کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبێ ببین بە باهۆز بۆ گیانی کۆماری ئیسلامی

16:15 - 1 گەلاوێژ 2721

لەم ڕۆژانە دەنگێک پتر لە هەموو کاتێک دەبیسترێ: "مەرگ بۆ خامنەیی" و "نەمان بۆ دیکتاتۆر". لە "ئیزە"ی خوزستانەوە هەتا "بێستوون"ی کرماشان و "مێترۆ"یەکانی تاران. ئەم دەنگە لەمێژساڵە چیدی هێڵی سوور نییە و خۆپیشاندان نییە بەرز نەکرێتەوە و دارودیوار نەماوە لەسەری نەنووسرێ. شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان ئەمجارەیان لە خوزستان و سەبارەت بە بێ‌ئاوی سەری هەڵدا. ئەو ئاو و بڕقەی قەرار بوو بۆ هەمووان بەخۆڕایی بێ، ئێستا بە پووڵ و بە نرخی زۆر گرانیش دەست ناکەون. بەڵام کێشەکە هەر "ئاو" نییە، بەڵکوو تەقینەوەی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانە. ئەو قەیران‌گەلەی بەهۆی هەژاری، هەڵاواردن، پەراوێزخستن و بەهەند وەرنەگرتن لەسەر یەکتر کەڵەکە بوون. وەڵامی حکوومەت بەو ناڕەزایەتییانەش هەروەک پیشەی جارانی ڕێژنەی فیشەک و ئاگر، گرتن و کوشتن، خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی و بەستنەوەی مافخوازیی خەڵک بە پیلانی دەرەکی بووە. هەر ئەو توندوتیژی و نابەرپرسیارەتیی ڕێژیم و بێ‌بایەخ‌کردنی ویست و داخوازە ڕەواکانی خەڵک وادەکا ئەم ناڕەزایەتییانە -بەهەر هۆ و هۆکارێکی دیکەش- لە فۆڕمی خۆپیشاندانی بەربڵاوی دژی‌حکوومەتیدا بەردەوام بن. خەڵکی ئێران پێش ڕاپەڕینەکەی خوزستان و هەر لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و دوای ئەوەی کرۆنا پتر لە ساڵێک ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەدوا دا، چەخماغەی قۆناغێکی نوێ لە خەبات و بەربەرەکانێ دژی حکوومەتیان لێدا، ئەویش لەجیدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و ئەستاندنەوەی دەنگی ڕەواییەتی خەڵکی لە ڕێژیم و دەسەڵاتەکەی بوو. هەر لە بەیانیی ڕاگەیاندنی ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکانیشەوە مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی نەوت، کەرتەکانی پیشەسازی، ئاژەڵداران و... لە زۆر شوێن و ناوچەی وڵات دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش هەردێ و بەربڵاوتر دەبن. قەیرانەکانی کۆمەڵگەی ئێران -بێ‌ئاوی یەک لەوان- لە تەواوەتیی خۆیدا دەرەنجامی دەسەڵاتی ناکارامە و نابەرپرسیارن کە ڕێگەی خۆیان لە خەڵک و هەر بەوپێیەش بەرژەوەندیی خۆیان و خەڵکیان لە یەکتر جیا کردووەتەوە. بۆیەشە بەجێی داننان بە هەڵە و بەرپرسایەتییەکانیان و مشوور خواردن لە چارەسەرکردنیان، یان حاشایان لێ دەکەن، یان بە هۆکارگەلی سیاسی و ئەمنیەتیی دیکەی دەبەستنەوە. کۆماری ئیسلامی جێی حاشای بۆ کەس نەهێشتۆتەوە کە بە چاوی ئەمنیەتییەوە لە کوردستان، بەلووچستان، خوزستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئێران دەڕوانی و خاک و ئاو و سەرچاوە سروشتی و ژێرزەوییەکانی ئەو ناوچانەشی هەر بۆ چەند پاریزگایەکی ئیشکەڵانی ناوەند دەوێ. بۆ نموونە دەیان ساڵە کانگاکانی بەرد و ئاسن و زێڕی کوردستان دەردەهێندرێ و بە پشتی کامیون بەڕێی تاران، ئەراک، سمنان و یەزد و ئیسفەهان دەکرێ. دەیان ساڵە سپای پاسداران بە لێشاو بەنداو لەسەر چۆم و ڕووبارەکانی کوردستان، بەلووچستان و خوزستان لێ دەدەن و ئاوە گلدراوەکانی پشت ئەو بەنداوانە بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران بەڕێ دەکەن، بێ‌ئەوەی بە تۆسقاڵ ئێکۆسیستم و ژینگە و ویشکبوونی تاڵاوەکان، مایەپووچ هاتنەوەی ئاژەڵداران و وەرزێڕان و کۆچی بەناچاری خەڵکی ئەو ناوچانەیان بۆ گرینگ بێت. نموونەیەکی دی: چوار سەرۆک‌کۆماری ئێران لە ٣٢ ساڵی ڕابردوودا خەڵکی سێ پارێزگای سمنان و یەزد و کرمان -لە ئیشک‌ترین ناوچەکانی ئێران- بوون و هەموو هەوڵ و پڕۆژەکانیشیان ڕاکێشانی ئاوی ناوچەکانی دیکە –خوزستان بۆ نموونە- بۆ ئەو شوێنانە بووە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران بە هەموو سەرچاوە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانیانەوە دەبێ لە خزمەت ئەو چەند پارێزگایەی ناوەنددا بن و ئەمە ئیدیعا و قسەی ڕووت نییە، ئەگینا کام ئەقڵ و ئاوەز و کام مشوور و تێبینیی زانستی و کارناسی‌بۆکراو ڕێگە دەدا گەورەکارخانەی تواندنەوەی ئاسن –کە ئاوێکی ئێجگار زۆری دەوێ- لە پارێزگای کەم‌ئاو و تەنانەت بێ‌ئاوی "ئیسفەهان" دابندرێ؟ یان لەسەر چوار چەمی پارێزگای خوزستان کە نەوتەکەشی بە تاڵان دەبرێ، ٧ بەنداوی گەورە لێ‌بدری و خەڵکەکەشی بۆ ئاوی خواردنەوە دابمێنن؟ هەموو ئەو پڕۆژانەش لەلایەن قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران و لەسەر ڕەزامەندیی خامنەیی جێبەجێ دەکرێن و تەنانەت خەرجەکەشی لە سندووقی پەرەپێدانی میللی هەڵدەگیرێ، تا بەمجۆرە پارێزگاکانی سنە، ئیلام، لوڕستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری و خوزستان لە ئاوی خۆیان بێبەش بن بۆوەی چەرخی پیشەسازیی نەوت، پێترۆشتمی، پۆڵا و گازی سپای پاسداران لە پارێزگا ناوەندییەکان بەبێ کێشە بگەڕێ. پلانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و ئاڵقەی تەسکی دەسەڵات هەر بەوەندە نابرێنەوە. ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ کە وەدیهێنانی سەرەتاییترین مافەکانی گەلانی ئێران لە نەبوونی کۆماری ئیسلامیدا و لەگرەی هاوپێوەندیی سەراسەریی خەڵک دایە. ئەمڕۆ هاواری ئەو مافخوازییە بەگوڕتر لە خوزستانەوە دەبیسترێ و نابێ ڕێگە بدرێ ئەم دەنگە کپ و ئەو خەڵکە بێ‌پشتیوان بمێننەوە. وەک چۆن خەڵکی خوزستان سیمبولیک دەستیان بەسەر چاڵە نەوتێک داگرت، لە هەموو ئێراندا دەبێ پەلی داگیرکەران و تاڵانچییەکان بپەڕێندرێ و وڵات بکەوێتە دەست خاوەنانی. بەڵام ئەم مەبەستە چۆن دێتە دی؟ دەبێ لە نسکۆ و سەرنەکەوتنی جووڵانەوەکانی پێشوو فێر بووبین کە نەبوونی یەکڕیزی و بەردەوامی و هەروەها نەبوونی ڕێبەریی وایکرد سەرکوتی بێبەزییانە پاشەکشەی کاتی بە خەڵک بکا. بەڵام ئەمجارەیان دیارە بە سەرکوتیش دەرەقەتی خەڵک نایەن. خەڵک ترسیان ڕژاوە و ئامادەن لەپێناو مافەکانیاندا گیانیان دابنێن. پوتانسیەلی ناڕەزایەتی‌دەربرینی خەڵک لەو ماوەیەدا کە لە چوارچێوەی مانگرتنی کرێکاران، خۆپیشاندانی خانەنشین‌کراوان، کۆبوونەوەی ماڵ‌لەدەست‌چووان و خەڵکی ناڕازی بە نەبوونی ئاو و بەڕق و، وەزاڵەهاتوو لە گرانی و بێکاری خۆیان دەنوێنن، پێویستە یەک بخرێن و ڕەشەبایەکی گەورە و بەربڵاوی سەراسەرییان لێ وەڕێ بخرێ کە بتوانێ کۆشکی بێدادیی ئەم ڕێژیمە لە بنەوە ڕاماڵێ. دەنگی خەڵکی ناڕازی دەبێ ببیسترێ، هەم لە لایەن ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی سیاسیی ڕێژیمەوە، هەم کۆمەڵگەی جیهانی. هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو لەم وڵاتە پێشانیان داوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی لای خەڵکی ئێران نییە و گەلانی ئەم وڵاتە لەمێژە لە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە تێپەڕیون. بۆیە کات بۆ ئۆپۆزیسیۆن درەنگە هەتا بەسەر گەورەترین خاڵی لاوازی خۆیان کە نەبوونی یەکیەتیی بەکردەوە و یەکڕیزی لەهەمبەر ڕێژیمە سەر بکەون، ئەگینا جووڵانەوەکان لە بەردەوامیی خۆیاندا، ڕێبەریی خۆیان لە هەناوی خۆیاندا دەبیننەوە. ئەم دەنگە دەبێ لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژئاوا و هاوبەشە ئابوورییەکانی ئێرانیشەوە ببیسترێ. ڕێژیمێک کە خەڵکەکەی لەسەر داوای ئاو و بەڕق و کار و نان و ناڕەزایەتی بە گرانی و بێکاری دەکوژێ، ڕێژیمێک کە خەڵکەکەی خۆی بەبارمتە گرتووە، ناتوانێ بۆ ئەوانیش جێی بەقا و دڵنیایی بێت، بۆیە پێویستە ئەوانیش هەڵبژاردنێکی دیکەیان هەبێ و پشتیوانی لەو خەڵکە بکەن.