کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: لە ١١ ساڵدا لە زیندانەکانی ئێران ٧٢ بەندکراو کوژراون

15:54 - 27 خەرمانان 2721

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاگەیەندراوی خۆیدا ئاماژەی بە پرسی کوشتن لە زیندانەکانی ئێران کردووە و ئاشکرای کردووە لە ساڵی ٢٠١٠وە تا ئێستا لە زیندانەکانی ئێران ٧٢ بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی‌دا ئاماژە بەوەش کراوە کە بکوژان و ئەشکەنجەدەرانی ناو گرتووخانەکانی ئێران، پارێزراون و دەزگای دادوەریش لەم بارەوە هیچ وڵامدەر نییە. بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان، مەرگی ئەو بەندکراوانە بەهۆی ئەشکەنجە، بەکارهێنانی چەک یان گازی فرمێسکڕێژەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ناو زیندانەوە ڕوویان داوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە ١١ ساڵی ڕابردوودا ٧٢بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران کوژراون و تا ئێستا تەنانەت هیچ بەرپرسێکی زیندان و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئەو کوشتنانە، دەسبەسەر نەکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بکوژ و ئەشکەنجەدەران لەلایەن دەسەڵاتەوە پارێزراون. لە حاڵێکدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باس لە کوشتنی بەندکراوان لە ئێراندا دەکات کە لە حەوتووی ڕابردوودا یاسر مەنگوڕی، بەندکراو و چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا. شایانی بسە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە تا ئێستا، سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مێهرداد تالشی خەڵکی دیواندەرە، ڕەحمان ئەحمەدیان خەڵکی ورمێ و یاسر مەنگوڕی خەڵکی پیرانشار لە گرتنگە و زیندانەکانی ئێران لە تاران و ورمێ لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.