کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کەسایەتییەکی خۆشناو لە ناوچەی ڕەبەت

14:52 - 28 خەرمانان 2721

عەبدوڵا نەبی‌نەژاد، کەسایەتیی خۆشناو و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەی ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەلا عەبدوڵا نەبی‌نەژاد خەڵکی گوندی نەڵۆسە لە ناوچەی کاڵەشینی ڕەبەت، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. مەلا عەبدوڵا هەر لە دەورانی لاویەتییەوە، ئەو کاتەی کە لە حوجرەی فەقێیان دەخوێنێ، تێکەڵاوی کاری تەشکیلاتی حیزبی دەبێ و لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی ناوبراو دەبێتە یەکێک لە ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکڕات و لەنێو تەشکیلات‌دا ئەرکی بەڕێوەبردنی کارەکانی یەکێک لە شانەکانی حیزبی لە گوندەکەی لە ئەستۆ بووە. لەگەڵ دەسپێکی جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ ی هەتاوی، حکومەتی حەمەڕەزاشاە دەستی بە ڕەشبگێری کرد، کە "مەلا عەبدوڵا"ش لەلایەن حکومەتەوە دەسبەسەر دەکرێ، بەکرێگیراوانی ڕێژیمی پاشایەتی زۆر هەوڵ دەدەن کە لەسەر دڵسۆزانی حیزب دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگرن و دەیانهەوێ بە زۆر بڵێ کە خۆم ئەندامی حیزبم و خوالێخۆشبوو مەلا ڕەحیم‌ی نەڵۆسەش سەرپەرستی کارەکانی حیزبی دەکات، بەڵام سەرەڕای گوشارەکان سەرکەوتوو نابن. مەلا عەبدوڵا یەکێک لە هەرە باوەرپێکراوەکانی حیزبی بوو هەر بۆیە شەهید سولێمان موعینی، بەشێکی بەرچاو لە بەڵگە، ئارشیو و، کەرەستەی حیزبی، وەک بیسیم لە لای ماموستا عەبدوڵا دانابوون. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی‌دوایی کاک مەلا عەبدوڵا نەبی‌نەژاد، سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.