کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان

16:33 - 21 گەلاوێژ 2721

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەدا ئاماژە بە درێژەدانی ڕێبازی شەهید مووسا باباخانی کراوە. لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتووە کە: هەروەک ئاگادارن ٢١ی گەلاوێژی هەموو ساڵێک کۆمەڵگای نێونەتەوەیی یادی ڕۆژی جیهانیی لاوان بەرز ڕادەگرن کە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ لاوان لەسەرجەم وڵاتان. بێگومان لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو ڕۆژە جێژن دەگرن و لاوان بە چالاکی جۆراوجۆر ئەو یادە بەرز ڕادەگرن. مخابن لە ئێرانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامیدا بە هۆی ئەوەیکە ژینگەیەکی ساخڵەم و تەندروست بۆ گەشەی لاوان بوونی نییە، لاوان بە هۆی بێکاری و بێ دەرەتانی و پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان لە یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە بێبەشن و، بگرە زۆربەی لاوانی ئێران و کوردستان ئێستاکە شایەد نەزانن ڕۆژێک بەم ناوە دیاریکراوە! ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ماددەی هۆشبەر بە شێوەی سیستماتیک لەناو لاواندا بڵاو دەکاتەوە و لە بڕی دروست کردنی کارخانە و دروست کردنی هەلی کار بۆ لاوان، لەلایەک بۆتە هۆکاری دەرپەڕاندنی لاوانی خوێندەوار لە کوردستان کە ئەمەیان کارەساتی مرۆییی لێکەوتۆتەوە و بە دەیان لاوی کوردستان لە ڕێگای گەیشتن بە وڵاتانی ئورووپایی گیانیان لەدەستداوە، لەلایەکیش ژیانی ئەو لاوانەی کە لە زێدی خۆیان ماونەوە ڕووبەڕووی چەرمەسەری دەکاتەوە و مەجبورن بۆ بژێوی ژیان ڕووبکەنە "کۆڵبەری" کە ئەمەش کایەکردنە بە ژیانی تاکی کورد. هەروەک دەزانن سیستمی جاشایەتی فکری یەکێک بووە لەو ئامرازانەی کە کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای هاتنەسەرکاری خۆی بۆ کۆنتڕۆڵی کوردستان کەڵکی لێ وەرگرتووە و بەداخەوە بەشێکی کەم لە لاوانی کورد لە داوی بەڵێنە درۆیەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتوون و بەرامبەر بە شۆڕشگێڕانی کورد دەستیان داوەتە چەک، یان لە ڕێگای سیخووڕییەوە تێکۆشەرانی کوردیان خستۆتە داو کە نموونەی ئەم دواییانە تێرۆری هاوڕێ مووساباباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. ئێمە وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگ لەسەرجەم لاوانی شۆڕشگێڕی کورد دەکەین کە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس و پاراستنی شوناسی نەتەوەییان، پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەن و ببنە پارێزەری خاک و پێشمەرگەی کوردستان. لاوانی ورەبەرزی کوردستان دەبێ هوشیارتر بن و بزانن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەدوا ساتەکانی تەمەنی خۆی هەوڵدەدات بە تێرۆر و شەهید کردنی بژاردە شۆڕشگێڕەکانی کورد ئیرادەی خەبات و تێکۆشانی ئێمە کپ بکات، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی کە لە بری هەر هاوڕێیەکی شەهیدمان، دایکان و باوکانی کوردستان بە سەدان لاو بۆ ڕیزی پێشمەرگە دەنێرن و ئیزن نادەن سەنگەری خەباتی شۆڕشگێڕانی کورد چۆل بێت.