کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە و مافی بەرگریی ڕەوا

02:21 - 16 پووشپەڕ 2721

بەرگریی ڕەوا وەک چەشنی دیکەی میکانیزمە یاساییەکان ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، پێویستی و عورفە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکان‌. لە ڕاستیدا مافی بەرگریی ڕەوا یەک لە بنەما جیانەکراوەکانی هەر نەتەوەیەک، گرووپ و تەنانەت هەر کەسێکە کە لە سۆنگەی حەوجێ، ئەمنییەت و سەقامگیری لە جوغرافیای شوێنی ژیانیاندا کۆمەڵە پڕەنسیپێک لەسەر بنەمای خواستی گشتی و لەپێناو بەرەوپێش‌بردنی ئامانجە گشتییەکان و پاراستن و داکۆکی لەو بەرژەوەندییانە دادەڕێژن و ڕەچاوی دەکەن. مێژووی نووسراوی تیۆریی مافی بەرگریی ڕەوا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمی کەونارا و هەر لە کۆنەوە لەنێو گەلاندا مافی بەرگریی ڕەوا چ بۆ تاک و چ بۆ کۆ و کۆمەڵ بە پێناسەی جۆراوجۆر شەرعییەتی دراوەتێ و نەتەوەکان ئەمەیان بە بەشێک لە مافی زاتی و سرووشتیی خۆیان زانیوە. هەربۆیەشە بە درێژایی مێژوو فەلسەفەی ڕەواییەتی بەرگری یان بەرگریی ڕەوا لە فۆڕمی جۆراوجۆردا پاساو دراوەتەوە، چونکی پشتی بەو ئەسڵە بەستووە کە مادام بوون و ژیان مافی سرووشتییە، هەر کاتێکیش ئەو مافە بکەوێتە مەترسییەوە بەرگری‌لێکردنیشی ڕەوایە. هەشن ئەو مافناسانەی مافی بەرگری و ڕەواییەتەکەی لە گۆشەنیگای پەیمانی کۆمەڵایەتی و شکاندنەکەی لێک دەدەنەوە و لە بەرەی ئەولاش بە پشتبەستن بە پێویستیی قەرەبووی کرێتی بە کرێتی، مافی بەرگریی ڕەوا تەواو بە ڕەوا دەزانن. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە دەڵین دادپەروەرانەترین سزای خراپە و کرێتی قەرەبووکردنەوەیەتی لە ڕێگەی بەرگری‌کردنەوە و، بەمجۆرەیە کە نەزم و سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا جێ دەخرێ. بۆچوونێکی دیکە لەو پێوەندییەدا تیۆریی نەبانی و ناتەبایی دوو ماف لەگەڵ یەکترییە، بەو پاساوە کە مافی ئەو کەسەی دەستدرێژیی کراوەتە سەر دەبێ پتر لە مافی دەستدرێژیکار لەبەرچاو بگیردرێ. بۆچوونێکی دیکەش بە پشتبەستن بە بنەمای "ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندیی کۆمەڵگە" ڕەوایی بە ڕەواییەتی بەرگری دەدا. ئەو بۆچوونە لەسەر ئەوە دەوەستێ کە بەرگری نەک هەر بەرژەوەندیی کەسی پەلاماردراو دەپارێزێ، بەڵکوو لەو ڕێگەیەوە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەش دەشکێتەوە، چونکی لەو بەستێنانەدا کە کۆمەڵگە ناتوانێ دابین‌بوونی ماف و جێبەجێ‌بوونی دادپەروەری لە هەموو پانتاییەکدا جێ بخا، ئەوە تاکەکانن کە ئەو کەمایسییە قەرەبوو دەکەنەوە. ئالێرەدا ئیدی بەرگری نەک وەک ماف، بەڵکوو بە ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵ دادەنرێ. مافناسەکان بۆ پاساوی بەرگریی ڕەوا لەسەر دوو بۆچوونی گشتی دەوەستن و بنەمای ئەو بەرگرییە بۆ یەک لەوان دەگەڕێننەوە: یەکەم جەبر و ناچاری، دووهەم دەستەبەری ماف و بەجێ‌هێنانی ئەرک.   ئا. تیۆریی جەبر و ناچاری بەپێی ئەم بۆچوونەوە کاری کراو لە کاتی بەرگریی ڕەوادا تاوانە، بەڵام تاوانێک کە لەسەری سزا نادرێ. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە دەڵێن پەلاماری ناڕەوا ئازادیی ئیرادە و بڕیاردان دەکوژێ و تاوانەکە لەژێر کاریگەریی گرژییە ئیرادەییەکاندا دەکرێ. بە واتایەکی دی لەژێر کاریگەریی غەریزەی پاراستنی "من"دا تاوانەکە کراوە و ئیرادەی مرۆڤ لە کردنەکەیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ نابینێ؛ چونکی ئەو زۆر و جەبرەی لە دەستدرێژییەکی ناڕەواوە سەرچاوەی گرتووە، کەسەکەی ناچار بە کردنی ئەو تاوانە کردووە.   ب. تیۆریی دەستەبەری ماف و بەجێ‌هێنانی ئەرک بەپێی ئەم ڕوانگەیە تاک یان گرووپ لە بەرگریی ڕەوادا مافێکی جێبەجێ کردووە و تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەرکێکی سەرشانی خۆی لەپێناو دابینکردنی عەداڵەتدا بەجێ هێناوە. هێگل گوتەنی: "هێرش‌کردن پێخۆست‌کردنی مافە، کەواتە بەرگری لە پێخوست‌کردنی ئەو پێخوست‌کردنەش بەمانای دەستەبەری مافە." بۆیەش لە بنەڕەت‌ڕا بەرگریی ڕەوا تاوان نییە هەتا بکرێ سزای بۆ لەبەرچاو بگیردرێ. بە سەرنجدان بە هەموو ئەوانەی باس کرا، دەکرێ ئەم پێناسە گشتییە بۆ بەرگریی ڕەوا بکرێ: بەرگریی ڕەوا بەرپەرچدانەوەی دەمودەستی هێرش و پەلامارێکی ناڕەوا بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی یاسایە، بە واتایەکی دی سەرەڕای خوێندنەوە و پاساوە جۆراوجۆرەکان، دەبێ یاسا سنوور و چوارچێوەی ئەو بەگژداچوونەوە و بەرپەرچدانەوەیە دیاری بکا.   بەرگریی ڕەوا لە یاسای وڵاتان‌دا لە مافەکانی "کامێن لا"، واتە مافە عورفییەکانیشدا بڕیاری پاکانە بۆ ئەوانە دەدرێ کە لەپێناو بەرگری‌کردن لە خۆیاندا ناچار بە کوشتنی کەسێک بوون. لە مافەکانی "ژێرمەن"یشدا مافی دەستپێشخەریی بەرگریکار لە هەمبەر دەستدرێژیکەردا بە ڕەوا داندراوە، چونکی کەسی پەلاماردەر بەهۆی کردەی دەستدرێژیی خۆی لەحەق کەسێکی دیکەدا چیدی پشتیوانیی یاسا نایگرێتەوە. لە ڕووی نێونەتەوەییشەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسندکردنی چەند بڕگەیەکی قانوونی چەندی و چۆنیی مافی بەرگریی ڕەوای ڕوون کردووەتەوە و بەندی ٤ی ماددەی ٢، ماددەکانی ٣٩ هەتا ٥١ی مەنشووری ئەم ڕێکخراوەیە گرینگی و بایەخ بەو ئەو بابەتە دەدەن و شەرعییەتی نێونەتەوەیی دەدەنێ. لە دەلاقەی ئەو ماف و پەسندکراوە جیهانی و نێونەتەوییانەوە دەکرێ ئاوڕ کە مافی بەرگریی ڕەوای پێشمەرگە بدرێتەوە.   ڕەواییەتی بەرگریی پێشمەرگە لە مافی ڕەوای خۆی یەکەم شت لەو پێوەندییەدا و لە ڕووی مێژووییەوە بوونی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی نەتەوەیەک لە بڕگەیەکی مێژوویی دیرۆکی ئەو نەتەوەیە دەگەڕێتەوە کە کۆماری کوردستانە. لەم ڕووەوە پێشمەرگە پارێزەری دەسکەوتەکانی بزووتنەوەیەکی گەلییە و بەرگری لە ماف و کەرامەتی نەتەوەیەک دەکا کە دەستدرێژیی کراوەتە سەر و پەلامار دراوە. پێشمەرگە هێزی پارێزەری خەباتی نەتەوەیەکە بەپێی ڕێوشوێن و ستانداردە نێونەتەوەییەکان داوای مافەکانی دەکا بایکۆتی ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامی لە بەهاری ١٣٥٨ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە کە لەسەر داوای حیزبە سیاسییەکانی خاوەن هێزی پێشمەرگەوە بەرز کرابۆوە، ڕەواییەتی گەلی‌بوون و خەڵکی‌بوونی ئەم هێزە پێشان دەدا. هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوو بەرەی دژدا جێ دەگرن. پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکان لە چوارچێوەی مافە جیهانداگرەکاندا داوای مافی خۆیان و پارێزگاری لە خاک و نیشتمانی خۆیان دەکەن، دەسەڵاتی ناوەندگەراش بە هەموو توانای نیزامی و لۆجستیکییەوە پەلاماری ئەم خاک و هێزەی داوە، کەواتە بەرگریی هێزی پێشمەرگە نەک هەر مافی ڕەوا، بەڵکوو ئەخلاقی و مرۆییشە. باسەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەند مافویستی و داوای ئاشتیخوازانەی کوردی بە ئاگر و ئاسن داوەتەوە و حوکمی جیهاد لە دژی کورد و هێرش بۆ سەر خاک و هەرێمەکەی داوە و هیچ ڕێگەیەک جیا لە بەرگریی بۆ هێزی پێشمەرگە وەک پارێزەری ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی نەهێشتووەتەوە. بە واتایەکی دی هەموو بەرگرییەکانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی ناچاری و بەهۆی ئەم زۆر و زەبروزەنگ و سەرکوتە بووە کە لەپێناو نەهێشتن و قڕکردنی لەدژی کراوە. بۆیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەک هەر بەرگریی لە مافە زاتی و بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لە ئێران کردووە، بەڵکوو بەرگریی لە مافی هەڵبژاردنی ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو نەتەوەیەش کردووە، بۆیەش ئەگەر لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و لە هەندێ بڕگەشدا مافی بەرگریی ڕەوا بۆ دەوڵەتەکانیش پێناسە کرابێ، بەڵام نێوەرۆکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕێگریی ئەم ڕێژیمە سیاسییە لە دابین‌بوونی مافەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە، ئەم مافەی لێ مایەپووچ دەکاتەوە. چونکی ڕەواییەتی مافی بەرگری لە گەل بە دەوڵەت هەر لەجێدا گەل دەیداتە دەوڵەت و لە نەبوونی دەوڵەتێکی خودموختاردا کە نوێنگەی ویست و داخوازەکانی گەلی کورد بێ، ئەو مافە لەلایەن خەڵکەوە دراوەتە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و هێزی پێشمەرگەیان. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هیچ پاساوێکیان نییە، ئەم دەسەڵاتە وەک هێزێکی داگیرکەر بە هەموو توانای سەربازیی خۆیەوە هێرشی کردووەتە سەر نەتەوەیەک و ئەو نەتەوەیەش لە نەبوونی یاسایەک لە نیزامی نێونەتەوەیی لەپێوەندی لەگەڵ نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکاندا چۆکی دانەداوە و بەرگری لە خۆی دەکا. بۆیە ئەو مافە لە هەموو ماوەی پتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بۆ پێشمەرگە پارێزراو بووە. مافی بەرگریی ڕەوا چەند ڕەهەندی هەیە کە هێرشی دەستپێشخەرانە و بەرگری بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو پەلامارانەی دەکرێنە سەرت دوو لەوانن. هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهۆی سیاسەتی حیزبە سیاسییەکانی ئەم گۆڕەپانە قەت هێرشیان نەکردووەتە سەر ڕێژیم لە ناوچەیەکی دەرەوەی کوردستان، لەحاڵێکدا ئەوە مافی ڕەوای خۆیان بووە. بەڵام کاتێک کە خاک و نیشتمان و کەرامەتی نەتەوەیی گەلەکەیان پەلامار دراوە، ڕاساون و بەرگرییان لەو بایەخانە کردووە کە بەپێی هەموو قانوونە نێودەوڵەتییەکان ڕێگەپێدراون. چونکی بوون و چالاکیی مەیدانیی هێزەکانی پێشمەرگە لە خاکی کوردستاندا لەسەر داوای خەڵک و بۆ داکۆکی لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئەو خەڵکە بووە و ئەو مافە لەهەموو فۆڕم و شێوەیەک و بەپێی هەر تاکتیک و ستراتیژییەک بۆ هێزی پێشمەرگە پارێزراوە. وەک چۆن زۆر بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی ئەو مافە بۆ کورد و هێزی پێشمەرگە بە ڕەوا دەزانێ. بۆ نموونە بڕیارنامەی ٢٧٨٧ کە باس لەوە دەکا نەتەوەکان مافی خۆیانە بۆ دەستەبەری مافی دیاری‌کردنی چارەنووسی خۆیان هەر شێوەیەک لە خەبات و یەک لەوان خەباتی چەکدارییش بگرنە بەر. یان وەک چۆن لە بڕیارنامەی ٣٩٧٠دا کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئەندامەکانی دەکا داکۆکی لە مافی دیاری‌کردنی چارەنووس و سەربەخۆیی نەتەوەکان بکەن و هەموو چەشنە یارمەتییەکی ماددی و مەعنەوی و دیپلۆماتیکیان پێ بکەن. کەوابوو مافی بەرگریی ڕەوا نەک ڕێکارێکی قانوونی بۆ پارێزگاری لە مافی نەتەوەیەک، بەڵکوو چەکێکی ڕێگەپێدراوە بۆ ئەو ئامانجە و، حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو مافە بە هەموو شێوەیەک بۆ خۆی بە ڕەوا دەزانی.