کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نیزامێکی سیاسیی تاوانبار

20:16 - 31 گەلاوێژ 2721

ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی کاتێک ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی ڕووخا، هیچ کەس لە خەڵکی ئێران کە سەرمەستی سەرکەوتنی شۆڕشەکەیان بوون بیریان لەوە نەدەکردەوە کە نیزامێک لە دوای نیزامی پاشایەتی لە ئێران دەسەڵات دەگرێتە دەست کە بناخەی لەسەر خوین و تێرۆر و ئێعدام و زیندان و ئەشکنجە دادەمەزرێ. هەروەها سنووری ئەم جینایەتانەی دەباتە ئەو دیوی چوارچێوە جوغرافییەکەی وڵات و هەموو پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت نێودەوڵەتییش بە مەبەستی لەبەین‌بردنی جیابیرانی خۆی ژێرپێ دەنێ. خەڵک خافڵ لەوە بوون کە دامەزرێنەران و دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە تازە بەدەسەڵات‌گەیشتووە کوشتن و ترس و تۆقاندن دێننە نێو قانوونی ئەساسیی وڵات و ڕەواییەتی دەدەنێ بۆ ئەوەی دەستیان ئاوەڵاتر بێ بۆ بە ئەنجام‌گەیاندنی مەرامە نائینسانییەکانیان. لە پێشەکیی قانوونی ئەساسیی ئەو نیزامەدا کە باس لە ئەرتەش و سپای پاسداران دەکا، هاتووە: "ئەرتەش و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بیجگە لە پاراستنی سنوورەکانی ئێران، ئەرکی گرینگ و سەرەکییان جیهاد لە ڕێگای خوا و خەبات لە ڕێگای پەرەپێدانی حاکمییەتی قانوونی خوا لە سەرانسەری جیهان‌دایە". ئەمە بەو مانایە دێ کە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەشەپێدانی بیر و هزری خۆی دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزی و پابەندی هیچ یاسا و ڕیسایەک نەبووە و ناشبێ. بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لەنێوان ساڵەکانی ١٣٥٧-١٣٩٩ی هەتاوی، واتا لە ماوەی ٤٢ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمەدا زیاتر لە ٤٤٦٠٠ کەس لە خەڵکی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆری وەک تێرۆر، ئێعدام و ڕەشەکوژی لە نێوخۆی وڵات گیانیان لێ ئەستێندراوە و بەشێک لەوانیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتوون. نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو تاوان‌گەلەی بە بیانووی بێ‌بنەما و تەنیا بەهۆی جیابیری و دژایەتیی ئەو کەسانە لەگەڵ دەسەڵاتەکەیان کردووە. لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٩دا بڵاو بۆوە، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٢ ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا لە ٤٠ وڵاتی دنیادا جێ‌پەنجەی بە ٣٦٠ کردەوەی تێرۆریستیی ئامانجدارەوە دیارە. هەڵبەت بە خاترجەمی دەتوانین بڵێین ئەو ڕاپۆرتە، ئەم نزیک بە ٤٠٠ کردەوە تێرۆریستیە لە خۆ ناگرێ کە تێرۆریستەکانی ئەم ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان-عیراق بەدژی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوویانە. سێ حەوتوو لەوە پێشێش ناوەندی مافی مرۆڤی "عەبدولڕەحمان بروومەند" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و بەڵگەنامەیەک نووسیی کە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی خۆی توانیویەتی زیاتر لە ٥٤٠ کەسایەتیی ئێرانی دەست‌نیشان بکا کە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە کوژراون یا ڕفێندراون. ئەوەی لەو ڕاپۆرتەی بنیاتی بروومەنددا گرینگە ئەو بەشەیە کە دەڵێ لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بەم لاوە، بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جیاجیادا سەدان هێرشیان کردووەتە سەر چالاکانی سیاسیی دژبەری خۆیان و چونکی هیچ کۆسپ و بەربەستێکی ئەوتۆیان لەبەردەم نەبووە و لەو سۆنگەیەوە تووشی هیچ لێپیچینەوە و سزادانێک نەبوون، لەو پارێزراوییەدا لە هێرش و پەلامارەکانیان بەردەوام بوون. ئەو شێوە کار و سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوە و سەپاندنی ترس و تۆقاندن دامەزراوە، ئەگەر لە نێوخۆی ئێران توانیویەتی تەمەنی ڕێژیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ درێژ بکاتەوە و ڕێگە بدا هەتا ئیستاش بەسەر گەڵانی  ئێراندا حکوومەت بکا، بەڵام ئێستا ئیدی گڵۆڵەی تەمەنی ئەو ڕێژیمە کەوتووەتە لێژی. دەبینین لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکانی گەڵانی وەزاڵەهاتوو لە دەستی ئەو نیزامە هەر جارێ لە گۆشەیەکی ئێران سەر هەڵ‌دەدا و سنووری پیرۆزییەکانی ئەو نیزامە دەبەزێنێ. لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات و بەتایبەتی لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش‌دا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پێگەی ئەو نیزامە سیاسییە لاواز و لاوازتر دەبێ و هاوکات پەروەندەی کردەوەی تێرۆریستی و پێشێل‌کردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئەو نیزامەوە لەسەر مێزی ڕێکخراوە مرۆڤ‌دۆستەکان و دادگای دەوڵەتەکان ئەستوور و ئەستوورتر دەبێ. لە ئێستادا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی ئەو ٤٢ ساڵەدا پۆستە گرینگەکانی حکوومەتییان بەدەستەوە بووە، لە دادگای وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی و هیندێک وڵاتی دیکە بە تاوانی جینایەتی جەنگی و کردەوەی تێرۆریستی حوکمی دەست‌بەسەرکردنیان لەلایەن دادگای ئەو وڵاتانەوە بۆ دەرچووە. ئەوانەش فاکت و بەڵگەی ڕەسمیین بۆوەی بتوانی بڵێی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێژیم و نیزامێکی تاوانبارە. ئەگەر حوکمی دادگای میکۆنووس (٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦) بۆ ماوەیەک توانی دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی –لانیکەم لە وڵاتانی ئورووپایی- بوەستێنێ، یان گۆڕانکارییەک لە فۆڕمی کار و کردە تێکدەری و تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی‌دا پێک بێنێ، دەبینین کە دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی ماوەی چەند ساڵێکە دەست‌بەکار بۆتەوە و توانیویەتی قوربانیی تازە لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ئەم وڵاتە بستێنێ. بەڵام ئەوەی جیگای سەرنج و وردبوونەوەیە ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی جیهانی وەک دەیەکانی ٦٠ و٧٠ی هەتاوی لەسەر ئەو پەروەندانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵسوکەوت ناکا. هەر لە دوو ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لانی‌کەم لە چەند وڵاتی ئورووپایی وەک: دانمارک، هۆلەند، ئەڵمان، نۆروێژ، ئوتریش، فەڕانسە و بێلژیک بە تاوانی دەست‌تێدابوون لە کردەوەی تێرۆریستی ناوی هاتووە و کەس یا کەسانی سەر بە ئورگانە دەوڵەتی و نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە لە لایەن پۆلیس و دەزگای قەزایی ئەو وڵاتانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە، دەستبەسەر یا داوا کراون. بۆ نموونە: ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی دادگای جینایی شاری ئەنتورپ لە وڵاتی بێلژیک ئەسدوڵڵا ئەسەدی، دیپڵۆماتکاری کۆماری ئیسلامیی بە هۆی پلاندانان بۆ کردەوەی تێرۆریستی و دانانەوەی بۆمب بە ٢٠ ساڵ زیندانی حوکم دا. ئەو بۆمبە قەرار بوو لە کۆبوونەوەیەکی بەربەرینی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە دەوروبەری پاریس لە پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاویدا بتەقێتەوە کە زووتر پۆلیس پێی زانی. هەروەها ماوەیەکە کە دادگایەک لە ستۆکهۆلمی سۆئێد بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی حەمید نووری، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی  پێک‌هاتووە. ئەو دادگایە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دادپرسی لە تاوانەکانی ناوبراو کە بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست و جینایەتی ئاشکرا گیراوە، بەپێی ئەسڵی سەڵاحییەتی جیهانیی دادگاکان بۆ پێڕاگەیشتنی بەو تاوانانەی دەچنە خانەی جینایەتی شەڕ بە دژی مرۆڤایەتی لەئارا دایە. هەر لەو پێوەندییەدا و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا کە تێی‌داین، لقی دووی دادگای تاوانەکان لە هەرێمی کوردستان-عیراق (هەولیر) دوای نزیک بە سێ ساڵ لێکۆڵێنەوە و دادگایی‌کردنی تاوانباران لەسەر تێرۆری قادر قادری، فەرماندەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان حوکمی ئیعدامی بۆ تاوانبارانی ئەو کردەوە تێرۆریستیەدا دەرکرد. لەو پەروەندەیەدا و لە ئیدیعانامەی دادئەستێن‌دا بەڕوونی باس لەوە دەکرێ کە کوشتنی قادر قادری دەستی دەزگای ئەمنی دەوڵەتێکی دراوسێی هەرێمی کوردستانی لە پشتە، دیارە هەرچەند بە هۆکاری جۆراوجۆر ناوی ئەو دەوڵەتە نەهاتووە، بەڵام وەک ئاشکرایە و لە زمان دەستەی پارێزەرانی بنەماڵەی قوربانیی ئەم پەروەندەیەوە بەردەوام گوتراوە، ئەو دەوڵەتە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئیستا ململانێی ویژدانی و ئەمنیی کۆمەڵگەی جیهانی و دەزگاکانی دادوەری لە وڵاتانی دێموکراتیک لەلایەک و بیرتەسکی و دژەمرۆڤایەتی بوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە نەک هەر لەنێو سنوورەکانی ئێران بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەئارا دایە. ویژدانی کۆمەڵگەی جیهانی دەیهەوێ بەگژ کردەوە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی کردەوە تێرۆریستیەکانی ئەو نیزامەدا بێتەوە کە ئەوە بەخۆشییەوە ماوەیەک بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی لانی‌کەم دامودەزگاکانی پۆلیس و دادوەری هێندێک لە وڵاتانەوە دیارە. بەڵام چونکە ئەو نیزامە پایەکانی لەسەر تێرۆر و تۆقاندن و خوین‌ڕشتن دامەزراوە، وا بە ئاسانی سندم ناکرێ. وەک چۆن تەنیا حەوتوویەک دوای دەرچوونی حوکمی تێرۆریستەکانی پەروەندەی تێرۆری قادر قادری لە دادگای تاوانەکانی هەولێر، شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی گەلاوێژ دەستەیەکی دی لە تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی، مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان لە نێو شاری هەولێردا تێرۆر کرد. ڕاستە کە تێرۆر و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوەڵدووانەی یەکترین، ئەوەش ڕاستە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە هیچ جینایەتێک بەدژی نەتەوەی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی نەپرینگاوەتەوە، بەڵام ئێستاش خافل لەوەن کە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوانە بەچۆکدا نایە، بەڵکوو بەوە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان زۆرتر بێزیان لەو نیزامە هەڵدەستی و ڕق‌ئەستوورتر و مکوڕتر لە جاران لە دژایەتی‌کردنی ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبن. هاوکات لەنێو بیروڕای گشتیی جیهانی و نێودەوڵەتییش‌دا بێزراوتر دەبن و پتر جیگە و پێگەی خۆیان لەدەست دەدەن و زیاتر و زیاتر شمشێری دادپەروەری لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی نزیک و نزیکتر دەبێتەوە. بە هەموو نیشانەکان ئەو ڕۆژە نزیکە کە ئەو هەمووە خوێنە بەناحەق ڕژاوە بناخەی حوکمرانیی ئەو نیزامە دژە مرۆڤایەتییە لە بناخەوە هەڵتەکێنێ.