کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی مەلا محەممەد عەجەم، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی وەفاداری حیزب

17:54 - 28 خەرمانان 2721

مەلا محەممەد عەجەم، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مەلا محەممەد عەجەم، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناوچەکانی سندووس و شاروێران، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە شاری نەغەدە دڵە پر لە هیواکەی بۆ ڕزگاری و ئازادی کوردستان بەیەکجاری لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد. نەمر مەلا محەممەد عەجەم، یەکێک لەو تێکۆشەرانەی دێموکرات بوو کە لە هەر دوو سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی وەک ئەندام و هاوکات پێشمەگەیەکی خۆنەویست، خزمەتی بە حیزب و گەلەکەی کردووە. مەلا محەممەد لە کۆنگرەی ۲ی حیزب لە گوندی سونێ لە باشووری کوردستان وەک نوێنەر بەشداری کردووە و لە دەیەی ٤۰ی هەتاوی بۆ ماوەی نزیک بە ٣ ساڵ لەلایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە دەخرێتە زیندان و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دیسان چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شان و پلە نیزامییەکان تاکوو سەردەستەیەکی لکی ٢ی هێزی پێشەوا دەبڕێت. نەمر مەلا محەممەد عەجەم هەروەها وەک کادرێکی بەوەجی حیزب، لە ناوچەکانی سندووس و شاروێران هەردەم خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک بووە و لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بەهۆی چوونەسەری تەمەنەوە، لەسەر ڕاسپاردەی حیزب گەراوە بۆ نێوخۆی وڵات و لە هەموو ئەو ساڵانەشدا وەک کەسایەتییەکی نیستمانپەروەر و جێگای متمانەی خەڵک درێژەی بە ژیان دا. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی‌دوایی نەمر مەلا محەممەد عەجەم، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری و سەرجەم خەڵکی ناوچەی سندووس و شاروێران و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتدا دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانی.