کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

16:02 - 1 گەلاوێژ 2721

ئەگەر بمانەوێ هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتیی د. قاسملوو بکەین دەبێ بگەڕێینەوە بۆ چەند خاڵێکی جەوهەری و بە ئاگاهییە لەو قۆناغە بڕوانین کە ئەو تێیدا ژیاوە، نەک بە چاوی ئێستای دوای ڕووخانی بلووکی سۆسیالیستی و گۆڕانی جیهان بە یەک ئاراستە و یەک جەمسەری و هێژموونیی سەرمایەداری. خەباتی دوکتور قاسملوو دەبێ بەسەر دوو قۆناغ‌دا دابەش بکەین: خەبات لەدژی ڕێژیمی پەهلەوی و خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی. لە هەر دوو قۆناغەکەدا د. قاسملوو ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەی هەبووە. هاوکار قۆناغی سەردەمی پەهلەوی و قۆناغی خەباتی نهێنی، قۆناغی خەباتی دەربەدەری و ئاوارەیی لە ئێران و لە بەغدا تا چوونی بۆ ئۆرووپا دەکرێ بە چەند وێستگەیەکی جیاوازتریشدا دابەش بکرێ. لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە، تا هاتنیان بۆ باشووری کوردستان، ئەو قۆناغەی کە دەگوترێ باڵی نەتەوەخوازی زاڵە بەسەر باڵی چەپ و سۆسیالیستیی حیزب کە بووە هۆی دوورخرانەوەی د. قاسملوو هەتا دەگەینە قۆناغی بووژاندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەیەی ٥٠ی زایینی کە دوکتور قاسملوو ڕۆڵی سەرەکیی تێدا گێڕا. د. قاسملوو ئەو کاتە کە لە دەرەوەش بوو باڵوێزی کورد بووە لە ئورووپا و لە کاری دانیشگاهی و مامۆستایەتیدا هەمیشە هەوڵی داوە دۆست و هاوکار و یار بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد پەیدا بکا. تەنانەت بە تەنیا و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی بەدەر لە ئۆرگانی حیزبی دێموکرات، ٢٦ ژمارەیان لە ڕۆژنامەی کوردستان دەر کردووە کە شیکردنەوەی گوتاری حیزب و سیاسەتەکانی ڕێژیمی پەهلەوی بووە بۆوەی خەڵکی ئورووپایی و ڕۆژئاواییەکان ئاگادار بکەنەوە لە زوڵم ستەمەی پەهلەوی بەرامبەر بە کورد دەیکرد. لە دەیەی ٧٠ ی زایینیدا ئەو دەرفەتە ڕەخسا کە د. قاسملوو بگەڕێتەوە کوردستان و حیزبی دێموکرات بکاتە ئەو حیزبە مۆدێڕن و پێشەنگە و هەروەها میراتێکی گەورە بۆ هەموو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەجێ بێڵێ. ئەو لەو قۆناغەدا توانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بخاتەوە سەر پێی خۆی، لە ڕووی بەرنامە و پێڕەو، لە ڕووی فکر و سیاسەت و بەرنامەدانان بۆ ئەو حیزبە بەپێی هەلومەرجی ئەوکات. چونکە ئەو قۆناغەی کە ئەو تێیدا حیزبی دێموکراتی ڕێک خستەوە و بەرنامە و مەرامنامەی بۆ دانا، قۆناغێکە کە زۆربەی حیزبەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان کاریگەریی بیری چەپ و مارکسیزم لینییزم‌یان بەسەرەوە بوو. بەڵام دوکتور قاسملوو ئەو ڕێچکەیەی بەو شێوەیە سووڕاندەوە کە لەگەڵ باوەڕمەندبوونی بە خەباتی چەپایەتی و بۆ یەکسانیخوازی و دادپەروەری و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌، ئەوەی خستە بەرنامەی حیزبی دێموکراتە کە لە ڕەوتێکی چەپە گۆڕیی بۆ ڕەوتێکی چەپی نەتەوەخوازی کە وەکوو میراتێک لە کۆماری کوردستانەوە بۆیان مابۆوە و لە بیر نەتەوەخوازێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شەبەنگی دەداوە. قۆناغی دەیەی کۆتایی تەمەنی دوکتور قاسملوو، لە شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا ئەو ڕۆژەی تێرۆر کرا، ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لەسەر ئاستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو بە بەهێزترین حیزب لە ڕووی پێگەی جەماوەری لە کۆمەڵگەی کوردی لە ئێراندا. بەڵام بەداخەوە لە قۆناغی دوای دوکتور قاسملووەوە هەتا ئێستاکەش چەند بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئەو حیزبە دروست بووە و ئەم حیزبە بە زۆر هەوراز و نشێودا تێ‌پەڕیوە و بە خۆشییەوە ڕێبوارانی ڕێگای دوکتور قاسملوو لەسەر خەباتەکەی و ڕێبازەکەی بەردەوامن.   بۆچی دوکتور قاسملوو لەنێو ڕێبەرانی کورددا بەرچاوترینیان بوو؟ ئەگەر چاو لە مێژووی کورد دەکەین کێشەیەکی گەورە لە بەردەم جووڵانەوەکان ئەوە بوو کە بە نەمانی سەرکردەکان، بە نەمانی سەردارەکان شۆڕش و ڕاپەڕینەکان یان چارەنووسی حیزب و رێکخراوەکان بەرەو هەڵدێری نەمان ڕۆیشتووە. بەڵام دوکتور قاسملوو ئەو سەرکردەیەی سەردەمی خۆیەتی کە پێی دەگوترێ ڕێبەرایەتیی مۆدێڕن. ڕێبەرایەتیی بەدەر لە عەشیرەگەری و بەدەر لە شێخ و مەلا و ئەو قۆناغەی کە سەرکردەی مۆدێڕن لەنێو کورددا دروست دەبێ. ڕێبەری مۆدێڕن بە باوەڕی من لە ئاستی باشوور کۆچکردوو مام جەلال و لە ئاستی ڕۆژهەڵات شەهید دوکتور قاسملووە. ئەوانە لە قۆناغی خۆیاندا سەرکردەی مۆدێڕن بوون و ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەیان تێدا بووە، کە بتوانن ببنە باڵێۆزی کورد لە ئاستی جیهاندا. دوکتور قاسملوو زۆر لە پێش سەردەمی خۆی بوو. ئەوکات کە دوکتور قاسملوو لە دەیەی ٦٠ لە باری فیکرییەوە باسی لە بەهاری پڕاگ و پرسی چێکۆسلواکی دەکرد و ڕەخنەی لە سیاسەتی یەکیەتیی سۆڤیەت دەگرت، ئەمە بە کوفرێکی زۆر گەورە دادەندرا. بەڵام چەند ساڵ دوای مەرگی د. قاسملوو بوو کە دەرکەوت بیروئەندیشەکانی ئەو چەندە کاریگەر و چەندە لەجێی خۆیدا بوون. بێگومان ئەگەر دوکتور قاسملوو کورد نەبوایە، هەم خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێ دەبەخشرا و هەم پەیکەری بڕۆنزی لە ڕێکخراوە و ناوەندە جیهانییەکان بۆ دروست دەکرا. سەرکردەی خاوەن ئیدئۆلۆژی و خاوەن فیکر ئەوەیە کە وەکوو دوکتور قاسملوو توانیی بەربەرەکانی بەرامبەر بە ڕێژیمێک بکا، کە هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە مافی کورد نەبوو. دوکتور قاسملوو لە مێژووی بڕیار و هەڵوێستەکانیدا سەلماندوویەتی کە دژی شەڕە، بەڵام کە شەڕ یەخەی گرتی، ناچاری بەگژیدا بچیتەوە. ئەوەی لەو ماوە کورتەی قۆناغی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەدەست هات، ڕۆڵ و کاریگەریی دوکتور قاسملووی ئەوەندە بەسەرە بوو کە توانیان لە ڕێگای ئەنجوومەنی گوندەکانەوە و لە ڕێگای بیر و ئەندیشەکانی دوکتور قاسملوو بەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرنامەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بتوانن خەڵک فێری ئازادی و دێموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بکەن. ئەو خۆسەری و خۆبەڕێوەبەرییە کە ئێستا لە ڕۆژئاوا و لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەیانەوێ بیگرنە بەر و باسی لێ‌دەکرێ، من میراتەکەی دەگەڕێنمەوە بۆ سەردەمانی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە سکرتێریی دوکتور قاسملوو. زۆر گرینگە بتوانی لە بەرامبەر ڕێژیمێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی، بە هەموو سیاسەتە توندوتیژەکەی چ لە ڕووی سەربازی، چ سیاسی و هێرش و پەلامار و تێرۆر، تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات توانیان تا نێوەڕاستی ١٩٨٥ لە نێوخۆی وڵاتدا خۆیان ڕابگرن و بەربەرەکانی بکەن و دواتر خەباتی پارتیزانیش هەتا کۆتایی دەیەی ٨٠ی درێژە پێ‌بدەن. دوکتور قاسملوو باوەڕێکی زۆری بە دێموکراسی هەبوو. هەرچەند نەیاران و ڕەخنەگرانی دوکتور قاسملوو باس لەوە دەکەن کە مادام ئەوەندە پێداگر بووە لەسەر دێموکراسی، بۆچی هەتا ئاخری ژیانی هەر سکرتێر و کەسی یەکەمی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە؟ بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرت لێرەن و شایەتیم بۆ دەدەن کە بە درێژایی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات، تاوەکوو مەرگی دوکتور قاسملوو هیچ جارێک یەکەم دەنگی لە گۆنگرەکاندا بەدەست نەهێناوەتەوە. بەڵام لەنێو ئەندامانی ڕێبەریدا وەکوو سکرتێر و پێشەنگ هەڵیان‌بژاردۆتەوە. لەبەر پێویستیی قۆناغەکە و پێویستیی زەمەنەکە، تێگەیشتنی بۆ تەعامول لەگەڵ بزووتنەوەی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات‌دا. بەشێک لە هاوڕێیانی کە لە سەرەتای دەیەی ٨٠ لێی جودا بوونەوە، باوەڕیان وا بوو کە کۆماری ئیسلامی لە ئێران خودموختاری بە کورد دەدا و نابێ بەربەرەکانی و دژایەتیی و شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکرێ. دوکتور قاسملوو زۆر لەوان پێشتر تێگەیشتبوو کە کۆماری ئیسلامی ئەو دەوڵەت و سیاسەتەی نییە کە ددان بە لانیکەمی مافەکانی گەلی کورد تەنانەت مافی کولتووریشی دابنێ. دواتر ئەوانیش لە ١٩٨٤وە پەرتەوازە بوون و چوونەوە نێو حیزبی توودەوە. دوکتور قاسملوو باوەڕی بە ئاشتی و وتووێژ بوو، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لەگەڵ بوونی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران‌، بەڵام بۆ دواجار ڕێژیمەکانی داگیرکەر لە کوردستان هەر دەبێ لەسەر ڕێگای مێزی وتووێژ، چارەسەری پرسی کورد بکەن. جگە لەوە دوکتور قاسملوو ڕۆڵێکی گرینگی دیکەی هەبوو لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. هەتا ئەوکاتی باوەڕی وابوو کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئێرانییەکان و فارسەکان لە دەرەوی کۆماری ئیسلامی ددان بە مافەکانی کورد دادەنێن، هاوسەنگی هێزی لەگەڵ ڕاگرتن. بەڵام کە بینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەسەر بیری ڕەگەزپەرستی ئامادە نین لە ئۆپۆزیسیۆن بوونیشیاندا دان بە مافەکانی کورد دابنێن، وەلای نان و ئەوە خاڵێکی گرینگ بوو. خاڵێکی دیکە: دوکتور قاسملوو ڕێچکەیەکی دامەزراند بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەشانازییەکی گەورە بۆی بمێنێتەوە کە نەکەوتە ژێر هێژموونیی ئیقلیمی سیاسەتی وڵاتان، بەتایبەتی عێراق کە دەروازەی هاوکاری و دەروازەی، تێپەڕین و دەروازەی یارمەتیدانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، وەکوو ئەوەی کە دەڵێ دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. بەڵام لەسەر پاراستنی بنەمای کەسایەتیی سیاسی خۆی و سەربەخۆیی خۆی و سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان. من جارێکی دیکە لە قەڵای دێموکرات لە سمینارێکدا لە یادەوەرییەکدا لەسەر دوکتور قاسملوو گوتم، کە ئەوکاتەی ساتەوەختی ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکانی "موخابراتی" عێراقی بوو، هەتا وەکوو ئەوڕۆکەش ئێمە بەڵگەنامەیەکمان نەدیوە لەسەر ئەوەی لایەنگریی حیزبی دێموکرات بۆ ڕێژیمی بەعس بەسەلمێنی بە دژی پارتەکانی باشووری کوردستان، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە پارتەکانی کوردستانی عێراق کەوتنەوە ژێر کاریگەریی کۆماری ئیسلامی و دژایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەسەر دوکتور قاسملوو دەتوانم بە کورتی بڵێم: - دوکتور قاسملوو توانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چوارچێوی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بخاتە سەر ڕێچکە و پێگەیەک کە هەتا ئەمڕۆکەش بە هەموو کەموکۆڕییەکانیەوە بەردەوامە. - دوکتور قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی میراتێکی مەعنەویی زۆری بۆ حیزبەکەی بەجێ هێشت. باوەڕمەند بوون، سەربەخۆیی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی بە لەبەرچاوگرتنی پرسی کورد لە چوار بەشی کوردستان‌دا. ئەوەی کە ئێستا بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستان کێشەن بۆ پارچەکانی دیکە دەیانەوێ لەو ڕێبازە لا بدەن. بەڵام ئەوەی کە دوکتور قاسملوو باوەڕی پێی هەبوو، و ئێستاش وەک میراتێکی مەعنەوی ماوەتەوە، سەربەخۆیی سیاسییە و دەستێوەڕنەدانە لە کاروباری پارچەکانی دیکە کوردستان. - دواخاڵ تێهزرین و باوەڕە سیاسییەکانی د. قاسملووە کە لە سەردەمی ئێستاشدا برەویان هەیە و لەگەڵیان دەژین.