کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانی لە سووتاوان: پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەژاری و سووتاندا هەیە

12:11 - 30 بانەمەڕ 2724

سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانی لە  سووتاوان وتوویەتی، سووتاون ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە هەژاری و نەبوونی بیمە بۆ لەخۆگرتنی زۆرێک لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان هەیە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو نەخۆشخانانەی کە خزمەتگوزاری بەو جۆرە نەخۆشەیانە دەکەن زۆربەیان ناستاندارد و کۆن و بێ ئیمکاناتن.

محەمەدجەواد فاتمی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ، بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاند، ساڵانە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس تووشی سووتانێکی سەخت دەبن و لە نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن و نزیکەی سێ هەزار کەسیش گیانیان لەدەست دەدەن.

بە وتەی ناوبراو، نزیکەی ١٣ هەزار کەس دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە تووشی پلەی جۆراوجۆری کەمئەندامی دەبن و بە گشتی ساڵانە نزیکەی ١٠هەزار کەسی کەمئەندام بەهۆی سووتانەوە بۆ کۆمەڵگە زیاد دەبن.

بوون لە چینی کۆمەڵایەتی خوارەوە و ژیان لە ناوچە کەمداهاتەکان وا دەکات زۆرێک لەو کەسانەی کە سووتاون نەتوانن پارەی چارەسەرکردنیان بدەن یان دەستیان بە نەخۆشخانەی تەیار بۆ چارەسەرکردن بگات.

زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە سووتاوان پێویستیان پێیەتی، وەکو پانسمان، مەڵهەمی چاککەرەوە، یان جلوبەرگی تایبەت بۆ سووتاوی، بیمە نایانگرێتەوە.

فاتمی کە نزیکەی دە ساڵە باس لە کێشەکانی سووتاوان دەکات، لە وتووێژە نوێیەکەیدا باسی لەوە کرد کە کۆمەڵگە بەگشتی بە باشی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشانی سووتاوی ناکات، تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆشێکی سووتاوی نەتوانێت کارێک بدۆزێتەوە.