کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیۆریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

04:43 - 16 خەرمانان 2721

بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە ئاکاری (Ethicd) کۆمەڵایەتییە کە بەوان هۆکار، دەستەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان دژکردەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لە چوارچێوەی، کاری گشتی (collestiv actin) ئاگاهانە و مەبەستدار لە دۆخی ئارایی دەردەبڕن. ئەم ڕابوونە دەتوانێ شەبەنگێکی بەربڵاو لە بابەتە سەرەکییەکانی وەک، نابەرابەریی کۆمەڵایەتی، ئایینی، هەڵاواردن و جیاوازی، تەناهی، دۆخی ئابووری (هەژاری)، کولتووری و...بێ. پارادایمی سەرەکیی ئەم پێواژۆیانە ناڕەزایەتیی ئاشتیانە و سڤیلمەندە، هەرچەند جۆر و شێوازی تریش لە نافەرمانیی مەدەنی هەر لە ڕێپێوانی پڕ لە توندوتیژی هەتا شەڕ و تێکهەڵچوون بوونی هەیە. دوو ئامانجی سەرەکی لەو بزوتنەوانەدا یەک: چاکسازی (لە نزمترین ویستدا) و دوو، گۆڕان (لە بەرزترین حاڵەتدا) خۆیا دەبن. تێرمی پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی جۆراوجۆری بزووتنەوەکان پڕڕەنگە و بە ئاسانی ناتوانرێ سنوورێک بۆ جیاکردنەوەی دەرکەوتە پێوەندیدارەکان بدۆزیتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە بوونە هۆی ئەوەی کەڵک لە تێگەیشتنی دیکە لەجیاتی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی وەربگیرێ و لە ئاکامدا جووڵانەوەی جڤاکی بە بابەتەکانی دیکەوەی وەک گۆڕان و شۆڕش لێک‌درانەوە، یان لە بابەتە تایبەتییەکانی تری وەک ئاکاری کۆمەڵ کورت کراوەتەوە. لە تێگەیشتن و پێناسە نەریتییەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەتوانین ئاماژە بە ئاکاری گشتی، کاری گشتی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، جیاوازیی کۆمەڵایەتی، بەرەنگاریی کۆمەڵایەتی و هەڵوێست‌وەرگرتنی ڕاستەوخۆ بکەین. لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنانە تەنیا بەشێک لە فامی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی پێک‌دێنێ و ئاماژە بە پێناسەی سەربەخۆی ئەو ناکەن. لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٦٠ ئادگاری نوێی کرداری کۆمەڵایەتی-سیاسی خۆیا بوون و دروست‌کەری گشتگیرترین بزووتنەوەکانی دوای ١٩٣٠ بوون. کاراکتێری ئەم جیاوازییە زۆرتر لاوان و ژنان و کەمەنەتەوەکان بوون، کە ناکرێ ڕەفتاری ئەوان لەسەر بنەمای کەلێنە سیاسی-کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان لێک‌بدرێتەوە. لە ئاکامدا بابەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەستوری کاری ئەو کەسانەی لێ هات کە هاوبیری ئەم بوارە بوون یان بەشێوەیەکی چالاک لەم بەشەدا توێژینەوەیان کردووە. لە ئەنجامدا ساڵی ١٩٧٠ ژمارەیەکی زۆر بیرۆکەی نوێ لەم بوارەدا وێنا کران. بەپێی پۆلێن‌بەندییەک ئەم تیۆرییانە بەسەر دوو گرووپی، ئەمریکایی و ئورووپایی دابەش کران. تەوفیر لە نەریتی بیرکردنەوەی ئەمریکایی و ئورووپایی و جیاوازی ئەو بزووتنەوانە لەم دوو قوڕنەیە سەریان هەڵداوە و بەستێن‌سازی ئەم جۆرە ڕێکخستنەیە. بە ڕوانینێکی خێرا، لێڕوانینە ئەمریکاییەکان لەبارەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی زیاتر لەژێر کاریگەریی سوننەتی کارکردندان، لەکاتێکدا کە تیۆرییە ئورووپاییەکان زیاتر بە لێڕوانینێکی نیۆمارکسیستیی دەرکەوتەکان ڕاڤە دەکرێن. ئەم بابەتە بە ڕێژەیەک لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، چوونکە لە ئەمریکا ئەو ڕێکخراوانەی لە ئاکامی ناڕەزایەتییەکانەوە درووست بوون خێرا بەرەو کارخوازی دەچن و زۆرتر وەک گرووپی خاوەن بەرژەوەندی ڕێک‌کەوتن، بەڵام لە بەرامبەردا لە ئورووپا ئەم بزووتنەوانە زیاتر دژی سیستەم بوون و زۆربەی تایبەتمەندییەکانی خۆیان لەوانە جەخت کردنەوەیان لەسەر ئیدۆلۆژی لە چەپەکان وەرگرتبوو. جیاکاریی تیۆرییە نوێیەکانی بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی لە ئێستادا کەمتر باوە و ناتوانێت بە شێوەیەکی تەواو سەرجەم تیۆرییەکان بگرێتەوە. بەتایبەت ئەو تێڕوانینە ئاڵۆزانەی کە ناکرێ بە سانایی لە یەکێک لەو دوو بەشەدا جێ بکرێنەوە. هەڵاواردن لەسەر بنەمای "کلاسیک" و "نوێ" مۆدێلێکی تر لە ڕێکخستنی تیۆریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. هەندێک خاوەن‌ڕا لە بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بە جیاکاری ئەم پێواژۆیانە بۆ کلاسیک و نوێ لەسەر بنەمای قۆناغی مێژوویی تیۆرییەکان ڕێک‌دەخەن. لەم ڕێکخستنەدا، ئەو تیۆرییانەی کە پێوەندییان بە ساڵانی بەر لە ١٩٦٠ هەیە کلاسیکن و ئەوانەی دوای ئەمساڵەش بە نوێ دەخەمڵێندرێن. بنەمای ئەم ڕێکخستنە پێداگری لەسەر نوێبوون دەکا (بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان) و بۆ پێناسەکردنی ئەم جۆرە جووڵانەوانە بەکار دێ کە لە ١٩٦٠ەوە لە بواری کۆمەڵایەتیدا گرنگیان پێدراوە. لە ئاکامی دەرکەوتنی لەپڕ و بەرفرەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێکی نوێی تیۆرییەکان دەرکەوتن. زۆربەی ئەم تیۆرییانە پێیان وابوو کە ئەم بزووتنەوە نوێیانە بەپێچەوانەی کلاسیکەکان لە هەلومەرجی کۆمەڵگەی مەدەنی و دێموکراسیدا گووراون. لە ئالییەکی تر ئەندامانی سەرەکیی ئەم بزووتنەوانە تەنیا کرێکاران و تەردکراوانی کۆمەڵگە نەبوون، بەڵکوو ژنان، خوێندکاران و لاوان ڕۆڵیان لەم جۆرە بزووتنەوانەدا هەبووە. تیۆری بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی چوار تێڕوانیندا شرۆڤە دەکرێ:   ١. تێڕوانینی ئاکاری بەکۆمەڵ (کلاسیک) کۆمەڵە تیۆریی دەروون‌ناسانە، ڕەوشتمەندانە و ڕایەڵکەی کۆمەڵگە لەم دەستەیەدا هەڵدەکەون. دەگەڵ بوونی ئەو جیاوازییانەی کە لە ڕێزبەندیی تێگەیشتنەکان و قاڵبی تیۆری ئەم سێ دەروازەیە هەیە، خاڵی هاوبەشی ئەم سێ تیۆرییە تایبەتمەندیی هەستیاری کردارە و کۆمەڵگە وەک کۆمەڵێک تاک وێنا دەکا. سەرکەوتنی ڕەوشتمەندانە بەسەر زانستی کۆمەڵایەتیی ئەمریکا دەرفەتێکی گونجاو بۆ خستنەڕووی تیۆرییەکانی دەروون‌ناسیی ئامادە کرد. هەتا ئەو جێگای کە خولقێنەرانی تیۆری کە کاریگەریی بەرهەمی کارکردنیان لەسەر بوو لە ڕاڤەی جووڵانەوەکان پڕژانە سەر "ڕەوشت، ئاکار" وەک تێگەیشتنێکی سەرەکی و بنچینەیی. تیۆرییەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگەش دەگەڵ ئەوەیکە زیاتر پشتیان بە لایەنی کۆمەڵایەتیی ئورووپا دەبەست، لەهەمان کاتدا تایبەتمەندی تاکیان لەبەرچاو دەگرت. بەگشتی لە کۆمەڵگەشدا سەرنجیان دەدا سەر هەستی غەوارەیی و نیگەرانی و سەرکوت‌کردن هەروەها بێبەش‌بوونی ڕێژەیی، لەسەر ڕەوشی دەروونی تاکەکان جەخت دەکاتەوە.   ٢. تێڕوانینی ڕێکخراوەیی ئەو کۆمەڵە تیۆرییانەی لەژێر ناوی (ئامادەیی سەرچاوەکان)ن، بێجگە لە تیۆرییەکانی خوڵقاندنی دەرفەتی سیاسی و قۆناغەکانی ڕەخنە لێرەدا دەبینرێنەوە. لە ڕوانگەی ئەم تێڕوانینەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان شێوازی ناسراوی کاری سیاسین، بەشێوازێکی دیکە ئەو لایەنانەی ڕۆڵیان هەیە بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە چالاکی دەکەن و هەوڵی بەدەست‌هێنانی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن ڕێکخراوەکان ڕۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ کاری بەکۆمەڵ دەگێڕن چونکە بزووتنەوەکان بە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی ئاسایی هەژمار دەکرێن، جیا لەسەر پێداگری لەسەر چوارچێوەی سیاسی تیۆرییەکان، دوو خاڵی هاوبەشی دیکەیان هەیە: یەک: چالاکیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە ناتەکوزمەند نازانن. دوو: بەشدارانی ئەم جووڵانەوانە بەبێ ئاوەز ناناسن.   ٣. تێڕوانینی کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێچەوانەی باوەڕ لیبرالیستییەکانی پێشوو بیروهزریان بۆ بیرۆکەی نیومارکسیستی دەگەڕێتەوە، چوونکە ئافرێنەرانی ئەم تیۆرییە کە لێرەدا ڕێک‌خراون (تۆرین، هابێرماس و ملووچی) لەسەر لایەنی شۆڕشگێڕیی بزووتنەوەکان پێ دادەگرن و بەپێچەوانەی دەرهاویشتەی تیۆرییە کلاسیکی و ڕێکخراوەییەکان، ئامانجی بزووتنەوەی جڤاکی بە کاریگەری ‌خستنە سەر پڕۆسەی سیاسی دانانێن بەڵکوو تێکدانی سنوری شێوازی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزکردنی دەکەنە ئامانج. بەپێوانەی تێڕوانینی ڕێکخراوەیی کە سەرنج دەداتە عەقڵانییەتی ئامرازی، لە ڕوانینی کۆمەڵگەی سڤیلمەنددا جەخت لەسەر عەقلانیەتی پێوەندی دەکەنەوە و لەسەر ئەم بنەمایە هەرچییەک لە بیری تێڕوانینی ڕێکخراوەیی لایەنی ئامرازی هەیە (ئایدۆلۆژی، ناسنامەی بەکۆمەڵ، جۆری پێوەندییەکان، ڕێکخستن و...). بابەتی سەرەکیی ئەم تێڕوانینە دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرەکیی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەری هەڵدەچنرێن. بەشیوەیەکی گشتی ئەم ڕوانینە لە ڕیزی کۆمەڵگەی سڤیلدان و جەخت لەسەر تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوە جڤاکییەکان دەکەنەوە و گرنگی پێواژۆیەکان لە بەستێنی جیاواز لە چالاکی سیاسیدا هەڵدەسەنگێنن. بە واتایەکی دیکە، بزووتنەوە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هەوڵی گۆڕینی دەستەڵاتی سیاسی نادەن بەڵکوو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و جڤاکی سڤیل وەک ئامانجی کارەکانی خۆیان دادەنێن. هەرچەند دەکرێ هەندێک لایەنی سیاسیش بەخۆوە بگرێ یان لە ئامرازی سیاسی کەڵک وەربگرن بەڵام ئامانجی سەرەکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕان لە کۆمەڵگەی مەدەنی‌دایە. بە نێرینی هابرماس؛ بزووتنەوە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کەڵک لە ژینگەی جیهان (جڤاکی مەدەنی) وەردەگرن نەک مەنتقی سیستەم (کۆمەڵگەی سیاسی).   بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێ‌باوەکان ئاڵۆزییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم لە ئورووپا سەریان هەڵدا، دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە ململانێی کار و سەرمایە، تەوەر و بایەخی خۆیان لەدەست داوە. زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگە ئورووپاییەکان توانیان بگەنە خوێندنی بەرز و لەم نێوەدا ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە. ڕایەڵکە زانیارییەکان و پێوەندییەکان ڕۆڵی تازەیان هێنائارایەوە و سەرمایە لە چوارچێوەی بازاڕە ناوچەیی و نەتەوەییەکان تێپەڕی و دەگەڵ سەرهەڵدانی سەندیکا مەزنە ئابورییەکان هەوڵی دروست‌کردنی بواری نوێیان دا. بزووتنەوە کۆنەکان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە کرێکاری یان جوتیاری لەسەر بنەمای پێوەندی بە حکومەتەکانەوە پێناسە کراون. بەم ڕوانینە حکومەت و دامەزراوەکان وەک نەیاری سەرەکی دەناسرێن. ئەم بزووتنەوانە کە وەک تشتێکی داینامیکی بەرهەم‌هاتووی کۆمەڵگەی مەدەنی باسیان کراوە بەرگری لە بەرژەوەندیی گرووپە تایبەتییەکانیان لە ئەستۆیە. ئالان تۆرین کۆمەڵناسی فەرەنسەیی سێ بنەمای بۆ بوونی بزووتنەوە کۆمەڵاتییەکان داناوە. ١. بنەمای ناسنامە (شوناس): پێویستە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناسنامەیەکی دیاریکرای هەبێ (لە چ کەسانێک پێک هاتووە، بەردەنگەکانی کێن و بەرگریکاری کام بەرژەوەندییە؟) ٢. بنەمای دژایەتی: بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەردەوام دژی جۆرێک لەمپەڕ یان هێزێک دەوەستێتەوە و بەردەوام هەوڵی شکستدانی دوژمنانی هەیە، بێ بوونی بنەمای دژایەتی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ناتوانێت بوونی هەبێ. زۆربەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دژی ئەم ڕەوشەن کە تێیدان و ئامانجەکانی خۆیان هاوتەریب دەگەڵ بارودۆخەکە نابینن. ٣. بنەمای گشتگیری: بزووتنەوەیەکی جڤاکی بەناوی بایەخی زۆر دەگەڵ ئایدیای مەزن، فەلسەفە یان ئایدیای ئۆلی دەست پێ‌دەکات و چالاکییەکانی لە بیر و بڕوایەکەوە شەقڵ دەگرێ، کە هەوڵی بەرفرەوان بوون و پێشکەوتن دەدات. ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی چالاکیی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەوانەیە بە شێوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئازادی مرۆڤایەتی، ئاسایش و مافی مرۆڤ، سەلامەتی گشتی و خواستی خواوەند بێت، ئەمانە ئەو تایبەتمەندییانەن کە ئالین تۆرین بە بنەمای گشتگیری ناویان دەبات. ئەم بنەمایەش وەک بنەمای ناسنامە و دژایەتی بۆ ناسینی زات و لایەنگیری پێواژۆیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڵ گۆڕانی بنەمای گشتگیری‌دایە.