کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوە مافە مرۆڤییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆری "مووسا باباخانی" بە توندی مەحکووم دەکەن

00:43 - 21 گەلاوێژ 2721

چوار ڕێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک تیرۆری "مووسا باباخانی" ئەندامیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەن و داوای هەڵویستی جدی لە دامەزراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن و هەروەها دەخوازن دەزگای قەزایی و دامەزراوە تەناهییەکانی کوردستانی باشوور بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو تیرۆرە بکەن. دەقی بەیاننامەیەکە: ڕۆژی پێنج شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢١، “مووسا باباخانی”، ئەندامی ڕێبەریی حزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هۆتیلێکی شاری “هەولێر” پایتەختی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تیرۆری ئەم چالاکە سیاسییە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە. حکوومەتێک کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، تیرۆر و لەناوبردن، بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکییەکەی بووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئیدانە کردنی تیرۆری مووسا باباخانی، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت ڕێپۆرتێرە بابەتییەکانی مافی مرۆڤ و یەک لەوانیش ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران دەکەن، بە سەرنجەوە گرنگییەکی تایبەت بەم بابەتە بدەن. هەروەها دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، داوا لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە هۆی گرینگیی ئەو پرسەوە، شێلگیرانە و بە شەفافییەتەوە بەدوایدا بچن. ئێمە وەک ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، هاوکات کە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی نەتەوەی کورد دەکەین داواش لە سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان لە ئێران و کوردستان دەکەین لە بەرانبەر سیاسەتە توندوتیژەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگ نەبن و بە گوێرەی پێویست بەرانبەر بە بەردەوام بوونی کوشتار و تیرۆری چالاکانی سیاسیی کورد، ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن. حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئێستا سەدان چالاکی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئورووپایی تیرۆر کردووە و بەردەوام بە هەڕەشە کردن لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی، خەریکی پلاندانان بۆ تیرۆر و لەناوبردنی چالاکانی کوردستانە. تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی کوردستانیش لە کاتێکدا بەڕێوە دەچی کە ئەم حکوومەتە لە ناوخۆی وڵات، لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران چالاکی سیاسیی لە بەند کردووە و دەیان چالاکی سیاسیشی لە سێدارە داوە. دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە کوردستان تەنیا بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانە و لە بنەڕەتڕا هیچ سەربەخۆییەکی دادوەریی نییە بە شێوەیک کە زۆرترین لقی دادگای شۆڕشی ئێران لە شارەکانی کوردستانە. لە کۆتاییدا جارێکی دیکە تیرۆری مووسا باباخانی بە توندی ئیدانە دەکەین و هەموو هەوڵی خۆمان بۆ بەدواداچوونی یاسایی بۆ دۆخی تراژدیکی مافی مرۆڤ لە کوردستان بە گشتی و ئەم تیرۆرە بە تایبەتی دەخەینە گەڕ.   کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ ١١ ئاگۆستی ٢٠٢١