کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی دەوڵەتی و سەری مارەکە!

14:10 - 18 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر تێرۆر کرا. تێرۆرکرانی ئەو ئەندامەی ڕێبەریی حیزب لە کاتێکدا بوو کە حەوتووی پێشوو لقی ٢ی دادگای تاوانی شاری هەولێر بڕیاری لەسەر ٥ تاوانباری پەروەندەی تێرۆری قادر قادری، فەرماندەی نیزامیی حیزبی دێموکرات دابوو کە ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٦ بە دەستی تێرۆریستە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کورستان شەهید بوو. وەک لە بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لەبارەی تێرۆری شەهید مووسا باباخانییەوە هاتووە: " کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارودۆخێکدا پەرەی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە هەرێمی کوردستان، ئورووپا، ئەمریکا و نێوخۆی وڵاتیش داوە کە پتر لە هەموو کاتێک بەرەوڕووی قەیرانی بەڕێوەبەری و ناڕەزایەتییەکانی هەردەم پەرەئەستێن لە نێوخۆی وڵات بۆتەوە. لەبەر ئەوەش کە توانای چارەسەری قەیرانە جۆراوجۆرە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و، وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێرانیان نییە و، لە ڕاپەڕینی جەماوەری ترسیان ڕێ نیشتووە، مانەوەی خۆیان و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە لە سەرکوتی زیاتر و تێرۆر و تۆقاندندا دەبینن؛ سیاسەتێک کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژەی بووە." ئەم نووسینە باسێکە لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و نەخشی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییدا.

***

پێشینەی کردەوەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی وەک نیزام و دەسەڵاتێکی سیایس بۆ پێش دامەزرانی ئەم ڕێژیمەش دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی کە ڕێبەرانی ئێستای ڕێژیم و هێزی دژبەری ڕێژیمی پاشایەتیی پێشوو لە چەکی تێرۆر هەم بۆ تێرۆری دژبەرانی فیکریی خۆیان _وەک ئەحمەد کەسرەوی_ و؛ هەم بۆ تێرۆری کاربەدەستانی سەرووی حوکمەت _وەک عەلی ڕەزم‌ئارا، عەبدولحوسێن هەژیر، حەسەنعەلی مەنسوور، سێ سەرۆک وەزیرانی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی_ کەلکیان وەردەگرت. لە دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سیاسەتی تێرۆر و تۆقاندن هەم بۆ نەهێشتنی دژبەران و هەم بۆ زاڵکردنی کەشی سەرکوت و، هەم لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەت و وێژمانی "ناردنە دەرەوە"ی شۆڕش! بوو بە نێوەرۆک و بەشی جیانەکراوە لە پێناسە و جەوهەری کۆماری ئیسلامی. لەو کاتەوە تا ئێستا چوار دەیەیە باڵوێزخانە و نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتان شوێنی داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمن. بە دڕێژایی ئەم ساڵانە زیاتر لە ٢٥٠ چالاکی سیاسی و دژبەری نیزام لە وڵاتانی ئورووپایی و زیاتر لە ٤٠٠ تێکۆشەری سیاسیی کوردی دژبەری ڕێژیم لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تۆڕ و تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. ئەوەی لەو نێوەدا بارتەقای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی گرینگە سیاسەتی هەڵکردنی وڵاتانی ئورووپاییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان چاویان لە تەڕاتێنی تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی نووقاندوە و، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم عەمەلیاتە تێرۆریستییانە تێچوویەکی ئەوتۆی بۆ ڕێژیم نەبێ و بەبەردەوامی دەستی بە کوشتن و لەنێوبردنی دژبەرە سیاسییەکانی ئاوەڵا بێ. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پشت لە تێرۆر دەکا؟ چی وای کردبوو کە ڕێژیم ماوەیەک دەستی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ئورووپادا پاراستبوو و ئێستا چۆنە بێ هیچ داڵغە و حاشا و شاردنەوەیەک و بەبەرچاوی دنیا تیر و شیر لە دژبەرانی دەسوێ؟ تێرۆر بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا چەکێک بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی نییە، بەڵکوو جەوهەرێکی پیرۆزی بۆیان هەیە و بەپێی خوێندەوە ئیدۆلۆژیکییەکانیان ڕەوایی پیرۆز و ئامانجداری هەیە. بۆیە لەهەر جێیەک و لەهەر هەلومەرجێکدا بواری لەبار بۆ سەرکەوتنی تیمە تێرۆریستییەکانی خۆش بێ، بە تامەزرۆییەوە بەرەو پیلی دەچن. بۆیە ئەگەر لە چەند بڕگە و قۆناغێکی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا مەودای کورتماوەیان لەگەڵ کردوەی تێرۆریستی گرتبێ _ کە ئەوەش دواخستنی تێرۆر نەک ڕاگرتنی بووە_، هۆکارەکەی نەک بۆ گۆڕانکاری لەو خوێندنەوەیە، بەڵکوو تەنیا بۆ تێکچوونی باڵانسی دەسکەوت و تێچووی قورسی کردەوە تێرۆریستییەکانیان لەو کاتە تایبەتییانەدا دەگەڕێتەوە. ڕووداوەکانی ئەم دواییانە وەک، تێرۆری شەوی یەلدای بەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نیزیک کۆیە، تێرۆری چەند کادر و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان، تێرۆر و کوشتنی چەند زانایەکی بوارە جۆراوجۆرەکان لە نێوخۆی وڵات، مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات، شوێنهەڵگرتنی تیمە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئورووپایی دەری دەخەن کە ئەم ڕێژیمە ئیدی گوێی لە بەناوی و مەحکووم‌کردن و ڕیسواییەکان لە دنیای دەرەوە نییە. وا وێدەچێ ئەم ڕێژیمە ئیدی نیگەرانی کاردانەوەی ئەم سیاسەتەی لەسەر دیپلۆماسیی بیانیی وڵاتەکەی نەبێ و بێتوو کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی زلهێزی بیانی نەیانەوێ بەرەوڕووی ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کردەوەی تێرۆریستیی زۆر و زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دەبینین. چونکی سیاسەتی هەڵکردن و بێدەنگیی هەندێ وڵاتی شەریکە سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ئێران وای کردووە کە ئەم ڕێژیمە چیدی هەوڵ و بەرنامەکانی خۆی لە چوارچیوەی سەرکوتی توندی دژبەران و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵاتدا قەتیس نەکا و؛ لە دەرەوەی سنوورەکانیش بەدوای نێچیرەکانییەوە بێ. "تۆقاندن" و "باجوەرگرتن" و ئاوێتەکردنیان وەک سیاسەتێک لەبەرامبەر وڵاتانی ئورووپایی تا ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی زۆری بووە، و ئێستاش کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت وڵاتانی ئورووپایی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و یەکلاکەرەوە دان. وڵاتانی ئورووپایی کە بەربەرەکانی لەگەڵ تێرۆریزم وەک بنەما و پڕەنسیپێک بۆ خۆیان پێناسە دەکەن و هاوپێوەندیی جیهانیی بۆ پێک دێنن و لە وڵاتانی وەک سووریە و عێڕاق و ئەفغانستاندا شەڕی تێرۆر دەکەن و بە گیانی سەربازەکانیان و هەروەها خەرجکردنی ماددی تێچووی بۆ دەدەن، ئێستا لەبەرامبەر گیانگرتنەوەی تێرۆریسمی دەوڵەتیی ئێراندا هەڵوێستیان چی دەبێ؟ ئەویش لە بەرامبەر ڕێژیمێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکەوێتە بەر ڕق و بێزاریی خەڵکەکەی و نە لەنێو خۆی وڵاتدا هیچ ڕەواییەکی هەیە و نە لە نێو هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانیدا نەک هیچ ڕۆڵێکی بۆ سەقامگیری و ئاشتی نییە، بەڵکوو ماکە و هۆکاری زۆربەی قەیران و نائارامییەکانە.