کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند هەنگاوێکی پراکتیک بۆ پەروەردەی منداڵ لەسەر زمانی دایک

13:52 - 31 خەرمانان 2721

(کوردستان هەموو وجودی منە، ماسی لە ئاو ڕاناکات!)   دەسپێک لەڕاستیدا مرۆڤ وەک کانگای ئاڵتوون و زێو وایە کە تەنیا لەژێر سێبەری پەروەردەیەکی دروست دەتوانین ئەو سامان و کانگا بەنرخە بدۆزینەوە، هەڵبەت ناتوانین حاشا لەوە بکەین کە سوود و قازانج و بەرهەمی پەروەردەی بەهێز و تۆکمە لە ژێرخانی خێزان، داهاتەکەی بۆ هەمووان دەبێت، بە جۆرێک کە، ئەگەر لە ژێرخانی بنەماڵەدا، واتە دایک و باوک بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە پەروەردەکردنی مناڵەکەیان بە باشی بگێڕن، هەر لە سەرەتای کۆرپەییەوە بە ڕەفتار و ڕەوشت و هەڵسوکەوتی گونجاوی خۆیان ژیانی مناڵەکەیان لەسەر کولتوور و خوێندنی زمانی دایک بسازێنن، ئەوکات نەوەیەکی  قودوە و شەخسیەتێکی لێهاتوو دەبێت بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو. بە دەڕبڕینێکی‌تر دەکرێ ئەوە بڵێن کە، منداڵ کوڕ بێت یان کچ، بە یەکێک لە گەورەترین نێعمەتەکانی ژیان هەژمار دەکرێ، کەوایە ئەو خەڵاتە دەبێ بە جۆرێک پەروەردە بکرێ کە پێشەنگ بێ بۆ کۆمەڵگە، نەک دڕکوداڵ. هەڵبەت ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە، کەشوهەوای پەروەردە دەبێ لە سەرەتای کۆرپەییەوە دەست پێ بکرێ، چونکە ڕەفتار و ڕەوشتی دایک و باوک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مناڵ دەبێت.   خێزان و دەسەڵات لەمەڕ ‌پەروەردەی منداڵ لەسەر زمانی دایک: خاڵی یەکەم: ئەرکی خێزان و کاریگەریی لەسەر ڕاهێنانێ منداڵ لەسەر کولتوور و زمانی دایک. مەخابن! لە دنیای ئەمڕۆدا سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتن و گۆرانکارییە خێرا و بەرچاوەی کە لەبواری ئینتەرنێت و سۆسیاڵ‌‌میدیا بەگشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی ڕوویدا مناڵیش گۆڕا، بە جۆرێک کە شەو و ڕۆژی تێکەڵ بە یاریکردن بە کامپیوتێر و موبایل و سەرجەم یارییە ئەلیکترۆنییەکان بووە، واتە هەموو خەم و خەفەتی ئەوان ئەوەیە کە، کارەبا نەکوژێتەوە و هێڵی ئینتەرنێت نەپچڕێ، حەز و ئارەزووی ئەوان خێزان و بنەماڵە نییە و تەواو کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕیکلامەکانی سۆسیاڵ میدیا، بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین: نەوەیەکی تەمەڵ و نەخۆش و بێ بەرهەم بەڕێوەیە. لەڕاستیدا بەشێک لەم حاڵەتە ناخهەژێنەی ئێستا دەبینرێ ئاکامی بەرهەمی شێوازی پەروەردەی خێزانە لە ڕابردوودا، واتە دایک و باوکی ئەمڕۆ بە پێی ئەم  بارودۆخەی ژیانی ناو خێزانی خۆیان، ئەم ئازادی و بوارەیان ڕەخساندووە کە منداڵ تووشی بووە!. ئێمە ناڵێین تەنیا شێوازی پەروەردە و بارهێنانی ڕابردوو دروست بوو، بێگومان هێندێک هەڵەش لە شێوازی پەروەردەی دایک و باوکی ڕابردووش هەبووە و شتێکی حاشاهەڵنەگڕە، بەڵام بە پشتتێکردن لە ئەزموونی ڕابردوو و شێوازی پەروەردەی ئەمڕۆ ناتوانین نەوەیەکی باش بنێرین بۆ داهاتوو، واتە دەتوانین بە وەرگرتنی ئەزموون لە ڕابردوو و گرێدانەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە و خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە، نەوەیەکی لێزان و تەندرووست و خوێندەوار و زانا بۆ داهاتوو بەڕێ بکەین. مەخابن! مناڵی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی کە زیرەک و لێهاتوون بەڵام بە هۆی ئاڵودەبوونیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا بەیانی هەر بەو حاڵە لەسەر جێگای خەو دەمێننەوە، ئەوەش کاریگەریی دەڕوونی لەسەر مناڵ دادەنێت، لێرەوە دایک و باوک هۆکاری داڕمان و لەناوچوونی ئەم قوتابخانەیەن کە ژێرخانی پێگەیشتنی مناڵە، واتە بە هۆی ئاڵوودەکردنی مناڵەکانیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناخی خۆیان لەمەڕ هەڵسوکەوتی ڕابردوو دەردەبڕن، کەچی ئەوە شڵەژان و لەناوچوونی ژیانی مناڵە!؟. ڕاستە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی نیشانە و هۆکاری پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتی و گەورەترین خزمەت و کارئاسانی و پێویستیی سەردەم بوو، بەڵام نەوەک بۆ سڕینەوە و خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارەتییەی خێزانی و کۆمەڵایەتییەی کە تاک بە تاکی ھەر کۆمەڵگەیەکی درووست لە ئەستۆیاندایە! ئەو ڕەخنە و سکاڵا و گلەیی نەوەی نوێ کە لە شێوەی پەروەردە و نەریتی کۆنی کۆمەڵگە واتە هەڵسوکەوتی دایک و باوکی قەدیم هەیەتی و ھەموو ئەو گۆڕانکارییە زۆر خێرایانەی باری کۆمەڵایەتی و خێزانی تەنانەت سایکۆلۆژییەتی تاکی کورد، ھاوکات بوونە لەگەڵ تێکەڵبوونمان بە تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بەر لە ھاتنیان بنەڕەتێک ھەبووە بۆ بۆشاییەکان و بە حەقیقەت پڕکراونەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و سەتەلایت و مۆبایل بە تایبەتی بوونەتە شوێنگرەوەی ڕەوشت و هەڵسووکەوتی دایک و باوک کە وەک میوانێکی زۆر سارد و سڕ وایە بۆ کەلێنەکانی ڕوحی منداڵ، بۆیە دەبێ خێزانی ئەمڕۆ لەمەڕ ئەم حاڵەتە زۆر بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن و خۆنەدزنەوە..!   خاڵی دووهەم: مخابن! خێزانی ئەمڕۆ ڕێک بۆتە ئامرازێک بۆ تەشەنەی نەخوێندەواریی مۆدێرن، واتە نەخوێندەواری لە پێناسە نەریتی و سادەکەیدا بە کەسێک دەڵێن؛ نەزانێت بە زمانی دایک بخوێنێتەوە و بنووسێت، هەڵبەت بەدەر لە لێدوانی "ڕێکخڕاوی یۆنیسکۆ" لەم سەردەمانەی دواییدا سەرباری دیکە بۆ ئەم پێناسەیە زیاد کرا، دەڵێن نەخوێندەوار کەسێکە بەکارھێنانی کۆمپیوتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەزانێت، یان شتی سەیرتر؛ نەخوێندەوار کەسێکە زمانی ئینگلیزی نەزانێت. نەخوێندەواری مۆدێرن کێیە؟ نەخوێندەواری مۆدێرن ئەو کەسەیە لەناو قەیرانی لەناوچوون و داڕمانی زمانی دایک هەموو هێز و توانای خۆت تەنانەت لەبواری ئابووریشەوە پاڵپشتی منداڵەکەت بی بۆ خوێندنی زمانی ئینگلزی و... بەڵام حازر نەبی منداڵەکەت بۆ جارێک بنێریە بنکەی فێرخوازیی زمانی کوردی!!! ئەوەی ڕاستی بێ زۆر بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە، ناوچەی بارناسکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زیاتر لە ناوچەکانی‌تری جیهان بە ڕەهەندێکی ئاڵۆز و پڕ کارەساتدا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا گەلێک شەڕ و تاوان و دەسدرێژی و جینایەتی بەخۆیەوە بینیوە. کەم واهەبووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی پێکهاتەگەلی نەتەوەیی یان ئایینی ماوەیەکی درێژخایەن ئاشتی و هێمنایەتی سەرانسوێی ئەو ناوچەیەی کردبێ. بێگومان کورد وەک یەکێک لە نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە، بەردەوام عەوداڵی پاراستنی زمانی دایک، کولتوور، پەروەردە و بارهێنان و سەلماندنی پێناسەی خێزانی خۆی بووە، تا وێڕای نەتەوەکانی تر بە دوور لە دیلی و پەڕبەستەبوون، ئەرخەیان درێژە بە ژیان بدا. ئەگەرچی خوێندن بە زمانی دایک بە شێوەیەکی بەربڵاو هێشتا جێگای باسە و چارەسەر نەکراوە،! ئاخۆ ئێمە شارەزای ئاکامی نەرینیی خوێندن بە زمانی زاڵ هەین! ئاخۆ سیاسەتوان و بیردۆزان و دانەرانی یاسا و ڕێسا گەیشتوونەتە ئەم ڕاستییە کە: ڕەنگە فێرکاری و ڕاهێنانی کەمایەتییەکانی ژێردەستە بە زمانی زاڵ کە زمانی دایکی نییە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری پێشکەوتنی زانستی و دەروونی خۆی کارەساتێکی دڵتەزێنە یاخۆ شێوازێکی قێزەون نەبێ لە بەشداریکردن لە ڕەشەکوژیی زمانی!؟ چ زۆرن ئەو بلیمەتانەی کە لەسەر ڕاستەڕێی ژیان کەوتنە بەر شاڵاوی بیرچەوتانی دژ بە زانین و بە دڵۆپە خوێنی گەشیان بەڵگەی بەڕەوابوونی زمانی دایکیی خۆیان واژۆ کرد. کاتێ زلهێزانی ناوچە لە پشت پەردەی دزێوی بیردۆزی سیاسەتەوە تاقمێکی چەقبەستووی سەردەمی حەجەر دەبووژێننەوە،! چۆن چاوەڕوانی گوڵی زانین و زانست لەنێو دڕکەڵان بڕوێ!؟ مخابن! ڕۆژهەڵاتی بناوبێر و تێک‌سڕماوی ئەمڕۆ کە سەردەمانێک وەک بێشکەی شارەستانییەتێکی پڕسامان مەکۆی زانست و زانین بوو، بە جۆرێک کە خاوەن‌ڕایانی ئەو لە شەوانی ئەنگوستەچاوی زەمان چراڕادێری نەتەوەکانی تر بوون بۆ دۆزینەوەی ڕێبازی کامەرانی؛ کەچی چاوچنۆکەکانی دەرەکی پاش دۆزینەوەی ئەڵماسی ڕەش لەژێر ئەرزی ئەم وڵاتەدا ئاگرێکی بە پانتایی هەموو ناوچەکە هەڵایساند. بەپێی ئەزموونی مێژوو، هەتا بەستێنی زانین و خوێندن بە زمانی دایک لە ڕێسا و یاساکانی دەسەڵاتدا بەرتەسکتر بکرێتەوە، بێگومان لەلایەن بیری نوێ و خاوەن ڕایان و مامۆستایانی زانست و زانین، بەپێی باوەڕ و ئیمان بە مرۆڤایەتی و ئینسانییەت تامەزرۆیانە بڵێسەی ئەم ئاگرە کە شکۆی پەرەپێدانی زانست و خوێندن بە زمانی دایکە، دژی دێموکراسییە و وەک پەپوولەیە لە گوڵزارێکی هەمەڕەنگدا بۆ سەمای ڕوح دەڵەرێننەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە شێوەی خوێندنی وانەکانی زانکۆ بەگشتی و قوتابخانەکان بە تایبەتی بدەینەوە بەشێکی لە هەرەسهێنانی ئەم بزاوت و ڕەوتە هەر خۆی دایک و باوک لێی بەرپرسە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا حاشا لەوە ناکرێ کە بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکان ئامرازی ئەو داڕمان و لەناوچوونەی مناڵانن، بەڵام مناڵی جاران لەگەڵ قورسی و زۆری سەرچاوەی خوێندن بە دەگمەن دایک و باوک هەبوون هاوکاریی مناڵەکەی خۆی کردبایە، زۆریش لێهاتوو و زیرەک دەردەچوو لە کاتی تاقیکردنەوەکان، ئەی ئێستا؟! تەنانەت منداڵ خۆی وانەکانی خۆشی ناخوێنێتەوە و ناشی‌نووسێتەوە، زۆر جار مامۆستای قوتابخانە بەلایەوە شتێکی ئاساییە!. منداڵی ڕابردوو ڕێزی دایک و باوک و مامۆستای قوتابخانەی دەگرت، بەس ئێستا لە هەموو قۆناغەکان هەست دەکەی سارد و سڕ و لاوازە...!!! نەبوونی ئەزمون لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی ئۆنلاین بەداخەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی زانستی لەلایەن مامۆستا و قوتابی، کە ناوەندەکانی خوێندن بەشێکی زۆریان نەیانتوانی بە شێوەیەکی دروست ڕاهێنان بە مامۆستا و قوتابییەکانیان بکەن تاکوو بتوانن سوودمەندبن لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا. پێویستە ئەوە بڵێین کە ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆی ڕاستەوخۆ هۆكار نییە بۆ ئەم بارودۆخە، بەڵكوو ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا بە ڕوونی پەردەی لەسەر ئەو نادادپەروەرییە هەڵماڵی كە ساڵانێكی زۆرە جێگای وتووێژ و گەرموگوڕیی ناوەندە سیاسەتوان و ئەكادیمییەكانە. ئەم پەتای نادادپەروەرییە و نایەكسانیی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا زیاتر تەشەنەی سەند. لە کۆتاییدا دەڵێین؛ پێویستە ئەوە بڵێین کە ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆی ڕاستەوخۆ هۆكار نییە بۆ ئەم بارودۆخە، بەڵكوو ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا بە ڕوونی پەردەی لەسەر ئەو نادادپەروەرییە هەڵماڵی كە ساڵانێكی زۆرە جێگای وتووێژ و گەرموگوڕی ناوەندە سیاسییەکان و ئەكادیمییەكانە. ئەم پەتای نادادپەروەرییە و نایەكسانیی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا زیاتر تەشەنەی کرد، بە جۆرێک ئێمەش هەر خۆمان بووینە هۆکاری یارمەتیدەری دەسەڵاتی داسەپاو بۆ زوڵم و زۆری لەمەڕ نەمانی زمانی دایک.! بەداخەوە شێوەی پەروەردەی ئەمڕۆی دەسەڵات، ڕێک وەک خوێندنی ئۆنلاینی ئەمڕۆی سەتەلایت و تەلەڤیزیۆن و تێلێگرام و... وایە کە هاوکات لەگەڵ ئەو هەلومەرجە هەستیار و مەترسیدارە کە کۆمەڵگەی بەرەو دیجیتاڵیبوون بردووە، شێوازی پەروەردەی منداڵیش لە ڕێگەی ماڵتیمیدیاوە بەڕێوە دەچێ،! دایک و باوک ڕێک وەک دەسەڵاتداری داسەپاو حازرە هەموو داراییەکانی بۆ پێشکەوتنی منداڵەکەی تەرخان بکات، بەڵام ئامادە نییە بۆ فێرخوازیی خوڵێکی سێ مانگەی زمانی دایک منداڵەکەی ڕابێنێ کە فێربوونی زمان دایک هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا کە پێویستە دەبێ داهێنان و وەرگێڕانت هەبێ، دەبێ بۆ زمانی دایک شەونەخوونی و ماندووبن بکێشی!