کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە «برایم‌خان نادری»یەوە هەتا «مووسا باباخانی»

20:15 - 31 گەلاوێژ 2721

کرماشان هەر بە کولتوور، هونەر، زمان، شێعر و گورانی سەلمێنەری کوردبوون و کوردستانی بوون نییە؛ ئەم دەڤەرە بە خاک و خەڵکەوە ناسنامەی کوردی لەسەر تاپۆ کراوە و مێژوو شاهیدی بۆ دەدا کە ناسنامەی کوردی لە گاشەبەردکانی هەڵکەندراوە و ناسیۆناڵیزم ڕەگ و ڕیشەی تێدا داکوتاوە و ئێتر ئەو کاروانە سەرەتایەکە بێ‌کۆتایی . لە سەردمی دروست‌بوونی یەکەم بزاڤی مۆدێڕن و ناسیونالیزمی کوردی کە لە مەهاباد دادەمەزرێ، میرزا برایم نادری «برایم‌خان» پێوەندیی ڕاستەوخۆ بە کۆمەڵەی ژێکافەوە دەگرێ. ئەو وەک ناسیۆنالیستێک هەگبەی سەفەر دەکاتە سەر شانی و لە ناوچەی کرماشانەوە هەڵدەستێ و خۆ دەگەیەنێتە باخی میکائیلی مەهاباد و دەبێتە ئەندامی ژێکاڤ. لەگەڵ بیستنی هەواڵی ڕاگەیاندن و دروست‌بوونی دەوڵەتی کوردی ئۆقرەی لێ هەڵدەگیرێ و وێڕای کاک عەبدوڵڵا مودەبیر -کە پێشتر پێوەندییان لەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو-  لە کرماشانەوە خۆیان دەگەیننە مەهاباد و بەشداریی "جێژنی ئیستقلالی کوردستان" دەکەن. دواتر برایم‌خان بەکردەوە بوو بە یەک لە بەڕێوەبەرانی بەشی فەرهەنگیی حکوومەتی کۆماری کوردستان؛ بە جۆرێک کە لە ماوەی تەمەنی زێڕینی ١١ مانگەی کۆماردا جێ‌پەنجەی بە کارە کولتوورییەکانی کۆمارەوە بە تەواوی دیار بوو. بەداخەوە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان برایم خان و زۆربەی هەواڵانی ڕاپیچی زیندان کران و دوای دوو ساڵ کە لە زیندان ئازاد کرا، چارەنووس هەڵی‌داشتە دەرەوەی کوردستان و لە وڵاتی سووریە بە تەقەی سوپای ئەو وڵاتە گیانی لەدەست‌ دا. میرزا برایم نادری ناو و ناوبانگیکە کە بە باڵای مێژووی بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانەوە تاپۆ کراوە. ئەگەر هەلومەرج ئەو دەرفەتەی نەدا بە کۆماری کوردستان لە ڕووی ڕووبەری جوغرافییەوە زیاتر پەل بهاوێ، بەڵام کۆمار بە بیر و هزری کوردانە و پێشکەوتووانەی ئەوسەردمیش سنووری هەر چوار پارچەی کوردستانی بەزاند و برایم‌خان بە کردەوە نوێنەری بەشێکی گەورەی کوردستان و گەورە شاری کرماشان بوو. بۆیە ئەو ناوە پاش نیزیک بە هەشتا ساڵ قەت لە بیر و یادەوەریی مێژوویی کورددا نەسڕایەوە و ئێستاش وەک ئەستێرە بە ئاسمانی کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە. ئەو بوو بە ئۆلگوو بۆ نەوە لەدوای نەوە و هاوبیرانی "برایم‌خان" بیر و هزری کوردایەتیان لە کێڵگەی ئەو نیشتمانەدا بە جۆریک چاند کە بە هەزاران هەزار مرۆڤی خەباتکەری نیشتمان‌پەروریان لە داوینی خۆیاندا پێ گەیاند کە تێکڕا بە قەڵەم، بە چەک و بە بیروباوەڕ سەریان کردە پردەبازی ئازادیی نەتەوە و نیشتمانەکەیان. ساڵ هات و ڕۆی. کورسیی دەسەڵات لە تاج‌بەسەرەکانی پەهلەوییەوە گەیشتە مەندیل‌بەسەرەکانی جەماران و لە سەربازەکانی کورشەوە گەیشتە "ئاخوند_پاسدار"ـەکانی کۆماری ئیسلامی. زمان هەمان زمان و سیاسەت هەمان سیاسەت و ڕەفتار لەگەڵ کوردان هەمان ڕەفتار. ئەوە بوو کە کاتێک خێڵی نەیارانی کورد بە هەموو تواناوە حەولی پاک‌کردنەوەی ناسنامەی کوردستانی و کوردبوونی پارێزگای کرماشانیان دا و، ویستیان شوناسی بگۆڕن و، لە بزووتنەوەی کوردی داببڕن؛ میراتگرانی "برایم‌خان" وەخۆ کەوتنەوە و وەک کێوی بێستون لە بەرامبەریاندا ڕاوەستان. تەنانەت کەم نەبوون کەسانی ئایینی و نیشتمان‌پەروری وەک سەید تاهیر هاشمی و مەلا محەممەد ڕەبیعی کە بوون بە کۆڵەکەی کوردایەتی و پەیامی ئایین و بەها کولتوورییەکانی ئایینیان ئاوێتە و تێکەڵ بە بایەخەکانی نەتەوە و نیشتمان کرد. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ داڕماندنی شکۆ و قەڵای میرانەی کرماشان چەندی هێنا و بردی بە زەبری چەک و سەرکوت هیچی بۆ نەکرا، بۆیە پیلانیان بۆ ئەوە دانا کە ئەو پارێزگایە بخەنە نێوان بەرداشی شەڕی مەزهەبی و تایفی و دابەش‌کردنی بەسەر شیعە و سوننی و یارسان و قەڵخانی و... . بەڵام خەڵکی کرماشان بە هەموو جۆراوجۆرییەکانەوە نەچوونە ژێرباری خواست و ویستی دەسەڵاتدارانی تاران و بەرەی خۆڕاگری و خەباتیان هەڵبژاردن و تیکەڵ بە کاروانی خەباتی نەتەوایەتی کوردستان بوون، خەباتێک کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێبەرایەتیی دەکرد و لەسەر ڕێچکەی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان و بە ئیلهام‌وەرگرتن لە مێژووی کۆمار هەنگاوی دەنا. لەم قۆناغەشدا زۆر ناوداری دیکەی پارێزگای کرماشانی هاتن و تەڤڵی شۆڕش بوون و مێژوویەک لە سەروەرییان بۆ کوردایەتی و مافی نەتەوەیی تۆمار کرد، وەک: شاپوور فیروزی، سالار ئیبراهیمی، خەلیل زارعی , عەبوو کەریمی و... . ئەوان بە بەخشینی ژیان و گیانیان خاوەندارییان لە شوناسی کوردبوونی کرماشان کرد و بیری نەتەوایەتییان بووژاندەوە. ئەوان وێڕای سەدان هاوڕێ و هاوسەنگەری دیکەیان گیانی شیرینیان کردە قوربانیی سەربەستیی ئەو نیشتمانە بۆوەی پێش بە ژێنۆسایدی کولتووری و هزریی کورد لە کرماشان بگرن و نەهێڵن  پیلانی ڕێژیم بۆ گۆڕینی دێموگرافیی سیاسیی ئەو ناوچەیە سەرکەوتوو بێ. ئەو خەباتە نەتەویی و نیشتمانییە هەم شاری تەنییەوە هەم شاخی گرتە باوش و ئامانجەکانی کۆماری کوردستانی کردە سەرمشقی ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و مافی چارەنووسی ڕۆژهەڵات . ئەم کاروانە هەر دێ و بەڕێوەیە و ئەم خەباتەش لە شار و شاخ، لە ئەنجوومەنە ئەدەبی و ژینگەییەکان، لە ناوەندە پەروەردەیی و زانکۆکان لەسەر دەستی ڕووناکبیران و نووسەران و لاوانی کورد بەردەوامە. بەمجۆرە و لەو قۆناغەدایە کە لاوێکی تازەپێگەیشتوو و تێگەیشتووی کرماشانی -مووسا- دێتە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە. ئەو تازەلاو بوو کە تاوی دایە چەک و خۆی گوتەنی لە دژی ئەو زۆڵمانە ڕا بوو کە دەسەڵات بە پلان و پلان لە دژی خەڵکی کرماشان دەیبردە پێشێ. مووسا باباخانی بە هزری شۆڕشگێڕییەوە لەو ڕووداوانە دەروانێ و بەدوای چارەسەریک و رێگایەکدا دەگەڕێ هەتا پێناسە و ناسنامەی لێ ون نەبێ. بیری لاوی و نیشتمان‌پارێزی سەری لە شاهو و داڵاهو و بێستون دەسوێ و حەماسەی هێزەکانی بیستون و شاهۆی کرماشان دەیخەنە سەر ڕاستە ڕێگای خەبات و بەمجۆرە بۆ خەبات لەپێناو ئازادیدا تێکەڵ بە کاروانی ناسیونالیزمی کوردی دەبێ. هەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازەی میرزا برایم نادریی لە کرماشانەوە تێکەڵ بە کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان کردبوو و ئەوی کردە کاراکتەرێکی گرینگی بەشی کولتووریی کۆماری کوردستان؛ پاش حەوت دەیە "مووسا باباخانی"ـی کردە کاراکتێرێکی مەیدانیی ڕێکخستن و مێدیایی شۆڕشی کورد. مووسا باباخانی بە بڕینی زۆر پلە و پایەی تشکیلاتی تا ئاستی ڕێبەریی حیزبەکەی چووە پێش و لە ماوەی ٢٢ ساڵ پێشمەرگایەتی و خەباتی بێ‌وچانیدا زۆر خزمەتی بەرچاوی کرد. هەر ئەو ئەرک‌وەخۆگری و تێکۆشانی ماندوویی‌نەناسانەیەش بوو کە مووسایان کردە سیمایکی دیار و هەڵکەوتوو لە هەیکەلی بزووتنەوەی کورددا. مووسا وەک پێشمەرگەی شاخ پەنا و پشتیوانی شار بوو، دەستێکی چەک بوو دەستێکی قەڵەم، دوژمن نە چاوی دیتنی قەناسەی سەرشانی هەبوو، نە قەڵەمی بەبڕشتی دەستی و نە سیمای پڕ لە سیحر و جوانیی کوردانەی. بەحەق "مووسا خان" هەمان جێگەی "برایم خان"ی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هەبوو. هەر بۆیەش دێوجامەیان بۆ ڕاخست و بە دەستی غەدر و تاوان لە بزووتنەوەی کوردیان ستاند. بەڵام کرماشان، زێدەکەی برایم خان و مووسا خان پڕە لەو ڕۆڵە خۆنەویستانە و نایەڵن ڕێبازی ئەو مرۆڤە شکۆمەندانە بێ ڕێبوار بمێنێتەوە. ئەو ئاڵایەی میرزا برایم‌خان نادری لە کۆماری کوردستان سویندی پێ خوارد، ٧٦ ساڵە لە هەموو ئەو نیشتمانەدا سوێندی پێ دەخورێ و بە تێرۆری مووسا باباخانی ناکەویتە سەر عەرز. ڕاستە سوارێک گلا، بەڵام ئەو کاروانە هەر بەڕێوەیە...