کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی لەدژی جووڵانەوەی کورد

04:50 - 16 خەرمانان 2721

شەڕی نەرم چییە و چۆن دەکرێ؟ ئەم شەڕە لەدوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەتەوە ڕمێنی هەیە و لەودا لایەنێک هەوڵ دەدا بەبێ دەکارکردنی هێز، چەکوچۆڵی شەڕ و توندوتیژی بەسەر لایەنی بەرامبەریدا سەر بکەوێ. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ڕێگەی شەڕی نەرم و بەکارهێنانی مێدیا و پڕوپاگەندەی بەهێزەوە توانی نیزامی سیاسیی زۆر وڵاتی وەک لەهێستان، گورجستان، چێکۆسڵواکی، قیرقیزستان، تاجیکستان و ئۆکراین بگۆڕێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەو هێز و لایەنانەیە کە هەوڵ دەدا لە ڕێگەی شەڕی نەرمەوە بەسەر ڕکەبەر و نەیارەکانیدا سەر بکەوێ و ئەم ڕەهەندە لە ململانێی سیاسی هەم لە ئاستی کێشە نێوخۆییەکانی لەگەڵ نەتەوە شوناس‌خوازەکان و هەم لە ئاستی ناوچەیی لەگەڵ وڵاتانی نەیار و ڕکەبەریدا دەباتە پێشێ. مەبەستی نووسینی ئەم بابەتە شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی لەدژی جووڵانەوەی کوردە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هاتنەسەرکار و پاش ئەوەی توانیی لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە هەموو نەیارەکانی لە مەیدانی سیاسی وەدەر بنێ، لەگەڵ سەنگەرێکی لەشکان‌نەهاتوو بەرەوڕوو بوو؛ ئەویش سەنگەری کوردستان بوو. بزووتنەوەی سیاسیی کورد پشت‌ئەستوور بە هێزی لەبڕاننەهاتووی کۆمەڵگەی کوردستان، بوو بە چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی. ئەم بزووتنەوەیە بە فیتوای جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی لەبن نەهات، بە لەشکەرکێشی و قەڵاچۆی شار و گوندەکان پاشەکشەی نەکرد، بە تێرۆر و گرتن و ئێعدام و سەرکوت لە هێز و جووڵە نەکەوت، هەموو ئەوانە وای کرد کە ستراتێژیستەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شەڕ و بەربەرەکانییەدا پتر بایەخ بە شەڕی نەرم لەدژی جووڵانەوەی کورد بدەن. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕایەڵەیەکی بەرینی تەبلیغی و سیخوڕی و بەهۆی سیاسەتی هاندان و تەماح‌وەبەرنان جۆری پەروەردە، بیرکردنەوە و هەوێتیی کوردی کردە ئامانج. ئەوان سیلەیان لە بیری سەربەخۆیی‌خوازی، باوەڕبەخۆبوون، بایەخمەندیی زمان و کولتوور و ئەدەبی نەتەوەیی کورد گرت، ئەوان تۆوی بێ‌متمانەیی بە یەکتریان لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو کردەوە و هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا تاکی بێ‌ئینتیما، بێ‌باوەڕ و بێ هیچ هۆوییەت و وزەیەکی خەباتگێڕی و ماف‌ویستی بەرهەم بهێنن. ئەوان لەو پێناوەدا جیا لە بەرنامەی درێژخایەنی پەروەردەیی لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی نیزام و جێخستنی لە نیزامی پەروەردەیی وڵاتدا، هەوڵیان دا لە ڕێگەی مێدیا و ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە هەم چەواشەی ڕاستییەکانی مێژووی کورد و خەباتەکەی بکەن؛ هەم وێنایەکی ناڕاست لە بوونی ئەو نەتەوەیە پێشان بدەن، هەم بۆ سووک‌کردن و بێ‌بایەخکردنی زمان و کەلەپوور و هەوێتیی کورد لە سەنگەردا بن. سینەما و فیلم و دێکیومێنت‌سازی لە بەشی پڕوپاگەندەی ڕێژیمدا بۆ ئەو ئامانجە بووە، بۆیە لە ئاوێنەی ئەو بڵاوکراوانەدا کورد لایەنێکی دواکەوتووی شەڕخوازە و زمان و جلوبەرگ و کولتوورەکەی پاشکەوتووانە و تەنیا بۆ گاڵتەوگەپ دەبێ. دەزگای تەبلیغیی ڕێژیم سیلەی لە بزووتنەوەی کورد گرتووە و وێڕای چەواشەی مێژوو و ڕاستیی ڕووداوەکان، بە مۆنۆپۆل کردنی مێدیا و سەپاندنی کەشی مۆنۆلۆگ دۆخێکی دروستکراوی ناڕاست لە پرسی کورد جێ دەخا و ئامانج لەوەش سڕینەوەی توخمەکانی ماف‌ویستی، شوناس‌خوازی و خەباتگیڕی لە زەین و بیرکردنەوەی لاوانی کوردە. بۆ گەیشتن ئەم ئامانجەش پشتی بە نیزامی پەروەردەیی و ئایدۆلۆژیک و کارکردی ڕێکخراوەکانی وەک بەسیج بەستووە بودجەی زەبەلاحیشی بۆ دیاری کردووە. یەک لە ڕەهەندەکانی شەڕی نەرم بۆ ترسی زۆری ڕێژیم لە فەزای مەجازی دەگەڕێتەوە. خامنەیی بە ئاشکرا گوتوویەتی «فەزای مەجازی بە قەت شۆڕشی ئیسلامی گرینگە». دوایەش کە بڕیاری دا «شوڕای عالیی فەزای مەجازی» دروست ببێ کە دواتر ئەرکی ئەم شوڕایە بۆ دروست‌کردنی «ناوەندی میللیی فەزای مەجازیی وڵات» گۆڕدرا. بۆیەشە لە ڕێگەی فەزای مەجازییەوە بە توندی کار لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دەکا. بڕەودان بە نەخۆشی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێعتیاد بە ماددەی هۆشبەر، لێک‌ترازاندنی شیرازەی ژیانی خێزانی و پەرەپێدان بە دیاردەکانی وەک لەشفرۆشی بەشێکی دیکە لە ئامانجەکانی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵتەکاندنی کۆمەڵگە و بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی کوردن. هەروەها سووکایەتی و شکاندنی ئوستوورەکان، گۆڕینی ناوی شەقام و کۆڵانەکان، شێواندنی مەزاری نەمران و نانەوەی ناکۆکی و کێشە لەنێو کەسایەتی و ڕێکخراو و ئەنجومەنەکانیش بەشێکی دیکە لە پیلاکانی ڕێژیم لە شەڕی نەرم دژی بزووتنەوەی کوردن. شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی لەجێدا بەرهەمی بەهێزبوونی پێگەی جەماوەریی حیزبە کوردییەکان و پوتانسیەلی بەهێزی خۆڕاگری و هێزی خەباتگێڕیی کورد لەلایەک و دەستەوەستانیی ڕێژیم بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی شوناسخوازی لە ڕێگەی سەرکوت و چەک و ڕەق‌ئامێرەکانی دیکەیە. بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگاکانی بەربەرەکانی و بەرپەرچدانەوەی بۆ بزووتنەوەی کوردیش ئاوەڵایە. کار لەسەر پێگەیشتوویی و بردنەسەرێی وشیاریی سیاسی کۆمەڵگە دەتوانێ کۆسپی سەرەکیی بەردەم مایەپووچ‌بوونەوەی هەوڵەکانی ڕێژیم بێ و ئەوەش ئەرکی تایبەت دەخاتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کۆماری ئیسلامی کە بە یەکگرتوویی نێوانیان، بە گوتاری هاوبەشی سیاسی، بە هێزمەندکردنی وێژمانی نەتەوەیی و خەباتگێڕی بەرهەڵستی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.