەڵاتەوە هەبێ. بۆیە خامنەیی پێداگرە کە بەربژێرەکان دەبێ لە قوماشی دروستی شۆڕشگێڕی! بن. هەنووکە خامنەیی هیچ جێنشینێکی دیاریکراوی نییە. لە کاتێکدا مەجلیسی پسپۆڕان -کە هەموویان مەلان- بە گوێڕەی یاسا ئەرکیان دیاریکردنی ڕێبەری داهاتوو دوای مردنی خامنەییە، پێش ئەو کارە لەوانەیە "ئەنجومەنێکی ڕێبەری" دامەزرێنن کە بەپێی بڕگەی ١١١ی یاسای بنەڕەتی، لە سەرۆک‌کۆمار، سەرۆکی بەشی دادوەری و ئەندامێکی شوڕای نیگابان پێک دێ کە لە لایەن یەکەیەکی سیاسیی دیکە بە ناوی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرەژەوەندیی نیزام دەستنیشان دەکرێ. لە سێناریۆیەکی ئەوتۆدا، خامنەیی پێویستی بە هەرچی وەفادارە تا ڕێبازی شۆڕشگێڕی، کە کەسی پێش خۆی،  ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی، داڕێژەری بووە و ئەو پاراستوویەتی، درێژەی هەبێ. ڕەئیسی یان توندڕەێکی دیکە دەتوانێ ڕێک ئەو جۆرە کەسە بێ بۆ کارکردن لەگەڵی، لە جیات پشکدارەکانی دیکە وەک سوپای پاسداران و هەر هێزیكی دیکەی نێوخۆیی سەرکوت بکەن کە هەوڵی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بدەن.   ئەگەر خامنەیی بیباتەوە خەڵکی ئێران دەدۆڕێ   سەرەڕای ئەو سێ دەرفەتەی بەر دەمی خامنەیی بەو سووڕە سیاسییەوە، هێزێک هەیە کە ئەو بە هاندان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردندا ورووژاندوونی: خەڵکی ئێران. دەگەڵ قەیرانە هەنووکەییەکانی سیاسی، تەندروستی گشتی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و قەیرانی دیکە لە ئێران، بەر تەسک بوونەوەی گۆڕەپانی سیاسی و بەشداریی زیاتری لایەنی فرە توندڕەو وەک هێزێکی ئاسایی، وێدەچێ ببێتە هۆی یەکێک لە کەم بەشدارترین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا. ئەوە گاڵتەجاڕییە، لە کاتێکدا کە خامنەیی کەڵکی لە بەشداریی ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگدەران وەک قەڵخانێک دژی زەختی دەرەکیی وەرگرتووە، وای نواندووە کە ئەوە دەرخەری ڕەوایی کۆماری ئیسلامییە؛ بەڵام دەزانێ ئەو ڕەواییەی نییە. بە تایبەتی، خامنەیی دەنگدانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە کێ بەربژێرە، "وەک دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی" وەسف کردووە، و لە شوێنێکی دیکە دەنگدانی، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی پارلمان وەک "ئەرکێکی ئایینی" نرخاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵبژاردنی پارلمانی لە فێورییەی ڕابردوودا، کە کەمترین ڕێژەی بەشداریی تێدا تۆمار کرا، لەوانەیە فووی چێشتێ بێ. ئەو هەڵبژاردنانەی پاش ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەڕێوە چوون، پێشبینیی شۆڕشێک دژی سیستەم، نەوەک چاکسازیی لەنێو سیستەمی سیاسی ئێران، دەکەن. بەو داوا، ویست و پێداویستییانەی کە هێشتا بێ وەڵام ماونەوە، ئێرانییەکان ئاشکراتر باسی بایکۆت‌کردنی هەڵبژاردنەکان دەکەن. بۆیە ئەندازیاریی ئەو جارەی هەڵبژاردن لە لایەن خامنەییەوە، کەمتر لە بارەی ئەوەدایە کە وا بنوێنێ خەلک پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامیی دەکا تا دووبارە دارشتنەوەی نوخبەی سیاسی و ئامادە کاریی بۆ داهاتوو. بە گوێرەی ئەو بەرنامەیە، وێدەچێ ئامانجی خامنەیی کەڵک‌وەرگرتن لەو سووڕە بۆ جیاکردنەوەی ئوتومبێلێکی دیکە لە شەمەندەفەری سیاسی کۆماری ئسیلامیی بێ، بەڵام بەو کارە، ئەو خۆی لە ئەگەری بەلاڕێچووندا دڵنیا دەکاتەوە. هەرچۆنێک بێ، تا ئەو کاتەی بەربژێری پەسەندکراو لە لایەن خامنەییەوە بیباتەوە، ئەوە خەڵکی ئێرانە کە دەدۆڕێ.