کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆری د. قاسملوو و بۆنبەستی دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

15:59 - 1 گەلاوێژ 2721

هەندی ڕەهەند و لایەنی تیۆری و سیاسی لە دنیای سیاسەتدا هەیە کە گرێدراوی جۆری ئاوەز و بیرکردنەوەی کەسانێکە کە نەکە هەر داهێنەری ئەو بۆچوونانەن، بەڵکوو بۆ پڕاکتیزەکردنی ئەو ئاوەزانەش هەنگاوی گرینگ و بەکردەوەیان هەڵێناوەتەوە. هەموو کاتێک کۆمەڵگەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕەوتی هزریی خاوەنانی ئاوەز و مەیلەو نوێخوازی ڕێیان بڕیوە. کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانیش کە لە ئێستادا یاسامەند و سەقامگیر بوون، ئاکامی کاریگەریی ئاوەزە پێشکەوتووەکانن. ئەوجۆرە پێشکەوتنانەی ئەمڕۆ بەرچاو دەکەون بۆ ئەو بەستێنە زەینییانەی ئەم کۆمەڵگەیانە و شێوەی شوێندانەریی بیروڕای گشتی لەسەر بنەمای تێ‌هزرینی یەک بە یەکی ئەندامانی ئەوان کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە. هەروەها بیرمەندگەلێک لە ناخی ئەم کۆمەڵگەیانە هەڵکەوتوون کە نەک هەر شەقام، بەڵکوو کۆمەڵگەی خۆیان و تەنانەت کۆمەڵگەی مرۆییشیان بەرەو ئیدەئالەکان ڕێنوێنی کردووە. دیارە ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکاندا قوربانییشی وەرگرتووە کە چاخی ڕێنێسانسی ئورووپا لەم بارەیەوە زۆر نموونەمان پێشان دەدەن. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، بیرمەندی گەروەی کورد مەبەستی ئەم نووسینەیە. د. قاسملوو وتەیەکی بەنرخی هەیە کە دەڵێ: "هەر گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا." ئەم وتەیەی د. قاسملوو لەسەر ئەو کۆمەڵگەیانە کە باسیان کرا و لە ئێستادا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە عەزرەتەوە چاویان تێ بڕیون تەواو ڕاستە، چونکی بەها و تێچووی دۆخی ئێستایان (پێشکەوتن و ماف و ئازادییەکانیان) داوە. ژیان و پێگەیشتنی د. قاسملوو لەو کۆمەڵگەیانە و لە نیزیکەوە بینینی ڕەوتی ئازادی و دێموکراسی‌خوازیی ئەم نەتەوانە هەوێنی گوورانی هزر پێشکەوتووەکان لە مێشک و دڵ و دەروونی نەمریاندا بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای نسکۆی کۆمار و لێک‌ترازانی ڕیزەکانی و پەرش‌وبڵاویی هێزەکانی لە ماوەی چارەگە سەدەی دوای ڕووخانی کۆمار، لەسەر دەستی بیرمەندێکی گەورەی وەک. د قاسملوو دادەڕێژرێتەوە و دەبووژێتەوە. د. قاسملوو لە بارودۆخێکدا ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی گرتە دەست کە شەپۆلی چەپ دنیای بەسەر دوو جەمسەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات‌دا دابەش کردبوو. ئەگەرچی لەو قۆناغەدا خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوە بندەستەکان لە تیوریی چەپ بژیوی وەردەگرت و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش وەک حیزبێکی پێشکەوتووی نەتەوەیەکی بندەست و مافخواز لەو چوارچێوەیەدا پێناسە دەکرا؛ بەڵام د. قاسملوو هۆوییەتێکی دیکەی بە حیزبی دێموکرات و خەباتی نەتەوەی کورد لە ئێران بەخشی. د. قاسملوو کە لە ماوەی ژیان و خوێندنی باڵای لە ئورووپای ڕۆژهەڵات‌دا ڕەوشی سیاسیی نیزامە سیاسییەکانی ئەم بلۆکەی لە نیزیکەوە بینیبوو، هەوڵی دا بە دەربڕینی سێنتێزێک لە چەپ -ڕیئال سۆسیالیزم- پێناسە بکا و شوناسێک بە حیزبەکەی ببەخشێ کە هەڵگری تیۆریی خۆماڵی‌کراو بێت. ئەو لە "کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزم"دا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە کوردستاندا پیشەسازیی سەرمایەداری هەر بوونی نییە هەتا لەدژی ئەو بزووتنەوەیەکی پڕۆلیتاری سەر هەڵبدا. ئەو هەر لەو پێوەندییەدا دەپڕژێتە سەر ئەوە کە کورد لە ئێراندا بەدەر لە پرسی نەتەوایەتی نابێ ماف و پرس‌گەلی دیکەی وەک پرسی ژنان، کرێکاران و لاوان و پرسەکانی دیکەی کۆمەڵ پشتگوێ بخا. ئەو پێداگرە کە حیزبی دێموکرات بەبێ ئاوردانەوە لەو پرس و بابەتانە ناتوانێ ڕەوتی خەباتەکەی لە تەواوەتیی خۆیدا بباتە پێشێ. ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەردی بناغەی دامەزرانیەوە ناسناوی دێموکراتی بۆ خۆی هەڵبژارد و ئەو ناسناوە دەربڕ و لەخۆگری زۆر چەمک و مانایە، ئەویش لە ناوچەیەکدا کە لەلایەن یەکیەتیی سۆڤییەتەوە بەهۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە داگیر کرابوو؛ بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەی کە باس و تیۆرییە بنگەییەکانی حیزبی دەسەڵاتداری یەکیەتیی سۆڤییەت تەنانەت لەوکاتەشدا نەیتوانی کاریگەریی تەواوی لەسەر ڕێبازی فکریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دابنێ و بیری چەپ لە هەناوی حیزبی دێموکراتدا خۆماڵی کرا. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم باسە مێتۆدی دێموکراتیک لە حیزبی دێموکرات‌ دایە کە لەگەڵ لەدایکبوونی لە ژینگەیەکی سیاسیی تایبەت –لە وڵاتێکدا کە ڕیژیمی پاشایەتی حوکم دەکا- گرتنەبەری تیۆریی دێموکراسی و تێپەڕین لە فکرییەتی دیکتاتۆڕی لە وڵاتێکدا کە نوقمی سەرەڕۆیی و ئیستبدادی مێژوویی بوو، بووە هۆی گەشە و هەڵدانی و ئەوە دەبێ بە پێشکەوتنێکی هەرە مۆدێرن و ئەوڕۆیی دابندرێ. ئەم ئاوانگاردییە فکرییە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمەوە هاوهەنگاو لەگەڵ ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆنێک کە بەرەبەرە لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئێستا -لەو بڕگە مێژووییەدا- پڕاکتیزە دەبێ، کەچی لەلایەن وڵاتانی زلهێزی بڕیاربەدەستەوە بەهەند وەرناگیرێ، وەک چۆن بینیمان پشتی کۆماری کوردستان لە عەرز دەدرێ. ڕەوتی دێموکراسی‌خوازیی حیزبی دێموکرات دوای کۆماری کوردستان و لە قۆناغی خەباتی نهێنیی ئەم حیزبەشدا پێ‌بەپێی گۆڕانکارییەکان دێتە پێشێ و پاش ئەوەی د. قاسملوو ڕێبەریی حیزب دەگرێتە ئەستۆ؛ ڕەهەندی جیاواز دەگرێتە خۆی. د. قاسملوو دوگماتیزمی ڕیئال سۆسیالیزم شوێنی لەسەر دانانێ و خەسڵەتی میللی-دێموکراتیک دەبەخشێتە حیزبی دێموکرات. هەوێنی بیرکردنەوەی د. قاسملوو سەنتێزێکە لە بیری چەپی ئاوێتەکراو بە خواستی میللی دێموکراتیک بۆ گەلی کورد. ئەو کاتەش کە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان شۆڕش دژی دەسەڵاتی پاشایەتیی لێ دەکەوێتەوە، حیزبی دێموکرات خەباتی ئاشکرای خۆی بە میتینیگەکەی مەهاباد دەست پێ دەکاتەوە و جێ‌کەوتنی بنەما فکرییەکانی قاسملوو پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ. دوکتور قاسملوو بەدەر لەو بایەخ و گرینگییەی بە پرسی کورد لە ئێرانی دەدا، هاوکات وەک لە ڕوحی مەرامنامەی حیزبەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە پشتگیری لە دۆزی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستانی بە ئەرکی خۆی دادەنێ. بۆ ئەمەش هەنگاوی بەکردەوەی نا و ئەم دیپڵۆماسییەی د. قاسملوو لە ڕۆژئاوا بۆ ناساندنی پرسی کوردی گرتە بەر تەک‌ڕەهەند و تایبەت بە پرسی کورد لە ئێران نەبوو. ئەو پێشتریش لە "کوردستان و کورد"دا پێشانی دابوو کە کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک نیشتمانە. ئەوەش وایکرد کە فڕانسوا و دانیەل میتەران کە لە هاوڕێیانی سۆسیالیستی د. قاسملوو بوون لە دەیەکانی دواتردا ڕۆڵی زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر لە ڕەوشی سیاسیی باشووری کوردستان‌دا بگێڕن. ڕەهەندی دیکەی بیر و ئاوەزی د. قاسملوو گرتنەبەری پێوەندیی دێپلۆماتیکی کاریگەر بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لەگەڵ ئەو وڵاتانە بوو کە دەسەڵاتی بەشێک لە خاکی کوردانیان پاوان کردبوو. ڕێکخستنی دانوستانەکان لەنێوان حیزبی بەعس -سەدام حوسێن- و بزووتنەوەی کورد -یەکیەتیی نیشتمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان- بەشێک لە ئیبتیکارەکانی د. قاسملوو بوو. هاوتەریب لەگەڵ پرسی وتووێژ، د. قاسملوو کات و وزەیەکی زۆری بۆ پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ڕێژیم و کەسایەتییەکانی شوێندانەر لە بزووتنەوە دادەنا و دروست‌کردنی بەرەیەکی بەهێز لەدژی حکوومەتی ناوەندی لە هەر دوو قۆناغی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لە بەرنامە سەرەکییەکانی نەمر قاسملوو بوو کە هەوڵی بۆ دەدا. باوەڕی بەکردەوە بە دیپڵۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لەلایەن د. قاسملوو کە سەرکردایەتیی حیزبێکی چەکدار و شۆڕشگێری لە مەیدانی خەبات بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورددا دەکرد، یەک لە خاڵە بەرچاوەکانی کەسایەتیی ئەو نەمرەیە. کەسایەتیی تێکنۆکرات و کاریزماتیکی قاسملوو بۆ شوێن‌دانان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان لە بیاڤی دێپلۆماتیک، پێوەندیی نێودەوڵەتی و تەشکیلاتی لە حیزبەکەی خۆیدا لە زۆر بواردا دەسکەوتی زۆری هەبوو و هەیبەت و هەیمەنەیەکی تایبەتیی پی بەخشیبوو. هاوکات چۆنیەتیی خەبات دژی ئەو ڕێژیمەی د. قاسملوو وزە و ئاوەزی خۆی و حیزبەکەی بۆ تەرخان کردبوو جێگەی تێڕامانە. د. قاسملوو هەوڵی دەدا دنیابینی و جۆری بیرکردنەوە و تێڕامانی ڕێبەرانی ڕێژیم بۆ لای پرسە جیهانییەکان و یەک لەوان پرسی مافە نەتەوایەتییەکان بگۆڕێ. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا زۆر کەسایەتی بۆ ڕچەشکێنی و گۆڕان‌خوڵقێنی لە کۆمەڵگەی خۆیاندا سەریان هەڵداوە کە بە ڕاشکاوییەوە دەتوانین بڵێین د. قاسملوو دیارترین و سەرتۆپی شوێندانەرترین کەسێتییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە جیا لەوەی ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەکەی خۆی بوو، کەچی بۆ چرکەساتێکیش سەرنجی لەسەر خەباتی نەتەوەکانی دی بۆ ئازادی و ڕزگاری و مافە مرۆییە جیهانداگرەکان لا نەچوو. هەر بۆیەش دەتوانین بڵێین کە تێرۆری ئەو کەسایەتییە مەزنە و حەزفی فیزیکیی د. قاسملوو لە ڕاستیدا تێرۆری دیپلۆماسی و ڕووخاندنی پردی پێوەندیی نێوان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کۆمەڵگەی جیهانی بوو، ئامانج لەوەش ئەوە بوو ڕەوتی گۆڕانکارییەکان و بەرەوپێش‌چوونی نەتەوەکان ڕۆژهەڵات نەگرێتەوە. لەخۆڕا نییە کە قۆناغی دوای تێرۆری د. قاسملوو، زەمەنی پتر ڕۆچوون لە سڕبوون و پاشکەوتووییە و چەندە لەو بڕگە مێژووییەدا بۆ تێپەڕین لەو دۆخە بۆشایی کەسایەتیی تەکنۆکرات، دیپلۆمات و کاریزماتیکی وەک د. قاسملوو هەست پێ دەکرێ.