کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و سیاسەتی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی

06:11 - 16 گەلاوێژ 2721

ئەم نووسینە پەڕژاوەتە سەر پرسی لەنێوبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، ئاو و زەوی‌وزاری شار و گوندەکانی کوردستان بەتایبەتی لە ناوچەی لاجان و پیرانشار بە دەستی کۆمپانیاکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیران]   کوردستان بە درێژایی مێژوو ناوچەیەکی پڕ پیت و خاوەن سروشتێکی جوان و دڵڕفێن بووە. ئەم هەرێمە مێژووییەوە بە ناوچەیەکی پڕ ئاو ناسراوە و شوێنێکی کشتوکاڵی و پڕبەرهەم بووە. بەڵام دەوڵەمەندیی کوردستان هەر لەسۆنگەی سەرچاوە زۆروزەوەندەکانی ئاوەوە نییە، بەڵکوو ئەم هەرێمە پڕە لە کانزا و کانگای بەردی جۆراوجۆڕی وەک زێڕ، گڕانیت و مەرمەریت و گونجاو بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. هەرئەوەش وای‌کردووە هەمیشە چاوی تەماحی داگیرکەرانی دوور و نیزیکی بەسەرەوە بێ. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەبوونی دەسەڵاتی کوردی و بەڕێوەبەریی خۆجێیدا و بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتی و کۆلۆنیالیی کۆماری ئیسلامییەوە لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبا. ئەگەر خەڵکەکەی کەمترین ماف و ئازادییەکانیان لێ زەوت کراوە، سروشت و ژینگەکەشی بەهۆی ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەردا گیراوە. ئەوەندەی هەڵدەگیرێ و دەبردرێ –وەک کانگاکانی زێڕ و بەردەکانی بیناسازی- بەتاڵان دەبرێ، ئەوەندەی لە دەستیان دێ دارستانەکانی بەئانقەست ئاور تێبەردەدرێن و دەکرێنە زەویی سووتاو بۆ نیشتەجێ بوون و بەسەرهاتی ئاوەکانی کوردستانیش لە هەمووی تاڵتر کە لە خەڵک و ناوچەکەیان درێخ کردووە و بۆ شوێنەکانی دەرەوەی کوردستانیان ڕادەگوێزن. لە چەند دەیەی ڕابردوودا دەیان بەنداو لە زێ و ڕووبارەکانی کوردستان هەڵبەستراون. خۆ ڕاستە لێدانی بەنداو ئەگەر کارناسانە و لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵک و ئێکۆسیستمی ناوچەکە بێ، زۆریش پێویست و بەکەلکە. بەڵام ئەو بەنداوانەی لە کوردستان لێ دەدرێن ڕوانگەی ئەمنیەتییان لەپشتە و ئاوە گلدراوەکانی پشتی بەنداوەکانیش نەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیی ناوچە، بەڵکوو بۆ گەیاندنی ئەو ئاوە بە ناوچە ئیشکارۆیەکانی ناوەندی ئێران و پارێزگا تورک‌نشینەکانی ئەم وڵاتەیە. بەوەش زیان و خەسارێکی گەلێک زۆر و قەرەبوونەکراوەشیان بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە. یەکێک لە خەسارە گەورەکانی ئەم بەنداوانە لەڕووی زانستییەوە ئەمەیە کە کانزا ئاوییەکانی بن زەوی بەرەو خوارەوەی زەوی چوون و لە ئاستی نۆڕماڵ لایان داوە. زیانێکی دی ئەوەیە کە ئاوماڵشتی بن زەوی تێک‌دەڕووخێن و ئاوی ناوچەکانی دەوروپشتی دادەڕمێ و دواتر ویشکەساڵی ناوچەکە دادەگرێ و هەرێمەکە بەرەوڕووی مەترسیی بوومەلەرزە دەکاتەوە. کەمیی داهات و کۆچی بەناچاری خەڵکی گوندەکان بەرەو شارەکان و دابەزینی ئاستی بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لەو ناوچانەش چەند خەسارێکی دیکەی لێدانی بەنداوگەلەن کە بۆ مەبەستی ئەمنیەتی لە کوردستاندا لێ دراون. وەک لە سەرەتادا باس کرا جیا لەو باسە گشتییە ئەم نووسینە باس لە کێشەی ئاو لە ناوچەکانی لاجان و پیرانشار دەکا. لەگەڵ ئەوەی ئەم ناوچەیە پڕئاو، بارانی و خاوەن کەشوهەوایەکی سازگار بووە، بەڵام ئێکۆسیستمی ناوچەکە بە لێدانی تونێل و بەنداوەکان گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە تونێلی بەنداوی کانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ. تونێلی کانی سێو بۆ ورمێ کە لەسەر ڕێگای خۆی لێدراوە سەدان هێکتار زەویی ئەم دەوروبەرەی ویشک کردووە و بە هەموو تواناوە خەریکی ئاوهەڵکێشان و گواستنەوەیین. ئەو پیلانەی سپای پاسداران و ناوەندی ئەمنیەتییەکان چەندین شاخی ناوچەی پیرانشار بەرەو نەغەدەی وەکوو کێوی زاواکێو و زەوی و زاری ناوچەی لاجان و پیران و بەتایبەتی شوێنی مێژوویی هەزاران ساڵەی خورینج کە بە سەیرانگایەکی میللی سەیری دەکرێ کردووەتە ئامانج. هەر لەو سۆنگەیەشەوە خەڵکی ئاواییەکانی خورینج، زنوینجیان، کانی سێو و سۆغانلو مەترسیی بێ‌ئاوی و ئیشک‌بوونی زەوی و زار تەنگی پێ هەڵچنیون. لە ئێستادا لێدانی ئەم تونێلە لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی ژینگەپارێزانی ناوچە بەرەوڕوو بۆتەوە، بەڵام ئەو ناڕەزایەتییانە لەلایەن کۆمپانیاکانی پڕۆژەکەوە کە سەر بە سپای پاسدارانن بێ وەڵام ماونەتەوە. بۆیەشە کە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناوچە لایان وایە سەرکەوتنی داوا و ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە لە گرەوی وەڕێ‌خستنی هەڵمەتێکی گشتییە بە بەشداریی هەموو چین وتوێژەکان و تێکڕای خەڵکی ناوچەی پیرانشار و دەوروبەر.