کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٦٧ کۆڵبەر، دەسبەسەرکردنی 143 کەس و ئێعدامی ١٦ بەندکراوی کورد

15:23 - 17 خەرمانان 2721

لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە تا ئیستا ٦٧ کۆڵبەر بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان کوژراون یان بریندار بوون، ١٤٣ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی گیراون و ١٦ بەندیی کورد لە زیندانەکانی کوردستان‌دا ئێعدام کراون. به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دوومانگ و نیوی هاوینی ئەمساڵدا لانیکەم ٦٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ٦٧ کاسبکارە ٥٤ کەسیان بریندار بوون و ١٣ کۆڵبەریش کوژراون. کوژران و برینداربوونی ٦٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی پووشپەڕ لەحالێک‌دایە کە لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵیش‌دا ٥٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد درابوونە بەر دەستڕێژ کە لەو ٥٣ کۆڵبەرە ١٥ کەسیان کوژراون و ٣٨ کۆڵبەریش بریندار بوون. بەو پێیە ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون یان بریندار بوون گەیوەتە ١٢٠ کەس کە ٢٨ کەسیان کوژراون و ٩٢ کەسیش بریندار بوون. شایانی باسە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یشدا  ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا یا بریندار ببوون. لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون. لە ماوەی ئەم دوو مانگ و نیوەدا هەروەها ١٦ زیندانیی کورد ئێعدام کراون. "چاونیوز" ڕایگەیاندووە کە ئەم ١٦ کەسە بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست لەدار دراون. ئێعدام‌کرانی ئەو ١٦ بەندکراوە لە هاوینی ئەمساڵ‌دا لە حاڵێک دایە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە سێ مانگی بەهاری ئەمسالیش‌دا ١١ بەندکراوی کوردی لەدار دابوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ئێعدام کراون لانیکەم ٢٧ کەس بووە. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردووشدا (١٣٩٩)‌دا لانیکەم ٤٩ بەندکراوی کوردی لەدار دابوو کە چوار کەس لەوان بەندیی سیاسی بوون. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی دوو مانگی و نیو هاوین‌دا لانیکەم ١٤٣ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی، یان هاوکاری‌کردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لەو ١٤٣ کەسە ٢٥ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ هەتا ١٠ ساڵ زیندان (سەرجەم ٥٣ ساڵ و ١٠ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە و بەندکراوێکی کوردیش حوکمی ئێعدامی دراوەتێ. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە وەرزی بەهاریشدا ١٢٦ کەسیان لە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گرتبوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون ٢٦٩ کەس بووە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ هەتا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ (زیندان سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو. بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ لە نێوەڕاستەکانی مانگی پووشپەڕدا کەسێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ڕەحمان ئەحمەدیان دەستبەسەر کرد و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ تەرمەکەیان ڕادەستی ماڵباتەکەی کردووە. ڕۆژی چوارشەممە،  ٢٢ی پووشپەڕیش "ڕێبن  (بێهرووز) ڕەحیمی"، خەڵکی سنە و چالاکی سیاسی لە دەورووبەری شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان تێرۆر کرا. لە درێژەی ئەو کردەوە تێرۆریستییانەدا ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژیش مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر تێرۆر کرا. هەروەها ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ بە هۆی دەمەقاڵەی چەند کەسێکی تورک و کورد لە شاری نەغەدە شەڕ و هەڵپرژانێک لە نێوانیاندا ڕووی دا کە دوای دەستێوەردانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسالمی دوو کەسی کورد بە ناوەکانی"فەردین ئیبراهیمی" و "محەممەد عەلیزادە" کوژران. رۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی شۆڕش خزرزادە، ٤٢ ساڵە و خەڵکی بۆکان کە چەند ساڵ دانیشتووی هەرێمی کوردستان بووە و لە سنووری بانەوە خۆی ڕادەستی هێزەکانی سپای پاسداران کردبۆوە، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە زیندانی ئیتلاعات تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. شەوی یەکشەممە ١٤ی خەرمانانیش هێزە چەکدارەکانی ئێران لە شوێنێک بە ناوی قەڵوەز خاڵی پشکنینیان داناوە و لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە تەقەیان لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کردووە. لە ئاکامی دەستڕێژی ئەو هێزان منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ بە ناوی "هایا پەیام" کچی پژمان بە سەختی بریندار بووە. لە هاوینی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٥ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتوە کە چاونیوز شوناسی ٢٤ کەس لەوانی ئاشکرا کردووە. لە ماوەی سێ مانگ بەهاری سەرەتای ئەمساڵیشدا هەر نەبێ ٨٠ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو کە "چاونیوز" شوناسی ٤٤ کەس لەوانی تۆمار کردبوو، بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە خۆکوشتن کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، لانیکەم ٦٦ کەس بووە. ساڵی ڕابردووش لانیکەم ١٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوشتنیان دابوو‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو.