کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی

06:43 - 16 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ و دوای کۆتایی دەورەی ٨ ساڵەی سەرۆک‌کۆماریی ڕووحانی و بەپێی دەنگەکانی هەڵبژاردنێک کە چەند مانگ پێشتر ئەنجامەکەی بۆ هەموو کەس ڕوون بوو، ئیبراهیم ڕەئیسی بەربژێری دەست‌نیشانکراوی خامنەیی وەک سەرۆک‌کۆماری نوێی ڕێژیم دەست بە کار بوو. کەسێک کە لە کارنامەی چل ساڵەی خزمەت بە ڕێژیم و بەهۆی بەشداریی لە ئاستی جیاوازەکانی پلەی دادوەریدا هەتا گەیشتن بە پلەی سەرۆکی دەزگای داد، جگە لە ئازار و ئەشکەنجە و ئێعدامی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلانی ئێران هیچ خاڵێکی باش لە ئاکار و کردەوەیدا بەدی ناکری. بە تایبەت کۆشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ کە وەک خۆی دەڵی تەنیا ئەرکێکی جێبەجێی کردوە وەک خاڵێکی ڕەش بە نێوچاوانیەوە ماوەتەوە و دەنگە ڕاگەیێندراوەکانی لە ئەنجامی هەڵبژاردندا دەری خست کە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا هیچ متمانەیەکی پێ ناکرێ. ئێستا زیاتر لە چوار دەیە بەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا تێ دەپەڕێ. دەسەڵاتێکی ناڕەوا کە هەر لە سەرەتای دەسپێکردنیەوە بە شەڕپێفرۆشتن و پەلاماری نەتەوەکانی ئێران و یەک لە دوای یەک بە ڕشتنی خوێنی میللی دێموکراتەکان و کۆمۆنیستەکان و موجاهیدە موسوڵمانەکان بۆ خۆسەپاندن دەستی پێ کرد. ئەم سەرکوت‌کردنە و نەهێشتنی هەر کۆسپێک لەسەر ڕێی چەسپاندنی دەسەڵاتی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی بوو بە هۆکاری نەهێشتنی هەرچەشنە ئازادییەک و درێژبوونەوەی دەسەڵاتی سەرەڕوویانەی سیستمی ویلایەتی فەقیە لە ئێراندا. هەرچەند لە تەواوی ماوەی ئەم دەسەڵاتدارییەدا خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ گەڕانەوەی ئازادی بۆ ئێران لە بەرامبەریاندا ڕاوەستاون و بەدانی دەیان هەزاران قوربانی لە گەلانی ئێران لاپەڕەیەکی مێژووییان بە خوێنی خۆیان مۆر کردووە، هەتا نیشان بدەن کە بەرامبەر بە کۆنەپەرستی بێدەنگ نەبوون و نابن. کوردستان لە دەسپێک و درێژەی ئەم سێناریۆیەدا بەردەوام کەوتووەتە بەر پەلاماری چەکداری و بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەم ناوچە ڕاپەڕیوەدا لە ئەنجامدانی هیچ جێنایەتێک درێغیان نەکرد. شەڕی بەربڵاو، سووتاندنی گوندەکان و کوشتنی خەڵکی سێڤیل، گرتن و زیندان و ئێعدامی بە کۆمەڵ تەنیا بەشێکی بچووکی ئەو کارەساتانە بووە کە تووشی ئەم گەلەیان کرد. بەوەش نەوەستاونەوە و تەنانەت پیلانی تێرۆری ڕێبەران و چالاکانی ئەم گەلە بەردەوام لەسەر مێزی کاریاندا بووە و لە هەر کوێ بۆیان کرابێ درێغیان نەکردوە لە کوشتن و لەنێوبردنی هەر کەسێک کە لە خزمەتی گەلەکەیدا بووبێ و ئێستاس ئەم سیاسەتە هەر بەردەوامە و پیلانی جۆراوجور هەیە بۆ لە نێوبردنی فیزیکی کەسایەتییەکانی کورد. هەرچەند لەو ساڵانەدا ئەم خەبات و خۆڕاگرییە بەرامبەر بە زوڵم و زۆرداری ڕێژیمی ئێران، بەداخەوە بە هۆی سانسۆری بەربڵاوی خەبەری لەسەر کوردستان و بێ ئاگابوونی خەڵکی ئێران لە کێشەکانی کوردستان بە تەنیا مایەوە، سەرەڕای ئەوەش هەمیشە بە ئومێدەوە سەیری داهاتوو کراوە و بۆ گەیشتن بە ئازادی و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکان نەسل لە دوای نەسل لە مەیداندا بوون و درێژەیان بە خەبات داوە. ئێستاش کە ئەم بەربەرەکانێیە لە دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێرانی گرتوەتەوە، دەردەکەوێ کە لە نێوخۆی وڵات جێگە و پێگەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم چەندە لەرزۆک بووە. لە بواری سیاسەتی دەرەکیشدا کە هیوایەکی زۆریان لەسەر گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا بە دوای هاتنە سەر کاری جۆزێف بایدن هەڵچنیبوو، لە دوا دیداری خامنەیی لەگەڵ ڕووحانی و کابینەکەی ناڕازیبوون و نائومێدی ڕێبەر لەو سیاسەتانەی گرتبوویانە پێش و تێیدا سەرکەوتوو نەبوون بە تەواوی دەرکەوت. داخۆ سەرۆککۆماری نوێ دەیەوێ یا دەتوانێ بە دوور لەم جۆرە تێڕوانینانەی ڕێبەر سیاسەت بکا؟ یا ئەو جۆرەی خامنەیی بەرامبەر بە کابینەی ڕووحانی وتی کە هەر کات باوەڕیان بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا کرد زەرەریان کرد و ئەو کاتەی لە بەرامبەریان وەستانەوە بە قازانجیان بوو. ئەگەر ئەم بۆچوونە بێتە بنەمای سیاسەتی دەوڵەتی نوێ کە بەدوور نابیندرێ،  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ڕۆژاواییەکان ڕیگەیەکی سەختییان لەبەر دەبێ بۆ دەستەمۆکردنی ڕێبەرانی ڕێژیم و ئاسۆی ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوانیان نابیندرێ و زۆر وێدەچێ درێژەی ئەو وەزعە ببێتە هۆی فشارێکی زیاتر بۆ سەر ڕێژیم. ئەوەی دەبیندرێ لەم ٤٣ ساڵەدا لە ئێران زۆر شت گۆڕاون و ئەمانەش دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی وردتر بڕوانینە هەلومەرجی ئەم سەردەمە. ئەوەی حاشای لێ ناکرێ ئەوەیە کە ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە و کۆماری ئیسلامی وا گیرۆدەی قەیرانە جۆراوجۆرەکان بووە کە توانای قەیرانخوڵقێنیی نەماوە. جگە لەوەش پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات و هاتنە مەیدانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بۆ سەر شەقامەکان لە دژی ڕێژیم، توانای مودیرییەتی قەیرانەکانیشی لاواز کردوون. ئێستا کەسێک بووەتە سەرۆک‌کۆمار کە لە مودیرییەتدا تەنیا شارەزایی لە بواری سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدامدا هەیە. هەر بۆیە سەیر نییە جگە لەوەی خامنەیی باسی دەکا و لەو قسانەی بە دەنگی خۆی لێی ئاشکرا بووە و دەڵێ "ئەرتەش، سپا، نیرووی ئینتزامی ئامادە بن، گرینگە خۆیان بۆ ئەم بەرپرسایەتییە گەورەیە ئامادە بکەن، یارمەتی یەکتر بکەن و بیانخەنە سەر چۆک و شکستیان بدەن"، ڕێگەیەکی دیکە لەبەر دەم خۆیاندا نەبینن. ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە بێ باوەڕی خەڵک بەو نیزامە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ و بەدەست هێنانەوەی ئێعتمادی خەڵک و فریودانیان لە توانای حکوومەت و ئاخوندەکان بەدەرە. لە ڕاستیدا هەر ساڵ کە تێ دەپەڕێ و بەپێی چوونەسەری تەمەنی جیلە نوێیەکان لەشکری ناڕازییەکان لە کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا زیاتر و بەرزبوونەوەی دەنگی دژی ڕێژیم بەرزتر دەبێ. بەڵام ئەگەر دەبینین کە ڕێبەر و حکوومەتەکەی تەنیا ئەهرومێکی دەسەڵاتی کە هێزە سەرکوتکارەکانیەتی بەدەستەوە ماوە و وەک خامنەیی دەڵێ دەبێ بە یەکەوە ئامادە بن، پێویستە بۆ شکاندنی ئەم ئەهرومەش کۆمەڵگەی ئێران یەکگرتوو بێ. بۆ ئەم مەبەستە هەموولایەک دەبێ بەرپرسیارانە بە ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونە تایبەتەکانی حیزب و کەسایەتییەکان و قبووڵ‌کردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و نەتەوەکانی ئێران، بیر لە دەست‌نیشان‌کردنی خاڵە هاوبەشە جەوهەرییەکان بکەنەوە و لە پێناو یەکگرتوویی کۆمەڵگەی ڕاپەڕیوی ئێراندا و هەنگاونان بەرەو گۆڕانێکی بنەڕەتی، هەوڵی یەکگرتن بدەن.