کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

failed state_ دەوڵەتی شکست‌خواردوو

16:36 - 16 پووشپەڕ 2721

ناوەندی بڕیار لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دیاری‌کردنی ڕەئیسی وەک سەرۆک‌کۆمار و دانانی موحسینی ئێژەیی لە لوتکەی دەسەڵاتی داد و تەنانەت وەلانانی هەموو ئەو خۆییانەش کە لە قۆناغی ئێستادا شکیان لە کارایی و خزمەتەکانیان بە پڕۆژەکانی حکوومەت هەیە، بازنەی دەسەڵاتی خۆی تەواو یەکدەست کردووە. دەسەڵاتی سەرەکی لە ڕێژیم بەو نەفەسەی دوای بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بەناو هەڵبژاردنەکانەوە و وەک ئەوەی لە مونازیرەکانیشدا باس دەکرا، سوورە لەسەر ئەوەی تاوانی هەموو نەهامەتیی خەڵک و قەیرانەکانی کۆمەڵگە بخاتە ئەستۆی دەوڵەتەکانی پێشوو، بێ ئەوەی وەسەر خۆیانی بێنن کە سەرۆکەکانی پێشووتری دەوڵەتەکانیش هەر بە ویست و بڕیاری ڕێبەری ڕێژیم دەست‌بەکار بوون و بێ ئیزنی ئەو قامکیان لە ئاو ڕۆ نەکردووە. ڕێژیم بەو گاردەوە و دوای یەکخستنی ڕەهای گوتاری حکوومەت لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات، ئێستا چاو لە داهاتووی دانیشتنەکانی ژیاندنەوەی بەرجام دەکا بۆوەی لەلایەک گوشاری سزاکان لەسەر خۆی لاببا و لەلایەکی دیکەوە بە توانایەکی دیکەی ماددییەوە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی لە ناوچەدا بەردەوام بێت. بەڵام ڕێژیم لە هەردوو گۆڕەپانەکەدا بەرگژەی زۆری لەبەردەم ڕیز کراون: یەکەم ئەوەی ژیاندنەوەی بەرجام بەو ئاسانییە نییە کە کۆماری ئیسلامی دەخوازێ و، لابردنی هەموو سزاکان و ئاسایی‌کردنەوەی هەموو پێوەندییەکان بەو پێشینەیەی ڕێژیم کە لە دوای بەرجام بەجێی هێشت، بۆ ڕێژیم خەیاڵێکی خاوە. ڕاستە دەوڵەتی بایدێن -بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان- ئامادە بووە سزاکانی سەر ئێران لە شەش بواری وزە، بانکەکان، پێترۆشیمی، پاپۆڕەوانی، بیمە، ئوتۆمبیل‌سازیدا و سزاکانی سەر ٧٤٨ کەسایەتیی حەقیقی و حقووقیی ڕێژیم هەڵپەسێرێ؛ بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی سزاکانی دیکە کە ٥١٧ خاڵن و بەشی هەرەزۆریان پێوەندییان بە پرسی مووشەکی، تێرۆریزم و مافی مرۆڤەوە هەیە، لەجێی خۆیان دەمێنن. دووهەم ئەوەی پرسی مووشەکیی ئێران کە خامنەیی بە بڤەی داناوە، بووەتە بەشێکی سەرەکی لە بابەتەکانی پێوەندیدار بە بووژانەوەی بەرجامدا. بێگومان نە وڵاتانی ئەندام لە بەرجام –ئەویش پاش بەناو هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی جۆزەردان- هیندە کاڵفامن کە نەزانن بەو ئیمتیازانەی دەیاندەنە ئێران و بەو گوێ خەواندنەی لە پڕۆژە مووشەکییەکانی ڕێژیم چ دەرەنجامێک هەڵدەگرنەوە؛ نە وڵاتانی هاوبەش و هاوپەیمانە سیاسییەکانیان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست –ئیسڕائیل و وڵاتانی عەڕەبی- دەست لەسەر دەست دادەنێن کە کۆماری ئیسلامی بە کەیفی خۆی درێژە بە تەڕاتێنەکانی بدا. هاوکات پێگەی ئێران لەنێو وڵاتانی ناوچەش دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. تەنانەت لە عێڕاقی زۆرینە شیعە خەڵک لە دەستوەردانەکانی ئەم ڕێژیمە بێزراون و دەیانەوێ لە دەستی ڕزگاریان بێت. شەڕ لە یەمەن لەجێدا چەقیوە و لەو وڵاتە و لە لوبنانیش خەڵک لە دەستی حوسییەکان و حیزبوڵلا کە هاوبەشی سیاسیی ئێرانن وەزاڵە هاتوون. ڕێژیم سووریەشی بە ڕووسەکان دۆڕاندووە و خەڵکی ئەم وڵاتەش ئێران بە شەریکی تاوانەکانی بەشدار ئەسەد دەزانن. سێهەم ئەوەی کە دیاریکردنی ڕەئیسی وەک سەرۆک‌کۆماریش کە لە لیستی ڕەشی گەمارۆکان‌دایە، بەرگژەیەکی دیکەی بەردەم کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دایە. وەک چۆن لە تازەترین کاردانەوەکان بە ناساندنی ناوبراو وەک سەرکۆماری نوێی ئێران، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور (RSF) کەمپەینێکی بۆ پشتیوانی لە داواکەی جاوید ڕەحمان سەبارەت بە ڕەئیسی ڕاگەیاندووە. جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتیی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران حەوتووی ڕابردوو داوای کرد کە کۆمیسیۆنێکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەبارەی ئێعدامی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ئێران لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی پێک بێ و ڕوون بکرێتەوە کە ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لەو کۆمەڵکوژییەی بەندییە سیاسییەکاندا کە ئەوکات جێگری داواکاری گشتیی ئێران بووە، چی بووە. بەڵام خۆ باسەکە هەر بەوەندە نابڕێتەوە. بەو گۆڕانکارییانەی لەو ماوەیەدا دەوڵەت و لە دەزگای قەزایی ڕێژیمدا کران، ئێستا جیا لە سپای پاسداران وەک باسکی چەکداری ڕێژیم، لە ٦ کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییش سەرۆکی پێنجیان لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئورووپا دان. بە واتایەکی دی جگە لە قالیباف سەرۆکی مەجلیس، هەموو ئەرکانی کۆماری ئیسلامی، واتە ڕێبەری، سەرۆکی دەزگای داد، سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگان و سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە ڕیزی ئەو سزا و گەمارۆیانە دان کە بە سەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاون. عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم وێڕای موجتەبای کوڕی کە بە بڕیاری دۆنالد ترامپ خرایە لیستی گەمارۆکانەوە. ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک‌کۆماری نوێی وڵاتیش کە هەر لە یەکەم مانگەکانی دیاریکرانی بە سەرۆکی دەزگای داد خرابووە لیستی سزاکانەوە. سەرۆکی نوێی دەزگای داد موحسینیی ئێژەییش چەند سەرە، هەم لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا و هەم سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لیستی سزاکانی یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا دایە. ئەحمەد جەننەتی، سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگان و سادق لاریجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامیش هەردووکیان زیاتر لە ١٠ ساڵە لە لیستی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا دان. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا وڵاتێکە لە دنیادا کە ڕێبەرانی و ئەرکانی حکوومەتەکەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا دان و ئەمە بەرگژەیەکی جیددی لەبەردەم داهاتووی پێوەندییەکانی ڕێژیم لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانییە. لە نێوخۆی وڵاتیش بەرگژەکان کەم نین و ڕەنگبێ هەرکام لەوان بەتەنیا بۆ داڕمانی حکوومەتێکی دێموکرات کیفایەتی حاڵ بێت: لەلایەک لە زۆر و شار و ناوچە خەڵک تەنانەت ئاوی خواردنەوەیان نییە و ڕێژیم بۆوە دەستەوەستانە. بڕینی کارەبا لە هەموو شار و ناوچەکانی وڵات کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ماوەکەی زیاتریش دەبێ، هەم خەڵکی لەو وەرزی گەرمایەدا وەزاڵە هێناوە و هەمیش بووەتە هۆی گەیاندنی زیان و خەساری مادی بە زۆر توێژ و سینفی کۆمەڵگە کە ئیدی خەریکی بەرەیەکی دیکەی نارەزایەتییە گشتییەکان بە دژی کۆماری ئیسلامیی لێ دروست دەبێ. شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆناش کە دەردی سەرباری دەردانە و لە حاڵێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر ڕۆژە و باس لە دروست‌کردنی جۆرێک واکسەنی خۆماڵی دەکەن، ڕۆژ نییە سەدان کەس بەو هۆیە نەمرن. کارەسات لەوە بانتر ئەوەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە حاڵێکدا شاتوشوتی بەرهەمهێنانی پێکوتەی خۆماڵی و واکسینەکردنی هەموو "موستەزعەفەکانی" جیهان دەکەن کە دوای دەستپێکی کوتانەکان لە دنیادا هەتا ئێستا کەمتر لە سەتا ٧ی خەڵکی ئێران واکسینە کراون. لەگەڵ ئەوەدا بێکاری و گرانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبن و لەو سۆنگەیەوە خەڵکێکی پتر دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ناڕەزایەتییە گشتییەکانیش بە تایبەت مانگرتنی کرێکاران لە زۆربەی کەرت و شوێن و ناوچەکانی ئێران دەستیان پێ کردووەتەوە و بەهۆی بارودۆخی هەرە خراپ و شپڕێوی ئابووریی وڵات چاوەڕوان دەکرێ پتر پەرە بستێنن. چارەسەری ئەو ناڕەزایەتییانەش بە وەڵامدانەوە بە ویست و داوای کرێکاران دەکرێ کە خۆیان لە بردنەسەرێی مووچە و حەقدەستەکان، هاوسەنگ‌کردنی مزی کار، پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی کار و دامەزراندنی ڕێکخراوەی سینفیی سەربەخۆدا دەبیننەوە، بابەتێک کە ڕێژیم نە دەیهەوێ و نە لە توانای‌دایە کە ئاوڕیان لێ بداتەوە. چونکی چارەسەری ئەم قەیرانە و وەدیهێنانی داخوازی توێژە جۆراوجۆرەکانی ناڕازیی کۆمەڵ پێویستیی هەم بە سەرچاوەی دارایی و هەمیش ڕوانگە و ئیرادەی شێلگیری دەسەڵاتە، کە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا ناتوانی بۆیان بگەڕێی و خۆی هەلومەرجەکە و قەیرانەکان بەرهەمی ئەم پێکهاتەیە و ڕوانگە چەوتەکانی دەسەڵات بۆ مافی خەڵک و پرسەکانیانە. ئاکامی هەڵبژاردنەکانیش کە گرینگترین پەیام بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو، و نیشانی دا کە خاوەنی کەمترین پێگە و متمانە و ڕەواییەتن و کەمایەتییەکی زۆر بچووکی خاوەن بەرژەوەندیی لێ دەرچێ، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی وڵات چارەی ڕێژیمیان ناوێ. لەو بارودۆخەدا ئەوە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە کە دەبێ دەنگی بەرزی "نا"ی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بکەن بە هەوێنی یەکڕیزی و، بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێزی دێموکراتیک ڕێبەریی ناڕەزایەتییەکان بگرنە ئەستۆ و بە ڕێکخستنی جەماوەری جووڵانەوەیەکی بەرین بۆ لادانی کۆماری ئیسلامی وەڕێ بخەن. بۆ ئەوەش کات درەنگە و زوو نییە.