کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مەنسوورون"ی دۆینێ و "خوزستان"ەکەی ئەمڕۆ

06:13 - 16 گەلاوێژ 2721

هەر حکوومەت و دەسەڵاتێک گوێبستی دەنگی حەقخوازیی خەڵکەکە نەبێ، بەرەوڕووی سەرهەڵدان و دروست‌بوونی گرووپ و ڕێکخراوی بەرگری و دژبەری خۆی دەبێتەوە. بەشی زۆری گرووپەکانی بەرگری بۆ مەبەستی مافخوازی و دادپەروەری سەر هەڵدەدەن، بەڵام کەم نین لەم گرووپ و لایەنانە کە بە تێپەڕینی کات گۆڕانکاری لە هەناویاندا ڕوو دەدا، یان هەتڵە دەبن، یان لەو ئامانج و مەبەستانەی بۆیان دامەزراون دوور دەکەونەوە و مەودایان لێ دەگرن. گرووپی "مەنسوورون" کە یەکەم شانەکانی ڕێکخستنی لەسەر بیری ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی لە ساڵی ١٣٤٩دا دامەزرا، نموونەیەکی دیاری ئەم جۆرە ڕێکخراوانەن. گرووپی مەنسوورون کە لە بناغەدا بۆ دژایەتیی نیزمی سەرکوتگەری پاشایەتی دامەزرا و دواتر بوونە لۆبیگەری دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، یەکەم شت کە خۆیان لەگەڵ ڕاهێنا تێرۆر و سەرکوت بوو. ئەوان لە دەیەی ٥٠ی هەتاویدا زۆر بەرپرس و کادری نیزامیی ڕێژیمی پاشایەتییان تێرۆر کرد. هەر ئەوان کە دواتر لەگەڵ چەند ڕێکخراوی نیزیک و هاومەرامی دیکەیان "موجاهیدینی ئینقلابی ئیسلامی"یان پێک‌هێنا، یەک لەو ئەرک و مەئموورییەتانەیان کە ئێستاش نیسێی ناڕوونییەکانی بەسەردا کشاوە، ئاگردان و سووتاندنی سینەما "رکس"ی ئابادان بوو. سینەمایەک کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٧دا زیاتر لە ٤٠٠ کەسی بێ‌تاوان و ئاسایی تێیدا کۆ ببوونەوە هەتا سەیری فیلمی "گوزن‌ها"ی مەسعوود کیمیایی بکەن، بەڵام بوونە خەڵووز. ئەوان میراتگری بیری فیداییانی ئیسلام بوون کە لە سێ دەیە پێشترەوە بە تێرۆری ئەحمەد کەسرەوی و جیابیرانی دیکە سیاسەتی کوشتن و لەسەر ڕێ هەڵگرتنی دژبەرانیان گرتبووە بەر. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕەشماڵی دەسەڵاتەکەی هەر لەسەر ئەو ئەستۆندەکە، واتە سڕینەوە، تێرۆر و لە مەیدان‌وەدەرنانی دژبەرانی هەڵدا. حەسەن هۆرمۆزی، موحسین ڕەزایی، مەجید بەقایی، محەممەدباقر زولقەدر، عەلی شەمخانی و باقر قازییانی سەرشانە گرینگەکانی گرووپی "مەنسوورون" بوون کە ئەو ڕێکخراوەیەیان دامەزراند. دواتریش هەموو وێکڕا لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە سوور بوو، و لە سۆنگەی تاوانەکانیان پلە و بەرپرسایەتیی گرینگیان لەو ڕێژیمەدا پێ درا. سەرنجڕاکێش ئەوە کە "موحسین مەخمەلباف"یش ئەندامێکی ئەم گرووپە بوو. ئەو کە دەست‌پەرورەدەی تێرۆر و توندوتیژیی شۆڕشی ئیسلامی بوو، دواتر لە بەرگی دەرهێنەری سینەمادا ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی کایە کرد و بە گاردی "ڕووناکبیر"ییەوە وڵاتی بەجێ هێشت و تێکەڵ بە ڕەوتی ڕێفۆڕمخوازەکان! بوو. دەرهێنەرێکی سینەما کە دەستی بە خوێنی هەمان ئەو خەڵکە سوور بوو کە بۆ دیتنی فیلم ڕوویان لە سینەماکان کردبوو، خەڵکێکی ئاسایی... هەر ئەو گرووپە (مەنسوورون) لە دامەزراندانی یەکەم شانەکانی سپای پاسداران‌دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو. سپای پاسداران کە لە ئێستادا کاراکتەری سەرەکیی تاڵان، جەردەیی، گەندەڵی و هاوکات مافیای هێز و دەسەڵاتە لە ئێراندا، کەسانێکی وەک موحسین ڕەزایی، شەمخانی و جیهان‌ئارا لە دامەزرێنەرانی بوون. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لێکەوتە و نوێنگەی ئیرادەی ئەو جۆرە کەسانە بەو شێوە هزر و تێروانینە بوو، هیچ کاتێکی بۆ تێرۆر و لەمەیدان‌بەدەرکردنی نەیارانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات نەدەناسی. ئەم رێژیمە کە هەر لە سەرەتاوە بە تێرۆر فرچکی گرت، ئێستاش ماکەی تێرۆر لە هەموو دنیایە و ماشێنی جینایەتەکانی ئەم رێژیمە هەروا لەگەڕدایە. ئەو خوزستانەی کە ڕۆژێک بۆ خەبات دژی زوڵم و ستەمی پاشایەتی باوەشی بۆ ئەم گرووپە کردبۆوە، ئێستا پتر لە چوار دەیەیە نیشتمان و جوغرافیای سەرکوتێکی بێ‌بڕانەوەیە کە لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە دەرحەق بە خەڵکەکەی دەکرێ. هەر ئێستاش لە دوای ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام کە لەبەر بێ‌ئاوی و خەمساردیی کاربەدەستانەوە وەڕێ کەوتن، بە هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی ئەو گەلە گیراون، لەولاش میراتگرانی "مەنسوورون" لە بەتاڵان‌بردنی نەوت و ئاو و سەرچاوە سروشتییەکانی ئەم ناوچەیە بەردەوامن. کارەسات بۆ ئەو خەڵکە ئەوکاتە ناخ‌هەژێنتر بوو کە دەرکەوت "هورالعظیم" بە بڕیاری خودی خامنەیی ئیشک کراوە بۆوەی بە تێچووی کەمتر نەوت و گازی لێ دەربهێنن و دواتر بە چینییەکانی بفرۆشن. جوغرافیایەک کە خەڵکە بێدەرەتانەکەی قوربانیی دەزگای سەرکوت و تێرۆرێکن کە گەراکانی یەکەمی لەپاڵ دەستی خۆیان داندرا و لەسەر دەستی کەسانێکی وەک موحسین ڕەزایی‌دا پەرەیان سەند کە لەپێناو ئاڕمانەکانی ئەم ڕێژیمە خوێنمژەدا بەزەییان بە منداڵی خۆشیاندا نەهاتەوە. خوزستان نیشتمانی ڕۆڵەکانیەتی، بەڵام قازانج و بەروبوومی بۆ ئیترەکانە؛ نیشتمانی خەڵکێکی بێ‌دەرەتان و زەحمەتکێش کە هەروەک بێ‌تاوانەکان لە ئاگری سینەما "رکس"ی ئێستادا دەسووتێن و بەبەرچاوی شەمخانی و بەقایی و مەخمەلبافەکانەوە گڕ دەگرن و دەکەون. خوزستان وڵاتی گڕ و ئاگر و شوێنی گوورانی "مونسوورون"ـەکان و نیشتمانی ئێستای خەڵکێکی داماو و تێنووە.