کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزێک لە حەفتا ساڵ تێکۆشانی جەلیل گادانی

06:27 - 16 گەلاوێژ 2721

گەلی کورد و خەباتەکەی زۆر کەسایەتی لێهاتووی تێدا هەڵکەوتووە، بەڵام بەداخەوە یان کەم ناسێندراون یان بە هۆی ستەمی لەمێژینەی نەتەوەیی و نەهامەتییەکانی وا بەسەر کورددا هاتوون، ناو و دەوریان وەک شیاوی خۆیانە باس ناکرێ و هەشە کە هەر ناوی سڕاوەتەوە. بزوتنەوەی کوردستان لە هەلومەرجی زۆر نابەرابەردا بۆ مافەکانی جەنگاوە، بۆیە تێکۆشەرانیشی تووشی زۆر سەختی و تەنگ و چەڵەمەی ژیان بونەتەوە. کاک جەلیل گادانی یەکێک لەو کەسانەیە کە بێ‌سرەوتن ٧٠ ساڵی ئازگار ڕێبواری ڕێگای ئازادی و ڕزگاری بووە و، سەرەڕای هەموو گرفت و ئازارەکان کۆڵی نەداوە و شل نەبۆتەوە. تەنیا بە زار خۆشە بە سەروماڵەوە و بێ چاوەڕوانی، تەمەنێکی ئاوا لەگەڵ ئەشکەنجە، زیندان، دووریی ئازیزان و تاراوگە و دڕەندەیی داگیرکەر، بە سەربەرزی سەر بکەی. ئەو کەسانە دەتوانن لە وەها تاقیکردنەوەیەک‌دا دەرچن کە قاڵبووی کوورەی خەباتن. مەخابن لە نێو ئێمە دوای مەرگیان ڕێزیان لێ‌دەگیرێ. شاعیر زۆر جوان دەڵێ:  "چو بر خاکم بخواهی بوسە دادن  رخم را بوسە دە اکنون همانیم"   ئاشنایەتی و ناسیاویی من لەگەڵ کاک جەلیل گادانی لە سەرەتای شۆڕشی ئیرانەوە دەستی پێ‌کرد. یەکەمجار ناوی ئەوم لە دوکتور جەعفەر کە خزمی بوو، بیست. دواتر کە وردە وردە بۆخۆم لەگەڵی ئاشنا بووم زۆرترم ناسی. ساڵ هات و ڕۆیی و بزاوتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ڕۆژهەڵات زۆر شتی تێدا ڕووی دا. کاک جەلیل و منیش لە دوو ڕەوتی جیاوازی نێو ئەو شۆڕشەدا دەورمان هەبوو و بە زۆر هۆکار شانمان وەشانی یەکدی دەکەوت. بەڵێ لە خۆشی و ناخۆشییەکانی نێو کۆمەڵە و دێمۆکراتدا، لە وتووێژی کاتی گرژییەکان و لە دیالۆگ بۆ ئاشتیدا پێکەوە دواوین. لە زۆر دانیشتنی پێکەوەیی و دۆستانەدا بە بەشداریی خەڵکی دیکە کەوتوینەتە یەک، زۆر جار لە باس و لێکدانەوەی سیاسیدا سەرگەرمی دەمەتەقە و ڕاوێژ بووین، جاری وابووە هاودەنگ بووین و، هەشبووە کە زۆر جیاواز بیرمان کردۆتەوە. بە هەموو ئەو هەوراز و نشێوی نێو شۆڕش و پێوەندیی حیزبەکانی ئێمە و دۆستایەتیی شەخسی خۆشمان، دەتوانم کاک جەلیل گادانی لە ڕوانگەی خۆمەوە ئاوا پێناسە بکەم:     پابەند بوون بە لۆژیک: هەرکات چ لە وتووێژی دەورەی گرژیی نێوانمان، چ لە باسی ئاشتی و چ لە دیالۆگی مەجلیسی، ئینسان زۆر بە ڕۆشنی لێی تێ‌دەگەیشت. گەر لە ڕوانیندا لێک دوریش بوایەین هەمیشە هەستم بەوە کردوە کە سەرەڕای هەڵچوونی جاربەجاری، بەڵام لۆژیک و مەنتیق لای کاک جەلیل جێگای هەبوو، زۆریش لەم‌بارەیەوە ڕاستگۆ و سەمیمی بوو. بۆیە لە ناخۆشترین دەورەکان و توندترین باسی نێوانمان، قەت هەستی ناخۆش بەرانبەری تێمدا پەیدا نەبووە. پێم‌وایە ئەوە بۆ ڕابەرێکی سیاسی و کەسایەتییەکی کاریگەر و لە وەها پێگەیەکدا، خیسڵەتێکی زۆر باشە کە متمانە پێک‌دێنێ. بەڵێ کاک جەلیل متمانەی کەسی بەرانبەری وەدەست دێنا. ئەو یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ ئاگربڕی نێوان کۆمەڵە و دێمۆکرات کاری کرد و، هەوڵی باشی خستە گەڕ و، بۆ باش‌کردنی پێوەندییەکانی نێوانمان دەوری هەبوو.    هەڵسوڕ و ماندوو نەناس: هەم من بۆخۆم لێم دیوە، هەم بیستوومە لە هاوڕێیانی حیزبی دێمۆکرات کە لە نیزیکەوە کاریان لەگەڵ کردوە و، هەم ژیانی سیاسیی کاک جەلیل، دەری دەخا کە چالاکوانێکی نەسرەوتوو و پەیگیر بووە. لە دانیشتن و دیالۆگیشدا ماندوو نەدەبوو، تاقەتی هەبوو بدوێ هەتا چارەسەر دەدۆزرێتەوە. ئەو هەموو وزە و ئێنێرژییە لە عیشقی بە کار و وەزیفەی سەرچاوەی دەگرت. لە بیرمە لەو ساڵانەی دواییدا چەندین جار هاتە لای هەموو حیزبەکان و بە تایبەتی کاری هاوبەشی کۆمەڵە و دێمۆکراتی بەلاوە گرینگ بوو، تا بەشکەم شتێک وەڕێ‌ بخرێ. لەو هاتن و چونانە بە ڕۆشنی دەبیندرا وەک دڵسۆزیکی بزووتنەوەکە، نەک وەک حیزبییەک دەدوا و ڕاوێژی لەگەڵ هەموومان دەکرد و هاندەر بوو بۆ هەنگاو هەڵگرتن. پێم‌وایە هەوڵەکانیشی بێ‌ئاکام نەبوون. دەمارگرژیی سێکتی و حیزبی زاڵ نەبوو بەسەر ڕوانینیدا، بەرژەوەندیی گشتیی بزوتنەوەکە لای گرینگ بوو. ئەو هەوڵ و دڵسۆزی و هەڵسووڕانانەش ئاماژەن بۆ بڕوا بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد. جەلیل گادانی بۆیە دەیتوانی لە دەوروبەری خۆی تۆوی خەبات و کۆڵنەدان بڵاو کاتەوە و جوڵەی زۆرتر بەرێتە نێو جیلی نوێ.     بێ فێڵ و ڕاستگۆ بوو هەر کەس لەگەڵی کاری کردبێ و دیتبێتی ئەوە دەسەلمێنێ کە ڕەنگە لەگەڵی هاوڕا نەبووبێ و جیاوازی لە نێوانیاندا هەبێ، بەڵام نیگەران نەبووە کە ناڕاستی و شیلە و پیلەی لە کاردا بێ. قسە و قەولی ڕاستت لێ دەبیست. لەگەڵ کەس و لایەنی جیاواز دەحاواوە و هەڵی دەکرد. بۆیەشە توانیبووی پێوەندیی زۆر لەگەڵ کەس و لایەنی جیاواز پێک‌بێنێ و ڕێگای پێکەوە کار کردن بهێڵێتەوە.   سادە و ساکار، خۆبەخش و لێبوردوو کاک جەلیل لە هەموو هەڵسوکەوتیدا سادە، سەمیمی، زوو ئاشنا و لە ژیانی خەباتکارانەی هەرچی بووی و نەیبوو لەسەر لەپی دەستی دانابوو. لە هەوەڵین دیداردا هەستت دەکرد بڕێک مۆن دەردەکەوت، بەڵام هەر زۆر زوو لەگەڵی خۆیی دەبوویەوە و خۆشت دەویست. ورە و باوەڕی بە خەبات و ڕزگاریی نەتەوەکەی وای لێ‌کردبوو کە سەروماڵی تێوەچێ و سڵ نەکاتەوە لە لەمپەری سەر ڕێگا و کەند و کۆسپی ژیان، هەمیشە گەشبین و هیوابەخش بوو، ئەو خیسڵەتەش ڕێز و ئیحتیرامی بۆ دابین دەکرد. ئینسانێکی بەهەست بوو کە تۆ زوو دەتتوانی کاردانەوەی بە خۆشی و ناخۆشی، لە ڕواڵەتیدا ببینی. حەیفێ لە نێو نەریتی حیزبی ئێمەدا ڕێزگرتن لە یەک زوو و، دوای بچووکترین ناتەبایی، جێی پێ لێژ دەبێ. با ئەو یادە بکەینە دەرفەتێک بۆ ڕێز دانانی پڕاوپڕ لە هەموو تێکۆشەرانی خەبات بۆ ڕزگاری. کاک جەلیل لە ناومان نەما، بەڵام هەوڵ و تێکۆشانی دیارە و ناسڕێتەوە، زەحمەت و کاری جێی ڕێز و پێزانینە. با لە باشییەکانی فێر بین و پەرەیان پێ‌نەدەین و بیکەینە وانە بۆ جەلیلەکانی داهاتوو. با یادی بکەینە دەرفەتێک بۆ لێک‌تێگەیشتن و دیالۆگ لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی بزاوتی دادپەروەرانە و خەباتی مێژوویی گەلی کورد. یادی بەڕێز و بەرز ڕادەگرین تا هەمووان بزانن ئەو کاروانە وەفادارە بە هاوکاروانیانی.