کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

براوەکانی ئەفغانستان: قەتەر، ڕووسیە، چین، پاکستان، تورکیە و ئێران

20:11 - 31 گەلاوێژ 2721

براوەکانی کابول ئەو لایەنانە دەبن کە لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە قازانج دەکەن. ئەوان هەر ئەو لایەنانەن کە بە سەرشۆڕیی وڵاتە یەکگرتووەکان کەیف‌خۆش دەبن. لەنێو ئەو "براوانەدا" دەکرێ ئاماژە بە قەتەر، ڕووسیە، چین، پاکستان، تورکیە و ئێران بکرێ. ئەوە دەکرێ بە چەند شێوە ببینرێ. زۆربەی ئەو وڵاتانە خانەخوێی تاڵیبان بوون یان بە شێوەی تاکتیکی پشتیوانییان لێ کردوون. هی دیکە وەک تورکیە هەوڵی داوە لە ئەفغانستانی دوای ئەمریکادا دەورێکی هەبێ. مێدیای ئێران پڕ لەو ڕاپۆرتانەن کە لەواندا دەلیل دێننەوە کە تاڵیبان بناژۆخوازی هەناردە ناکەن، یان هەڕەشە لە هیچ کەس ناکەن و ئێران هەمیشە یارمەتیی خەڵکی ئەفغانستانی کردووە. بۆ وێنە کاربەدەستی ئێرانی، عەلی شەمخانی، لێدوانێکی ئەرێنیی لەبارەی دەوری ئێران لە ئەفغانستان بڵاو کردۆتەوە. لە هەمان کاتدا ئەلجەزیرەی قەتەر، لەکاتی دەسبەسەرداگرتنی کۆشکی سەرۆک کۆماری لە لایەن تاڵیبانەوە لەوێ بوو. وێدەچێ قەتەر زانیاریی وردی لەبارەی پلانەکانی تاڵیبان هەبووبێ چونکە چەند ساڵە خانەخوێی ئەوانە. قەتەر بنکەی سەربازیی مەزنی وڵاتە یەکگرتووەکانی لێیە بەڵام هەمیشە پشتیوانی بناژۆخوازانی ئایینی بووە، لە ناویاندا حەماس و ئیخوانولموسلمین و فەڕشی سووری بۆ تاڵیبانان ڕاخستووە. ئەوە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ قەتەر و، لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کەڵک لەو شتە وەردەگرێ. لە کاتێکدا کە قەتەر و تورکیە بۆیە لەو مەسەلەیە قازانج دەکەن چونکە پشتیوانی تاقمە ئیسلامییەکانن و بە شێوەی گشتی پشتگیریی لە جووڵانەوە فرە ڕاستڕەوەکانی ئیسلامی دەکەن، ئێران بۆیە قازانج دەکا چونکە دەبینێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە جیرانەتی ئەو دەچێتە دەرەوە.  ئێران هەر وەها دەخوازێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان عێراقیش جێ‌هێڵێ و کەڵک لە بشێوی ئەفغانستان وەردەگرێ تا زەخت بخاتە سەری کە لە عێراقیش بچێتە دەر. تورکیە، لە سورییە لەگەڵ ئێران و ڕووسیە هاوکاری دەکا تا هەوڵ بدا ئەمریکا لەوێ بچێتە دەر. هەموو ئەو وڵاتانە هاوڕان کە دەیانەوێ وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە. ڕووسیە و چین، هەردووکیان لەو ساڵ و مانگانەی دواییدا پێشوازییان لە وەڤدی تاڵیبان کردووە. ئەوان دەیانەوێ کاناڵی کراوەیان لەگەڵ تاڵیبان هەبێ و بەتەمان ئەوان وەک دەوڵەتی نوێ بەفەرمی بناسن. ئەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گرینگە. بە پشتیوانیی ڕووسیە و چین، تاڵیبان دەتوانن دەسەڵاتی جیهانیی وەدەست بێنن کە پێویستیان پێیە و وردە وردە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بە فەرمی بناسرێن. کۆبوونەکانی نێوان تاڵیبان و نێردەی ڕوسیە لەم حەوتوویەدا، کە هەواڵەکانی بڵاو بۆتەوە، گرینگن. ئاژانسی هەواڵدەریی ڕووسیە، تاس، ڕایگەیاند، "باڵوێزی ڕوسیە لە ئەفغانستان، دیمیتری ژیرنۆڤ، ڕۆژی سێ شەممە لەگەڵ ڕێکخەری ڕێبەریی جووڵانەوەی تاڵیبان بۆ باس لەسەر ئاسایشی باڵوێزخانەی ڕوسیە وتووێژ دەکا، نێردەی تایبەتیی سەرکۆمار لە ئەفغانستان زامیر کابولۆڤ لە وتووێژێکدا باسی ئەوەی کرد." ئەو گوتی، "باڵوێزی ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێبەریی تاڵیبان لە پێوەندی‌دایە. هەر وەک ١٠ خولەک پێش ئێستا پیی گوتم، سبەینێ چاوی بە ڕێکخەری ڕێبەریی تاڵیبان دەکەوێ تا لە ئاسایشی، لە نێویاندا باڵوێزخانەکەمان، دڵنیا بێ." کابالۆڤ گوتی، باڵوێزی ڕووسیە لەگەڵ نوێنەری تاڵیبان باسی وردەکارییەکانی پاراستنی دەرەکی بۆ نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی ڕووسیەی فیدڕاڵ دەکا.  ئەوە بەو مانایەیە کە ڕووسیە بەتەمایە لە داهاتوودا تاڵیبان بەفەرمی بناسێ. ڕووسیە دەتوانێ یارمەتی بە بەهێزتربوونی بڕوا بەخۆبوونی تاڵیبان بکا. بەڵام ڕووسیە بۆخۆی خاوەنی پاشخانی خۆیەتی لە ئەفغانستان. ئەو دەزانێ کە دەوڵەتی پشتگیریکراو لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە خێرا ڕووخاوە. ڕووسیە دەیهەوێ لە ناوەندی ئاسیا دڵنیا بێ، لەگەڵ بەرەی باشووری ئەوێ. ئەوە بەو مانایەیە کە بشێوی دەبێ لە ئەفغانستاندا بڵاو بێتەوە. ئەو دەیهەوێ لەگەڵ چین، پاکستان، تورکیە و ئێران کار بکا تا دڵنیا بێ کە تاڵیبان کۆنتڕۆڵ بکرێن و بە شێوەیەکی سەقامگێر دەسەڵات بگرنە دەست. هەموو ئەو وڵاتانە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەن. ئەوان دەیانهەوێ ئەمریکا لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە. دەیانهەوێ ئەمریکا سەرشۆڕ بکرێ. ئەوان هەروەها دەیانەوێ ئەو وزە و کانزایانەی کە لە ئەفغانستانەوە تێپەڕ دەبێ لەگەڵ یەکتر بەش بکەن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە یارمەتی بە خێراتر بوونی لاوازیی وڵاتە یەکگرتووەکان و خۆرئاوا بکەن. ئەو وڵاتانە بەرنامەی ئایدیۆلۆژیکی جیاوازیان هەن. تورکیە، پاکستان و قەتەر، جیهانبینی فرە ڕاستی ئیسلامییان هەیە. ئەوان دەیانەویست لەگەڵ مالێزی و ئێران لەسەر بیرۆکەی سیستەمی بازرگانیی ئیسلامیی نوێ و بەرنامەی تەلەفزیۆنیی بۆ بەربەرەکانی لە "فۆبیای ئیسلامی" کار بکەن. تورکیە و قەتەر تەوەرێک پێک‌دێنن کە پشتگیریی لە ئیخوان ئەلموسلمین دەکا و، لەو دەلاقەوە، لە سووریە و لێواری غەززە بەهۆی سەرکەوتنی تاڵیبانەوە جێژنە گیراون. چین و ڕوسیە بیرۆکەی جیاوازیان لە بارەی چۆنیەتی قازانج وەرگرتن لەو ڕووداوە لە گۆڕەپانی جیهانیدا هەیە. ئێستا، هەرەسهێنانی ئەفغانستان نسکۆیەکی مەزنە بۆ ناوبانگی وڵاتە یەکگرتووەکان و سیستەمەکانی پشتگیریکراو لە لایەن ئەو وڵاتەوە وا دەنوێنن کە بە لاوازیی و کاتی‌بوونی ئەو شیناوردەیە کە لە بەهاردا دەڕوێ و لە پاییزدا سیس دەبێ.