کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیا و ڕاگەیاندن، ئەرک و چارەنووسیان لە ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکان‌دا

16:06 - 1 گەلاوێژ 2721

لە سەردەمانی کۆنەوە تا ئێستا ڕاگەیاندن ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە لە کۆکردنەوەی خەڵک بە دەور بیرۆکەکانەوە،بەتایبەت لە کاتی شەڕدا. پێشتر زانایانی ئایینی بە بەشارەت‌دانی بەهەشت و گوێڕایەڵی لە پێناو ئەمری پاشادا خەڵکیان بۆ مەیدانی شەڕ ڕادەکێشا،لە دنیای ئەمڕۆدا بە گشتی میدیاکان ئەم ئەرکەیان وەئەستۆ گرتووە. ڕەنگە کارکردی مێدیا لە شەڕەکاندا بۆ زۆر کۆن بگەڕێتەوە، بەڵام لە چاخی نوێدا و بۆ یەکەم جار میدیای نوێ لە شەڕی یەکەمی جیهانی شوێن‌پێی خۆی کردەوە. پاش دەستپێکی شەڕ و ئەو خەسارە گەورەیەی وا لێی کەوتەوە، دەوڵەتان بە سازکردنی فیلم و بڵاوکردنەوەی وێنە لە مەیدانەکانی شەڕ هەوڵەکانیان بۆ ڕاکێشانی خەڵک و گۆڕینی ئاکامی شەڕ بە سوودی خۆیان پەرە پێدا. بۆ نموونە ناوەندێکی دەوڵەتی لە ئاڵمان‌ بە ناوی (بوفا) ساز کرا کە ئەرکی ئەوە بوو وێنەی ئازا و نەترس لە سەربازی ئاڵمانی بڵاو بکاتەوە و ورەی خەڵکی پێ بباتە سەرەوە و بە نیشاندانی کاریکاتۆر و هەواڵ و وێنە هەوڵی ئەوە بدا کە هێزی سەربازیی بریتانیا، فەڕانسە و ڕووسیە بە هێزێکی لاواز و شکست خواردوو بێنێتە پێش چاوان،لە بەرەی بەرانبەردا بریتانیا بەڕێوەبەرایەتییەکی بچووکی بە ناوی دەفتەری ڕاگەیاندنی شەڕ (دابڵیو پی بی) دامەزراند و هەوڵی سەرەکیشی ئەوە بوو کە سیمایەکی شەڕئاشۆ و خوێنڕێژ لە دوژمن (ئاڵمان) بڵاو بکاتەوە. شەڕی دووهەمی جیهانییش بە هەمان شێوە بوو بە مەیدانی تەبلیغ و پڕوپاگەندای دەوڵەتان و ئەزموونی سەرکەوتووی شەڕی یەکەم‌ کارێکی کرد کە ئەم ئامرازە لە شەڕی دووهەمدا وەکوو چەکێکی کاریگەرتر لە بەرنامە و داڕشتنەکانی وڵاتان بەرانبەر بە یەک دەکار بکرێ. ڕادیۆ وەکوو ئامرازێک کە پێوەندیی نێوان خەڵک و دەوڵەتی ئاسان دەکردەوە ڕۆڵێکی کاریگەری لەم سەردەمەدا هەبوو. لە دەستپێکی شەڕی دووهەمی جیهانیدا ئینگلیز لە بواری بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ڕادیۆیی بۆ نەتەوەکانی دیکە جگە لە ئاڵمان ڕکەبەرێکی نەبوو. لەو سەردەمەدا سانسۆڕ و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندای دەوڵەتان بەرانبەر بە یەک پتر بەرچاو بوو. پاش تەواوبوونی شەڕ و دەسپێکی سەردەمی شەڕی سارد کە زیاتر لە چل ساڵی خایاند و دنیا بە سەر دوو جەمسەری شەرق و غەرب دابەش کرا، شایەتی بکێش بکێشی دوو زلهێزی ئەو سەردەمە، واتە ئەمریکا و سۆڤییەتین کە درووست‌بوونی هاوپەیمانەتییە نێونەتەوەییەکان و کۆکردنەوەی وڵاتان بە دەوری دوو بیرۆکەی جیاوازی لێ‌کەوتەوە. لەو سەردەمەدا جگە لە چەکوچۆڵ و ئامرازەکانی شەڕ زۆر شتی ‌کە گرینگیان پەیدا کرد و ئەوەی کە کام بلووک دەسەڵاتی یەکەمە لە دنیادا بوو بە نوقڵی نێو هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و شەڕی ئەو دوو وڵاتەش لە مەیدانی فیزیکیەوە گوازرایەوە بۆ مەیدانی میدیا، وەرزش، زانست، هونەر و...؛ بەڵام ئەوەی کە لە ئاکامدا بوو بە هۆکاری سەرکەوتنی بلووکی غەرب ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ڕاگەیاندن بوو. لە ئێستاشدا دەبینین کە میدیاکان ئامرازێکی تایبەتن بۆ گواستنەوەی بیروبۆچوون بۆ نێو کۆمەڵگە. وەکوو نموونەیەکی هەست‌پێکراو و نزیک لەم سەردەمەدا بیرۆکەی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و داعشە کە وەکوو دوو دەستی یەک جەستە وان. کۆماری ئیسلامی بە تەبلیغاتێکی زۆر هەوڵی ئەوە دەدا کە خۆی بە وڵاتێکی خاوەن دەسەڵات و ڕێز لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ئێران پیشان بدا و ڕەواییەت و خۆشەویستیی نەبووی بە زەبری ترس و دەسەڵاتی میدیا بۆ خۆی درووست بکا. داعشیش کە بە کەلک‌وەرگرتن لە ئامرازی میدیا توانیی هێزێکی بەدەر لە توانای ڕاستەقینەی خۆی پێشان بدا و بەوە لە سەرەتادا سەرکەوتنێکی بەرچاو بۆخۆی دەستەبەر بکا.   میدیا: کۆ وشەی(مێدیۆم)ـە بە واتای ئەو ئامرازەی کە هەوڵی ڕاگەیاندن، ئاگادارکردنەوە و ڕوونکردنەوە و هەر چەشنە کاری هاوشێوەی ئەوانە دەدا و لە دنیای ئەمڕۆشدا وەکوو دەسەڵاتی چوارەم و ڕوکنێکی دێموکراسی دەناسرێ و باسکێکی بەهێزە بۆ دەسەڵاتی حاکم یان ئەو ڕێکخراو و ئۆپۆزیسیۆنانەی وا لە بازنەی دەسەڵاتی حکوومەتدا نین. ئەگەر بمانەوێ میدیاکان دەستەبەندی بکەین ڕەنگە شێوەیەکی گشتی و ئاسان دابەش‌کردنی میدیا بە سەر میدیای دەسەڵات و میدیای ناحکوومی بێ. میدیای دەسەڵات دەنگی بیروبۆچوونی دەوڵەت،کۆمپانیا،بیرۆکە ئایینی و ئیدۆلۆژیکەکانە و ئاکامیان وەدیهاتنی ئامانجەکانی دەسەڵاتە. بۆ نموونە میدیا و چاپەمەنییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە دەیان تەلەڤیزیۆنی نێوخۆیی و ئاسمانی و ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی دی -لە سۆسیال مێدیاش- هەوڵ دەدەن سیمای دزێوی کۆماری ئیسلامی لە پێش چاوی خەڵک جوان بکەن. بەڵام پێچەوانەی خواست و چاوەڕوانیی دەسەڵات خەڵک لەو جۆرە میدیانە ڕوو وەردەگێڕن و متمانەی پێ‌ناکەن. نموونەی بەر چاو بۆ ئەم ئیدیعایە ڕووماڵی پرسی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی سەرۆک‌کۆماری لە وڵات بوو کە هەموو هەوڵی میدیا حکوومەتییەکان بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگ کەمترین شوێنەواریشی نەبوو. میدیای حکوومەتی ناتوانێ دەنگی خەڵک بێ لەنێو دەسەڵاتدا و تەعبیر لە بەرژەوەندیی خەڵک بکا. هەر بەو هۆیەوە خاوەنی پێگە و متمانەیەک لەنێو خەڵکدا نییە و لە بیروڕای گشتیدا بەهەند وەرناگیرێ. لە تەنیشت میدیای دەسەڵاتدا ئێمە جۆرە میدیایەکی دیکەشمان هەبێ کە ئەگەرچی دەکرێ پێی بگوترێ ناحکوومی، بەڵام بەشێک لەوانیش -بە تایبەت لە وڵاتە نادێموکراتیکەکاندا- بە زۆر هۆ و لە ڕێگەی زۆر ڕایەڵەوە بە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتەوە دەبەسترێنەوە. ئەوەی دیکەش کە دەمێنێتەوە ئەو میدیاگەلەن کە دەنگی ڕێکخراو و ئۆپۆزیسیۆنەکانن و دوور لە قازانجی دەسەڵات هەوڵی دەرخستنی ڕاستییەکان و لەقاودانی سیاسەتەکانی دەسەڵات و شیکردنەوەی مەبەستەکانی حکوومەت دەدەن. ئەم میدیایانە جێی سەرنج و متمانەی خەڵکن و هەروەها ئامرازێکی کاریگەرن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و پشت‌ڕاستکردنەوەی ئەو ڕووداوانەی کە لە میدیای حکوومەتییەوە بە پێچەوانە پیشان دەدرێن. هەڵبەت ئەم میدیا و ڕاگەیاندانەش تا ئەو کاتە جێی سەرنج و متمانەن کە زمانحاڵی خەڵک و ئاوێنەی ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە بن.   میدیا لە ئێران‌دا میدیا لە ئێران‌ بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیم دایە و شتێک بە ناو میدیای سەربەخۆ یان ناحکوومی بوونی نییە یان بەهۆی سانسۆڕ و خۆسانسۆڕکردنەوە کاراییەکی ئەوتۆیان نییە. هەموو میدیا و چاپەمەنییەکان لە ئێران دەبێ لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامییەوە ئیزنی کار و دەرچوونیان پێ‌بدرێ و بەرپرسی دەنگ و ڕەنگی میللیش! ڕاستەوخۆ لە لایەن خامنەییەوە هەڵدەبژێردرێ. ئەرکی سەرەکیشی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەک بەرژەوەندیی ڕێژیمی ئێران و شەخسی خامنەیی و بازنەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێ و شەقام و بیروڕای گشتی لەو پێناوەدا ئاراستە بکا. بۆ چاودێری لە ڕەوت و کردەوەی دەنگ و ڕەنگی میللییش! سەرەڕای ئەو کارکردە، ناوەندێکیش بە ناو "شوڕای چاودێری بە سەر دەنگ و ڕەنگ" دانراوە کە ئەرکی سانسۆڕ و بەرنامەداڕشتن بۆ میدیای گشتیی وڵاتی لەئەستۆیە. ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبیش لەو بابەتە بە دوورنین و جیا لە وەزارەتی فەرهەنگ، فەرمانگە و ڕێکخراوی دیکەش ئەرکی چاودێری بەسەر چاپەمەنییان وەئەستۆیە کە گرینگترینیان (شوڕای چاودێری بە سەر چاپەمەنی)یـە و لە لایەکی دیکەش دادگایەکی تایبەت بۆ چاپەمەنی کراوەتەوە کە سزای لادان و هەڵەکان دیاری دەکا، بێ‌ڕێزی بە باوەڕە پیرۆزەکان و کەسایەتییە گرینگەکانی ڕێژیم،هەڵسووکەوت دژ بە ئەمنییەتی نێوخۆ و بڵاوکردنەوەی درۆ ئەو تۆمەت و تاوانگەلەن کە ئەگەر بدرێتە پاڵ هەر چاپەمەنی و بڵاوکراوەیەک ئاکامەکەی داخستن و ڕاگرتنی کار و چالاکییەکانیەتی. لە تەنیشت ئەم هەموو بەربەستانە دادسەرای فەرهەنگ و ڕەسانە و دادگای ئێنقلابیش بۆ تاوانی گەورەتر دێنە مەیدانەوە. ئینتێرنێت و سۆسیال مێدیا نوێترین شوێنێکە کە ڕێژیمی ئێران پەلی بۆ هاویشتووە، بەو هۆیە کە لەلایەن خەڵکەوە وەکوو بەدیلێک بۆ بۆشایی ڕاگەیاندن و ئاگاداری لە هەواڵ و زانیاری و پێوەندیی لەگەڵ دنیای دەرەوە کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران لێرەشدا بە درووست‌کردنی پۆلیسی فەتا، فیلتێرینگی مەبەستدار، دەسڕێژی سایبێری و دەسبەسەرکردنی چالاکانی دنیای ئینتێرنێت و خاوەن کاناڵ و گرووپەکانی نێو سۆسیال مێدیا دەرفەتی چالاکی لەو بەشەشی سنووردار کردووە و هەر ئەو کارانەش بووە بە هۆکاری ئەوەی کە ئێران لە ڕیزبەندی ئازادیی بەیان و میدیادا لە پلەکانی ئاخر و هاوشانی کۆرەی باکوور و چین و وڵاتە دواکەوتەکانی دنیادا جێ بگرێ. تایبەتمەندی هاوبەشی وڵاتانی دیکتاتۆر ئەوەیە کە میدیاکان دەپاڵێون و ئەوەی بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا نەبێت لە روانگەی ئەوانەوە نەبوونی چاکترە. ئاراستەی میدیاکان لە هەموو وڵاتانی دیکتاتۆردا یەک شتە: نابێت ڕاستییەکان خەڵک بیزانن! یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی میدیا لە ئێران‌دا ئەوەیە کە هەموو زلهێزەکانی دنیا دژ بە خەڵکی ئێران و دوژمنی ئەوان نیشان بدا و تەنیا ڕێگای مان و دەربازبوونیان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی ببینێتەو. نوێترین پیلانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە میدیا و دنیای مەجازی بیرۆکەی درووست‌کردنی "ئینتێرنیتی میللی"یە کە دیاریی ڕێژیمی چین و ڕووسیە بۆ خەڵکی ئێرانە و ئامانجی یەکجاریشی دەست‌گرتنە بە سەر ئەو چەکەی کە یارمەتیدەری پەلهاویشتن و نەخنکانی ڕووداوەکانی ٨٨، ٩٦ و ٩٨ لەسەر شەقامەکانی ئێرانە و دەیانەوێ بەوە دوابزمار لە تابووتی ئازادی گەیاندن لە ئێران بدرێ. ئاکامی هەموو ئەم کارانەش پاراستنی بەرژەوەندی چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەیە کە بە زەبری سەرکوت و پارە بە سەر زۆرینەی خەڵکی‌ ئێران‌دا حوکم دەکەن و تەنیا ڕێگەچارە بۆ دەرچوون لەم نگریسی و نەهامەتییە خەباتی یەکگرتووانە و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکان بە دژی ئەم حکوومەتە دیکتاتۆڕ و دژی‌گەلییەیە.