کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند داڕمانێک کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی لێ نەکەوتەوە

04:38 - 16 خەرمانان 2721

بۆ ڕووخان و لێک‌هەڵاوەشانی هەر سیستمێکی سیاسیی ناکارامە ڕەوتێک وەک فاکتەری سەرەکی دەور دەبینێ کە بریتین لە: داڕمانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و نەبوونی ڕەواییەتی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا. بناخەکانی دەسەڵاتی هەر حکوومەتێک بەسەر کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەسەر لایەنەکانی ئەمنیەتی کۆمەڵ و کۆمەڵگە، خۆش‌بژیویی ئابووری، نیزامی تێکنۆکراتی یاسامەند بە پێوەرەکانی سیاسەتی ڕوون و دوور لە هەرچەشنە گەندەڵییەک دەوەستێ. باوە لە نیزامە سیاسییەکانی پاڕلمانی-حیزبیدا کە لەسەر بنەمای بیری دێموکراتیک یان سۆسیال دێموکراسی دامەزراون، کاتێک بەهۆی ناکارامەیی سیستمی سیاسی بۆشاییەک لە دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیی وڵاتدا ڕوو دەدا، حاکمییەتی سیاسی دەکەوێتە قەیرانەوە. لەو بارودۆخەدا بەرزترین بڕیاردەری سیاسیی وڵات بۆ چارەسەری قەیرانەکە و بۆ پێشگرتن لە داڕمانی بنچینەکانی کۆمەڵگە، گەڕاندنەوەی ئەمنییەت و ژیانی ئاسوودە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەجلیس یان کابینەی دەوڵەی دەدا و قەیرانە سیاسییەکە بەر لەوەی بگاتە قۆناغی لێک‌هەڵوەشان و داڕمانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی شۆکی سیاسی (هەڵبژاردنی پێشوەختە) و کۆمەڵە ڕێفۆرمێک چارەسەر دەکرێ. بەڵام لە نیزامە سیاسییە نادێموکراتیکەکاندا ڕەوشەکە بە هەڵبژاردن یان ڕێفراندۆم چارەسەر ناکرێ و قەیرانی سیاسی و قەیرانی شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگە بەرەوڕووی داڕمانی جۆراوجۆر دەکا. یەکیەتیی سۆڤییەت لە سەدەی بیست نموونەیەکی هەرەدیار لە ناکارامەیی نیزامێکی سیاسی بوو کە بووە هۆکاری داڕمانی هەموو بناغە و کۆڵەکە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئەم کۆمەڵگە سیاسییە. ئەو نیزامە سیاسییە ئاوقای وەها قەیرانێکی قووڵ ببوو کە سێ دەیە دوای ڕووخانی ئاسەوار و شوێنەوارەکانی لەو وڵاتانەشدا کە لەسەر جوغرافیای ئەم دەسەڵاتە سیاسییەدا پێک هاتن، دیار و بەرچاوە و تەنانەت بۆ لەپێناو چارەسەرکردنیاندا تووشی شەڕ و لێکدانی خوێناویش هاتوون. لە چاخی ئێستاشدا وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ڤێنیزۆلا بە پاشکەوتی زەبەلاحی نەوت و گاز ساڵانیکی دوورودرێژە لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆریی هۆگۆ چاوێز و دێموکراسی‌خوازانی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی خوان گایدۆدا بەسەر دەبا و ناتوانێ خۆی لێ دەرباز بکا. خۆ ئەگەرچی مادۆرۆ توانیویەتی بەهەر جۆرێک بووە دەسەڵاتی سیاسیی خۆی بەسەر کۆمەڵگە و دژبەرانیدا زاڵ بکا، بەڵام قەیرانگەلی ئابووری، کۆمەلایەتی و سیاسی ئەم وڵاتەی لە نێوخۆیدا داڕماندووە، چارەسەری کۆی قەیرانەکانیش بەندە بە یەکلابوونەوەی شەرعییەتی سیاسیی دەسەڵات بە گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنێکی ئازاد. دیارە لەو نموونەیەدا ناکرێ ڕۆڵی هێزە چەکدارەکان لە پاراستنی بناخەی دەسەڵاتی مادۆرۆدا لەبەرچاو نەگیرێ و هۆکاری ئەمەش بۆ پێکهاتەی داخراوی سیاسیی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە. داخراوبوونی ئەو پێکهاتە سیاسییەش لە ڕێگەی چەند بڕگەیەکی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەوە یاسامەند کراوە و بووەتە بەدەستەوەدانی خوێندنەوەیەک لە یاسای بنەڕەتیی وڵات کە هێزە چەکدارەکان دەخاتە پاڵ دەسەڵاتی سیاسییەوە و مانەوەی مادۆرۆی لە لوتکەی هێزدا لێ کەوتووەتەوە. ئێستا ئەگەر بەو بەرچاوڕوونییەوە ئاوڕ لە نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە، بارودۆخی ئەم دەسەڵاتە کە بە دروشمی "هەناردەکردنی شۆڕش" هاتە سەر کار و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام نەیار و دوژمنی بۆ خۆی دروست کردووە، لەوپەڕی شپرزەیی دایە. جۆرێک نەخۆشیی وەک مازوخیسم کە لە کەسایەتیی زۆربەی کاربەدەستانی ڕێژیمدا بەدی دەکرێ کە گوایە ئەم گرژییە لە قۆناغی سادیسمیدا کە ئازارە لەڕادەبەرەکەی خەڵک دەبێ بیچێژن بۆ ئەوان بابەتێکی چێژبەخشە. لەو نێوەدا فەلسەفەی مەزهەبی شیعەش کە ئایەتوڵلاکان بناخەی دەسەڵاتەکەیان لەسەر دامەزراندووە و هەزاران حیکایەت و بەسەرهاتیان لێ دروست کردووە، پشکیان بەو خۆئازاری و ئازار و جەزربەدانی ئەوانیترەوە هەیە. کاتێک کەسێک لە شینگێڕیی محەڕڕەمدا بە خەنجەر لە خۆی دەدا، یان کێرد بە سەری منداڵان دادێنی، ئەوە خۆی لە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەن. لەخۆرا نییە کە خومەینی دەڵێ ئێمە خەڵکانی گریانی سیاسیین. ئێمە خەڵکێکین کە بەو فرمێسکانە سێلاو و لافاوان وەڕێ دەخەین و هەموو ئەو کۆسپ و بەنداوانە دەهاڕین کە لە بەرامبەر ئیسلامدا قوت بوونەتەوە. دیارە مەبەستی لە ئیسلامیش هەمان ئەو ئیسلامە سیاسییەیە کە ئاخوندەکان بە بژیووەرگرتن لێی کۆشکی دەسەڵاتیان لەسەر دامەزراندووە. ئەو ڕوانگە و بینینە کە پتر لە چوار دەیەیە ئۆڕگانیک و لە تریبوونە ڕەسمییەکانەوە لە شێوەی کۆڵەکەیەک لە دین و دەسەڵات دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێ، هەم سادە و هاوکات ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێ لە پێناو ڕابوونێکی فکری و جەماوەریدا چارەسەر بکرێ. کۆمەڵگە نوقمی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانە و دەربازبوون لەو دۆخە ئیرادە و بوێریی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دەوێ. جۆری پێوەندیی نێوان دوو لایەنی سەرەکیی هێزە چەکدارەکان -سپا و ئەڕتەش- لەگەڵ قووچەکی دەسەڵات –ئاخوند- تایبەتمەندییەکی دیکەی نیزامی کۆماری ئیسلامییە کە سەرەڕای زۆر قەیران و کێشە یارمەتیی بە مانەوەی ڕێژیم کردووە. لەگەڵ ئەوەی هیچ وڵاتێکی دنیا دوو هێزی نیزامیی هاوتەریبی یەکتری نییە کە بۆ دەسەڵاتی زیاتر پەنا بۆ هەموو کارێک ببەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەپێی ئەسڵەکانی ١٤٣ و ١٥٠ی یاسای بنەڕەتیی وڵات نەک پارێزەری وڵات، بەڵکوو پارێزەری ڕێژیمی سیاسین و فەرماندە و بڕیاردەرەکانیان لە کەسانی هەرە نیزیکی بەیتی ڕێبەڕین. بۆ نموونە کاتێک کیومەرس حەیدەری دەڵێ لە ساڵی ١٣٩٧ بەولاوە هێزەکانی ئەڕتەش بەشدارییان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا کردووە، بەو قسانە وێنایەک لە ئەڕتەشی ئیدئۆلۆژیک دەدا کە خەمی سەرەکیی پاراستنی سنوورەکانی وڵات لە دەستدریژیی هێزی دەرەکی نییە، بەڵکوو لێدان لە هەر هێز و گرووپێکە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی ڕێبەریی ڕێژیم دروست بکەن. لایەنێکی دیکەی مانەوەی ڕێژیم لە دەسەڵاتدا بۆ هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان دەگەڕێتەوە. لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و بەرگژەکانی نێوانیان ئەویش لە سەردەمی چەند جەمسەریی هێز لە دنیای ئەوڕۆدا کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بە قۆستنەوەی ناکۆکیی نێوان هێزەکان و ئیمتیازدان بەم و بەو خۆی لە جەرگەی دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە. بەتایبەت کە دەسەڵاتی شیعەگەرای کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتەی بۆ دەسەڵاتە زەبەلاحەکانی دنیا ڕەخساندووە کە لە ڕکەبەریی ئابووری و لەپێناو ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە ناوچەی بەزۆرینە سوننی‌دا ئاوڕی بەڕەحمەت لە کۆماری ئیسلامی بدەنەوە. بەو مانایە کە هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی شیعە دەرفەتی مامەڵەی قورسی چەک‌وچۆڵ لە نێوان وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکاندا دروست دەکا. وە بەمجۆرەیە کە دوو هۆکاری گرینگی نێوخۆیی و دەرەکی هەتا ئێستا ڕێیان لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی گرتووە.