کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بینای ژمارە پێنج Linke Bahngasse, wien

15:56 - 1 گەلاوێژ 2721

ئێرە شاری "ڤییەن"ە، شاری موسیقا و گۆرانی، شاری کافە و قاوەخانەکان، شاری دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتن، شاری پێکەوەژیان. دەڵێن "ڤییەن" هەمیشە بەخەبەره، شەوەکانی لە ڕۆژ زیندووترن، لێرە خەوتن و بێخەبەری بێ‌مانایە!   بینای ژمارە پێنج ئیرە شە قامی linke Bahngasseـە، شەقامێکی کۆن لە دڵی شاری ڤییەندا. بە دڵنیاییەوە ڕوودای تاڵ و شیرینی زۆری بە خۆیەوە دیوە، بەڵام ڕەنگە هیچ کامیان بە تاڵی کارەساتی ئەورۆ نەبن. لەنێو بینای ژمارە پێنجی ئەم شەقامەدا  تراژیدیایەک بەڕێوەیە. ئەوڕۆ دوور لە چاوی کامێراکان، ڕۆژنامەنووس و تەنانەت هاوڕێیان حێزبی، کەسێک تەواوی ژیانی سەرانسەر خەبات و ڕزگاریخوازیی خۆی کردووەتەوە ئابڕووی ئاشتی و پێکەوەژیان. ئەوڕۆ شەقام ئاڕامتر لە هەمیشەیە، تەنانەت باڵندەکانی ئەم شەقامەش ئەوڕۆ بێدەنگن، دەڵێی پێشووتر ئاگادار کراونەتەوە کە قەرارە چ ڕوو بدا. میوانەکان بێ مانەوە لە پشت دەرگای بیناکە، زۆر خێرا دەگەنە نهۆمی سێهەم، شۆێنی مەبەست. سێ کەسن. بەڕواڵەت لە میوان دەچن، مرۆڤ چۆن دەتوانێ بزانێ ئەوانە بەڕاستی میوانن! خانەخوێ بە ڕووی خۆش بەخێرهاتنی میوانەکان دەکا. لەنێو کوردەواریدا میوان ڕێزی زۆرە، تەنانەت ئەگەر دوژمن بێت. مام جەڵال پێچەوانەی دانیشتنەکانی پێشوو ئەم جارەیان لەگەڵ نییە. "ئیمە باشترمان زانی ئاغای تاڵەبانی بەشدار نەبێ، بەهۆی زاربڵاویی، ڕەنگە نەتوانێ نهێنیی کۆبوونەوەکان بەباشی ڕاگرێ." قەرارە ئەمورۆ درێژەی باسی دانیشتنەکانی ڕابردوو بێت.   ڤییەن شاری موسیقا و گۆرانی "ڤییەن" شاری موسیقایە، شاری گۆرانی، شاری ئۆرکێسترا بەناوبانگەکانی دونیا، دەڵێن ئیرە پێتەختی موسیقای جیهانە. لە هەموو شوێنێک دەنگی ئاواز و گۆرانی دێ، دەنگی ساز و مۆسیقی. گۆشە گۆشەی ئەم شارە بیرەوەریی گەورەپیاوانی مۆسیقای پێوە دیارە. تاریک و ڕوونی ژیانی بەشێک لە مێژووی موسیقای کلاسیکی دونیا. ئێستا بێتهۆوێن دوای چەندین ساڵ کوێرەوەری بۆ گەیشتن بە بەرزترین پێگەی مۆسیقایی بەتەواوی توانای بیستنی لەدەست داوە و ئیتر ناتوانێ گوێی لە شاکارەکانی خۆی بێت. ئۆپێرای "شمشاڵی سێحراوی"ـی موتزارت دڵی هەر ئەویندارێک دەهەژێنێ، تەنانەت ئەگەر هیچ هۆگرییەکیشی بە مۆسیقا نەبێ...   بینای ژمارە پێنج باسەکە گەرمتر لە پێشوو بەردەوامە. خانەخوێ بە چەند پێشنیاری ڕوون هاتووە. دەیەوێ باسەکە بە ئاکامێکی ڕوون بگەیەنێ. قەرارە بناغەی داهاتوویەکی ڕوون لێرەوە دابمەزرێ. "نەسڵی ئێمە نەسڵی دێمۆکڕاسی و خودموختارییە..." ئەوە باشترین هەڵ بۆ شاندی میوانە ئەگەر لەدووی ئاشتی و تەبایی بگەڕێ و ئەگەر پێوشوێنی پێکەوەژیان کەوتبێ... ئەگەر گوێیەک بۆ بیستن هەبێ، بەڵام کەسێک کە نوێنەرایەتیی خودا دەکا، کەی بە مرۆڤ‌بوون ڕازی دەبێت! "ئێستا ئەگەر دواتر کەسێک هات و داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان کرد یا ویستی سۆسیالیزم لە کوردستان دابمەزرێنێ، پێوەندیی بە منەوه نییە... ویست و داخوازییەکانی ئەم گەڵە بە تیرۆرکردنی من (خانە خوێ) قەت کۆتایی نایە، بەڵکوو ڕادیکاڵتر لە ڕابردوو بەردەوام دەبێ، نەسڵی داهاتوو بەباشی ئەزانێ کە ئێوە جێگە لە زمانی زۆر له هیچ زمانێک تێناگەن. "ئەگەر داخوازییەکانی ئێمە جێبەجێ بکرێن، نە تەنیا هیچ گرفتێک بۆ یەکپارچەیی ئیران پێش نایە، تەنانەت ئەوەدەبێتە هۆی نزیک‌بوونەوە لە کوردەکانی عێراق و تورکیەش...". ڕەنگە هیچ کەس وا بە وردیی ئەو نەخشەڕێگەیە نەکیشابێ، نەک هەر بۆ ئەم ڕێژیمه، بەڵکوو بۆ تەواوی ئەوانەی کە باس لە ئیرانی نێو خەونەکان دەکەن... فێدراسیۆنێکی گەورە تا دەرەوەی سنوورەکان! خانەخوێ نایهەوێ هیچ پرسیارێک بێ‌وڵام بمێنێتەوە، نە بۆ ئەمرۆ، نە بۆ مێژوو، بەڵام مرۆڤ چۆن دەتوانێ تاقمێک شوێنیستی سوێندخۆری دوژمنایەتیت تێبگەیەنێ کە گەورەترین خەباتیان دژی کۆماری ئیسلامییش لێدانی ئاڵای شێروخۆر لە سەر جانتەکەیانە! خۆ ڕەنگە ئەوان لەو میوانە داگیرکەرانەش ناتێگەیشتووشتر بن.   ڤییەن شاری کافە و قاوەخانەکان کافە شۆنێکە بۆ دانیشتن و حەسانەوە، لە هەمان کاتدا بۆ گۆڕێنەوەی بیروڕا، کافەکان ساڵانێکە بوونەتە بەشێک لە کولتووری ئەم شارە، ڕەنگە بتوانی هەر کەسێک لەو کافانەدا بدۆزییەوە، لە نووسەرە و فەیلەسووف ڕاب بگرە هەتا ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار و... . له کافه سێنتراڵ، ترۆتسکی بێوچان خەریکی نووسینە بۆ بێ ئابڕووکردنی پڕوپاگەندەی تێزارەکان، چەند ساڵ دوای دوورخستنەوەی زۆرەملێی بە فەرمانی دیکتاتۆری تێزار. ترۆتسکی ئێستاش بێدەنگ نەبووە. لە باوەڕی ترۆتسکی‌دا قەلەم دەتوانێ ڕێگر بێ بەرامبەر بە دەزگای زۆر و درۆ و تیرۆر! کۆ بوونەوەتەوە و گوێیان بۆ گرتووە. دەڵێ: "خەوتن دەرفەتێکە بۆ ڕزگار بوون لە گرفتەکانی بەئاگابوون".  وا دیارە ئەو کەسانەی لە دەورووبەری دانیشتوون باش لێی تێناگەن، زۆر بە سەیری چاوی لێ دەکەن . فڕۆید لە سەر ئەو باوەرەیە کە:  "زۆربەی خەڵک هیچ هۆگرییەکیان بە ئازادی نییە، چونکە ئازادی پێویستی بە بەرپرسیارێتی هەیە و زۆرینەی خەڵک لەو بەرپرسیارێتییە دەترسن."   بینای ژمارە پێنج "ئێمە هیچ کات باسمان لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نەکردووە بەو شێوەیە کە بڵێین لە فڵان ڕۆژدا دەڕووخێ، بەڵام خەڕێکی خەباتین و ئێوەش باش دەزانن ئەگەر کەسێک لە مەیداندا مابێ ئێمەین..." بە دڵنیایەوە میوانەکان! ئەوە باش دەزانن، باشتر لەهەر شتێکی‌تر. ئامانجی سەردانەکەی ئەوان هەر بۆ ئەوەیە...! لە سەرەوەی لیستی ئەو کەسانەی کە دوای تێپەڕینی دە ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی بە بەرەوامی خەریکی تێکۆشان و خەبات دژی ڕێژیمن، ناوی بەڕێزتانە. خەبات لە شاخەکان و دیپلۆماسیی لە دانیشتنەکان. ڕاست دەفەرموون جەنابی خانەخوێ کە کەس لە مەیدانی خەباتدا نەماوە و قورسایی ئەم خەباتە هەر لەسەر شانی کوردەکان قورسایی دەکا... میوانەکانیش زۆر باش ئەوە دەزانن، خۆ پێشووتر گوتم ئامانجی سەردانەکەیان هەر ئەوەیە، هاتوون ئەمەش یەکلا کەنەوە...   ڤییەن شاری پێکەوەژیان چارڵز ئێمێرسۆن نووسەری کتێبی" 1913-جیهان پێش شەڕی گەورە" لەبارەی "ڤییەن"ەوە دەڵێ: "حکومەتی ناوەندی هیچ‌کات دەسەڵاتێکی زۆری نەبوو و تا ڕادەیەکیش کەمتەرخەم بوو . ئەگەر لە ئورووپا لە شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە دەگەڕێن کە لە هەمان کاتدا بتوانن لەگەڵ خەڵکانێکی زۆر پێوەندی بگرن، ڤییەن باشترین بژاردەیە." لێرە هەموو جۆر کەسێک و هەموو جۆرە بیروڕایەک ڕێگەپێدراوە، لێرە دەتوانی ڕابردووی کەسانێک بدۆزێیەوە کە مێژوو تێدا ماوە. وەک ئێستالین کە ئەویش وەک ترۆتسکی بە هۆی دژایەتیی تێزار لە ڕووسیە دوور خراوەتەوە و خەریکی درێژەی خەباتی شۆڕشگێڕانەیە. مرۆڤ چۆن بزانێ دواتر دەبێتە جەلادێک بکوژتر و خوێنخۆرتر لە تێزارەکان کە تەنانەت دوای دوورخستنەوەی ترۆتسکی! دیسانەکەش دەستبەرداری نابێ هەتا لەو سەری دونیا، لە مێکزیکۆ لە خوێنی خۆی نەگەوزێنێ... کەمێک دوورتر لاوێکی لاوازی کەم تەمەن کە بە ئامانجی خۆێندنەوەی وانەی نەققاشی لە زانکۆی هۆنەرە جوانەکانەوە هاتووەتە ڤییەن و خەریکی بیرکردنەوەیە. ڕەنگە بەجێی نەققاشی، بیەوێ سەرلەنوێ نەخشەی دنیا بکێشێتەوە. هەر بەڕاست هیتلێر و شێوەکاری و ڕەنگ و تابلۆ....؟ لە باشووری ڤییەن "یوسیپ برۆز" لە کۆمپانیای دایملێر خەریکی کارە. ئەو زۆرتر لە کارێکی باشتر دەگەڕێ بۆوەی پارەی زیاتری هەبێ و بەشی خۆش ڕابواردنەکانی بکا. کێ دەزانێ قە ڕاره دواتر ببێ بە مارشاڵ تیتۆ، ڕێبەری کۆمۆنیستی یوگسلاڤیا و باس لە چینی چەوساوەی هەژار بکا...!   بینای ژمارە پێنج دەنگی فیشەک دێ، دەنگی تێنەگەیشتن، دەنگی کۆنەپەرستی. بۆنی خوێن دێ، بۆنی بێ‌ئابڕوویی جەماعەتی تاریکی‌پەرست. کێ بوو دەیگوت ئەوانە میوانن، بۆ ئاشتی هاتوون، بۆ تەبایی و ژیان.  خۆ من گوتم ئەوانە لە میوان ناچن! کێ بوو دەیگوت ئێره شاری مۆسیقایە، شاری دیالۆگ، شاری ڕاوێژ و لێک‌تێگەیشتن، شاری پێکەوەژیانە؟ چ ڕووی دا کە لە بری سەمفۆنیای بێتهۆوێن و شمشاڵە سێحراوییەکەی موتزارت دەنگی گولله دێ؟ کێ بوو دەیگوت ڤییەن هیچ کات خەو لە چاوانی نایە، هەمیشە ڕووناک و زیندوویە، کێ بوو؟ هەر هەمووی درۆ بوو؟ ڕاستی كی دەڵێ یەلدا درێژترین شەوی ساڵە؟ کێ دەڵێ درێژترین ڕۆژانی ساڵ ڕۆژەکانی پووشپەڕن؟ من دەڵێم يەلدا شەو نییە ڕۆژە و ڕۆژی لەدایک‌بوونی ئاشتییە. پێچەوانەوە ڕۆژانی پووشپەڕ شەون، شەوانێکی ئەنگوستەچاو، درێژ و بێ‌بەیانی... .   دانووب جێژوانی چۆڵ ئیرە شوێنی پێک‌گەیشتنە، شۆنێک بۆ دوورکەوتنەوە لە دنیای خەم و ژان، بۆ یەکبوون و پێکەوەژیان. گرینگ نییە چەند ساڵ بی، تازەلاو، وەنێوکەوتوو یان پیر، ژن یان پیاو، گرینگ نییە هەڵگری کام ناسنامە و پاسپۆرت بی، یان خاوەنی کام زمان و ئایین، دارا یا نەدار، تەنیا دەبێ ئەویندار بیت. دڵنیابه لێرە کەسێک دەدۆزێیەوە کە چاوەڕوانی تۆ بێ، نەک هەر ئەمشەو، تەواوی ئەو شەوانەی کە خۆشەویستی بە درێژایی دانووب سنووره دەسکردەکان دەبرێ و دەگەڕێتەوە سەرچاوەی ڕاستەقینە، بۆ شوێنی لەدایک‌بوونی. شەوەزەنگە و جێژوان چۆڵ...