کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد مەترسیی سێدارەی لە سەرە

15:20 - 21 گەلاوێژ 2721

سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد بەڕێکراوە بۆ دادگای جێبەجێ کردنی سزاکانی کامیاران و ئەم بەندکراوە سیاسییە مەترسیی جێبەجێکرانی سزاکەی لە سەرە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگوستەریی سنە، داوای دیوانی بەرزی تاران، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پەروەندەی حەیدەر قوربانی ڕەتکردۆتەوە و سزای سێدارەی ناوبراوی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی کامیاران بەڕێکردووە. حەسەن قوربانی برای حەیدەر قوربانی لەم پێوەندییەدا رایگەیاندووە کە “ئێمە بە پێی ماددەی ٤٧٧ داوامان لە دیوانی بەرزی ئێران کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر حەیدەر قوربانی پێچەوانەی شەرع و پێچەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش پەروەندەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبوویەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە. من وەکوو برای ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ چوومەتە دادگوستەری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان ڕەت کردۆتەوە و سزای لەسێدارە دانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکان لەکامیاران بەڕێ‌کراوە. ناوبراو لە درێژەدا وتی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی کامیارانم کردووە و ئەوانیش پشتڕاستیان کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بە زویی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەڕێدەکرێت و سزای سێدارەکەی لەوێ جێبەجێ دەکرێت.