کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا دەکا

16:08 - 1 گەلاوێژ 2721

زۆرجار خاڵی وەرسووڕانی بەختی ڕێژیمە لێڵ و سەرەڕۆکان دیاری کراوە، بەڵام هەرگیز ناکرێ پێشبینی بکرێ. "هەڵبژاردن"ی ساختەی ئیبراهیم ڕەئیسی، مەلایەکی ناکاریزماتیکی توندڕەوی تەمەن٦٠ ساڵە، وەک سەرکۆماری داهاتوو ئەگەری بوون بە ساتەوەختێکی ئەوتۆی هەیە، ئەگەرچی گرینگیی ئەو ڕووادوە لە داهاتوودا ئاشکرا دەبێ. ئاخۆ دەسنیشان‌کردنی ڕەئیسی وەک مێژووناسێک باسی کرد، زێدەڕۆیی ئاشکرای سیستەمێکی دیکتاتۆر دێنێتەوە یاد کە پاشماوەی ڕەوایی کۆماری ئیسلامی لەنێو برد و بووە هۆی تێکڕمانی؟ یان تەنیا دەبێتە قۆناخێکی نوێ لە تەمەنی حکوومەتی مەلایانە کە دژی پێشبینییەکانی چاکسازی و هەرەسهێنان وێستاوە و ڕێگا بەرەو بوون بە جێگرەوەی پارێزەرەکەی، ئایەتوڵڵا خامنەیی ٨٢ ساڵە، وەک ڕێبەری داهاتووی ئێران دەبڕێ؟ هەڵبژێرانی ڕەئیسی، بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان، لە ڕوانگەی وتووێژە ئەتۆمییەکانی دەگەڵ ئێران، هەستی تەنگەتاوبوونی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بۆ کۆتایی‌هێنان بە مامەڵەکە پێش دەسبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتییەکی توندئاژۆتر لە ئێران پێش ٨ی مانگی ئووت بەرچاوتر دەکا. ئەگەرچی دەسەڵاتی ئێران لە دەستی سەرۆکی گەورە و سوپای پاسداراندا دەمێنێتەوە، سەرکۆماریی ڕەئیسی گەیشتن بە ئامانجی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بۆ دانوستان، واتە مامەڵەیەکی "درێژ مەوداتر و بەهێزتر" دەگەڵ تاران ئاڵۆزتر دەکا. بەڵام، بۆ زۆر کەس لە حەشیمەتی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، هەڵبژێرانی ڕەئیسی لە بەر هۆی جیا لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گرینگە. دوای ڕووداوی ١١ی سێپتامبری ٢٠١١، زانایان و داڕێژەرانی سیاسەت لەبارەی ئەوە کە ڕێگای ئاشتی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە ئورشەلیم یان لە بەغداوە تێدەپەڕێ مشتومڕیان بوو. ئەمڕۆ بۆ زۆر لە لیبڕاڵەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئاشکرایە کە سیاسەتی تاران لە سیاسەتی بەیرووت، دیمەشق، بەغدا، سەنعا و بەولاوەتر لێک جیا ناکرێنەوە. ئەگەرچی دژوارییەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گەلێک باوکی هەن، تا ئەوکاتە ئێران، یەکێک لە مەزنترین و دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی ناوچە، لەژێر ڕێبەرایەتیی حکوومەتی مەلایان دایە کە چالاکانە بەشێکی بەرچاوی داهاتی وزەی خۆی بۆ پشتگیری و ڕاهێنانی میلیشیای چەکدار کە ملکەچی ئایدیۆلۆژییە بەرچاوتەنگ و شۆڕشگێرانەکەیەتی تەرخان دەکا، ناوچەیەکی سەقامگیرتر، دڵفراوانتر و خۆشبژیوتر وەک خەونێکی دوورەدەست دەمێنێتەوە. کەسایەتیی خەمۆک و ڕابردووی تاوانکارانەی ڕەئیسی، بیرهێنەرەوەی ئەو بۆچوونەی هانا ئارێنت لەبارەی سروشتی هیچ و پوچی بەدخوازییە. ئەو لە ٢٠١٧ بەولاوە بۆتە کەسێکی ناسیاو لە ئێران، کاتێک کە لە بەرانبەر ڕوحانی لە هەڵبژاردنی سەرکۆمارییدا خۆی بەربژێر کرد و یەک لەسەر سێی دەنگەکانی ڕوحانیی هێناوە و شکستی خوارد. ئەگەرچی مێدیای دەوڵەتی بەبێ بەڵگە پلەی ناوبراویان بۆ ئایەتوڵڵا بەرز کردۆتەوە، گرینگترین لێهاتووییەکەی ناوبراو ئەوەیە کە موریدێکی جێگای متمانەی خامنەییە، کە ئەوی وەک سەرۆکی مەزنترین دامەزراوەی ئایینیی ئێران و پاشان سەرۆکی دادوەری دیاری کرد. بۆ گەلێک لە ئێرانییەکان، ڕەئیسی زۆرتر لەبەر ئاکارەکانی وەک یەکێک لەو چوار دادوەرانە ناسراوە کە سەرپەرستیی پرۆسەی ئەشکەنجە و ئێعدامی بەکۆمەڵی نزیکەی ٥٠٠٠ ئەندامی بەندکراوی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی، -لە ناویاندا ژن و منداڵ- لە هاوینی ١٩٨٨یان دەکرد. وەک ئەندامی تاقمێکی تاوانکار کە پلەکانی پێشکەوتن بە نیشاندانی توندوتیژیی بێ‌بەزەییانە وەدەست دەهێنێ، ڕەئیسی، دادوەرێکی ئێعدامکار لە تەمەنی ٢٨ ساڵییەوە، بناغەی ئیعتیباری شۆڕشگێڕییەکەی پتەو کردووە. ڕەئیسی دەڵێ کە ئەو تەنیا مەئموور بووە و فەرمانی جێبەجێ کردوون و وێدەچێ بۆ کارەساتە جەرگبڕەکانی نە پەژیوانە و نە لەبیری ماون. دایک و باوکێکی بەساڵداچوو کە چەند ساڵ لەوەپێش وتووێژم لەگەڵ کردن بە چاوی گریانەوە بۆیان گێڕامەوە کە چۆن ناچار کرابوون پارەی گولـلەکانی کە کچەکەیان -خوێندکارێکی ٢١ ساڵەی پزیشکی-  پێ کوشتبوون بدەن تا تەرمەکەی بۆ ناشتنێکی شیاو وەرگرنەوە. (ئەو شێوە "تێچووی گولــلە"یە لەو ساڵانەی دواییدا گەیشتۆتە ٣٠٠٠ دۆلار.) بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، لە کاتی نیشاندانی ڕێوڕەسمی بەتوندی کۆنتڕۆڵکراوی هەڵبژاردنەکانی ئێران بە مێدیای جیهانی، چەند ڕۆژنامەوانی بیانی کە سەردانی تارانیان کردبوو ئەو جار باسی تێکەڵاوێک لە بێ‌هەستی و توڕەییان کرد. ڕەنگبێ ڕاستەقینەترین دەربڕینی تووڕەیی جەماوەریی ئێرانییەکان، کە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ئێران ژیاون ئاشنایە، بێ ئانقەست لە لایەن ڕادیۆی نەتەوەیی هەمووانی (NPR) بڵاو بۆوە، کە هەواڵنێرەکەی لە پارکێکی تاران پرسیاری لە پیاوێکی بەساڵداچوو کرد کە ئاخۆ لایەنگری کام بەربژێرە. وەرگێڕی NPR جوابەکەی کەمێک نەرم کردەوە و ئیدیعای کرد کە گوتویەتی مەلاکان "بچنە جەهەننەم." ئەوانەی فارسی دەزانن گوێیان لە شتێکی گەلێک بێ ئەدەبانەتر بوو: "ئەو مەلایانە دەگێم. ئەوان ٤٠ ساڵە درۆیانمان لەگەڵ دەکەن! من دەنگ بە کیری خۆم دەدەم." سەرەڕای هەراوهوریای مێدیا لەبارەی هەڵبژاردنی ئێران، ڕەئیسی، وەک سەرجەم سەرکۆمارەکانی ئێران، دەورێکی گەلێک کەمی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا دەبێ. بە ڕێبەریی خامنەیی، شوناسی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە دژایەتی ئەمریکا و ئیسڕائیل دا کورت دەکرێتەوە و تاران درێژە بە دابین‌کردنی چەکوچۆڵ و دارایی بۆ بەکرێگیراوان و هاوپەیمانەکانی لە وڵاتە شکست‌خواردووەکان، لە نێویاندا سووریە، لوبنان، یەمەن، عێراق و ڤێنێزوئێلا، دەدا کە بە ڕواڵەت تەوەری بەرخۆدان پێک‌دێنن. گەورەترین سوودوەرگران لە هەڵبژێرانی ڕەئیسی، دژبەرە دەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانن، بەرچاوترینیان پارتی کۆماری و دەوڵەتی ئیسڕائیل. دەلیلەکان ئاشکران. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسڕائیل، یایر لاپید، لە تویتێکدا نووسی: "سەرکۆماری نوێی ئێران، کە بە قەسابی تاران ناسراوە، توندئاژۆیەکە کە بەرپرسیاری کوژرانی هەزاران ئێرانییە. ئەو بە خولیا ئەتۆمییەکانی ڕێژیم و کەمپەینی تێرۆرە جیهانییەکەی وەفادارە." لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژێرانی ڕەئیسی وێناچێ توانایی بەرێوەبەرایەتیی بایدن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥، کە دۆناڵد ترامپ لە ٢٠١٨ جێی هێشت، بخاتە مەترسییەوە. چونکە خراپیی دۆخی ئابووری ئێران بێ هەڵگیرانی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان چارەسەر نابێ. ڕێی تێدەچێ، ئەگەرچی مسۆگەر نییە، کە تاران پێش دەسبەکار بوونی ڕەئیسی لە ٨ی ئووت ڕێککەوتنەکە زیندوو بکاتەوە. ئەوە ڕێگا بە ڕێژیم دەدا تا کەمایەسییەکانی ڕێککەوتنەکە بخاتە ئەستۆی سەرکۆماری دەست‌لەکارکێشەرەوە، ڕوحانی، لە کاتێکدا کە ئیزن بە ڕەئیسی دەدا تا قازانجە ئابوورییەکانی هەڵگیرانی ئابلۆقەکان وەدەست بێنێ. بەڵام، جگە لە گەڕانەوەی ڕێککەوتنی ٢٠١٥، هەڵبژێرانی ڕەئیسی دەرخەری خۆڕاگریی ئێران بەرانبەر بە حەزی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بۆ ڕێککەوتنێکی دیکە لەمەڕ بەرنامەی مووشەکی و خولیا ناوچەییەکانی تارانە. ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرهێشە بۆ بایدن: ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان بیهەوێ ئابلۆقەی نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێ، تاران دەتوانێ بە دەست‌پێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان و هێرشی بەکرێگیراونی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وەڵام بداتەوە، چونکە دەزانێ کە بەرێوەبەرایەتیی بایدن بەتەمای کەمکردنەوەی حزووری ناوچەیی ئەمریکایە. باوەڕبەخۆبوونی زێدەڕۆیانە، پاژنەی ئاشیلی سەرجەم دیکتاتۆرانە؛ ئەو ویستە پۆڵایینەی کە سەردەمێک سووتەمەنی ڕێژیمە سەرەڕۆکان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان بوو، بێ ئەملا و ئەولا دەبێتە هۆی چاوبرسیەتی و خۆ بە خاوەن ماف زانین. ئەگەرچی ویستی خامنەیی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا بەهێز دەمێنێتەوە، ئەو تووشی تێکەڵاوێک لە نادڵنیا بوون و دڵنیایی لەڕادەبەدەر بووە: ئەو هێندە وریا بوو تا بزانێ کە جێگرەوەکەی شانسی بردنەوەی هەڵبژاردنێکی خاوەن کێبڕکێی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هێندە بڕوابەخۆ بوو تا پێی وابێ لەژێر بەرپرسیاریی سەرکەوتنێکی دەسکرد دەر دەچێ. ساخڵەمیی خامنەیی. ئەو ٨٢ ساڵی تەمەنە و زۆر کەس دەزانێ شێرپەنجەی پرۆستاتی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هێندێک لەو پیاوە  لاوترانە کە گریمانە دەکرا جێنشینی بن زۆرتر ژیاوە. ئەگەرچی لەوانەیە خامنەیی بیهەوێ ڕەئیسی جێگرەوەی بێ، دەستاودەستی دەسەڵات لە وڵاتانی دیکتاتۆردا لەخۆیدا شتێکی پێشبینی نەکراوە. نزمیی ئاستی خۆشەویستیی ڕەئیسی، کە لە کەمترین ڕێژەی بەشدارانی دەنگدان‌ڕا دیارە، وێدەچێ کاتێک دەسبەکاربێ و وەک بەرپرسی ئابوورییەکی هەرەس‌هێناو بناسرێ کە ناتوانێ چارەسەری بکا و سەرکوتی کۆمەڵگەش چڕتر دەکا، لەوەش نزمتر بێ. یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی مانەوەی خامنەیی، کە لە ١٩٨٩ بەولاوە دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، توانایی ناوبراو لە کەڵک‌وەرگرتن لە بنیاتە هەڵنەبژێردراوەکانی ئێران بۆ گەشەپێدانی دەسەڵاتی خۆی و هاوکات کەڵک‌وەرگرتن لە دامەزراوە "هەڵبژێردراوەکانی" ئێران بۆ دەرباز بوون لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی بووە. ئەو دەتوانێ سەرکوتی سیاسی و قەڵاچۆکردن بە سوپای پاسداران بسپێرێ لە کاتێکدا کە سەرکۆماری ئێران وەک بەرپرسی شکستی ئابووری ئێران دەناسێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەندازیاریی هەڵبژێرانی قوتابیی خۆی، ڕەئیسی، کاری خامنەیی بۆ  خستنە ئەستۆی شکستەکانی خۆی بۆ سەرکۆمار دژوار دەکا. مەتەڵۆکێکی دیکە ئەوەیە کە ئاخۆ سوپای پاسداران، کە دەمێکە وەک بەهێزترین دامەزراوەی ئێران وە پێش مەلایان کەوتووە، درێژە بە ملکەچ بوون لە بەرانبەر مەلای بەساڵداچوو وەک فەرماندەرانی خۆی دەدا، یان هەوڵ دەدا بەئاشکرا کۆنتڕۆڵ بگرێتە دەست؟ بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی دەسەڵاتداریی لاوتر و کەمتر ئایینی، نموونەیەکی ئێرانیی ڤلادیمیر پوتین، کاربەدەستێکی سەربازیی یان هەواڵگریی کە ناسیۆنالیزمی فارسی بکاتە جێگرەوەی ناسیۆنالیزمی شیعی، زۆرتر وێدەچێ دەسەڵاتی جیلەکانی داهاتووی ئێران بەدستەوە بگرێ تا پیرە مەلایەک. جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا نووسیویەتی، "کاکڵەی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی، خۆڕاگریی لە بەرانبەر ڕوانگەیەکی تایبەتی لەمەڕ دنیا و شێوەیەکی تایبەتی ژیانە کە مردووان بەسەر زیندوواندا سەپاندوویانە. تاقمێکی دەسەڵاتدار تا ئەو کاتە دەسەڵاتدارە کە بتوانێ جێگرەوکانی خۆی دەنیشان بکا." ئێرانییەکانی هەنووکەیی لەنێو ئەزموونی تێئۆکراتیکی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی، باوکی شۆڕشی ١٩٧٩،دا دەژین کە پێی وابوو ئیسلام دەرمانی هەموو دەردانە و ئابووری "هی گوێدرێژانە." هەر وەک چۆن خامنەیی هەڵبژێردرا تا پارێزەری خەیاڵی خومەینی بێ، ئەویش ڕەئیسی وەک موریدێکی متمانەپێکراو دەبینێ کە عەبای خومەینی دەپۆشێ. هەر دە ساڵ جارێک، جیلێکی نوێی بێ‌هێوای ئێرانی دەگەنە ئەو ئاکامە کە کۆماری ئیسلامی ناکرێ بە سندووقی دەنگدان چاکسازیی تێدا بکرێ. لەجیاتی بمێننەوە و ژیانی خۆیان وەک بەرهەڵستکار بخەنە مەترسییەوە، ئەوانەی دەستڕۆیشتووییان هەیە وڵات جێ‌دەهێڵن. وەزیری پێشووی زانست و تەکنەلۆژی جارێک بەراوردی کرد کە ڕاکردنی مێشکەکان ساڵانە زەرەری ١٥٠ میلیارد دۆلاری لە وڵات دەدا کە زیاتر لە داهاتی نەوتە. هەڵبژێرانی ڕەئیسی بیرهێنەرەوەی ئەوەیە کە خولیای ئێرانییان بۆ ژیانێکی باشتر لەگەڵ ڕێژیمێک کە ئێستا وێدەچی قابیلی چاکسازیی و تێکشکان نەبێ یەک ناگرنەوە. تا ئەو کاتەی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران یەکگرتوو بمێننەوە و ئامادە بن خەڵک کۆمەڵکوژ بکەن و کۆمەڵگەی ئێران نایەکگرتوو بێ و نەیهەوێ بە کۆمەڵ گیان بەخت بکا، خاڵە وەرسووڕانەکان بەردەوام بەقازانجی ڕێژیم دەبن.