کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەئیسی و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی

20:29 - 31 گەلاوێژ 2721

دوای ساڵانێک مانۆڕی کێبەرکێ لە نێوان تاقمە جیاوازەکانی نێو دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا و دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوانیاندا، ئێستا هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و داد و بەڕێوەبەری یەکلا بووەتەوە و تەنانەت شوڕای شاری تاران وەک پێگەی سەرەکیی ئیسڵاح تەڵەبەکانیش کەوتووەتە دەست یەکێک لە ئوسوولگەرا توندئاژۆکان کە تەنانەت هیچ پیشینە و پسپۆڕییەکیشی بۆ ئەو بەرپرسایەتییە نییە. لە ڕاستیدا دەبێ بڵێین دەسەڵات کەوتووەتە دەست ئەو دامودەزگایانە کە لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا لە پشت پەردەوە حکوومەتیان ئیدارە کردووە. ئەو دەزگایانەی کە بە شێوەی مافیایی دەسەڵاتی بڕیارادان و ئابووری و ڕاگەیاندن لە ڕێگەی بەیتی ڕێبەری و تەنانەت نیزامییشیان لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە قۆرغ کردبوو. بەمجۆرە و لە ڕێگەی ئەوانەوە ئیبراهیم ڕەئیسی کە بۆ خۆی هەموو تەمەنی لەگەڵ ئەم دامودەزگایانەدا کاری کردووە و ئەزموونێکی باشی لە سەرکوت‌کردنی خەڵک بە پشت‌بەستن بە فەرمانەکانی ڕێبەر و سپای پاسداران هەیە، دەبێتە سەرۆک‌کۆمار و لە یەکەم پەیامیدا ڕادەگەیەنێ کە "لەپێناو ئەو بایەخانەی بۆ ئیمام خامنەیی گرینگن هەنگاو هەڵدێنێ" و یەکدەست‌بوونی حکوومەت بە "دەستپێکی فەسڵێکی نوێ بۆ قەرەبووی کەم‌وکورتییەکان" لە قەڵەم دەدا. ئەمە لەوانەیە ڕووی خۆشی بابەتەکە بێ کە ساڵانێکە ڕێبەر و کۆنەپارێزەکان خەونیان پێوە دەدی. ئەویش یەکدەست‌کردنی دەسەڵات بوو لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام ئەو وەزعەی ئەمڕۆی ئێران ڕاست پێچەوانەی ئەو دڵخۆشییەی ڕەئیسی و ڕێبەر و هاوپەیمانەکانی دەردەخا. ئەزموونی هەموو تەمەنی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئەوەی دەرخستووە کە گۆڕانی سەرۆک‌کۆمار، کە لانیکەم سێ کەسی دواییان بە تەئییدی خامنەیی گەیشتنە ئەو پۆستە هیچ گۆڕانێکی ئەرێنییان لە وڵات و ژیانی خەڵکدا دروست نەکردووە، بۆیە گومان هەیە کە ئاغای ڕەئیسییش توانای قەرەبووی کەموکورتییەکانی هەبێ. ئەگەر خەڵک لە دەورانی ئەحمەدینژاددا فریوی دروشمە هەڵخەڵەتێنەرە پوپۆلیستییەکانی دەخوارد و لە هاتنەسەرکاری ڕووحانیدا چاویان بڕیبووە موعجیزەی کلیلەکەی ناوبراو، خۆبواردنی ئەو خەڵکە لە دوایین هەڵبژاردندا دەری‌خست کە هیچ هومێدێکیان بە دروشمی فریودەرانە و بە کلیل و ئەرزشەکانی ئیمام نەماوە. جگە لەوەی کە ئێستا کۆمەڵێک ئاستەنگ و بەربەستی گەورە لەبەردەم ئەودا هەن کە لە دەورانی ئەوانی دیکەدا یا نەبوون یا کەمتر بوون. لەگەڵ ئەوەی کە ئێستاش شەڕی دەسەڵات لە نێوان خودییەکانی ڕێژیمدا کۆتایی نەهاتووە، کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، ڕووبەڕووی دەسەڵات بوونەتەوە. یەکەم ئاستەنگی بەردەم ڕەئیسی ئاکامی هەڵبژاردن بوو کە دەرکەوت متمانە و پشتیوانیی خەڵکی لەگەڵ نییە و بەم جۆرە جگە لە کۆمەڵە کەسێک کە بەشێک لەوانیش بە هۆکاری دیکە جگە لە متمانە بە ڕێژیم بەشداری هەڵبژاردن بوون، بەردەنگێکی لە وڵاتدا نییە و هۆکاری ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ وەزعی خراپی ئابووری و ژیانی خەڵک. لە نێوخۆی وڵات دەبینین کە ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە پانتایی ئێراندا چەندە زیادی کردووە و چۆن بە دەربڕینی هاوپێوەندیی نێوان خەڵک لە شارە جیاجیاکانی وڵات لە هەر ڕووداوێکدا بۆ وێنە خۆپیشاندانەکانی خووزستان لەم دواییانەدا هاودەنگیی خەڵک بەرامبەر ڕێژیم دەردەکەوێ. هۆکاری پەرەگرتنی ئەم ناڕەزایەتییانە لەلایەك نەبوونی ئیمکانی چارەسەری کێشەکانی خەڵکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە هۆی گەندەڵی و ناکارامەیی ڕێژیم و لەلایەکی دیکەشەوە بێزاربوونی ئەو خەڵکەیە لە درێژەی دەسەڵاتی ئەم حکوومەتە. ئەگەر ئاوا لە وەزعی نێوخۆ بڕوانین دەبێ سەرەکیترین ئەرکی سەرۆک‌کۆماری چارەسەری کێشە ئابوورییەکان بێ هەتا کاریگەری لەسەر باشتربوونی ژیانی خەڵک بکا، کارێک کە زۆر ئەستەم دەبیندرێ. ئێستا لەگەڵ ئەوەش کە ڕەئیسی  پشتی بە لایەنە بەهێزەکانی دەسەڵات بەستووە، بەڵام جیاوازی بەرژەوەندیی ئەو دەزگا و نیهادانەی لە پشت ئەون و ئەو بەبێ ئەوان ناتوانێ هیچ کارێک بکا، گەورەترین کۆسپ دەبێ لە سەر ڕێگای ئەگەر خۆیشی بیەوێ، بۆ ئەوەی کارێک بکا. بێگومان بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەتییەکانی ئەم دەزگا جۆراوجۆرانە و نەبوونی سیستمێکی دامەزراوەیی ئیداری و ئابووری لە وڵاتدا، نەتەنیا ڕێگە خۆشکەر نابن بۆ بردنەپێشی هیچ پڕۆژەیەک لە خزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکاندا، بەڵکوو دەبنە کۆسپێک لەسەر ڕێگەیان و ژیانی خەڵک بەرەو خراپتربوون دەبا. ئەمەش جگە لەوەی کە کێشە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و قبووڵ‌نەکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە ئەنجامدا درێژەی تەحریمە ئابوورییەکان، هۆکاری نەرێنی دەبن بۆ چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی نێوخۆ. لایەنێکی دیکەی مەسەلەکە کە دەتوانێ کێشەی گەورەتر بۆ ڕێژیم دروست بکا ڕوانینی وەزیرەکانی دەوڵەتی ڕەئیسییە کە هەر کامیان سەر بە دەزگایەکی بەستراوە بە سپای پاسدارانن، بە تایبەت وەزیرەکانی دەرەوە و نێوخۆ کە جگە لە شەڕ و سەرکوت شتێکی دیکە لە ڕابردوویاندا نییە. بوونی ئەم کابینە و جۆری ڕوانینەکانیان دەتوانی سەرەتایەک بێ بۆ درێژەپێدان بە سیاسەتی سەرکوت لە نێوخۆ و پەرەپێدانی شەڕ و نائەمنی لە ناوچەدا، لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیم لە وڵاتانی دەورووبەر و پەرەگرتنی تێرۆریزم. سیاسەتێک کە نەتەنیا لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراندا نەبووە بەڵکوو یەکێک لە هۆکارەکانی وێرانی و تێکچوونی ژیانی خەڵکیش بووە. پێداگری لە سەر ئەم ڕەوتە دەتوانێ هەستەوەریی دەوڵەتی ئیسڕائیل بۆ پاراستنی خۆی بورووژێنێ و مەترسیی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ناوەندە ئابووری و سەربازییەکان کە تا ئێستا زیانی زۆری بە ڕێژیم گەیاندووە زیاتر بکا. هەر چۆنێک بێ لە ڕێژیمێک کە تا ئێستا بەرامبەر بە هیچ ڕووداوێک ئەگەر ژیانی گشتیی خەڵکیشی خستبێتە مەترسییەوە وەڵامدەر نەبووە و بەرامبەر داواکاریی خەڵک خۆی بە بەرپرسیار نازانی، دەبێ چاوەڕوانی زۆر شتی خراپتریش بکرێ. هەروەک چۆن بە قسەی خامنەیی بەر بە هێنانی واکسێنی دژی پەتای کۆرۆنا گیرا و بە هۆیەوە دەیان هەزار کەس گیانیان لە دەست دا و دوای چەند مانگ تازە داوا دەکا واکسێن بکڕن، دەکرێ لە داهاتووشدا لەم فتوا هەڵانە زۆر ببیسین بەبێ ئەوەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێ بەرامبەر بە وڵامدانەوە. هەر ئەمانەش وایان کردووە کە خەڵک هیچ متمانەیەکیان بە ڕێژیم نەمابێ و چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە لە سێبەری ئەواندا بحەسێنەوە. ئێستا بەتەواوی دیارە کە ئەوام تەنانەت لە وتاردان بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکیش دۆشداماون و شتێکیان نییە کە بە خەڵکی بڵێن هەتا متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە تەنانەت دەتوانێ شوێندانەر بێ لەسەر ڕۆحییەی دەسەڵاتداران و دەورووبەرەکەیان. هەربۆیە لە نەبوونی پلانێک بۆ چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی خەڵک و وڵامدانەوە بە پرسەکانی ئازادی و پاراستنی مافەکانی خەڵک، دەبێ ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و دیتنی ڕێکارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەرکوتی کوێر ببینین. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئێستا ئیتر تەنانەت هێزەکانی ڕێژیمیش ئەو چاو و گوێ بەستراوانەی ساڵانی پێشوو نین کە بۆ کوشتنی کوێرکوێرانەی خەڵکی وڵاتەکەیان گوێ بۆ هەموو فەرمانێک شل بکەن و سەرکردەکانی ڕێژیمیش ئەمەیان هەست پێ کردووە.