کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گێژەڵووکەی ڕەشەوە هەتا "سوور"ی خەرمانان

04:41 - 16 خەرمانان 2721

دوای تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کاربەدەستانی ڕێژیم - لە سەروو هەمووانەوە ڕێبەری نیزام و سەرکۆماری ئەوکات و ناوەندە ئەمنیەتییەکان - کە دەرکیان بە پێگەی قورس و قایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان و شێلگێربوونی لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان کرد، سیاسەتی لێدان و تێرۆریان بەرانبەر بە حیزبی دێموکرات زیاتر لە جاران پەرە پێدا. تۆپباران‌کردنی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە بناری قەندیل، دانانەوەی بۆمب لە ڕێگای هاتوچۆی تێکۆشەرانی دێموکرات، هەوڵدان بۆ تێرۆری کادر و پێشمەرگەکان و درێژەدان بە تێرۆری ڕێبەرانی ئەم حیزبە، بەشێک بوون لە سیاسەتی دژی‌گەلییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە دەیەی حەفتای هەتاویدا بە سەدان کەس لە تێکۆشەرانی سیاسیی سەر بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆربەیان سەر بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بوون، لە لایەن دەست‌وپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە باشووری کوردستان تێرۆر کران. تێرۆری سکرتێریکی دیکەی حیزبی دێموکرات و جێگرەوەی شەهید دوکتور قاسملوو، دوکتور سادق شەرەفکەندی لە بێرلینی پایتەختی وڵاتی ئاڵمان لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی – سێ ساڵ دوای تێرۆری دوکتور قاسملوو- نیشانەی ترسی ڕێژیم لە پێگە و نفووزی جەماوەریی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکی کوردستان‌دا بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی نزیک به هەشت دەیە لە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا که قووڵترین زامەکانی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەستەیەوە دیارە، نەتەنیا بۆ ساتێک لە تێکۆشان و هەوڵدان لەپێناو دەستەبەرکردنی ویست و ئامانجه نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان‌دا نەوەستاوە، بەڵکوو ڕۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە بە بڵاوبوونەوەی بیر و تێفکرینەکانی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا دراوە. ئەگەر تا چەند دەیە پێش ئێستا، حەوزەی نفووز و پێگەی ئەم حیزبە له جوغرافیایەکی دیاریکراوی کوردستان‌دا پێناسە دەکرا، ئێستا ئەندێشە و ڕێبازی ئەم حیزبە، به پانتایی سەرجەم شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بڵاو بۆتەوە. گوتار و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا بۆتە بەشێکی هەرە ئەساسی لە دەربڕین، فەرهەنگ، ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان. سەرەڕای دابڕانێکی جوغرافیایی کە لە نێوان ڕێبەریی حیزب و ژینگەی ئەسڵیی تێکۆشانیدا بۆ دەیان ساڵە هەیە و، سەرەڕای هەوڵی لێکدابڕانی فکری و زەینیی ئەم حیزبه که کۆماری ئیسلامی بە دەیان ساڵە به هەموو شێوەیەک هەوڵی بۆ دەدا و تیایدا مایهپووج دەرچووە، حیزبی دێموکراتی کوردستان به شێوەی ئۆڕگانی، سیستماتێک و زیندوو ڕۆژانە لەگەڵ خەڵک و ژینگەی خۆی لە پێوەندی‌دایە. هەمووی ئەمانه بۆ ڕێژیمێک کە ڕۆژ لەگەڵ رۆژ لە پێگە و نفووزی لە نێوخۆی وڵات و کۆمەڵگەی جیهانیدا کەم دەبێتەوە و، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەند، توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نییە، جێی شەرمەزاری‌ و سەرشۆڕییە. کەوابوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەرپرسانە بیر لە ڕێگاچارە دروست و سیاسییەکان ناکاتەوە و زیاتر لە چل ساڵە وەڵامی پەیامی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان به سیاسەتی تێرۆر و سەرکوت دەداتەوە و پێی وایە بەم شێوازە دەتوانێ بە دڵخوازی خۆی کۆتایی بە پرسی کورد بهێنێ، بەردەوام‌بوونی لەسەر ئەم ڕێچکە و ڕێبازە ڕەشە (درێژەدان بە سەرکوت و تێرۆر) چاوەڕوان کراوە. ئەم ڕێژیمە کە زیاتر لە دوو دەیە لانیکەم لەسەر ئاستی دەزگای بەڕێوەبەریی وڵات واتە دەوڵەتدا پێی وابوو به گرتنە پێشی گوتارێکی میانەڕەوانه لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیدا دەتوانێ پێناسەیەکی جیاواز لە ماهییەتی خۆی بە ڕووی دەرەوەدا پێشکەش بکا و لە سەر ئاستی نێوخۆییشدا کەراژێک باوێ و بەخۆداچوونەوەیەکی ڕەفتاریی بەرانبەر بە خەڵک و دژبەرانی خۆی بکا، به هیچ شێوەیەک نەیتوانی لە ماهییەتی ڕەش و تێرۆریستیی خۆی دوور بکەوێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا نەیتوانێ چووکەترین گۆڕان لە خۆیدا پێک بهێنێ، بەڵکوو هارتر و نابەرپرسانەتر لە هەمیشە لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی حەزف و تێرۆر بەردەوام بوو. ئەگەر لەم پێوەندییە‌دا – وەک ئامانجی وتارەکەمانه – تەنیا ئاماژە بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەین؛ کارنامەی ئەم ڕێژیمە ڕەشتر و پرتاوانەتر لە جارانە. هەر لە ماوەی دە پازدە ساڵی ڕابردوودا کە جموجۆڵی مافخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاراستەیەکی مەدەنی و جەماوەریی بە خۆوە گرتووە، ڕەفتاری دامودەزگاکانی ڕێژیم لە جاران توندوتیژتر و دوژمنکارانەترە؛ چالاکانی سیاسی و مەدەنی ڕەشبگیر دەکرێن و حوکمی سەخت و درێژماوەیان بەسەردا دەسەپێندرێ، دەرفەت و هەلی کار بۆ لاوانی کوردستان لەو پەڕی نزمیی خۆی‌دایە و ئەوانەشی لەڕووی ناچاری و بێ دەرەتانییەوە لە سنوورەکان بە کۆڵبەڕییەوە خەریکن، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەدرێنە بە دەسڕێژی و گیان و ماڵیان لێ دەستێندرێ، بواری چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگی و ئەدەبییەکان ڕۆژ لەگەڵ ‌ڕۆژ بەرتەسکتر دەکرێنەوە و ئیزن نادرێ کەسانی شیاوی خۆی بۆ پۆستە ئیدارییەکان خۆی بپاڵێوێ و بە ئەنقەست و بەبەرنامە پەرە بە زیاتربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدرێ و شان بەشانی هەموو ئەمانە بە شێوەی سیستماتیک کار لە سەر وێران‌کردنی پێشەسازیی کشتوکاڵ و تێکدانی ژێئۆئێکۆنۆمیکی کوردستان دەکرێ. لەم نێوەدا حیزبی دێموکرات -بەپێی قورسایی ئەو زامانەی لە سۆنگەی سیاسەتی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵی‌گرتووە – ئامانجە سەرەکییەکەیه. هەروەک ئاماژەی پێ کرا پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی پێگە و نفووزی ئەم حیزبە لەنێو کۆمەڵی کوردەواری و هەروەها شێلگیربوونی لە درێژەدان بە ڕێگایەک کە گرتوویەتە بەر، سیاسەت و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی تووشی چالش کردووە و ناتوانێ بەرانبەری بێ‌تەفاوەت و بێ‌هەڵوێست بێ. حیزبی دێموکرات کە بەپێی ماهییەتی ئاشتیخوازانەی بەردەوام باس لە چارەسەریی کێشەکان لە ڕێگای دانوستان و وتووێژەوە دەکا و پەیامەکەی بەرپرسیارانە لەلایەن کۆڕوکۆمەڵە جۆراوجۆرەکانەوە لێی وەردەگیردرێ و تەنانەت لەنێو خودی ئێراندا بەردەنگی زۆری بۆ پەیدا بووە، دیسان کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمەی تووشی چالش و ناچار بە وڵامدانەوە کردووە. وڵامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات نامەسئوولانه و لەسەر بنەمای سیاسەتی حاشالێکردن، ئاسیمیلاسیۆن و "برخورد سخت و سف" کە هەمان تێرۆریزمە بنیات نراوە. بۆیە لە قۆناغێکدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان قسە لە پشتیوانی لە خەباتێکی ئەمڕۆژیانەی مەدەنی دەکا و جموجۆڵێکی جەماوەریی مودێرن بەدوای خۆیدا دەهێنێ و لە پەیامەکانیدا بەردەوام قسە لە وتووێژ و چارەسەریی پرسی کورد لە تاران و لە ڕێگای وتوێژەوە دەکا، کاربەدەستانی ڕێژیم لە ژوورە فکرییەکانی خۆیاندا لەبری بیرکردنەوە لە وڵامدانەوەیەکی مەسئوولانە بە پەیامی حیزبی دێموکرات، کار لە سەر پیلانگێڕی و هێرش بۆ سەر ناوەندی داڕشتنی سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات دەکەن. بۆیە لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، کۆبوونەوەی وەرزانەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە هێرشی مووشەکیی کرا و لە ئاکامی ئەم هێرشە‌دا ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەی حیزب شەهید بوون و بە دەیان کەسی دیکە بریندار بوون. ئامانجی ڕێژیم لە مووشەک‌باران‌کردنی قەڵای دێموکرات و بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب کە وەک خۆیان دانیان پێدانا، ئاگاداربوون کە سکرتیرەکانی ئەوکات و پێشووی حیزبی تێدا بەشدارە، کۆتایی‌هێنان به دیاردەیەکی مێژوویی بە ناوی حیزبی دێموکرات و لێدان لە عەقڵییەت و تێفکرینێکی سیاسی – جەماوەری بوو کە ئەم حیزبە داهێنەر و بەڕێوەبەریەتی. ئەوان پێیان وابوو بەم مووشەک‌بارانه کۆتایی به دەنگ‌هەڵبڕینی کورد لە کوردستانی ئێران دەهێنن و کێشەیەکی گەورە لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە. بەڵام تەنیا سێ ڕۆژ دواتر پێیان سەلمێنرا کە چ هەڵەیەکی گەورەیان کردووە و لە چ خوێندنەوەیەکی بەتاڵدا دەتلێنەوە. ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی ئەو ڕۆژە مێژووییە بوو کە خەڵکی کوردستان بە مانەوە لە ماڵەکانیان و داخستنی دوکان و بازار، وێڕای مەحکوم‌کردنی ئەم جینایەتەی ڕێژیم و پشتیوانییان لە حیزبی دێموکرات، بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان گوت: "بیروباوەڕ و پێگەی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕێگای سەربەستیی نیشتمان، لێرە (لەنێو دڵی ئەوان)‌ دایە و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئەوانی ناگاتێ." تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستان چەندین هێرشی تێرۆریستیی کراوەتە سەر کە تەقینەوەکەی بەردەم دەرکی قەڵای دێموکرات (شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٩٥) کە لە ئاکامدا ٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب و دوو کەس لە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوون، یەکەمینیان بوو. لەو ماوەیەدا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و لە هەموویان زیاتر باندی مافیای سپای پاسدارانی ڕێژیم و ناوەندی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا به داڕشتنی چەندین پیلانی تێرۆر دژ بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کە له هێندێکیاندا ئامانجیشی پێکاوە، ڕەوتێکی تازە لە لێدان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دەست پێ کردووە. وەک لەو چەند ساڵەدا بە تێرۆری شەهیدی فەرمانده قادر قادری و تێرۆری شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تۆپباران‌کردنی بنکە و بارەگاکانی حیزب سەلماندوویەتی، لەوانەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێ هێرشی زیاتر بکاتە سەر حیزبی دێموکرات و دەست لە تێکۆشەرانی بوەشێنێ و لێیان تیرۆر بکا، بەڵام ئەوەی ئامانجی سەرەکییەتی و پێی‌گەیشتنی بۆ هەتاهەتایە دەبێتە خەون و خەیاڵ، لێدان لە پێگە و نفوزی ئەم حیزبه لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ڕاوەستاندنی لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانه. حیزبی دێموکرات بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک و لەسەر ئەساسی سیاسەتی دروست و بەرپرسانەی خۆی و فیداکاری و تێکۆشانی بێ‌وچانی تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازە، لە پێناو بەئەنجامگەیاندنی ئامانجی بەرز و پیرۆزی شەهیدان و خەڵکەکەی لێبڕاوانە بەرەوپێش هەنگاو دەنێ و بەردەوام و هەرمانه.