کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلیل گادانی تێکۆشەرێک لە ڕۆژگاری سەخت‌دا

06:28 - 16 گەلاوێژ 2721

کارێکی ئاسان نییە بە نووسینی بابەتێک بتوانم لەسەر کەسایەتییەکی گەورە، لەسەر تێکۆشەری مەزن جەلیل گادانی شت بڵێم، بەتایبەتی ئەم کەسایەتییە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ڕووداوەکانی زیاتر لە نیو سەدە لە کاروانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بە گشتی، و ئەم بزووتنەوەیەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی تایبەت. کارێکی ئاساییە کە هەر تێکۆشەرێک ماڵئاوایی یەکجارەکی دەکا و بێ ڕەزامەندیی خۆی لە قرچەی هەتاوی بەتینی تێکۆشانەوە بەرەو سێبەر دەگوێزرێتەوە، شوێنەکەی چۆڵ نابێ. ڕاستە هەر تێکۆشەرێک خەسڵەت و تایبەتمەندی و شارەزایی و ئەزموونی تایبەتیی خۆی هەیە و، گومانی تێدا نییە ئەو تێکۆشەرە بۆن و بەرامەی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی بۆتە نەریتی شۆڕشگێرانە لە ئەزمونی ڕەسەنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی گەلی کوردستان ئەوەیە کە ئەو تێکۆشەرە ماڵئاوایی یەکجارەکی دەکا و شوێنی خۆی بۆ تێکۆشەرێکی دیکە جێ دەهێڵێ و وەجاغی تێکۆشەرانی گەلەکەمان کوێر نەبووە و نابێ. لە کۆچی دوایی جەلیل گادانیی مەزن بەشێکی زۆری حیزب و لایەنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەکەمان لەهەر چوار پارچەی کوردستان بروسکەی ماتەمینییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد و، ناوەند و دەزگا میدیاییەکان ئاماژەیان بە بیوگرافی و پانۆڕامای ژیانی جەلیل گادانی کرد و تیایدا ساڵی لە دایک بوون و وێستگەکانی کاری حیزبی و سیاسی ئەم تێکۆشەرەیان خستە ڕوو. لە بابەتەدا دەمەوێ بە جۆرێکی دیکە ڕابردووی ژیانی سیاسیی ئەم تێکۆشەرە بخوێنەمەوە و، بۆیە ئاماژە بەم خاڵانە دەکەم: ــ جەلیل گادانی تێکۆشەرێکی بەرچاوڕوون بوو لە دەستنیشانکردنی شوناسی دوژمنانی گەلی کوردستان و هیچ کاتێک لەگەڵ مانۆڕەکانی ئەو دوژمنانە خۆڕسکانە مامەڵەی نەکردووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قاڵبوونی لە مەیدانی تێکۆشان. مانەوەی گادانی بۆ 13 ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕژێمی شای ئێران و موقاوەمەت‌کردنی لە بەرامبەر ئەشکەنجەی ساواک و بەندیخانەکانی ئێران بناغەی ئەو بەرچاوڕوونییە بووە کە لە تێکرای هەڵوێستەکانی سەبارەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قاڵتر بۆوە. ــ جگە لە کاری شۆڕشگێرانەی ڕۆژانە جەلیل گادانی هەوڵی داوە ئەزمونی شۆڕشگێرانە و مێژووی پڕ شکۆی تێکۆشان بۆ نەوەی نوێی گەلەکەمان بگوێزێتەوە. لەم بوارەدا هەر وەک لە کتێبی پەنجا ساڵ خەبات‌دا نوسیویەتی "زۆر ڕوونە کە بەر لەوەی کورد بۆ خۆی دەست بە کاری نووسینی مێژووی خۆی بکا، زۆرتر خەڵکی دیکە هەوڵیان بۆ نووسینی مێژووەکەی داوە، بەڵام ئێستا کە بەخۆشییەوە هەلومەرج ڕەخساوە، گەلێک مێژوونووس و توێژەوەری خۆماڵی پەیدا بوون بە دڵگەرمی خەریکن لەسەر وەزعی ژیان و ڕابردووی نەتەوە بێبەشەکەمان بەڵگە کۆ دەکەنەوە و دەنووسن". لە (پەنجا ساڵ خەبات)دا جەلیل گادانی نەهاتووە بیرەوەریی خۆی بنووسێ و ئاماژە بەو ڕووداوانە بکا کە خۆی تیایدا بووە. لەو کتێبەدا پەنجا ساڵ خەباتی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی تۆمار دەکا و بۆ ئەم کارەشی لە هەردوو بەرگی ئەم کتێبەدا پشتی بە دەیان سەرچاوەی جۆراجۆر بەستووە. مەبەست لە (پەنجا ساڵ خەبات) هەروەکوو گادانی دەڵێ ئەوەیە کە: "ئەم گەلە لە مێژووی خۆی و نەتەوەکانی دیکە کەڵکی بەجێ وەرگرین و ڕووداو و زانیارییەکان دووپات نەکەینەوە، ئەوانەی چاکیشن بەپێی هەلومەرج و پێشڕەفتی دنیا باشتر بە ئەنجامیان بگەیەنین". ــ جەلیل گادانی لە هەلومەرجێکی سەختدا وەڵامی ئەو زنجیرە بڵاوکرایەوەی دایەوە کە بریتی بوو لە یانزە کتێبی چەواشەکەرانەی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران و بە زمانی کوردی و فارسی بە ناوێکی ناکەسبەچەوە نووسرابوو و تیایدا هەروەکوو گادانی باسی دەکا بەلاڕێدا بردنی میژووە و بە شێوەیەکی سووک سەیری کورد و کەسایەتییەکان دەکا. (وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوە) کە ناوی کتێبەکەی گادانییە کە وەڵامی چەواشەکارییەکان دەداتەوە و دیسانەوە ڕەنگدانەوەی بەرچاوڕوونی گادانی و ئامادەبوونێتی بۆ وەڵامدانەوەی هەر چەواشەکارییەک کە دژ بە حزبی دێموکرات کراوە و هەوڵی کەمکردنەوەی سەنگی ئەو حیزبە دراوە. ــ جگە لە بەشداری کردن لە وتار نووسین بۆ ڕۆژنامەی حیزبی دیموکرات و لە بەڵگەنامە حیزبییەکاندا، جەلیل گادانی کە بڕوانامەی لە زانکۆی تاران لە زمانی فەرەنسی هەبووە چەندین کتێب لە زمانی فەرەنسی و لە زمانی فارسی بۆ کوردی وەرگێراوە جگە لەو کتێبانەی کە بە زمانی کوردی نووسیویەتی، و بەرهەمەکانی  لە نووسین‌دا نزیکەی بیست کتێب دەبێ، و ئەم ژمارەیەش بۆ کەسێک کە سیانزە ساڵ لە بەندیخانە بووە و دواتر دوور خراوەتەوە، هەردەم ئەرکی کاری حیزبی ڕۆژانە و ئەرکی پێشمەرگایەتی هەبوو، کارێکی سانا نییە. ــ باشترین کۆتایی‌هێنانی من بە خستنەڕووی سیڤیی جەلیل گادانی ئاماژە کردنە بە نووسینێکی خۆی کە ئەڵێ: "ئەرێ چیدی ماوە وەک ئەرک لە پێناو گەل و نیشتمان و لە پێناو خەبات بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان بیکەین؟ هەر گیانە کە ماوە و ئەویش ئەگەر بە سەرکەوتووی گەڕاینەوە زێدی خۆمان باشە و ئەگەر شەهیدیش بووین کورد و کوردستان خۆش بێ. من لە سەرەتای دەست‌پێکردنی خەباتەوە کە دەگاتە حەفتا ساڵ، بێوچان و بێ ماندوو بوون بۆ کورد و کوردستان تێکۆشاوم و شەهید بوونیشم لە گوێی خۆم نووسیوە. ئەو گیانەی لە بەریشم‌دا ماوە هەر کات پێویست بێ لەو ڕێگایەدا سەخاوەتمەندانە بەختی دەکەم."   پێشبینی: هەرچەندە کوردستانی باشووریش نیشتمانی جەلیل گادانییە، بەڵام هەر وەکوو خەونەکەی مارتن لوترگینگ چاوەڕێ دەکەم ئامادە بم لە کاروانی گەڕانەوەی تەرمی جەلیل گادانی وەک تێکۆشەرێکی کوردستانی کە هەردەم خەمخۆری نیشتمانە دابەش‌کراوەکەمان بووە، بۆ ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و بۆ زێدی خۆی، و هەڵبەتە بە کاروانێکی سەربەرزانە کە ئاڵای کوردستان پێشڕەوایەتیی بکا.