کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چۆن لەگەڵ سەرکۆماری نوێی ئێران هەڵسوکەوت بکا؟

06:16 - 16 گەلاوێژ 2721

بە پێڕەوکردنی سیاسەتی "بێدەنگیی ستراتێژیک"-ی سەردەمی ئۆباما لە دوای هەڵبژێرانی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرکۆماری ئێران لە لایەن سەرۆکی گەورە عەلی خامنەیی، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لە بێدەنگیدا چاوەڕێی دەست‌بەکار بوونیەتی، ڕەنگبێ بەو هیوایە کە قەناعەتی پێ بێنێ تا دوای سوێندخواردنی فەرمی لە مانگی ئاگوست، بگەڕێتەوە ڕێککەوتنی بەرجام. بەڵام، ناڕەزایەتییە پەرەئەستێنەکان لە سەرانسەری ئێران ئەوە دەگەیەنن کە گەڕانەوەی "بێدەنگیی ستراتێژیک" لەو کاتە هەستیارەی ئەم هاوینەدا دەتوانێ ببێتە هۆی لەکیس چوونی دەرفەتێک، وەک چۆن دوازدە ساڵ لەوە پێش بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما بەئانقەست مەزنترین هەڕەشە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرەتاکەی لە ١٩٧٩، پاشگوێ خست. ڕەنگبێ سیاسەتێکی بەرهەمدارتر بۆ تێوەگلانی چالاکانە لەگەڵ خەڵکی ئێران ئەوە بێ کە چاوێک بە سیاسەتی سەرکەوتووی سەردەمی شەڕی سارددا بخشێنێ، کە دەکرێ بە وشەی "هاوپشتی" کورت بکرێتەوە. لە مانگی جوونی ٢٠٠٩، کاتێک دەیان هەزار ئێرانیی بوێر ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی دووبارە هەڵبژێرانەوەی مەحمود ئەحمەدی‌نەژاد دەربڕی، جان کێری، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندیی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا هۆشداریی دا بە "کۆنەپارێزە نوێیەکان" کە "لە پێش ئاخاوتن لە بارەی ڕووداوکانی ئێران، بیر بکەنەوە". کێری لە درێژەی وتارەکەیدا نووسی، لە کاتێکدا کە خۆپێشاندەرەکان بوونە هۆی "ئیلهامی" ناوبراو و "هاوهەستی"ـی لەگەڵ خولیاکانیان هەیە، پشتیوانیی بەهێز لەوان دەبێتە هۆی بەهێزتر کردنی توندئاژۆکان. لەلایەکی دیکەوە، سەرکۆمار ئۆباما، بە بێدەنگیی خۆی و "پێشنیاری وتووێژ و ئاشتبوونەوە بە تاران"، "توندئاژۆکانی ناچار بە بەرگریی" کردبوو. ئاکامی ئەو بێدەنگییە ڕێککەوتنی بەرجام یان مامەڵەی ئەتۆمیی ئێران لە ٢٠١٥ی لێ کەوتەوە. دوای هەڵبژاردنە گەندەڵ و نادێموکراتیکەکەی ڕەئیسی وەک سەرکۆمار، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، هەڵسوکەتی بێدەنگیی هەڵبژاردۆتەوە، تەنانەت خۆ لە لێدوانێکی بێ لایەنانەش لەمەڕ ئەو شانۆ گاڵتەجاڕانەی دێمۆکراسی لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوە دەبوێرێ جا چ بگا بە خودی سەرکۆمار بایدن. ئەو پاشگوێ خستنە ئاشکرایە هێندە سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشان کە وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوە خۆی ناچار دیت جوابی لێکدانەوەکان لە چاوپێکەوتنی ڕۆژانە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بداتەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی نەریتی کاری وەزارەتی کاروباری دەرەوە لەمەڕ لێداون لە بارەی هەڵبژاردنان، مەزن و بچووک، لە سەرانسەری دنیا ڕەچاوی دەکەن، شتێکی گاڵتەجاڕانە بوو. بڕیاری سەرکۆنە نەکردنی هەڵبژاردنەکان بەئاشکرا دیارە نرخی وتوێژەکانی ڤییەنە کە ئێستا لە ئارا دان و پێویست بە گوتن ناکا. بەڵام بە دوو هۆ بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لەوانەیە بیهەوێ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی بۆ سەرکۆنە نەکردنی "هەڵبژاردنەکانی" ئێران بکا. یەکەم، ڕەئیسی بە تایبەتی تێکەڵاوێکی مەترسیدارە لە جەردە و مەلا. دووهەم، خەڵکی ئێران ڕەنگبێ چاوەڕوانی ئەو جۆرە هاندانە پتەوە بن کە بەڕیوەبەرایەتیی ئۆباما لە ٢٠٠٩ خۆی لێ بوارد. شتێک کە هەڵبژاردنەکە ئاشکرای کرد ئەوەیە کە ڕێبەری گەورە چیدیکە پشتگیری لە بووکەڵەی "ڕێفۆرمخواز" وەک سەرکۆماری پێشوو حەسەن ڕووحانی و وەزیرەی دەرەوە جەواد زەریف لەنێو ڕێژیمەکەیدا ناکا. ڕابردووی ڕەئیسی ئەوە دەردەخا کە ئەو کەسێکی گرینگە و دەوری کەسیی بۆ درێژەپێدانی کۆنتڕۆڵی بنەماڵەی خامنەیی بەسەر ئێرانەوە دەگێڕێ. سەرکۆماری نوێ، دیکتاتۆرییەتی خۆی لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ١٩٧٩ نیشان دا و زوو بوو بە کەسێکی ناسیاو لەنێو سیستەمی دادوەریی ئێران، پلەیەک کە ئەو بۆ سەرکوتی نەیاران بەکاری هێنا، لە ناویاندا لە کارەساتی سەرانسەریی ١٩٨٨ دژی بەندییە سیاسییەکان، و ئەوە بەشێک لەو پەروەندەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بەگوێرەی بڕیاری سەرکۆماریی ١٣٨٧٦، بۆ سەپاندنی ئابلۆقە بەسەریدا وەک کەسێکی نزیک لە ڕێبەری گەورە کەڵکی لێ وەرگرت. ڕەئیسی هەروەها سێ ساڵ وەک بەرپرسی "آستان قدس رضوی"، ڕێکخراوێک کە بە ڕواڵەت ناوەندێکی خێرخوازیی ئایینییە بەڵام بەکردەوە بەشێکە لە ڕایەڵەی لێڵی حەپەلووش‌کردنی دارایی کە سامانی بنەماڵەیی خامنەیی پێک‌دێنێ. بۆیە ڕەئیسی لە پرسی پێکهاتەی پشتیوانیی خامنەیی هەموو نهێنییەکان دەزانێ و هەروەها لەگەڵ شێوەی سەرکوتی ئاپۆڕای پەرەئەستێنی بەرهەڵستکاران شارەزایە، بۆیە ئەو کاندیدای دڵخوازە بۆ پێڕاگەیشتن بە ناڕەزایەتییەکانی کاتی دەست‌لەکارکێشانەوە یان مردنی خامنەیی. ئەوە بەو مانایە نییە کە بزانین کاتی دروستی ئەو ڕووداوە کەنگێیە، بەڵام شتێکی عەقڵانییە کە بڵێێن ئەوە لە ماوەی چوارساڵی یەکەم یان دووهەمی سەرکۆماریی ڕەئیسی‌دا ڕوو دەدا. لە کاتێکدا کە ئامانجی کۆتایی سەرۆکی گەورە ئەوەیە کە کوڕە گەورەکەی، موجتەبا (ئەویش بە گوێرەی بڕیاری سەرکۆماریی ١٣٨٧٦ لە لیستەی ئابلۆقە دایە) جێگای بگرێتەوە، ڕەئیسی دەتوانێ مشورخۆرێکی ناوازە بێ بۆ دڵنیا بوون لەو جێگۆڕکێیە و پاراستنی سامانی بنەماڵەیی. لە کاتێکدا کە ڕەوتی ڕووداوەکان بێ‌گومان بە قازانجی خامنەیی دەچنە پێش، وێناچی لە لایەن خەڵکی ئێران، کە نیگەرانیی سەرەکیی ئەوان گەندەڵیی ڕێژیمە، قبووڵ بکرێ. ئەوان زۆر باش دەزانن لە کاتێکدا کە ئەوان بە هۆی ئابلۆقەی نێونەتەوەییەوە ئازار و برسییەتیان چێشتووە، مەلا پلە باڵاکان و ژەنڕاڵەکان سامانە زەبەلاحەکانیان بە فرۆشتنی نایاسایی نەوت زیاتر کردووە، لە کاتێکدا کە ئەوان بچووکترین دەرفەتیان بۆ ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک نەهێشتۆتەوە. هاوکات کە لایەنگرانی ڕێژیم بەشداریی گەلێک کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ١٨ی جوون بە "بێ هەستی" ناو دەبەن، بەڵام وێناچێ هۆیەکەی بێ‌هەستی بێ، چونکە دووهەم ڕێژەی دەنگ، دوای ڕەئیسی، دەنگی سپی یان دەنگی بەئانقەست پووچەڵ بووە. لە کاتێکدا کە ئێمە ڕێژە دروستەکەی نازانین، ئەو هەڵمەتی بایکۆت‌کردنە و ڕەتکردنەوەی سەرجەم کاندیداکان ڕەنگبێ تا ٪٧٥ دەنگەکانی لەگەڵ بووبێ. هەرچۆنێک بێ وێدەچێ خەڵکی ئێران هێندەش بێ‌هەست نەبن. جگە لەوە، ناڕەزایەتییەکان لەو حەوتووانەی دواییدا لە سەرانسەری ئێران بەڕیوە چوون، بەڵام، بەپێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩، ئەو ناڕەزایەتییانە بە هۆی پرسی کۆمەڵایەتی، وەک ناڕەزایەتی لەنێو سەندیکای کرێکاران بە هۆی کەم بوونی مووچە و مەترسیدار بوونی مەرجەکانی کار، بە تایبەتی لەنێو کەرتی پیشەسازیی نەوت، بووە. ئەو خۆپیشاندانانە ئالنگارییەکی مەزنن بۆ ڕێژیم، لە کاتێکدا کە کوشتاری بێ‌بەزەییانەی ئەو کرێکارانە دەتوانێ ببێتە هۆی مانگرتنی زیاتر و تەگەرە خستنە سەر بەرهەمهێنان لەو کەرتە هەستیارەدا کە ئابووری لاوازی ئێران بەرگەیان ناگرێ. جگە لەوە، ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خوزستان بە هۆی نەبوونی ئاو، وەک هاواری جەماوەریی دژی گەندەڵیی سیستەماتیک و ناکارامەیی تاران کە وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن سامانی کردۆتە بیابانێکی وشک، لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو بۆتەوە. کاتێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاستەخۆ پرسیار لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە کرا، وڵام دراوە کە ئەم وەزارەتە دۆخەکەی لەژێر "چاودێری" دایە، بەڵام زیاتر لە سێ حەوتووی خایاند تا لێدوانێکی فەرمی بدا، ئەویش تەنیا لە لایەن وتەبێژی ڕۆژنامەوانیی، کە "داوای لە دەوڵەتی ئێران کرد ڕێگا بە هاووڵاتیان بدا تا مافی ئازادیی دەربڕینی بیروڕا و دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیاریی، لە ناویاندا بە ئینتەرنێت، بەکار بێنن،" دیارە ناکرێ بڵێین ئەوە نیشانەی پشتگیریی بەهێز لە لایەن کاربەدەستە پلەبەرزەکانی واشینگتۆنە. لەکاتێکدا کە ئەم حەوتوویە ڕەئیسی خەریکی خۆئامادەکردن بۆ سوێندخواردنە، ئاشکرا بووە کە ئێران بەرپرسی هێرش بۆ سەر پاپۆڕی مەرسەر ستریت (پاپۆڕێکی سیڤیلی بازرگانی کە پێوەندیی بە ئیسڕائیلەوە هەیە) لە کەنداوی عەڕەبییە کە بۆتە هۆی کوژرانی دوو کەس لە سەرنشینەکانی و ئەوە نیشانەیەکی ئاشکرای زیاتر بوونی دوژمنایەتی تاران دژی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کردەوە ئاشتیخوازانە و پاشەکشەکانی بەرێوەبەرایەتیی بایدن. بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەکان پەرە بستێنن، دەرفەتێکی کۆتایی دەبێ بۆ ڕێبەریی سیاسیی ئەمریکا، پێش ئەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ جیلێکی دیکە بناغەکانی پتەو بکا، تا ڕێچکە بگۆڕی و بە هێزی تەواوەوە لایەنگری لە خۆپیشاندەرەکان بکا و بەرهەڵستکارییەکی نێونەتەویی دژی ڕێژیم دروست بکا کە ماوەیەکی گەلێک دوور و درێژە ئێرانییەکان سەرکوت دەکا. هەر چۆنێک بێ، تاکتیکێکی ئەوتۆ یارمەتیی بە وڵاتە یەکگرتووەکان کرد تا شەڕی سارد بباتەوە: ئەمریکا بە کەڵک‌وەرگرتن لە دارایی دابین‌کراو لەلایەن پشتگیریی نەتەوەیی لە دێموکراسی، لە هەشتاکانی زایینی سەرکەوتووانە پشتگیریی لە جووڵانەوەی کرێکاریی لەهستان کرد و سەندیکا کرێکارییەکانی ئەمریکای هان دا تا پشتیوانی هاوکارە لەهستانییەکانیان بن. هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان وەک ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعودی، کە خاوەنی تەکنەلۆژیای فرە پێشکەوتووی دابینکردنی ئاون، دەتوانن بەئاشکرا پلان بۆ بەراوژووکردنەوەی کەمیی کارەساتباری ئاو لە ئێران داڕێژن. جگە لەوە کۆنگرە دەتوانێ هەنگاو بۆ ئینتەرنێتی ساتەلاینتی ئازاد و بەخۆڕایی دابین بکا تا خۆپیشاندەران بتوانن خۆیان ڕێک‌بخەن و بەسەرهاتەکانیان بۆ دنیای دەرەوە بەڕێ بکەن. ئەو هاوپشتییە ڕەنگبی دروست ئەو شتە بێ کە خەڵکی ئێران بۆ داڕشتنەوەی چارەنووسی خۆیان پێویستیان بێ، بەڵام ئەگەر سەرکۆمار بایدن و بەڕێوەبەرایەتییەکەی درێژە بە ستراتێژی بێدەنگیی بدەن، ڕەنگبێ ئەو شتە جێبەجێ نەبێ. ***