کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کاک جەلیلی گادانیی تێکۆشەر و ماندونەناس

06:30 - 16 گەلاوێژ 2721

زۆر دڵگران دەبم کاتێک دەمەوێ بابەتێک لەسەر تێکۆشەرێکی کۆچکردوو بنوسم. هۆكارێکی خەمەکەم ئەوەیە کە دەست بە نوسینەکەم دەکەم زیاتر لەلام ڕوون دەبێتەوە کە هاوڕێیەکمان بەجێی هێشتووین ‌و سەنگەرێکی تری کوردایەتی چۆڵ بووە. بەڵام لەوە بەئازارتر ئەوەیە، کە دەزانم هەر چۆنێک لەسەر کەسێکی وەک جەلیلی گادانی بنووسم نوسینەکەم بارتەقای خەبات ‌و قوربانی‌دان و گەورەیی ئەو کەڵەپیاوە نابێت. ئاخر چۆن دەتوانم لە نوسینێکی چەند پەرەگرافیدا خەسڵەتەکانی ئازایەتی ‌و لەخۆبوردویی ‌‌و پشودرێژی‌ و هەستی پاکی کوردایەتی‌ و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیریی ئەو پیاوە دلێرە باس بکەم! کاک جەلیل هەموو ژیانی خۆی بۆ کورد تەرخان کرد. لەسەردەمی مێردمنداڵی‌ و لاوێتییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی سەنگەری بەرگری‌کردنی لە کورد و کوردستان چۆڵ نەکرد. لە ژیانی چەرمەسەریی زیندانەوە تا سەردەمی تێکۆشانی مەدەنی ‌و دواتر لەکاتی خەباتی پێشمەرگایەتی‌دا هەمیشە خولیا و ئاواتی ئەو قارەمانە ئازادی کورد و ڕزگاری کوردستان‌ بوو. ڕاستە کاک جەلیل تێکۆشەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام هاوڕێ ‌و خۆشەویستی تێکۆشەرانی باشوور و باکوور و ڕۆژاوای کوردستان ‌و کوردانی تاراوگە بوو. ئەو ڕێبەرە دەسکەوت ‌و سەرکەوتنی خەباتی کوردایەتیی لەهەر پارچەیەکی کوردستان بە هی خۆی ‌و حیزبەکەی دەزانی‌ و لە هاوکاری‌کردنیان درێغی نەدەکرد. کەسێک هەیە بتوانێ نکۆڵی لەو هاوکارییە مەزنەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکا لەخەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە باشوری کوردستان، کە جەلیلی گادانی یەکێک بو لە سەرکردەکانی ئەو حیزبە دێرینە؟ من بە شەخسی شایەدی ئەوەم کە لە دوای ئەنفالەوە تا ڕاپەڕین، سەرەڕای زەبروزەنگی ڕێژیمی سەدام، پێشمەرگە و سەرکردەکانی حیزبی دیموکرات نامە و بڵاوکراوە و بێسیمی ڕاکاڵ‌ و چەک‌ و پارەیان لە بناری قەندیلەوە دەگەیاندە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە شارەکان ‌و بۆ پارتیزانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکان. کاک جەلیل شارەزایی باشی لەسەر مێژوی کورد و خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەبوو. هەروەها لەهەمو سەردەمێک ‌و لەهەر شوێنێک بووبێ لەگەڵ تەبایی ڕیزەکانی کورد بوو؛ هەمیشە دژی ئەوە بو کە خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێ. مەرگ کۆتایی بە جەستە و ژیانی مرۆڤ دێنێ، بەڵام ناتوانێ ناوی کەسە مەزنەکان لە بیر و هۆشی مرۆڤەکان‌ و لاپەڕەکانی مێژو بسڕێتەوە. کێ دەتوانێ ناو و ناوبانگی جەلیلی گادانی ڕەش بکاتەوە؟ خۆم زۆر بەخیلی بەو جوامێرە دەبەم، چونکە توانی لەسەردەمی کۆماری مەهابادەوە تا دواساتەکانی ژیانی بە بێ‌وچان لەسەنگەری کوردایەتیدا بمێنێتەوە‌‌. سڵاو لەگیانی پاکی کاک جەلیلی گادانی