کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموكرات، هێز و ناسنامە

20:20 - 31 گەلاوێژ 2721

بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە گرینگیی حیزبی دێموکرات، پێویستە ئاوڕێك لە چەمك و واتای هێز بدەینەوە. تا پێش میشل فۆكۆ، هێز و دەسەڵات، بە سیستەمێكی پڕ لە زەبروزەنگ دەگوترا، كە توانای سەركوت و تۆقاندن و داپڵۆسینی هەیە، بەڵام فۆكۆ بە تێڕوانینێكی نوێ‌وە لە هێز و دەسەڵات ورد بۆوە و پێی‌وابوو، هێز و دەسەڵات ئەگەر تەنیا ئەو بەشە بێ لە سیستەم، ئەوا هەمیشە دەبێ بە چەك و ڕاپەڕین و كودەتا بەرەنگاری ببینەوە. هەربۆیە ئەو فەیلەسووفە، پێناسەیەكی نوێی لە دەسەڵات هێنایەگۆڕێ، كە بریتی بوو لە "بەرهەمهێنان". دەسەڵات چی بەرهەم دێنێ؟ ئەوەی دەسەڵات بەرهەمی دێنێ، شوناس و چەمك و هزرە. تەواوی ئەو شتانەش لە چوارچێوەی زماندا بەرهەم دێن و دواتر دەبنە بەشێك لە كەسایەتیی تاك و كۆمەڵ و مێژوو. لەژێر تیشكی ئەو ڕوانگەیەدا، كە ئاوڕ لە دامەزرانی حیزبی دێموکرات دەدەینەوە، گرینگیی ئەو حیزبەمان لە بەستێنی مێژوودا پتر بۆ دەردەكەوێ. حیزبی دێموکرات، لە بەستێنێكدا ڕسكا و سەری هەڵدا، كە لەلایەكەوە نالەبار و لەلایەكیشەوە زۆر لەبار بوو. نالەبارییەكەی ئەو بەستێنە، پێوەندیی بە ئاستی ڕۆشنبیریی كۆمەڵگەی كوردەوارییەوە هەبوو، كە سەدا نەوەدی پیاوەكانی و سەدا سەدی ژنەكانی نەخوێندەوار بوو. كەوابوو هەوڵدان بۆ دروست‌كردنی بزاڤێكی هزری و ڕێكخراوەیی و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی سیستەم و بەكولتووركردنی كاری بەكۆمەڵ و خەباتی هەرەوەزی لە وەها بەستێنێكدا، ئەگەر بە ئەشق و باوەڕێكی پتەوەوە قۆڵی لێ هەڵنەماڵی، نەك ئەستەم، بگرە وەكوو مەحاڵ دێتە بەرچاو. لەوەها بەستێنێكی نالەباردا ڕووناكبیرانی شۆڕشگێڕی كوردستان، بە قۆستنەوەی كەشی سیاسیی جیهان و ئاڵوگۆڕە قووڵەكان و خوێندنەوەیەكی دروستی ڕووداوەكان، بڕیاری دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان دا. هەڵبەت پێش ئەوە، كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان لەسەر دەستی پۆلێك ڕووناكبیری نیشتمانپەروەر دامەزرابوو و هەر ئەو كۆمەڵەیە بوو دواتر ناوەكەی گۆڕدرا و كرا بە حیزبی دێموکرات. بەڵام لایەنە لەبارەكەی ئەو بەستێنە، ئاوات و ئارەزووی پەنگخواردووی میللەتێك بوو، بۆ هەبوونی ڕێكخراو و دەوڵەت و دەسەڵاتێك، كە خۆی تێیدا سەرۆك و بەڕێوەبەری وڵاتەكەی بێ و لە سێبەریدا بتوانێ كەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی وەكوو مرۆڤێك ببینێ و بینوێنێ. تاسە و تینوێتیی خەڵكی كوردستان، بوو بە هەوێن و پشتیوانی دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکرات، كە هەر بەو پشتیوانییەشەوە دواتر ئەو حیزبە، كۆمارە شكۆدارەكەی كوردستانی دامەزراند. حیزبی دێموکرات، لە دامەزرانەوە تا ئێستا، وەكوو هێز و دەسەڵاتێكی هزری پێی ناوەتە گۆڕەپانی خەباتەوە. ئەو هێزەی وا فۆكۆ باسی دەكا، هێزێكی خوڵقێنەر و بەرهەمهێنەر. بەرهەمهێنەری شوناس، یان لانیكەم پێناسەكردنەوەی شوناسی تاك و نەتەوە و بەرهەمهێنەری گوتارێكی بنیاتنەرانە. ئەگەر ئاوڕێك لە پێش دامەزرانی كۆمەڵەی ژێكاف/دێموکرات بدەینەوە، خەبات و جووڵانەوەكانی كورد، لە چوارچێوەیەكی عەشیرەیی یان ئایینیدا بوون و لەگەڵ لەسێدارەدران یان مەرگی سەركردە و نەفەری یەكەمی جووڵانەوەكاندا ئەو جووڵانەوانە دامركاونەتەوە. نموونەش، جووڵانەوی شەهید سمكۆی شكاك و دامودەزگاكەی شێخ مەحموود و ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران و... بەڵام لەگەڵ دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا ئێمە لەگەڵ بەرهەمهێنان و خۆپێناسەكردنەوەیەكی نوێ و مۆدێڕن ڕووبەڕووین، كە تێیدا باسی نەتەوە بە شێوەیەكی نوێ دێتە گۆڕێ. ڕاستە لە جووڵانەوەكانی دیكەشدا باسی دەوڵەتی كوردی و بیری نەتەوەیی كراوە و لە بڵاڤۆكەكانیشیاندا ناوی هاتووە، بەڵام شوناس‌بەخشیی حیزبی دێموکرات و داڕشتنی چوارچێوەیەكی نوێ و نووسینەوەی بەرنامە و ئەساسنامە و دامەزراندنی كۆمار و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و دامەزراندنی سوپای میللی (هێزی پێشمەرگەی كوردستان) و هەڵكردنی ئاڵا و كردنەوەی قوتابخانە و چاپی كتێب و رۆژنامە و دەیان گۆڤار و بڵاڤۆكی دیكە، هەنگاوێكی نوێ و گرینگن، بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەك، كە ئەمجارە جیاواز لە هەموو كات و سەردەمێك، بڕوا بە توانا و بەهرە و كەسایەتیی خۆی بكا و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرییەكەی ببێتە بەردی بناغەی مێژوویەكی شكۆدار. هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە، كە ئەوە لە سەدەیەك نزیك دەبێتەوە كە ئەو حیزبە، سەرەڕای ئەوەی سێ سەركردەی مەزنی لێ شەهید كراوە و بە هەموو شێوازێك هێرشی دوژمنەكانی كورد و كوردستانی لەسەر بووە و لەسەریەتی، كەچی لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجەكانیدا نەك هەنگاوی شل نەبووە، بگرە بە تین‌و‌گوڕتر لە جاران بەرەو ئەو ئامانجە پیرۆزانە هەنگاو دەنێ. ئەگەر حیزبی دێموکرات، تەنیا حیزبێكی چەكدار بوایە، بە دڵنیاییەوە دوژمنانی كورد ئەوەندە لێی نەدەترسان و حیسابیان بۆ نەدەكرد، ئەوەی زەندەقی دوژمنانی كوردی بردووە، ئەوەیە، كە ئەم حیزبە بەرهەمهێنەر و شوناس‌خوڵقێن بووە و ڕۆشنگەری و پێداگریی لەسەر مافە نەتەوەییەكانی میللەتی كورد و بەرگریی لە ئازادی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤی كردووەتە سەرمەشقی خەبات و تێكۆشانی خۆی.