کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەکانی "گاگارین" و ژارە شیمیاییەکان کە بەسەر "شنۆ"دا ڕشتیانن

06:08 - 16 گەلاوێژ 2721

سی‌وسێ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژەکانی دوای پەسندکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی شوڕای ئەمنییەت لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی نەماوی بەعسەوە، لە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی (٢ی ئووتی ١٩٨٨ی زایینی) چەند گەڕەکێکی ڕۆژئاوای شاری شنۆ (بەردەزەرد، کەچەڵاوا و مام تەمر) لەلایەن فرۆکەکانی ڕێژیمی عێراقی پێشوو بە گازی "اعصاب" و "خەردەل" هەشت جار هێرشی کرایە سەر و نزیک بە ٢٨٠٠ کەسی خەڵکی ئەو شارە وەبەرکەوتن. هەروەک شایەتحاڵەکانی ئەم ڕووداوە باسی دەکەن، بە هاتنی بای وەرزیی زریان و دواتر بارانێکی بەڕەحمەت، شوێنەواری کوشندەی ئەو بۆمبارانە زۆر کەمتر دەبێتەوە و خەڵکی ئەو سێ گەڕەکە بەتایبەتی کە شیمانە دەکرا نیزیک بە ٥٠٠ بنەماڵە بووبن، کەسیان لێ شەهید نەبوو، بەڵام بەشی هەرەزۆریان بە ژن و مناڵ و پیر و لاو وەبەر ئەو جۆرە گازانە کەوتن و تووشی ڕەوشێکی خراپ بوون. ڕاپۆڕتەکان باس لەوە دەکەن کاتژمێر چارەگ بۆ سێی بەربەیانی ١١ی گەلاوێژی ٦٧ کاتێک خەڵکی شار لە غورابی خەودا بوون، بە فڕۆکەی جۆری "گاگارین"ی سەدام خەڵکی چەند گەڕەکێکی شنۆ وەبەر بۆمبان کەوتن. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆڕتە لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە چونکە هەردووک وڵات بڕیارنامەی ئاشتیی نێوانیان واژۆ کردبوو، وهەرجۆرە هێرشێکی نیزامی بەپێچەوانەی گرێبەستی ئاشتی دەنرخێندرا، ئێران بە دەرفەتی زانی و داوای کرد تیمێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەو شوێنە بکەن. ئەو تیمە دوای سەردانی‌کردنی شاری شنۆ و دەستنیشان‌کردنی جۆری بۆمبەکان لەم کارەساتە، ڕادەی بەرکەوتوانیان ٢٦٢٠ کەس مەزندە کرد و لە بڕیارنامەی ٦١٢ی شوڕای ئەمنییەت‌دا بۆ یەکەم جار ڕێژیمی بەعس بەهۆی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی مەحکووم کرا. هاوکات وێڕای ئەو تیمەی "یووئێن" چەند هەواڵنێر لە هەواڵدەرییەکانی "ڕۆیتێرز"، کەناڵی یەکی ئیتالیا"، "ڕادیۆ فینلاند" و چەندین وێنەگری شارەزا، وێرای دیتنی کارەساتەکە، وێنە، فیلم و ڕاپۆڕتیان لێ ئامادە کرد. لەم سەردانەدا، جێگری سیاسیی پارێزگای ئەوکاتی ورمێ (عەلی سەعادەت) بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاندبوو، هەتا ئێستا بە بۆمباران‌کردنی شیمیایی ڕێژیمی بەعس ٢٢٦٥ کەس بریندار و بەرکەوتوو تۆمار کراون کە لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، تەورێز و میاندواو خەوێندراون. هەروەها ڕۆژنامەنووسی ئیتالیایی "پائۆلۆ چیاناتینۆ" ڕایگەیاندبوو کە: "ئەوەی کە من بینیومە کارەساتێکی مەترسیدار و ترسێنەرە، ئەوەی بینیومە فیلمم لێ هەڵگرتووە و بە هەموو جیهانی پێشان دەدەم. لێرە هیچ هێزێکی چەکدار نابینرێ و هەمووی خەڵکی ئاسایین و ژن و منداڵی لێ نیشتەجێیە. بەڵام دەبێ بەرلە هەموو تشتێک پیش بە بۆمباران‌کردن بە چەکی شیمیایی بگیرێ و هەرچی زووە مەحکووم بکرێ." دوای ٣٣ ساڵ لەم کارەساتە و بەپێی هاتنە بەرباس و مەحکووم‌کردنی لە بڕیارنامەی ٦١٢ی شوڕای ئەمنییەت‌دا و هەروەها مەحکوم‌کردن ئەو بازرگانانەی هاوکاریی ڕێژیمی عێراقیان کردبوو لە دادگایەکی فینلانددا، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ كۆماری ئیسلامی بێجگه له هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساح بۆ خەڵکی کورد،  خۆمهزڵووم‌كردنی ڕیاكارانه و پیرۆز نیشاندانی شهڕی ٨ ساڵه و پاكانهكردن بۆ ئهو جینایهتانهی كه لەو ماوەیەدا کردوویەتی، هیچ هەوڵێكی بۆ ئەو هەزاران بریندار و كەم‌ئەندامه شیمیایی‌كراوانه نەداوه؛ بە جۆرێک لەو ٢٦٢٠ کەسە تەنیا ٤٧ کەس خاوەن پەروەندەی کەم‌ئەندامی لە پێنج هەتا ٧٠ لە سەدن و باقیی خەڵکە بەرکەوتووەکەی دیکە هەروا هەناسەی بۆگەنیوی ژەهری هەڵاواردن و کوردبوون هەڵدەمژن! ئەگەرچی هۆكار و بڕیاردەران و خوڵقێنەرانی ئەم كارەساته حکوومەت و حیزبی بەعس بوون کە ئێستا له دەسەڵاتدا نەماون و فڕێ دراونه زبڵدانی مێژووەوه، بەڵام پێویسته ئەو جینایەتكارانەی كه له ئێران دەسەڵاتیان بەدەستەوەیه و زۆرجار ڕووی سەدامیان سپی کردووە و، هەموو ڕۆژێ بە لەونێکی‌تر نەک هەر لە شنۆ بەڵکوو لە سەرتاسەری کوردستان جینایەت دەخوڵقێنن و ڕۆڵه و كەسوكاری هەر ئەم قوربانیانەی بۆمبارانی شیمیایی له سنوورەکان وەک کۆڵبەر دەکوژرێن، لە زیندانەكاندا ئەشكەنجه دەدرێن و لەبەر بێکاری، هەژاری و بێهیوایی کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن، ئەوانەش شەریكی تاوانەكانی سەدامن و پێویسته لەسەر كورسیی مەحكوومانی جینایەتی دژبه مرۆڤایەتی دابندرێن و سزا بدرێن. هەرچەند ڕای جیهانی ئازاد، خەڵکی كوردستان و سەرتاسەری جیهان، بۆمبارانی شیمیایی شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات (شنۆ، سەردەشت، زەردەی هەورامان) بەناوی جینایەتكارانێكی وەك سەدام و هاودەستەكانییەوه تۆمار كردووه و له هەمان حاڵیشدا ناوی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی کە ئەوكات تەپڵی "شەڕ، شەڕ، هەتا سەركەوتنیان" دەكوتا و بەتەما بوون قودس له ڕێگەی كەربەلاوه فەتح بكەن و بارگەوبنەی ڕێژیمه كۆنەپەرستەكانی هاوشێوەی خۆیان له هەموو ناوچەكه بڵاو بكەنەوه، دەبێ وەك شەریكی ئەم تاوانه دابندرێن.