کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی تێرۆری شەهید مووسا باباخانی

14:31 - 20 گەلاوێژ 2721

هەزاران پەیامی پرسە و سەرەخۆشی تاک و بە کۆمەڵ لە لایەن ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی تێرۆری کاک مووسا باباخانی بە کۆمیسیۆنی تەشکیلات و ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە. پاش تێرۆری کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تاریکپەرەستانی جەهل و نەزانی لە شاری هەولێر، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناردنی پەیامی هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەوپەڕی بێزاری و ڕقی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی وبەکرێگیراوانی تێرۆریستی ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە دەربڕیوە و خەم و پەژارەی خۆیان بۆ تێرۆری ئەندامی ڕێبەریی حیزب و تێکۆشەرێکی ماندوونەناس وەکوو شەهید مووساباباخانی ڕاگەیاندووە. هەروەها جەختیان لە درێژەدانی ڕێگای کاک مووسا باباخانی و ڕێبازی هەمووشەهیدانی حیزب و گەل کردۆتەوە و بەڵێنیان لە گەڵ خوێنی ئەو شەهیدە تازە و هەموو شەهیدانی گەل تازە کردۆتەوە. لە لایەن کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی و ئەمەگناسیی خۆمان بۆ هاوڕێیانی ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەموو ئەو خۆشەویستانەی کە لەم ماوەیەدا پەیامی پرسە و سەرەخۆشیان بۆ ناردین، دڵنیایان دەکەینەوە کە تاسەر درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بین.