کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر تێبەردانی پەیکەری مامۆستا هەژار لە شاری مەهاباد.

15:09 - 21 گەلاوێژ 2721

پەیکەری مامۆستا هەژاری شاعیر لە دەروازی شاری مەهاباد لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئاگری تێبەردرا. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، شەوی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتژمێر دوو و نیو بە کاتی مەهاباد پەیکەری مامۆستا هەژار کە لەلایەن مامۆستا هادی زیائەدینی دروست کراوە و لە دەروازەی شاری مەهاباد داندراوە، لە لایەن دەست‌وپێوەندەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئاگری تێبەرداوە. ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە باشووری کوردستان، ئەندامی ڕیبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک " مووسا باباخانی" تیرۆر دەکا و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش، هێماکان و پەیکەری کەسایەتییە ئەدەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە ئامانج. جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی رۆژهەڵات وەکوو کرماشان، مەریوان، سنە و مەهاباد، سەلەفییە توندڕەوەکان هان دەدا کە گۆڕ و پەیکەری کەسایەتییە، هونەری و فەرهەنگی و نەتەوایەتییەکانی کورد ئاگر تێبەربدەن. پێویستە بگوترێ کە خەڵک یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرتێبەردانی پەیکەری شاعیری گەورەی گەلەکەمان بۆ شێعری بە نێو بانگی مامۆستا هەژار دەگەڕێننەوە کە لەم ڕۆژانەدا کەوتۆتە سەر زاری خەڵکی کورد کە دەڵێ: هەرکە نەیبێ بیری تۆڵە، لە بابی خۆی نییە، زۆڵە.