کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلێک لە هاوخەمیی ئەندامانی حیزب لە نێوخۆی وڵات بە بۆنەی تێرۆری کاک مووسا باباخانی

17:24 - 20 گەلاوێژ 2721

دوابەدوای تیرۆری هاوڕێ کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی کاروباری تەشکیلاتیی حیزب لە پارێزگای کرماشان، شەپۆلێکی بەربەرین لە پەیامی پرسە وهاوخەمی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە سەتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە کۆمیسیۆنی تەشکیلات گەیشتووە. ئەندامان و لایەنگرانی حیزب له سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان وێڕای هاوخەمی لە گەڵ ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، ئەم کردەوە تێرۆریستی‌یەی ڕێژیم کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکوم و شەرمەزار دەکەن و به بۆنەی تێرۆری کاک مووسا باباخانی‌یەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و سەرجەم هاوسەنگەرانی دەکەن. لە بەشێکی زۆربەی ئەو پەیامانەدا ئاماژە بە دۆخی قەیراناویی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە کە لە وەها هەلومەرجێک‌دا ئەم ڕێژیمه دەیهەوێ بە تیرۆری رێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و چالاکانی سیاسی، دەنگی بزووتنەوەی حەقخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کپ بکا. ئەو ڕێژیمە بە تایبەتی کە لە پەرسەندنی بیر و هەستی کوردایەتی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەترسێ، پێی وایە کە بە تیرۆر و شەهید کردنی کەسانی دیار و چالاکی وەک شەهید مووسا باباخانی لە پارێزگای کرماشان دەتوانێ پێش بەو ڕەوتە بەهێزەی نیشتمانپەروەری لەو ناوچەیە بگرێ. غافڵ لەوەی کە بیروباوەڕێک کە هەڵقوڵاوی خودی ئەو کۆمەڵگەیە بێ، بە هیچ شێوەیەک و بە تایبەت بە تیرۆر بنەبڕ ناکرێ و تا دێ پەرە دەستێنێ و بە هیزتر دەبێ. لە پەیامەکان‌دا وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەریی گوتار و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەرەسەندنی ئاستی شعووری نەتەوەیی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان (کرماشان و ئیلام) و هەروەها ڕۆڵی کاک مووسا باباخانی لە بەرەوپێشبردنی کاری حیزبی و نیشتمانی لەو شوێن و دەڤەرەی کە بەرپرسایەتیی خرابووە سەر شان، هاتووە کە؛ یەکێک لەو تێکۆشەرانەی کە لە گەیاندنی پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان به ناوچەکانی خوارووی کوردستان و بە تایبەت پارێزگای کرماشان تێکۆشانی بێوچانی هەبوو و جێ دەست و تێکۆشانی دیار بووە، کاک مووسا باباخانی بوو. هەر بۆیە ڕێژیم ئەوی کردە ئامانج و لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەی تیرۆریستی‌دا شەهیدی کرد. تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات لە پەیامەکانیان‌دا وێڕای نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵێنیان دووپات کردۆتەوە کە تا دوا هەناسە درێژەدەری ئەو ڕێگا و ڕێبازە بن کە شەهید مووسا و هەموو شەهیدانی کوردستان گیانی پاکی خۆیان بۆ تەرخان کرد. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس بۆ دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشیی سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوخۆی وڵات، داوایان لێدەکا هەروا بە ورەی قایمی پێشمەرگانەوە لە تێکۆشانی پیرۆزی خۆیان بەردەوام بن. هەروەها سەرجەم ئەو هاوڕێ و هاوسەنگەرانەی کە لە ڕێگای شەهید مووسا باباخانی‌یەوە پێوەندییان به حیزبەوە هەبووە، ئاگادار دەکەینەوە کە بە مەبەستی درێژەدان بە ئەرکی حیزبی و نیشتمانی خۆیان، لە ڕێگای گونجاوی خۆیەوەی پێوەندی بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتەوه بگرن. بەو هیوایە هەرچی زووتر بە سەرکەوتنی یەکجارییمان ڕۆحی شەهیدانمان شاد بکەین و ئاواتەکانیان - کە ڕزگاری گەلەکەمان لە ژێر دەستی داگیرکەرانە - وەدەی بێنین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی تەشکیلات ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠