کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ قاسملوو لە ڕێبازی‌دا به زیندوویی مایەوە؟!

02:34 - 16 پووشپەڕ 2721

٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ (١٤٠٠)ی هەتاوی، ٣٢ ساڵ بە سەر تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە وییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تێ‌دەپەڕێ. لە ماوەی ئەم زیاتر له ئەم سێ دەیەدا گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوچەییدا قووڵ و چارەنووسساز بوون؛ گۆڕانکارییە فکری و ئیدئۆلۆژییەکانیش شوێنەواری بەرچاویان لە ڕیزبەندییە جیهانییەکان و دیاریکردنی بەرژەوەندییەکاندا داناوە. پێشکەوتنی زانست و دەسکەوتەکانی تێکنۆلۆژی، شوێنەواریان بە سەر ڕێبازه سیاسی و ئابوورییەکاندا حاشا هەڵنەگره و، لەم نێوەشدا و لەم سی ساڵەدا بێگومان کۆمەڵی کوردەواری و دۆخی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و پرسی نەتەوایەتیی ئەم نەتەوە -هێشتا بێ‌دەوڵەتە – گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەوەندەی پێوەندیی به ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەبەستی ئەم بابەتەوە بێت، کۆمەڵگەی کوردستان له بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و شێوازی ژیان و گوزەرانەوە گۆڕاوە و لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە ئاستی شعوری نەتەوایەتیی خەڵک لە پەرەسەندن و گەشەسەندن دایە. هەر لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات بە پاشخانێکی نزیک به هەشت دەیە لە خەبات و تێکۆشانی بێ‌وچانی خۆی، ئێستاش بەرزترین پێگەی سیاسی لە ئاستی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. پاراستنی ئەم پێگەیه بۆ حیزبی دێموکرات لە نێو خەڵکەکەی خۆیدا بۆ کۆمەڵێک فاکتەری جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە کە یەکێک لە گرینگرینیان بوونی ڕێبەرانێکی لێهاتوو، خاوەن بیر و ئەندێشە و لێبڕاو و، هەتا سەر وەفادار به ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان؛ پێشەوا و سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید قازی محەممەد، شەهیدانی سکرتێری حیزب، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی‌یە. سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە دوای تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو هاتوونە ئاراوە و بە کورتی ئاماژەمان پێدا، وەک دەبینین ناوی دوکتور قاسملوو و باسکردن لە بیر و ئەندێشەکانی ئەو کە وەک "ڕێبازی قاسلموو" ناوی دەرکردووە، هەروا وێردی سەر زمانانه و ڕێبوارانی لە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵی کوردستاندا درێژەدەری ئەم ڕێگایەن. ئێستاش دوای زیاتر لە سێ دەیە کە ئاوڕ لە بیروباوەڕە سیاسییەکانی شەهید دوکتور قاسملوو دەدەینەوە، هەروا جێی تێڕامان و کەڵک لێ وەرگرتنن و، وەک بەحەق باس دەکرێ، "ڕێنیشاندەری خەبات و تێکۆشانمانن". باوەڕمەندبوون به بیروئەندێشەکانی شەهید دوکتور قاسملوو و ئەو نەخشە ڕێگایەی کە ئەو لە حیزبی دێموکراتدا بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان وێنای کردوون، نەتەنیا لە بازنەی تێکۆشەرانی حیزبەکەیدا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکوو لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان و ئێراندا، بەوپەڕی متمانەوە ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە و پشتی پێ دەبەسترێ و ئەندێشەکانی قاسملوو هەر زیندوو و وڵامدەرن.   بۆ قاسملوو لە ڕێبازیدا بە زیندوویی مایەوە؟ شەهید دوکتور قاسملوو لە دوو دەیەی ٥٠ و ٦٠ی هەتاوی‌ و، لە چوارچێوەی نووسینەوەی مەرامنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەڵاڵەکردنی هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە و لە دوایین دەیەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی پاشایەتی و یەکەم دەیەی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێراندا، باوەڕەکانی تیوریزە دەکا و بەکردەوەش دەیخاتە خزمەت بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانەوە. دوو دەیەی تایبەت به شەڕی سارد و پێکدادانی ڕێبازە فکرییە سیاسییەکانی دوو جەمسەری زەبەلاحی ئیمپریالیستی و سۆسیالیستی کە زۆر ڕەوت و جەریانی لۆکاڵییان، یان لە خۆدا تواندەوە و یان بە تەواوەتی هاڕییانن. دوکتور قاسملوو لەم بەستێنە‌دا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی لۆکاڵی و نەتەوەیی لەئەستۆیە و هاوکات لەگەڵ بینین و دەرک به هێژموونیی ئەم جەمسەربەندییە فکری و سیاسییانه لە سەر دەوروبەر و تەنانەت حیزبەکەیشی، خەمی پاراستنی تایبەتمەندیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکەکەیشیەتی و بە دیاریکردنی سنووری نێوان دۆستایەتی و سەربەخۆبوونی حیزبەکەی، ئازایانە سەربەخۆیی هەڵدەبژێرێ و پێداگری لە سەر مافی خۆبڕیاردان دەکات. د. قاسملوو بەم تێفکرینەوە، حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران لە بەستراوەیی فکری و ڕێکخراوەیی دەپارێزێ و شوناسێکی سەربەخۆییخوازانەی پێ دەبەخشێ. د. قاسملوو کە کەسایەتییەکی کراوە، گۆڕانخواز و دژ به دوگماتیزم بوو، لە حاست نەتەوەیی بوونی پرسی سیاسیی میللەتەکەیدا، ڕێبەرێکی لێبڕاو و پێداگره. ڕاشکاوانە و بێ‌پەروا قسە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ میللەتەکەی دەکا و پشتیوانیی حیزبەکەی لە بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە مافێکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ حیزبەکەی دادەنێ. کەڵک‌وەرگرتن لە هەر شێوازێکی گونجاو لە چوارچێوەی خەباتی بەرەنگاری بۆ حیزبەکەی و نەتەوەکەی به مافێکی ڕەوا دەبینی. لە هەمووی گرینگتر، دوکتور قاسملوو لە پێناو سەربەستی خاک و خەڵکەکەیدا و بۆ گرتنە پێشی خەباتێک کە بێ‌گومان دەرکی به تێچوو و هەزینە ماڵی و گیانییەکانی دەکرد، خۆی لە دەست‌پان‌کردنەوە و لە مەترسی‌خستنی سەربەخۆیی حیزبەکەی دەپاراست و پشتی به هێزی خۆماڵی دەبەست. لەم پێوەندییەدا لە گەڵ ئەوەیکە لێکدانەوە و هەڵوێستەکانی لە سەر بنەما و ئەسڵی واقعبینی و تێگەیشتن لە باڵانس و هاوسەنگی بوو، پێداگری لەسەر خۆماڵی بوونی ئامرازەکانی هێزی خەباتکارانە و جۆری پەرژین و پشتیوانی لە خەبات دەکرد. دوکتور قاسملوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی – کە لە کۆماری کوردستانەوە بۆ حیزبەکەی بە میرات به‌جێ ماوە – بەو ئامرازە خۆماڵییە خەباتکارانە دەزانی کە بۆ دیفاع لە مان و مەوجودییەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یارمەتی‌گەیاندن به بەئامانج گەیشتنی و پاراستنی دەسەکەوتەکانی لە قۆناغی جۆراوجۆرا درووست بووە. هەروەها باوەڕێکی چەسپاوی بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات و خەباتەکەی هەبوو. بۆیە هەمیشە پێی وابوو، بۆ بەئامانج گەیشتنی حیزبی دێموکرات، سێ مەرج پێویستن؛ یەکیان سیاسەتێکی واقعبینانەی درووست، دوهەمیان بوونی هێزی پێشمەرگە و سێهەمیان و لە هەمووی گرینگتر، پشتیوانیی خەڵکی کوردستان. ئێستا دوای ٣٢ ساڵ بە سەر تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوودا، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زەمەنێکی جیاواز و لە بارودۆخێکی تایبەتدا هەروا لە سەر ئەساسی بیروئەندیشەکانی ڕێبەرانی شەهیدی خۆی و بەتایبەت ڕوانینەکانی شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێی خەبات و تێکۆشانی خۆی دەپێوێ. ئەوە بەو مانایه نیە کە حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتییەکەی و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە بە تێکڕایی، نەیانتوانیبێ شتێکی زیاتر لەوەی دوکتور قاسملوو و ڕێبەرانی دیکەی، پێوە زیاد بکەن، بەڵکوو ڕاست بەو مانایەیە کە بیر و باوەڕ و نەخشه ڕێگایەک کە شەهید قاسملوو بۆ حیزبی دێموکراتی دیاری کردوە، ئەوەندە بەربڵاو و زیندوو و قابیلی کارپێکردنن کە دەکرێ زۆر هەڵوێست و ڕێکار و نەخشەڕێگای دیکە و تازەیان لە سەر بنیات بنرێ و هەر بۆن و بەرامەی ئەو بدەن کە؛ بێ‌گومان هاوسەنگەران و ڕێبوارانی شەهید دوکتور قاسملوو، دوای نەمانی ڕێبەرەکەیان بە درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازی ئەو، سەرەکیترین هۆکاربوون بۆ بەزیندوویی مانەوەی ئەم ڕێبازە. ئاستی جیهانبینیی شەهید دوکتور قاسملوو کە تا ئێستاش بۆ لێ‌فێربوون دەبێ، بەرهەمی لێهاتوویی ئەو لە لێکدانەوەی ڕووداو و پێشهاتەکان، بەرهەمی ئازایەتی لە دەربڕین و ڕاشکاوبوونێکی نەترسانە لەگەڵ خەڵک و هاوسەنگەرانی و بە عیلم و مومکین زانینی سیاسەتە. دوکتور قاسملوو هیچ کات لهسەر ئەساسی دەمارگرژی و لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی‌ و قازانجی بەرتەسکی حیزبەکەیدا هەڵوێستێکی نەگرت کە بارگرانی لە سەر خەڵک و بزووتنەوە دروست بکات. تەوەری ئەساسیی بیر و ئەندێشەکانی قاسملوو، خەڵک و بەرژەوەندیی گشتیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بوو. لە گەڵ ئەوەیکە خۆی و ڕێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزبەکەی بە نوێنەری نەسڵێک لە موبارەزە و خەباتی نەتەوایەتی میللەتەکەی دەزانی و به تێگەیشتن لە جیاوازی لە ماهییەت و نێوەرۆکی داواکاریی نەسڵەکانی خەبات، مافی نوێنەرایەتیی نەسڵەکانی داهاتووی بە خۆی نەدەدا، بەڵام ئێستاش ڕێبازەکەی و ئەندێشەکانی ڕێنیشاندەری خەباتی حیزبەکەی و بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستانن. چونکی ئەندێشەکانی ئەو و، ئەو ڕێبازەی کە دوکتور قاسملوو وێنای کردووە، بیرکردنەوەی تازە و نەخشە ڕێگای نوێ لە خۆ دەگرێ. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم ڕێبازە نەتەنیا دوگم و داخراو و ماوە بەسەرچوو نییە، بەڵکوو ئیستعدادی خۆنوێکردنەوە و تەفسیری بەڕۆژی هەیە. ئەگەر دوکتور قاسملوو زیاتر لە سی ساڵە بە جەسته تێرۆر کراوە و وجودی فیزیکیی لەنێوماندا نەماوە، به بیروئەندیشەکانی، بە ڕێبازە هەردەم تازە و پڕ لە ڕێبوارەکەی، بە زیندوویی ماوەتەوە. هۆگریی نەسڵ لە دوای نەسڵی تێکۆشەرانی کورد به گشتی و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات به تایبەتی بە دوکتور قاسملووی شەهید و ڕێبازەکەی، سەلمێنەری ئەم ئیدیعایانەن. ئەمڕۆ نەسڵێک لە کوڕان و کچانی خەڵکی کوردستان بە پۆشینی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی حیزبەکەی قاسملوودا و بە پەیوەست‌بوونیان بە تەشکیلاتی ئەم حیزبە لە نێوخۆی وڵات و بە دانی درووشم و بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکت و قسەکانی دوکتور قاسملوو، "قاسملوو قاسملوو" یانه کە ده پازدە ساڵ دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە دایک بوون. کەوابوو "قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە".