کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی "بەرەی یەکگرتووی کورد" لەهەمبەر تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

15:11 - 27 خەرمانان 2721

"بەرەی یەکگرتووی کورد" لەهەمبەر تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نەتەوەی کورد ساڵانێکی زۆرە بۆ وەدیهاتنی مافە ڕەواکانی خۆی تێ‌دەکۆشێ و هەمووکات لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی تووشی کێشە هاتووە و هەر چەند لەم ناوەدا بە هەڵگرتنی چەک بۆ پاراستنی گیان و دەستکەوتەکانی تووشی شەڕی چەکداریش هاتووە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە حیزب و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بەپێی هەلومەرج، شێوەخەباتی چەکدارییان کاڵتر بووەتەوە و شێوازی خەباتی مەدەنیان گرتووەتە بەر و ئامادەیی خۆیان بۆ ئاشتی و ئاوەدانی لە وڵات‌دا ڕاگەیاندووە، بەڵام لایەنی بەرانبەر هیچکات نیازپاکی لە خۆی پیشان نەداوە و هەموو جارێ متمانەی بەرەو قەتڵگا ڕاکێشاوە. لە درێژەدا هاتووە کە: مێژوو پیشانی داوە چارەسەریی کێشەی کورد بە هیچ شێوەیەک لە ڕێگەی پێکدادانی نیزامی، شەڕ، فیشەک و سێدارەوە چارەسەر نابێ. کێشەی سەرەکی کۆمەڵگای کوردی چارەسەرکردنی هەڵاواردن و دابینکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی نەتەوەیی و دەسەڵاتی ناوخۆییە. "بەرەی یەکگرتووی کورد" وەکوو ناوەندێکی مەدەنی-سیاسی کە داواکاری چارەسەریی کێشەی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی خوازانەوەیە، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی پێشنیاری ئاشتەوایی نەتەوەیی ‌دا کە دەیتوانی دەسپێکێک بۆ گۆڕانێکی گەورە بێ، بەڵام دەسەڵات هیچ هەڵوێست و وڵامێکی بەرانبەر بەم پێشنیار مرۆڤدۆست و ئاشتی خوازانە نەبوو. لەم ڕۆژانی دواییدا، تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵسووکەوتی چاوەرواننەکراو لەگەڵ ئەوان، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی نەخوازراوی دیکەی لە ناوچەکەدا بەدواوەیە کە خەسارباری سەرەکیی خەڵکی مەدەنی و بێ‌تاوانی کوردە کە لە کۆتاییدا بێ‌هیوایی و بێ‌متمانەیی زیاتری لێ‌دەکەوێتەوە. لە کۆتایی بەییاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەر چەشنە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی و شەڕانگێزانە لەگەڵ ئەو دژبەرانەی کە بە نییەتی ئاشتی لە بەرانبەر دژایەتیکردن و مووشەکبارانیش چەکەکانیان بەکارناهێنن، ئاکامی باشی لێ‌ناکەوێتەوە و هیوادارین کە بە ئارامی و ئاوەزمەندییەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن.